هێزه‌كانی سوریای دیموكرات: قبوڵی ناكه‌ین توركیا له‌خاكی سوریادا هێرش ئه‌نجامبدات

هێزه‌كانی سوریای دیموكرات داوای ده‌ستبه‌جێ ڕاگرتنی هێرشه‌كانی سه‌ر عه‌فرین له‌توركیا ده‌كه‌ن، هاوكات ڕه‌تیشیانكردوه‌ته‌وه‌ هێرشیانكردبێته‌ سه‌ر سوپای توركیا.

هێزه‌كانی سوریای دیموكرات كه‌ شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌ به‌شێكی گه‌وره‌ن تیایدا، ڕاگه‌یه‌ندراوێكیان له‌باره‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر عه‌فرین له‌لایه‌ن توركیاوه‌ بڵاوكرده‌وه‌‌و ڕایانگه‌یاند، قبوڵی ئه‌وه‌ ناكه‌ن توركیا له‌سه‌ر خاكی سوریا هێرشبكات، جه‌ختیشیان له‌پاراستنی سنوره‌كانی سوریا كرده‌وه‌.

هێزه‌كانی سوریای دیموكرات داوای له‌توركیا كردووه‌، ده‌ستبه‌جێ هێرشه‌كانی سه‌ر عه‌فرین بوه‌ستێنێت، هاوكات كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بێته‌ سه‌ر خه‌ت.

سه‌باره‌ت به‌ده‌نگۆی هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزه‌كانی توركیا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سوریای دیموكراته‌وه‌، هه‌سه‌ده‌ ئه‌و بابه‌ته‌ی ڕه‌تكردوه‌ته‌وه‌، هاوكات ئه‌وه‌شی ئاشكراكردووه‌ كه‌ توركیا ده‌یه‌وێت هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ توندڕه‌وه‌كان ڕه‌وانه‌ی سنوره‌كانی خۆرئاوای كوردستان بكات.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ توركیا ئۆپه‌راسیۆنی هێرشكردنه‌ سه‌ر عه‌فرینی ڕاگه‌یاند، هاوكات له‌ئێستادا فڕۆكه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ بۆردومانی ده‌وروبه‌ری عه‌فرین ده‌كه‌ن.

پەلاماری تورکیا بۆ سەر عفرین بە پێدانی تیشکی سەوزی روسیاو سوریایە

لە دوای لێدوانەکەی ئۆردوغانەوە هێرشی تورکیا دەستیپێکرد بە وەرگرتنی تیشکی سەوز لە روسیاو سوریاوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە یەپەگە بە سپی راگەیاند" هێرشی سەر شاری عفرین پیلانێکی نێو دەوڵەتییەو جگە لە لایەنی تورکیا کە هێرشکارە، ئەو پیلانە بەبێ رەزامەندی رووسیا و سوریا دەستی پێنەکردووە".

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد کە سوریا و رووسیا دەیانەوێت ئەو شارە کوردیە بەدەست کوردو شەڕڤانانی یەپەگەوە نەمێنێت و بکەوێتەوە ژێر دەستی رژێمی ئەسەد.

سەرچاوەکە باسی لەوە کرد کە ئەمەریکا دژی ئەو ‌هێرشەیەو بەئاشکرا ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا راگەیاندووە.

ماوەی چەند مانگە تورکیا هێزێکی بێ شووماری هەمەجۆری لە سەر سنوری شاری عفرینی رۆژئاوای کوردستان کۆکردۆتەوەو چەند رۆژێکە بە تۆپ و ئەم پاشنێوەرۆیە لە رێگای فڕۆکەوە بۆردومانی ئەو شارەو گوندەکانی بۆردومان دەکات و هەر لەسەرەتای بۆردومانەکەوە چەندان مەدەنی کوژراو و بریندار هەیە.

چالاکوانان: رێگە مەدەن عەفرین ببێتەوە بە كۆبانێ‌ یەكی دیكە

ژمارەیەك چالاكوان‌و ئەكادیمستەكانی جیهان، كەمپینێك بۆ داكۆكیكردن لە عەفرین لەژێر ناونیشانی رێگە مەدەن عەفرین ببێتەوە بە كۆبانێ‌ یەكی دیكە رادەگەیەنن، داوا لە هەریەك لە روسیا‌و ئێران‌و ئەمریكاش دەكەن رێگربن لە هێرشی سوپای توركیا بۆسەر سنورەكانی سوریا.

ژمارەیەك چالاكوان‌و ئەكادیمستەكانی جیهان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بۆئەوەدەکەن"ئێمە كە لەخوارەوە واژمانكردوە، وەك خەڵكانی ئەكادیمی‌و داكۆكیكار لەمافەكانی مرۆڤ، داوا لەسەركردەكانی روسیا‌و ئێران‌و ئەمریكا دەكەین رێگە نەدەن سەروەری سنورەكانی سوریا لەلایەن توركیاوە پێشێل بكرێت، جەخت لەوە دەكەینەوە رێگە بەخەڵكانی عەفرین بدرێت لەسایەی ئاشتیدا بژین، عەفرین كە زۆربەی دانیشتوانەكەی لەپێكهاتەی نەتەوەی كوردن، یەكێكە لەسەقامگیرترین‌و ئاسایشترین ناوچە لەسوریا".

ئاماژە بەوەشدەكەن"عەفرین لەماوەی 5 ساڵی رابردو توانیویەتی بەهاوكارییەكی ئێجگار كەمی نێو دەوڵەتی ژمارەیەكی زۆر پەنابەر لەخۆ بگرێت".

ئەو ئەكادیمی‌و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دەڵێن"عەفرین ئەوەندە پەنابەری لەخۆ گرتوە كە ژمارەی دانیشتوانەكەی بوە بە دو هێندە، كە دەكاتە 400 هەزار كەس".

رایدەگەیەنن"لە ئێستادا عەفرین بە دوژمن دەورە دراوە، ئەو گروپە جیهادیانەی توركیا پشتیوانییان لێدەكات، وەك "القاعیدە‌و توركیا".

ئاماژە بەوەشدەكەن رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا هەرەشە لەهاوپەیمانە كوردەكانی ئەمریكا دەكات بەتیبەت یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە).

هەروەها دەڵێن"هەرچەندە یەپەگە ماوەیەكی دور‌و درێژە لە هەریەك لەو شارۆچكانەدا كە لەدەستی داعش رزگاری كردون، كۆنسەی دیموكراتی دروستكردوە‌و هیچ پەیوەندییەكی بە توركیاوە نیە، بەڵكو لەدانیشتوانی ئەو ناوچانە كە بەرۆئاوا ناسراوە دەیەوێت وەك هێزێك پارێزگاری لەمرۆڤی كورد‌و نەتەوەكانی تر بكات، كە لەناوچەی فیدراسیۆنی دیموكراتی سوریا دەژین ، لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا توركیا بەتیرۆرست تۆمەتباریان دەكات".

ئاماژە بەوەشدەكەن"توركیا هێزێكی زەبەلاحی هێناوەتە سەرسنورەكانی عەفرین، پێشیان وایە ئەردۆگان، تەنها لەپێناوی تۆڵە كردنەوە لە كورد دەیەوێت ناوچەیەكی ئارام لەناو ببات‌و ژیانی خەڵكانی مەدەنی ناوچەكە بخاتە مەترسیەوە‌و بەهێزێگی گەورەوە پەلاماری خەڵكی عەفرین بدات".

ئەوان دەڵێن"پەلامارێكی لەو جۆرە بۆسەر خەڵكی ئاشتیخوازی عەفرین پەلاماردانێكی ئاشكرایە بۆسەر ناوچەیەك كە بەشێوەیەكی‌و ئاشتی‌و دیموكراسیانە بەرێوە دەبرێت، توركیا ناتوانێت بەبێ‌ پشتیوانی روسیا‌و ئێران‌و بێ‌ دەنگی ئەمریكا، ئەو هێرشە ئەنجامبدات، گەلی كورد لەپێناوی رزگاركردنی جیهان لەدەستی تیرۆر‌و داعش هەزاران گەنجی لەریزەكانی یەپەگە‌و هێزەكانی ژنان یەپەژە كردە قوربانی".

ئەوان رایدەگەیەنن"ئێستا ئەركی سەرشانی ئەمریكاو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە پشتیوانی لە گەلی كوردستان بكەن، هەروەها داوا لەبەرپرسانی ئەمریكاو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەكەنسەقامگیری‌و ئاسایشی عەفرین بپارێزن‌و رێگە نەدەن چیتر توركیا لەناو سوریا و بەدرێژایی سنورەكانی ئەو وڵاتە هێرش‌و پەلاماردان ئەنجامبدات".

ناوەكان:

نوام چومسكی

مایكڵ واڵز : زانكۆی پرینستۆن

چارلۆت پەنج: زانكۆی رۆتگەرس

 

تۆد تیتلین : زانكۆی كۆڵمبیا

دەیڤید گرایەر : سكوڵی ئابوری لەندەن

نەجد العالی : زانكۆی SOAS

دەیڤید هارڤی : ناوەندی CUNY

مارینا سترین

بێڵ فلێجەر : سەرۆكی پێشوی ترانس ئەفریقا

دەیڤید فلیپس : زانكۆی كۆڵمبیا

جۆی لۆرنس : فۆتۆگرافەر، دەرهێنەر

دیبی بوكیدی : نوسەر‌و رۆژنامەنوس

روسیا ڕاگەیاندراوێکی لەسەر دۆخی عەفرین بڵاوکردەوە

سوپای روسیا هێزەكانی لەسنووری كانتۆنی عەفرین دەكشێنێتەوەو وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتەش، ئۆباڵی تێكچوونی دۆخەكە دەخاتە ئەستۆی ئەمریكا.

وەزارەتی بەرگری روسیا، راگەیاندراوێكی لەبارەی دۆخی عەفرین بڵاوكردەوەو ئۆباڵی تێكچوونی دۆخەكەو هێرش و بۆردومانەكانی توركیای خستە ئەستۆی ئەمریكا.

لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی بەرگری روسیادا هاتووە: هۆكاری سەرەكیی هێرش و پلامارەكەی سوپای توركیا بەئامانجی داگیركردنی عەفرین، دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارەكەی ئەمریكا بە پێكهێنانی هێزی پاراستنی سنوور لە سوریاو جێگیركردنیان لەناوچە سنوورییەكانی نێوان سوریاو توركیا.

وەزارەتی بەرگری روسیا راشیگەیاندووە كە لەپێناو پاراستنی گیانی هێزەكانیان لە عەفرین، بڕیاریانداوە ئەو هێزە بگوازنەوە بۆ ناوچەی تەل رەفعەت وتیشی "بەوردی چاودێری دۆخەكە دەكەن و هاوكاریی گواستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنیش دەكەن لەناوچەكە".

پێنتاگۆن: هانی هه‌موو لایه‌ك ده‌ده‌ین خۆیان لە ئاڵۆزی بەدووربگرن

گوته‌بێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لەبارەی عەفرین بە رووداوی راگەیاند، هانی هه‌موو لایه‌ك ده‌ده‌ن خۆیان لە ئاڵۆزی بەدووربگرن و تەرکیز بخەنە سەر شەڕی داعش.

رائید ئه‌یدریان گالۆوی، گوته‌بێژی پێنتاگۆن بە (رووداو)ی راگەیاند "ئێمه‌ هانی هه‌موو لایه‌ك ده‌ده‌ین خۆیان له‌ گرژی و ئاڵۆزی بەدووربگرن و ته‌ركیز بكه‌نه‌ سه‌ر گرنگترین ئه‌رك كه‌ تێكشكاندنی داعشه"‌.

گوته‌بێژی پێنتاگۆن گوتیشی "ئێمه‌ له‌ نیگه‌رانییه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیا ده‌رباره‌ی په‌كه‌كه‌ تێدەگەین، كه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ به‌ رێكخراوێكی تیرۆریستی داده‌نرێت. ئه‌مریكا هیچ پشتیوانییه‌كی په‌كه‌كه‌ ناكات".

لەبارەی دۆخی عەفرین رائید ئه‌یدریان گالۆوی راشیگەیاند "هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ ئه‌مریكا سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات هیچ ئۆپه‌راسیۆنێكی له‌ عه‌فرین نییه‌، چونكه‌ ئێمه‌ تەرکیزمان له‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌ دژی داعش".