سه‌ڵاحه‌دین دەمیرتاش: من و ھەزاران کەسی تر لەزیندانەکانی پارتی دادو گەشەپێداندا بارمتەی سیاسیین

 

سه‌ڵاحه‌دین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشوی پارتی دیموکراتی گەلان کە ماوەی چوارساڵە لەزینداندایە ڕایگەیاند، "ئەوو هەزاران کەسی تری لەزیندانەکانی حکومەتی پارتی دادو گەشەپێداندا بارمتەی سیاسیین".

دەمیرتاش باسی لەوەکردوە، ئەوان کە هاتونەتە ناو ژیانی سیاسیەوە لەبەرئەوەی بڕوایان بەچارەسەرکردنی کێشەکانە لەڕێگای ئاشتییەوەو نایانەوێت شێوازی بەکارهێنانی چەک‌و توندوتیژی بگرنەبەر، جەختیشیکردۆتەوە، "ئەوەی بەرامبەر بەوان دەکرێت بەشێکە لەپلانی ملکەچپێکردنی سیاسەتی کوردی".

سەبارەت بەتۆمەتبارکردنی بەوەی لایەنگری پارتی کرێکارانی کورستانە، دەمیرتاش وتویەتی:"ئەگەر من سەر بەپارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌)بم یان سەرکردەیەک بم لەناویدا ئەوە نایشارمەوە، بەڵام من ئەوەم کە هەم‌و هیچ چالاکییەکی نایاساییم نەکردوەو جگە لەپارتی دیموکراتی گەلان لەناو هیچ جۆرە ڕێکخستنێکی تردا چالاکیم نەکردوە".

دەمیرتاش ئاماژەی بەوەشکردوە، سەرکردەی پارتە بەرهەڵستکارەکان دەتوانن بەیەکەوە لەبوارەکانی دیموکراتییەت‌و مافەکانی مرۆڤ بەیەکەوە کاربکەن، کەلەباریدا هەبێت سنورێک بۆ سەرکوتکارییەکان دابنێت‌و ئومێدی دیموکراتییەت لەناو کۆمەڵگەدا زیاتربکات.

سه‌ڵاحه‌دین دەمیرتاش کە لەنۆڤەمبەری ٢٠١٦وە لەزینداندایە، یەکێکە لەو سەرکردانەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کە داوای بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن، لەبەرئەوەی پێیانوایە تا ئەو سیستەمە نەگۆڕێت کە پارتی دادو گەشەپێدان دروستیکردوە هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لەتورکیا ڕونادات.

سەرجەم ئەندامەکانی ستافێکی کۆشکی سپی ئیدارەکەی بایدن ژنن

جۆ بایدن ناوی بەشێکی دیکە لە بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەکەی راگەیاند و سەرجەم ئەو ئەندامە نوێیانەی کە بۆ ستافی پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی دایناون ژنن.

بەپێی راگەیێندراوەکی نوسینگەی جۆ بایدنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، جین پساکی کە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بووە لە ئیدارەکەی باراک ئۆبامادا، کراوەتە وتەبێژی کۆشکی سپی.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کیت بینگفێڵد بە بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی، دەستنیشانکراوە کە پێشتر وتەبێژی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی بایدن بووە.

لە هەمان کاتدا، ئەلیزابێس ئەلیکساندەر وەک بەرپرسی پەیوەندییە تایبەتەکانی هاریس دیاریکراوە، کە پێشتر وتەبێژی پێشووی جۆ بایدن بووە لە ئیدارەکەی باراک ئۆبامدا.

هاوکات، سیمۆن ساندەرز وەک وتەبێژ بە ناوی کامالا هاریسی جێگری سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا دیاریکراوە کە پیێشتر گەورە راوێژکاری هەڵمەتەکانی بایدن بووە.

هەرچی راوێژکارانی پێشووی بایدن و هاریسن، کارین جۆن پیێر و ئاشکی ئایتینم بۆ پۆستەکانی جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی و یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی جێگری سەرۆکی داهاتوو دیاریکراون، هاوکات، بیلی توبار بە جێگری بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی، دەستنیشانکراوە کە پێشتر بەڕێوەبەری پێشووی سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکانی ئەنجومەنی پیران بوو.

لەبارەی دیریکردنی ئەم ژنانەوە بۆ ئەو پۆستانە جۆ بایدن رایگەیاندووە، "شانازی بە راگەیاندنی ناوی ئەم خانمانەوە دەکەم بۆ ستافی پەیوەندیەکانی کۆشکی سپی"، دەشڵێت، "ئەم ژنانانە خاوەن کارامە و ئەزمونن لە بواری پەیوەندییەکان و بەشدار دەبن لە دووبارە بونیادنانەوەی وڵات.

لە هەفتەی رابردوودا، جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ناوی بەشێک لە وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەکەی راگەیاند و تیایدا ئەنتۆنیۆ بلینکنی بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە دەست نیشان کردووە و هاوکات، لیندا تۆماس گریفیڵدی بۆ پۆستی نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشان کردووە.

لە ٣ی ئەم مانگەدا، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەچوو و تیایدا جۆ بایدن بە سەرۆکی هەڵبژێردراوی وڵاتەکە دەستنیشانکرا.

 

 

س:nrt

سوپای ئازەربایجان دواین ناوچەی هەرێمی کارەباخی خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە

 

سوپای ئازەربایجان چووە ناو ناوچەی لاچین لە هەرێمی کارەباخ کە دواین ناوچەیە بەگوێرەی رێککەوتنی لەگەڵ ئەرمینیا سوپاکەی بۆ دەبات.

وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان بڵاویکردەوە، بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان ئازەربایجان، ئەرمینیا و رووسیا، سوپاکەمان چووە ناوچەی لاچین.

سوپا و تانکەکانی ئازەربایجان، بە ئاڵای وڵاتەکەیان و ئاهەنگگێڕان چوونە لاچین و دووبارە ئەو وڵاتە حکومڕانی ئەو ناوچەیە دەکات.

بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئەرمینیا هەر سێ ناوچەی ئاغدام، لاچین و کالباژار لە هەرێمی کارەباخ رادەستی ئازەربایجان دەکات.

لە کۆتایی مانگی نۆ، ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر کێشەکانیان لە هەرێمی کارەباخ، رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، دواتر بە رێککەوتن ئاگربەستیان راگەیاند، بەشێک لە خەڵکی ئەرمینیا، ئەو رێککەوتنە بە شکست بۆ وڵاتەکەیان ناودەبن چونکە سوپای ئازەربایجان دەگەڕێتەوە بۆ هەندێک ناوچەی کارەباخ کە پێشتر لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەرمینیا بوو.

مەخمور: ژمارەیەك چەكداری داعش كوژران

 

 

 

هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق بەهاوبەشی هێزەكانی هاوپەیمانان شەش چەكداری داعشیان لە بەرزاییەكانی مەخمور كوشت.

بەپێی بڵاوكراوەیەكی دژە تیرۆری عێراقی، لەئۆپەراسیۆنێكی تایبەتدا هێزەكانی دژە تیرۆری عێراقی بەهاوبەشی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ژمارەیەك چەكداری داعشیان كوشتووە.

باسیش لەوەكراوە، دوای چاودێری وردی چەكدارانی داعش لە شوێنە سەختەكان و بەرزاییەكانی مەخمور، هێزەكانی دژە تیرۆر روبەڕووی شەش تیرۆرستی داعش بوونەوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، لە روبەڕووبوونەوەكەدا سێ تیرۆرست كوژراون و سێیانی تریان هەڵاتن، كە دواتر لەبۆردومانێكی فڕۆكە جەنگیەكانی هاوپەیمانان ئەوانیش كوژراون.

نایجیریا... لە هێرشێكدا 110 جوتیار كوژران

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکرد، کۆمەڵکوژییەکی نوێ کە پێدەچێ گرووپی بۆکۆ حەرام ئەنجامیاندابێت، 110 قوربانی لە نایجیریا لێکەوتووەتەوە. قەسابخانە نوێیەکە لە ویلایەتی پورنو، لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە روویداوە و قوربانییەکان جووتیار و ماسیگرانی ویلایەتەکەن.

رێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نایجیریا رایگەیاند، چەکداران لەسەر پشتی چەند مۆتۆڕسکیلێک خۆیان گەیاندووەتە ناوچەکە و تەقەیان لە ژن و پیاوەکانی ناو کێڵگەکانی چەڵتوک کردووە لە گوندی کۆشۆبی، دەیانیان بەشێوەیەکی وەحشیگەرانە کوشتووە.

کۆمەڵکوژییەکە رۆژی شەممە روویداوە، کە هاوکاتە لەگەڵ ئەنجامدانی یەکەم هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە ناوچەکەدا لە ساڵی 2009ەوە، لە کاتێكدا ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ناوچەکە لە ترسی باردۆخی ئاسایش، نەیانوێراوە روو لە بنکەکانی دەنگدان بکەن.

سەرچاوەکان گوتویانە، هێرشکارەکان کەسەکانیان پەلکێشی ناوچەی نزیک لە کێڵگەکانی چەڵتووک کردووە، لەوێ بە سەربڕین و تەقەلێکردن، کۆتاییان بەژیانیان هێناوە.

ئاژانسی دەنگوباسی 'ئاسۆشێیتد پرێس'، لە زاری ئەحمەد ساتومی، پەرلەمانتاری هەرێمەکەی گواستەوە، قوربانییەکان کراونەتە ئامانج، دوای ئەوەی جووتیارەکان رۆژی پێشتر چەکدارێکی بۆکۆحەرامیان لە گوندەکەیاندا دەستگیرکردووە و رادەستی هێزە ئاسایشییەکانی نایجیریایان کردووە، دواتر چەکەکەیان لێسەندووە.

ئاژانسەکە ئەوەشی خستووەتە روو، بۆکۆحەرام بەردەوام سەرانەی لە جووتیارانی ناوچەکە سەندووە، بەڵام ئەوان چیدی نەیانویستووە ئەو سەرانەیە بدەنە چەکدارەکان.

پێش ئەو قەسابخانەیە، بۆکۆ حەرام قەسابخانەیەکی دیکەی لە نایجیریا ئەنجام دابوو. بەپێی قسەی سەرچاوە ناوخۆییەکانی نایجیریا، چەکدارەکانی داعش هێرشیانکردووەتە سەر ژمارەیەک جووتیاری کێڵگەکانی چەڵتوک لە شاری مایدۆگۆری، لەوێدا 43 کەسیان سەربڕیووە و 6ی دیکەشیان بریندارکردووە.

داعش و بۆکۆ حەرام، جووتیارەکانیان بە سیخوڕی بۆ حکومەتی نایجیریا و گرووپە ناوخۆییەکانی دژ بەو دوو رێکخراوە تۆمەتبارکردووە. چەکدارەکان قەسابخانەیەکەیان لە گوندی کۆشۆپیدا خستووەتەوە. چەڵتوکچێنەکانیان پەلبەستکردووە و دواتر سەریان بڕیوون.

باباکورا کۆلۆ، ئەندامی یەکێک لە گرووپە چەکدارییەکانی ناوچەکە، کە لایەنگری حکومەتی نایجیریایە، دۆزینەوەی تەرمی 43 کەسی سەربڕدراوی دووپاتکردووەتەوە، ئاشکرایکردووە ئەوە یەکەمجار نییە داعش و بۆکۆ حەرام لە ناوچەکەدا هێرشی هاوشێوە دەکەن.

محەمەد بوخاری، سەرۆکی نایجیریا، سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و داوای لە هێزەکانی وڵاتەکەی کرد، هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی دانیشتووانی ناوچەکە بگرنەبەر.
بۆکۆ حەرام لە ساڵانی رابردوودا دەیان هێرشی جیاوازی کردووەتە سەر دانیشتووانی ویلایەتەکانی باکووری رۆژهەڵاتی نایجیریا، سەدان هەزار کەسی کوشتوون و دوو ملیۆن کەسیش بەهۆی هێرشەکانەوە، دەربەدەربوون.

 

ز.س