پێشمه‌رگه‌ چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی سوپایه‌ بۆ ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له‌و ناوچانه‌ی داعش جموجۆڵی تێدا ده‌ستپێکردووه‌ته‌وه‌، دوای هێرشه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی رێکخراوه‌که‌.

به‌هۆی هێرشه‌کانه‌وه‌ روبه‌رێکی به‌رفراوانی زه‌وی کشتوکاڵی جوتیاران له‌ سنوری خانه‌قین سوتاون و داعش به‌رپرسیارێتی خۆی له‌ هێرشه‌کان راگه‌یاندووه‌، هه‌روه‌ها چه‌ند سه‌رباز و پۆلیسێکی عێراقی و هاوڵاتی کوژراون و برینداربوون.

جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم به‌ ‌هاوڵاتی راگه‌یاند، «هه‌فته‌ی پێشوو لیژنه‌ی باڵای هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، نوسراوێکی فه‌رمیمان نارد بۆ لیژنه‌ی باڵای هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق، داوامان کردووه‌ به‌ زووترین کات واده‌یه‌ک دیاریبکرێت بۆ کۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵا له‌هه‌ر شوێنێک بێت، له‌ هه‌رێم یان به‌غدا یان موسڵ یان که‌رکوک و دیاله‌ بێت».

وتیشی «کۆبوونه‌وه‌یه‌که‌، بۆ دانانی رێوشوێنه‌ بۆ دامه‌زراندنی ناوه‌نده‌کانی هه‌ماهه‌نگی و هێزه‌ هاوبه‌شه‌کان و ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له‌هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ ئێستا جموجۆڵی داعشی تێدا ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه‌، بۆ ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی ئه‌و نوسراوه‌ ده‌که‌ین».

رۆژی چواری شوباتی ئه‌مساڵ، هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق، له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا پێنج لیژنه‌ی هاوبه‌شیان، بۆ تاوتوێکردنی پرسی هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ردوولا له‌ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان درووستکرد.

پێکهێنانی ئه‌و لیژنانه‌ دوای زیاتر له‌ ساڵێک هات، له‌ پچڕانی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپا به‌هۆی رووداوه‌کانی ١٦ی ئۆکتۆبه‌ری ٢٠١٧ه‌وه‌، کاتێک سوپای عێراق به‌ره‌و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان هێرشی کرد و ته‌واوی ئه‌و ناوچانه‌ی کۆنتڕۆڵکرد که‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک بوو له‌ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمه‌رگه‌دا بوو.

جه‌بار یاوه‌ر هۆکاری جموجۆڵه‌کانی داعشی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ بوونی بۆشاییه‌کی گه‌وره‌ له‌نێوان هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق و دابه‌شبوونی هێزه‌کان له‌و ناوچه‌یه‌.

له‌دوو مانگی رابردوودا، پێنج لیژنه‌ی هاوبه‌شی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق روپێوی هێڵی دابه‌شبوونی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقیان کرد له‌ناوچه‌کانی خانه‌قینه‌وه‌ تا ره‌بیعه‌، به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌کاریی بۆ چۆنیه‌تی دروستکردنه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقدا.

تائێستا عێراق ره‌زامه‌ندی ته‌واوه‌تی نیشاننه‌داوه‌ له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌، به‌ ئامانجی بنه‌بڕکردنی شانه‌ نوستووه‌کانی داعش و کۆتایی هێنان به‌ جموجۆڵه‌کانی ئه‌و رێکخراوه‌.

Hits: 54
Category: