سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆك حكومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەدان، سبەینێش سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەگاتە هەولێر

به‌یانی ئه‌مڕۆ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق گه‌یشته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم له‌ شاری هه‌ولێر و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌ستپێكرد.

به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا تاووتوێ ده‌كرێت و بودجه‌ی ساڵی داهاتوی عیراقیش ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی گفتوگۆكان ده‌بێت.

دوێنێش به‌رهه‌م ساڵح له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی به‌ شاری هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆبوه‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان تاووتوێكرد.

به‌پێی هه‌واڵێك كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، به‌رهه‌م ساڵح و نێچیرڤان بارزانی جه‌ختیان له‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و به‌رده‌وامیی گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور كردوه‌ته‌وه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌ باره‌ی پرسه‌ گرنگه‌كانی نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌، به‌تایبه‌ت پرسه‌كانی بودجه‌ی گشتیی ساڵی داهاتوی عیراق و مادده‌ی 140 و داڕشتنی یاساكان و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانی تیرۆ و توندڕه‌ویی.

هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ گرنگیی پاراستنی یه‌كڕیزیی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌ عیراق، و هێزه‌ عیراقییه‌كان و كاری پێكه‌وه‌ییان و یه‌كده‌نگی له‌سه‌ر پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌كان و بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كراوه‌ته‌وه‌.

لەلایەكی دیكەوە بۆ بەشداریكردن لە گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش بگاتە هەولێر و بەشداری گفتوگۆكان بكات.

ز.س

Hits: 44
Category: