نیویۆرک تایمز: کریستاڵ بووەتە هەرەشەیەکی گەورە لەسەر گەنجانی عێراق

رۆژنامه‌یه‌كی‌ ئه‌مریكی‌ له‌ راپۆرتێكیدا تیشكی‌ خسته‌سه‌ر ماده‌ی هۆشبه‌ری‌ "كریستاڵ‌ میس" كه‌ له‌نێو لاوانی‌ عیراقیدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌ به‌غدای‌ پایته‌خت و شاری‌ به‌سره‌ و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ ئێرانه‌.

رۆژنامه‌ی‌ نیویۆرك تایمز له‌ راپۆرتێكیدا ده‌ڵێت: "ساڵی‌ رابردوو پارێزگای‌ به‌سره‌ رووبه‌ڕووی‌ یه‌كێك له‌ خراپترین كێشه‌كانی‌ په‌یوه‌ست به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان بووه‌ته‌وه‌ و نزیكه‌ی‌ 1400 كه‌س كه‌ زۆرینه‌یان پیاون به‌تۆمه‌تی‌ هه‌ڵگرتن و بازرگانیپێكردنی‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ دێت، زیندانیكراون".

راپۆرتی‌ رۆژنامه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ ده‌ڵێت: "هێشتا كۆمه‌ڵگه‌ و حكومه‌تی‌ عیراقی‌ ئاماده‌نین بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م كێشه‌یه‌دا چونكه‌ نوێیه‌ و ته‌نها رێوشوێنی‌ زیندانیكردنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ تێوه‌گلاون".

حه‌وت ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ر نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، عیراقی‌ وه‌ك وڵاتێك بۆ تێپه‌ڕبوونی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ پۆلێن كرد، ئه‌مه‌ش مانای‌ وایه‌ كه‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ڕێی‌ عیراقه‌وه‌ ده‌چنه‌ ناوچه‌كانی‌ تر.

به‌ڵام ئێستا ئه‌م واقیعه‌ گۆڕاوه‌ و به‌گوێره‌ی‌ رۆژنامه‌كه‌ ئێستا له‌ناخۆی‌ عیراقدا ده‌توانرێت ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان به‌ حه‌شیشیشه‌وه‌ بكڕدرێت، كه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ ئالووده‌بوونن.

راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان هۆكارن بۆ زیادبوونی‌ رێژه‌ی‌ هه‌ژاری‌ له‌ عیراقدا و به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌و داهاته‌ی‌ خێزانه‌ عیراقییه‌كان ده‌ستیان ده‌كه‌وێت به‌هۆی‌ كڕینی‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌روه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامه‌ ئالووده‌بووه‌كانی‌ خێزانه‌كه‌وه‌، به‌فیڕۆ ده‌چێت.

به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ هه‌ژاری‌

عه‌باس ماهر ئه‌لسه‌عیدی‌ قایمقامی‌ شارۆچكه‌ی‌ زوبێر له‌ پارێزگای‌ به‌سره‌ كه‌ 750 هه‌زار كه‌س تیایدا نیشته‌جێن، رایگه‌یاند كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ حكومی‌ شه‌رمنانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و بارودۆخه‌دا ده‌كه‌ن.

عه‌باس ماهر ئه‌لسه‌عیدی‌ ده‌ڵێت: "به‌هۆی‌ كلتووره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ دان به‌ كێشه‌كه‌دا نانێن، ته‌نانه‌ت كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندنیش تاووتوێی‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ ناكه‌ن".

هه‌موو شه‌وێك ده‌یان تیمی‌ ده‌ستوه‌ردانی‌ خێرا له‌ پارێزگای‌ به‌سره‌ ده‌گه‌ڕێن بۆ ده‌ستگیركردنی‌ به‌كارهێنه‌ران و بازرگانانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان، كه‌ دواتر ئیدانه‌ ده‌كرێن و ده‌خرێنه‌ زیندانه‌وه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ زیندانه‌كان قه‌ره‌باڵغ بوون.

ئه‌نجێلا مه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ توێژینه‌وه‌كان له‌ ئاژانسی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانی‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند كه‌ حه‌وت ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ و به‌كارهێنانی‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر له‌ عیراق سه‌ری‌ هه‌ڵدا.

رۆژنامه‌كه‌ گه‌نجێكی عیراقی به‌ناوی حسێن كه‌ریم دواندوه‌ كه‌ ئالوده‌ی كریستاڵی هۆشبه‌ر بووه‌ و گه‌نجه‌كه‌ دانی به‌وه‌دا ناوه‌ تائێستا سێ ئۆتۆمبیل و پارچه‌ زه‌وییه‌ك و هه‌زاران دۆلاری بۆ ده‌ستكه‌وتنی ئه‌و جۆره‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌ فرۆشتووه‌، له‌كاتێكدا پێش ئالوده‌بونی به‌نیازبووه‌ پارچه‌ زه‌وییه‌كه‌ی بكات به‌ خانوو.

به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌كه‌، حسێن كه‌ریم یه‌كێكه‌ له‌و هه‌زاران گه‌نجه‌ی كه‌ ئالوده‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر بووه‌ له‌ عیراق، عیراقێك به‌ده‌ست كێشه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌ ده‌گمه‌نه‌كانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت.

ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ ئێرانه‌وه‌ دێن

ئه‌نجێلا مه‌ی‌ ده‌ڵێت: "له‌و ماوه‌یه‌دا گروپه‌كان ده‌ستیان كرد به‌ بازرگانیكردن به‌ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان و بڕێكی‌ زۆر ماده‌ی‌ هۆشبه‌ری‌ كریستاڵ‌ میس له‌ ئێرانه‌وه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر تاقیگه‌ی‌ دروستكردنی‌ ئه‌و ماده‌ هۆشه‌به‌ره‌ی‌ تێدایه‌، هاته‌ ناو عیراقه‌وه‌".

عادل عه‌بدولڕه‌زاق گه‌وره‌ دادوه‌ری‌ دادگای‌ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی‌ به‌سره‌ بۆ نیویۆرك تایمز ده‌ڵێت: "بازرگانانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ سنووری‌ عیراقه‌وه‌ یان له‌ڕێی‌ رووباری‌ شه‌تولعه‌ره‌به‌وه‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر ده‌هێننه‌ پارێزگای‌ به‌سره‌".

قایمقامی‌ شارۆچكه‌ی‌ زوبێر ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "بازرگانانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان گۆڕانكارییان له‌ شێوازه‌كانی‌ قاچاخچێتی‌ و بازرگانیكردن كردووه‌ و توانیویانه‌ شێوازه‌ كۆنه‌كان بگۆڕن و فڕۆكه‌ی‌ بێ‌ فڕۆكه‌وان و كامێرای‌ چاودێری‌ به‌كارده‌هێنن و شوێنی‌ پارێزراو به‌كارده‌هێنن".

رۆژنامه‌ی‌ نیویۆرك تایمز رایگه‌یاندووه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ به‌ئه‌سته‌م سه‌لماندنی‌ تێوه‌گلانی‌ میلیشیاكانی‌ عیراق كه‌ به‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ناسراون له‌ بازرگانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان، به‌ڵام ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌وانه‌ی‌ به‌هۆی‌ به‌كارهێنانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ له‌ زینداندان له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی‌ حه‌شد له‌گه‌ڵ‌ بازرگانانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان كارده‌كه‌ن و په‌یوه‌ندییان به‌ حكومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌.

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ری‌ كه‌پتاگۆن ره‌نگه‌ به‌ناوبانگترین ماده‌ی‌ هۆشبه‌ر بێت له‌ رووی به‌كارهێنانه‌وه‌ له‌ عیراقدا و به‌هۆی‌ ئه‌و وزه‌یه‌ی‌ پێیان ده‌به‌خشێت، به‌ڕێژه‌یه‌كی‌ زۆر له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانه‌وه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست به‌كارده‌هێنرێت.

كریستاڵ‌ میس-یش یه‌كێكه‌ له‌ جۆره‌كانی‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ری‌ ئه‌مڤیتامینی‌ مه‌ترسیدار و كار له‌سه‌ر چالاككردنی‌ كۆئه‌ندامی‌ ده‌مار ده‌كات و له‌عیراق له‌ژێر ناوی‌ كه‌پتاگۆن دروست ده‌كرێت.

كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندن باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌م جۆره‌ له‌ناو چه‌كداره‌ لاوه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا زۆر باوه‌ و شاره‌زایان ده‌ڵێن ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌كاریده‌هێنن هه‌ست به‌ وزه‌ و چالاكییه‌كی‌ زۆر ده‌كه‌ن، به‌ڵام رێكخراوه‌ جیهانییه‌كان هۆشداری‌ له‌ مه‌ترسی‌ ئه‌م جۆره‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌ له‌سه‌ر ته‌ندروستی‌ ده‌ده‌ن.

سه‌رچاوه‌: نیویۆرك تایمز

 

ب - ل

Hits: 55
Category: