حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بە توندی هێرشی سەربازی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان مەحكوم دەكات.

  ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان،بەری خەبات و قوربانیدانی بێ شوماری گەلەكەمانە، لە هەشت ساڵی رابردوو بۆ دۆست و دوژمنانی كوردی سەلماند، كە فاكتەری ئارامی و پێكەوە ژیانی هەموو پێكهاتەكانی سوریایە، لە پاڵ ئەو ڕاستیەدا لە شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش پێشەنگی نواند و بە هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانان داعشی تێكشكاند.

لە جیاتی ئەوەی ئەم ئەزموونە پشتیوانی لێ بكرێ، كەچی بەبەردەوامی لە لایەن حكومەتی توركیا گەفی لێ دەكراو وا ئەمڕۆش توركیا بەبەرچاوی دونیا شەڕی  بۆ سەر گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان دەست پێكرد.

ئامانجی توركیا لەو شەرەدا، لەناوبردنی پارتێكی سیاسی و هێزێكی سەربازی نیە، ئەو شەڕە٬ شەڕی گۆرینی دیمۆگرافیای كوردستان و سڕینەوە و نەهێشتنی ناسنامەی كوردیە .

 حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بە توندی هێرشی سەربازی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان شەرمەزار و مەحكوم دەكات.

هێرش و داگیركاری توركیا، پەلاماری دەوڵەتێكی ستەمكارە دژ بە خواستی ئازادیخوازانەی گەلەكەمان، ئەم شەڕە نەك هەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەكە تێك دەدات، بەڵكو وەك ئەوەی لە عەفرین روویدا، كارەساتی مرۆیی لێ دەكەوێتەوە و خەڵكی سڤیل لەسەر زێدی خۆیان ئاوارەو دەربەدەردەكات و پاشماوەکانی داعش بەهێز دەکاتەوە، بۆیە داوا لە ئەمەریكا و هاوپەیمانان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین هەرچی زووە سنورێك بۆ دەست درێژكاری توركا دابنێن و پێش بە شەڕ بگرن و بە شێوەی سیاسی و ئاشتیانە چارەسەری كێشەكان بكەن.

حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان داوای كۆدەنگی كوردستانی و پاڵپشتی رۆژئاوای كوردستان دەكات، دژبە هێرشی داگیركاری دەوڵەتی توركیا، چونكە گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان هەڕەشەی نەمانی لێدەكرێ، بۆیە دەبێ هەموومان دەنگی ناڕەزایەتی و پڕۆتستۆی خۆمان دژی ئەو داگیركاریە بەرز بكەینەوە، لەوبارەیەوە وەك حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پشتیوانی لە خەباتێكی مەدەنی و جەماوەری دەكا بۆ درووستكردنی ڕای گشتی دژ بە داگیركاری رۆژئاوای كوردستان.

-        نەفرت لە داگریكاری دەوڵەتی توركیا

-        سڵاو بۆ خۆڕاگری گەلەكەمان

-        سەركەوتووبێت رۆژئاوای كوردستان.

مەکتەبی سیاسی

حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

09-10-2019

Hits: 81
Category: