بیل گەیتس: دوای كۆڕۆنا، چاوەڕێی پەتایەكی دیكەبن

بیل گەیتس، دامەزرێنەری کۆمپانیای 'مایکرۆسۆفت'ی ئەمریکی، هۆشداریدایە مرۆڤایەتی لە سەرهەڵدانی پەتایەکی نوێ بەمنزیکانە.

قسە رەشبینەکانی گەیتس، هاوکاتە لەگەڵ ئەو گەشبینییانەی مرۆڤایەتی گرتووەتەوە، پاش ئەوەی هەریەکە لە کۆمپانیاکانی 'فایزەر' و 'بایۆنتێک' لەلایەک و 'مۆدێرنا' لەلایەکی دیکەوە، گەیشتن بە ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان راگەیاند کە رێژەی کاریگەرییەکەیان لە سەرووی 94%ە.

هەواڵەکانی ئەو کۆمپانیایانە، ئومێدی بۆ مرۆڤایەتی گێڕاوەتەوە بۆ زاڵبوون بەسەر پەتای کۆرۆنادا، کە ماوەی ساڵێکە مرۆڤایەتی بەدەستییەوە دەناڵێنێت و تائێستا نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار کەس لە جیهاندا بوونەتە قوربانیی پەتاکە.

بیل گەیتس رایگەیاندووە، مرۆڤایەتی لە داهاتووی نزیکدا رووبەڕووی پەتایەکی دیکە دەبێتەوە، بەڵام هاوکات گەشبینی خۆی پێشاندا بەرامبەر توانای مرۆڤایەتی، بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتا نوێیەکە بە باشترین شێوە.

گەیتس بەشداریی بەرنامەیەکی رادیۆیی کرد لەگەڵ رەشیدە جۆنز، ئەکتەر و ئانتۆنی فاوچی، پسپۆری درمەکان، لەوێدا باسی لەوە کرد کە پەتا نوێیەکە لەوانەیە لە سێ ساڵی داهاتوودا سەرهەڵبدات، زیاتر گوتی: "مرۆڤایەتی خۆشبەخت دەبێت ئەگەر پەتاکە 20 ساڵ دوابکەوێت".

گەیتس لە ئەیلوولی رابردوودا پێشبینی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی کۆرۆنا لە جیهاندا لە ساڵی 2022دا راگەیاندبوو.

جگە لە بواری تەکنەلۆژیا، گەیتس وەبەرهێنەرێکی مەزنی کەرتی دەرمان و دۆزینەوەی ڤاکسینەکانیشە، پێشتر 7 ملیۆن دۆلاری بۆ لێکۆڵینەوە جیاوازەکان لە دۆزینەوەی پێکوتەی کۆرۆنادا بەخشیووە.

 

 

ز.س

ئەڵمانیا مانگی داهاتوو، ئیسپانیاش مانگی یەکەمی ساڵی داهاتوو پێکوتە دابەش دەکات

ئەڵمانیا و ئیسپانیا وەکو یەکەم وڵاتی ئەوروپا کاتی دابەشکردنی پێکوتەی کۆرۆنایان ئاشکرا کرد، ئەڵمانیا مانگی داهاتوو و ئیسپانیاش مانگی یەکەمی ساڵی داهاتوو پێکوتە دابەش دەکات. یەنز سپان، وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا رایگەیاند: "مانگی داهاتوو دەست دەکەین بە دابەشکردنی پێکوتەی کۆڤید-19، جۆرێک لە گەشبینی هەیە کە پێکوتەی کۆرۆنا لە ئەوروپا رەزامەندی وەردەگرێت، ئەوەش وا دەکات بە خێرایی دەستبکەین بە دابەشکردنی".

وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا داوا لە هەرێمە فیدراڵییەکان دەکات ناوەندەکانی دابەشکردن و هەڵگرتنی پێکوتەی کۆرۆنا تاوەکو نێوەڕاستی مانگی داهاتوو ئامادە بکەن.

بەرزکردنەوەی ئاستی کاریگەری پێکوتەی کۆرۆنا لەلایەن کۆمپانیاکانی "فایزەر و بایۆنتێک" و "مۆدێرنا"، وایکردووە وڵاتانیش پەلە بکەن لە دەستکردن بە دابەشکردنی پێکوتە، چونکە 13ـی ئەو مانگە وەزیری تەندروستیی فیدرالی ئەڵمانیا لە وەڵامی پرسیارێکی ئاڵا شاڵی پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا رایگەیاندبوو: "سەرەتای ساڵی داهاتوو پێکوتەی کۆرۆنا دابەش دەکەن ."

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئەڵمانیا تائێستا 932,111 کەس لە ئەڵمانیا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 14,343 تووشبووی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە. هاوکات پیدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند: "مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو دەست دەکەن بە دابەشکردنی پێکوتەی کۆرۆنا، بەرنامەیەکی فراوان هەیە بۆ کوتانی خەڵك و پێشبینی دەکەن لە شەش مانگدا خەڵکێکی زۆر بە پێکوتەی کۆرۆنا بکوترێن، 13 هەزار بنکەی کوتانی خەڵك دادەنێن، تاوەکو نیوەی ساڵی داهاتوو ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووان دەکوترێن ."

بەپێی ئامارەکان ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئیسپانیا لە یەک ملیۆن و 600 هەزار تووشبوو نزیکدەبێتەوە، کە زیاتر لە 42 هەزار تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە.

هەردوو کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی و بایۆنتێکی ئەڵمانی، هەروەها کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریکی دەڵێن ڤاکسینەکانیان بە سەرجەم قۆناخەکاندا تێپەڕیون و رێژەی کاریگەرییەکەیان لە سەرووی 94%ە، ئێستا هەردوو کۆمپانیا ئەمریکا چاوەڕێی رەزامەندی دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا دەکەن، بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی ڤاکسینەکەیان بکەن.

 

ز.س

فەیسەڵ میقداد وەک وەزیری دەرەوەی سوریا دەستنیشان کرا

دوای هەفتەیەک لە مردنی وەلید موعەلیم، فەیسەڵ میقداد شوێنەکەی گرتەوە و وەک وەزیری نوێی دەرەوەی سوریا لەلایەن بەشار ئەسەدەوە دەستنیشانکرا.

نوسینگەی سەرۆکایەتی سوریا لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، بەشار ئەسەد سەرۆکی سەرۆکی سوریا سێ بڕیاری دەرکردوە و بەپێی یەکێک لە بڕیارەکان فەیسەڵ میقداد راسپێردراوە بۆ وەزیری نوێی دەرەوەی سوریا و جێگرتنەوەی وەلید موعەلیم.

لە بڕیارێکی دیکەدا ئەوە هاتوە، بەشار جەعفەری نوێنەری پێشوی سوریا لە نەتەوە یەکگرتوەکان وەک جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا دەستنیشانکراوە.

لە بڕیاری کۆتایدا، بەشار ئەسەد، بەسەم سەباحی وەک نوێنەری سوریا لە نەتەوە یەکگرتوە دیاریکراوە.

راسپاردنی فەیسەل میقدات وەک وەزیری نوێی دەرەوەی سوریا لە کاتێکدایە، وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و بڕبڕەی پشتی سیاسەتەکانی ئەسەد لە رۆژی (16)ی ئەم مانگە لە تەمەنی (79) ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایکرد.

 

ز.س

وەزارەتی کارەبا لەبارەی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەباوە روونکردنەوە دەدات

وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، خواستی بەكارهێنانی كارەبا لە سێ هەزار و ٢٠٠ مێگاواتەوە بۆ چوار هەزار و٢٠٠ مێگاوات بەرز بووەتەوە و ئەوەش، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا.

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی كارەبا توانیویەتی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبای رۆژانەی بۆ ٣٢٠٠ - ٣٣٠٠ مێگاوات بەرز بكاتەوە، بەڵام بەهۆی نزمی پلەكانی گەرما و زیادبوونی خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بۆ ٤٢٠٠ مێگاوات، لەماوەی هەفتەیەکدا بەكارهێنانی كارەبا ١١٠٠ مێگاوات زیادیكردووە.دەشڵێت، بەو هۆکارانەی سەرەوەیە کە رۆژانە كارەبا ١٥ بۆ ١٦ كاتژمێر دەدرێت.

باسی لەوەشکردووە، وەزارەتەکەیان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا و تەواوبوونی پرۆژەكانی گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەفیڕۆدانی كارەبا و باشتر كۆنترۆڵكردنی.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لیژنەكانی نەهێشتنی سەرپێچیەكان لەم وەرزەدا بەشێوەیەكی فراوانتر و زیاتر دەست بە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان دەكەن، داوا لە هاوبەشانی كارەباش دەكەن لەم وەرزەدا زیاد لە پێویستی خۆیان كارەبا بەكارنەهێنن .

ئەگەرچی تەواوی کابینەکانی حکومەتی هەرێم بەڵێنی باشترکردنی بارودۆخی کارەبای هەرێمیان داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و گەرمادا کێشە و گرفت لە کەمی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.

 

 

ز.س

میدیای ئەمریکا: بایدن، ئەنتۆنی بلینکن دەکاتە وەزیری دەرەوە

ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ لەزاری سەرچاوەیەک بڵاویکردەوە، لەئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکادا ئەنتۆنی بلینکن دەبێتە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە.

ئاژانسەکە لەزاری سەرچاوەیەکی نزیک لەئیدارەی جۆ بایدن باسی لەوەشکردوە، لەکابینەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکادا کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا رابگەیەنرێت، جیک سۆلیڤان وەک یاریدەدری سەرۆک بۆ کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی دەستبەکاردەبێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەکە رۆن کلاین وەک سەرۆکی فەرمانبەرانی کۆشکی سپی دەستبەکاردەبێت و پێشبینی دەکرێت سبەی سێ سیشەممە بەشێک لە پۆستە سەرەکییەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا رابگەیەنرێت.

ئەنتۆنی بلینکن ساڵی 1962 لە خێزانێکی جولەکە لە دایکبوە و بەکالۆریۆسی لە زانکۆی هارڤارد و دکتۆرای لە یاسا لە زانکۆی کۆڵۆمبیا وەرگرتوە، ساڵی 2009 تاوەکو 2013 یاریدەدەری جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوە، هەروەها ساڵی 2015 تاوەکو 2017 جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوە.

 

ز.س