گازپڕۆمی رووسی پلانێكی تایبەت بە پەرەپێدانی کارەکانی لە ھەرێمی كوردستان رادەگەیەنێت

 

كۆمپانیای گازپڕۆمی رووسی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، تاوەكو ئێستاش گرنگییەكی زۆر بە پەرەپێدانی کارەکانی لە بازاڕی ھەرێمی كوردستان دەدات و ئاماژەیدا، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەچوارچێوەی بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی كۆمپانیاكەدایە.

لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، سەرەڕای ئەو بەربەستانەی كە لە ئەنجامی ڤایرۆسی كۆرۆناوە دروستبوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ماوەی ئەمساڵدا لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان لە ناوچەكەدا بەردەوام بوون و كار لە بیری چوار دەكرێت لە كێڵگەی سەرقەڵا لە گەرمیان و لە رێگەیەوە ئاستی بەرھەمھێنان روو لە زیادبوون دەكات و ھەرچی ھەرێمی كوردستانە لە سەرەتای دەستپێكردنی بەرھەمھێنان لە كێڵگەی سەرقەڵا، تاکو ئێستا چوار ملیۆن تۆن نەوت بەرهەمهێندراوە.

 

 

 

 

Bestun

ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ هێنری كێسنجه‌ر و مادلین ئۆلبرایت ی وه‌زیرانی پێشووی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌‌مریكای لە پنتاگۆن دوورخستەوە

میدیا ئه‌مریكییەکان بڵاویان كرده‌وه‌، ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، ژماره‌یه‌ك له‌ گه‌وره‌ راوێژكاره‌ سه‌ربه‌خۆكانی له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری (پێنتاگۆن) لەکار دوور خستووه‌ته‌وه‌، كه‌ دیارترینیان “هێنری كێسنجه‌ر” و “مادلین ئۆلبرایت”ی وه‌زیرانی پێشووی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌‌مریكا بوون.

تۆڕی هه‌واڵی (CNN)ی ئه‌مریكایی بڵاوی كرده‌وه‌، هه‌واڵی له‌كارلادان و دوورخستنه‌وه‌ی “كێسنجه‌ر و ئۆلبرایت” راسته‌، كه‌ پێشتر گۆڤاری “فۆرین پۆڵسی” بڵاوی كردبووه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیاریی “فۆرین پۆڵسی” 11 ئه‌ندامی ده‌سته‌ی راوێژكاری فیدراڵی ئه‌مریكا كه‌ راوێژیان پێشكه‌ش به‌ وه‌زیری به‌رگری و جێگره‌كه‌ی ده‌كرد، له‌ كاره‌كانیان دوور خراونه‌ته‌وه‌.

گۆڤاره‌كه‌ باسی له‌وه‌ش كردووه‌، ئیداره‌ی تره‌مپ ده‌یویست كه‌سانی لایه‌نگری خۆی له‌ گه‌وره‌ به‌رپرسانی سوپا و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و كۆنگرێس، له‌و پۆستانه‌دا دابنێت، به‌ڵام له‌ كۆتاییه‌كانی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌كه‌یدا، “تره‌مپ” ئه‌و بڕیاره‌ی ده‌ركردووه‌.

دوایین ئاماری كۆرۆنا لە رۆژئاوای كوردستان

هاوسەرۆکی دەسەڵاتی تەندروستی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، لە دوێنێوە 38 توشبوی نوێی کۆرۆنا دەستنیشانکراون و 2 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

جوان مستەفا، هاوسەرۆکی دەسەڵاتی تەندروستی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ 38 توشبوی نوێی کۆرۆنا دەستنیشانکراون، کە 19 کەسیان لە رەگەزی نێر و 19 کەسیشیان لەرەگەزی مێ بون، 2 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، 21 نەخۆشی توشبوی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبونەتەوە و ڤایرۆسەکەیان پەڕاندوە.

بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتی تەندروستی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، تا ئێستا 6825 توشبوی کۆرۆنا تۆمارکراون و 1005 نەخۆش چاکبونەتەوە و 187 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

 

ز.س

 

ئەمریکا هێزی زیاتر بەرەو کەنداو دەنێرێت​​

ئێستانیوز

کریستۆفەر میللەر وەزیری بەرگری ئەمریکا بەوەکالەت بڕیاری جوڵەپێکردنی کەشتی فرۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس نیمتزی دەرکرد، کە پێشتر ئەو کەشتیگەلە لەبنکەی سەربازی گوام لە رۆژئاوای زەریای هادی مانۆڕی سەربازی پێکراوە.

لە ماوەی چەند هەفتەی رابردووشدا، ئەمریکا بەهەمان شێوە بڕیایدابوو، فڕۆکەی جەنگی بی ٥٢ی بەرەو کەنداو بجوڵێنێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ، وەزارەتی بەرگریی ئێران رایگەیاندبوو، موحسین فەخریزادە سەرۆکی دامەزراوەی توێژینەوە و تەکنەلۆژیای وەزارەتەکەیان لە هێرشێکی چەکداریدا کوژراوە، لەوبارەوە، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران وێڕای تۆمەتبارکردنی وڵاتانی رۆژئاوایی و ئیسرائیل بە کوشتنی ئەو زانا ئەتۆمییە، وتبووی، کە بە قورسی تۆڵەی دەکەنەوە.

موحسین فەخریزادەی مەهابادی بە سندوقی رەشی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران دادەنرا و لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە بەهۆی بەشداریکردنی لە بەرەوپێشبردنی بەرنامە ئەتۆمیەکانی وڵاتەکەیەوە ناوی خراوەتە لیستی سزاکانی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە.

پێشتریش، چەند زانایەکی ئەتۆمی ئێران کوژرابوون و بەرپرسانی تاران بەردەوام موسادی ئیسرائیلی و دەزگا هەواڵگرییەکانی رۆژئاوایان بە کوشتنی ئەو زانایانە تۆمەتبار کردبوو.

هەدەپە بە تووندی وەڵامی دەوڵەت باخچەلی دەداتەوە

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە دەداتەوە، کە دەمیرتاشی بە "تیرۆریست" ناساندبوو و رایدەگەیێنێت، هەوادارانی مافیاکان مافی قسەکردنیان نییە لەدژی دەمیرتاش.

دوێنێ‌ چوارشەممە، پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە وەڵامی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپەی دایەوە کە رۆژی سێشەممە، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، سەلاحەددین دەمیرتاشی بە "تیرۆریست" و کتێبی "دەوران"ی بە "پڕوپاگەندەی تیرۆر" ناساند.

هەدەپە لە هەژماری فەرمیی تویتەریدا لە وەڵامی باخچەلی نووسیویەتی "پاشماوەی مافیاکان و هاوکارانی چەتەکان و هاوبەشی دەسەڵات، هەر شتێکیان لەبارەی دەمیرتاشەوە گوتبێت هیچ بەهایەکیان نییە. سەلاحەددین دەمیرتاش سیاسەتڤانێکی شەرەفمەندە، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلانی تورکیا باجی داوە. هەوادارانی مافیاکان مافی ئەوەیان نییە بەرامبەر دەمیرتاش دەمیان بکەنەوە و قسە بکەن".

سەرۆکی مەهەپە رەخنەی تووندی ئاراستەی بولەنت ئارنچ، ئەندامی دەستەی باڵای راوێژکاریی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کرد و گوتی "دەربڕینی هەستی سۆزداری و خۆشەویستی بۆ دەمیرتاشی تیرۆریست، ئاماژەیەکی نەرێنییە. ئه‌و سیاسەتڤانە پێشووەی كه‌ هێشتا ئه‌ندامی ده‌سته‌ی باڵای راوێژكاریی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماره، بێته‌ سه‌ر ته‌له‌ڤیزیۆن و هه‌وڵی جوانكردنی ده‌میرتاشی تیرۆریست بدات، به‌ته‌واوی دژبەرەییە و ته‌نانه‌ت ده‌به‌نگیشه‌".

شەوی پێنجشەممەی رابردوو 19ی تشرینی دووەم، بولەنت ئارنچ، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای راوێژکارانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لەمیانی هەڤپەیڤینێکی تایبەتیدا لەبارەی سەلاحەددین دەمیرتاش و کتێبی دەوران گوتبووی "کاتێک قسە لەبارەی سەلاحەددین دەمیرتاش دەکرێت، دەمەوێت شتێک لەبارەی تێگەیشتن لە خودی دەمیرتاش بڵێم، کتێبێکی زۆر جوانی هەیە بەناوی (دەوران). تکایە ئەو کتێبە بکڕن و بیخوێننەوە. من لە ماوەی کەرەنتینەکانی کۆرۆنا ئەم کتێبەم خوێندەوە".

بولەنت ئارنچ ئەوەشی گوتبوو "دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبە لەوانەیە بۆچوونەکانتان لەبارەی کەسایەتیی سەلاحەددین دەمیرتاش نەگۆڕێت، بەڵام بۆچوونەکانتان لەبارەی کورد و ئەو تراژیدیایانەی رووبەڕووی کورد بوونەتەوە، زۆر دەگۆڕێت. برا کوردەکانمان لەم وڵاتەدا نەهامەتییان زۆرە و ستەمیان لێکراوە، ئەوان یەک لەو پێکهاتانەن کە رووبەڕووی جەور و ستەمی زۆر هاتوونەتەوە. ئەوان هاووڵاتییانی ئێمەن. بە دڵنیاییەوە پێکهاتەکانی دیکەش کێشە و قەیرانیان هەبووە، بەڵام کاتێک هەندێک زانیاری لەبارەی گرتووخانەی ئامەد دەخوێنیتەوە، کە چۆن وەکو تاقیگەیەک بەکارهێندراوە، دەبێت هەموومان چیرۆکەکانی کتێبی دەوران بخوێنینەوە".

 

ز.س