نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێک لەبارەی بارودۆخی عێراق دەخاتە روو

 

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق راپۆرتێک لەبارەی بارودۆخی ئەو وڵاتە، دەخاتە روو.

بڕیارە کاتژمێر 6ـی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 24-11-2020 بە کاتی هەولێر (کاتژمێر 10ـی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بە کاتی نیویۆرک)، جێنین هێنیس پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، راپۆرتەکەی بخاتە روو.

جێنین هێنیس پلاسخارت لە بەغدای پایتەختی عێراقەوە بەشێوەی ئۆنڵاین (ڤیدیۆ کۆنفرانس) بەشداریی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات و راپۆرتەکەی لەبارەی عێراق پێشکەش دەکات.

سلێمانی : لەمساڵدا 2259 تووشبووی نوێی شێرپەنجە لە سلێمانی تۆماركراوە

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی ئامارەكانی تووشبوون بە شێرپەنجەی ئەم ساڵی راگەیاند و دەڵێت تا ئێستا 2259 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمار كراوە.

 

یاد نەقشبەندی، رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 2259 نەخۆشی نوێی شێرپەنجەمان تۆمار كردووە كە نەخۆشی نوێن. هەر لەمساڵدا 1550 نەخۆشی خوێن هەبووە كە دەتوانین بڵێین ئەوانە نەخۆشی نا شێرپەنجەیین، بەڵام پێویستیان بە چارەسەر هەیە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئەوەشی راگەیاند: لەسەرەتای دروستبوونی نەخۆشخانەی هیوا و سەنتەرەكانی شێرپەنجەیی لە سلێمانی 29 هەزار و 693 تووشبووی شێرپەنجە هەبووە كە ئەمەش هانماندەدات كە نەخۆشخانەی هیوای گەورە كاری لەسەر بكرێت و بەردی بناغەی دابنرێت.

نەقشبەندی وتیشی، نەخۆشخانەكە ئێستا بە تەنها هی سێمانی نیە، بەڵكو نەخۆشی لە هەموو هەرێمی كوردستانو عێراقەوە بۆ دێت بە شێوەیەك رۆژانە لە شارەكانی دیكەی عێراقەوە نزیكەی 7 بۆ 10 نەخۆش سەردانی هیوا دەكات.

ئەو داواشی لە حكومەتی هەرێم كرد هاوكاری كارمەندانی خۆبەخشی نەخۆشخانەكە بكات كە ژمارەیان نزیكەی 150 كەس دەبێت نەخۆشخانەكەش پشتی بە رۆڵی ئەوانە بەستووە.

بایدن ناوی بەشێک لە وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەکەی راگەیاند

جۆ بایدن ناوی بەشێک لە وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەکەی راگەیاند و تیایدا وەزیرانی دەرەوە و ئاسایشی ناوخۆ و چەند بەرپرسێکی دیکەی دیاریکردووە.

جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاندووە، کە ئەنتۆنیۆ بلینکنی بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە دەست نیشان کردووە و هاوکات، لیندا تۆماس گریفیڵدی بۆ پۆستی نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشان کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، جۆن کێری وەزیری دەرەوەی پێشووتری سەردەمی ئۆبامای وەک نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری کەشوهەوا دیاری کردووە و ئیڤریڵ هاینزیش وەک بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی ئەمەریکا کاندیدکراوە.

هاوکات، ئەلیساندرۆ ماریۆکاسی بە رەچەڵەک لاتینی – کوبی وەک وەزیری ئاسایشی ناوخۆ دەست نیشان کردووە، کە ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی ئەمریکادا کەسایەتییەکی لاتینی ئەم پۆستە باڵایە وەربگرێت.

بەگوێرەی خەمڵاندنی میدیاکانی ئەمریکا، جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان زیاتر لە ٢٧٠ دەنگی دەستەی هەڵبژاردنی سەرۆکی بەدەستهێناوە و بەوەش بووەتە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، بەڵام تاوەکو ئێستا دۆناڵد ترەمپ رەتیدەکاتەوە و سەر سوڕمانی خۆی دەربڕیوە لە بەردەوامبوونی بایدن لە پێکهێنانی ئیدارەکەی.

 

 

بيستون ...

حوسییەکان هێرش دەکەنە سەر کۆگایەکی گەورەی سووتەمەنیی سعودیە

 

بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەن هێرش دەکەنە سەر کۆگایەکی سووتەمەنیی شانشینی عەرەبستانی سعودیە.

هێرشەکە شەوی دووشەممە 23-11-2020 بە مووشەک کراوەتە سەر کۆگایەکی سووتەمەنیی کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی لە باکووری شاری جەددە و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە.

دەسەڵاتدارانی سعودیە رایانگەیاندووە، ئاگرەکە بەهۆی ”هێرشێکی تیرۆریستی“ لە کۆگاکە کەوتووەتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە ئاگرەکە بکوژێننەوە.

حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکاریی ماددی، مەعنەوی و لۆجیستییان دەکات.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت

 

 

 

بيستون

عێراق (10) ملیۆن ڤاکسینى کۆرۆنا دەکڕێت

 

ئەندامێکى لیژنەى تەندروستى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق وادەى کڕینى ڤاکسینى کۆرۆنا لەلایەن حکومەتى عێراقەوە ئاشکرا دەکات، هەروەها زانیارى لەبارەى بڕى ڤاکسینەکە و چۆنیەتى بەکارهێنانى دەخاتە ڕوو.

حەسەن خەڵاتى، ئەندامى لیژنەى تەندروستى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، دواى پەسەندکردنى ڤاکسینى کۆرۆنا لەلایەن رێکخراوى تەندروستى جیهانیەوە، هیوایەکى زۆرمان هەیە بەوەى کە بەر لەکۆتایى هاتنى ئەمساڵ عێراق (10) ملیۆن ڤاکسین بەدەستبهێنێت و لەسەرەتاى ساڵى داهاتوشدا بەکاربهێنرێت.

سەبارەت بەچۆنیەتى بەکارهێنانیشى، ئەو ئەندامەى لیژنەى تەندروستى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، ڤاکسینەکە لە سەرەتادا بۆ پزیشک کارمەندانى تەندروستى و کەسانى بەتەمەن و ئەو نەخۆشانە بەکاردەهێنرێت کە دۆخى تەندروستیان ناجێگیرە لەگەڵ ئەو کەسانەى کە بەرگرى لەشیان لاوازە یاخود دووچارى نەخۆشى شێرپەنجە بوون.