نەتەوەیەکگرتوەکان فەڕەنسا ئیدانەی توندوتیژییەکان بەرامبەر خۆپیشاندەرانی عێراق دەکەن

نەتەوەیەکگرتوەکان و فەڕەنسا ئیدانەی توندوتیژییەکان لە عێراق دەکەن و داوای دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی ئاشتیانە و دیموکراسییانە و جدی لەنێوان خۆپیشاندەران و دەسەڵاتداران دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وته‌بێژی سكرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند: سكرتێری گشتی نیگه‌رانی خۆی ده‌رده‌بڕێت سه‌باره‌ت به‌ به‌رزبونه‌وه‌ی ژماره‌ی گیانلەدەستدان و برینداربون له‌ ناو خۆپیشاندانه‌كانی عیراق و ئه‌و راپۆرتانه‌ی كه‌ باس له‌ به‌كارهێنانی چه‌ك دژی خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ن مایه‌ی نیگه‌رانین.

سكرتێری گشتی داوای له‌ سەرجەم لایه‌نه‌كان کردوە بۆ خۆپاراستن له‌ به‌كارهێنانی توندوتیژی و هه‌روه‌ها بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی بەرپرسانە له‌ كاره‌ توندوتیژییه‌كاندا و دەستپێکردنی گفتوگۆی جدی‌ له‌ نێوان حكومه‌ت و خۆپیشانده‌راندا.

لەلایەکی دیکەوە، ئەنیس فۆن دێر مۆل وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: پاریس بە توندی ئیدانەی کارە توندوتیژییە مەترسیدارەکان دەکات کە لەماوەی چەند رۆژی رابردودا لە عێراق ئەنجامدراون و جەخت لە خۆپیشاندانێکی ئاشتیانە لەو وڵاتە دەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەکردوە؛ فەڕەنسا نیگەرانە لەو هەڕەشانەی کە روبەڕوی رۆژنامەنوسان دەبێتەوە لە عێراق.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاندوە: دوای چەند ساڵێک لە جەنگ، پێویستە دیموکراتییەکی دادپەروەرانە و گشتگیر بونیات بنرێت، دەست بە گفتوگۆیەکی دیموکراسییانە بکرێت، فەڕەنساش دەسەڵاتدارانی عێراق هان دەدات بۆ دەستپێکردنی ئەو دانوستان و گفتوگۆیانە و جێبەجێکردنی ئەو چاکسازییانەی کە بۆ وەڵامدانەوەی داواکاریی خۆپیشاندەران و هاوڵاتیان راگەیەندراوە.

ز.س

Hits: 20
Category: