حەشدی شەعبی روونکردنەوە لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی هەولێر دەدات

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی روونکردنەوەیەکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی هەولێر بڵاوکردەوە.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی بەدواداچوون بۆ لێدوان و هەڵوێستەکان کردووە لەبارەی ئاراستەکردنی مووشەک و کردنە ئامانجی هەولێر، داخ و سەرسووڕمانی خۆمان لەبارەی هەندێک کاردانەوەی بەپەلە دەردەبڕین و روونیدەکەینەوە، کە ئەو ناوچەیەی مووشەکەکانی تێدا ئاراستەی هەولێر کراوە، ناوچەیەکی چۆڵەوانییە و دەکەوێتە نێوان سێگۆشەی سوپا و هێزەکانی حەشدی شەعبی لە شەبەک و هێزەکانی پێشمەرگە".

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەداوە کە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە کراوە، لە کامێراکاندا وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلە دەردەکەوێت، کە مووشەکەکانی هەڵگرتووە و لە کوێوە هاتووە، هەروەک فەرماندراوەتە فەرماندەی لیوای 30ی حەشد لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بکات لەبارەی ئەوانەی ئەو مووشەکانەیان ئاراستە کردووە، دواتر شوێنی جوڵەکردنی ئۆتۆمبێلەکە و ئەو لایەنەی کە ئەو شوێنەی لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە، ئاشکرادەکەن.

شەوی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاژێر 8:30ی شەو، شەش مووشەک بە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر هاوێژران کە خۆشبەختانە هیچ ئامانجێکیان نەپێکاوە و هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، مووشەکەکان لە سنووری (برگلە) لە نێوان گوندەکانی شیخ ئەمیر و تەرجلە لەسەر پیکابێک هاوێژراون. ئەم دەڤەرەش دەکەوێتە سنووری لیوای 30 حەشدی شەعب:. "تیمە تایبەتەکانی ئێمە خەریکی لێکۆڵینەوەی وردن بۆ بە دەستهێنانی زانیاری زیاتر".

وەزارەتی ناوخۆ رایدەگەیێنێت: "لەکاتێکدا بە تووندترین شێوە ئەم هێرشە تێرۆریستییە ترسنۆکانەیە ئیدانە دەکەین، لە هەمانکاتدا ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەک. داواش لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین دەستبەجێ ئیجرائاتی پێویست وەربگرن".

هەر دوای هێرشەکە سوپای عێراق  لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "شەوی چوارشەممە گرووپێکی تیرۆریستی لەرێگەی ئۆتۆمبێلێکەوە کە سەکۆی چەکی جۆری راجمەی هەڵگرتبوو، پارێزگای هەولێری کردووەتە ئامانج و هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە فەرمان بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسی ئەمنی ئەو ناوچەیەی هێرشەکەی تێدا کراوە دەرچووە. هێرشەکەش لە دۆڵی تەرجلە لە قەزای حەمدانییەوە کراوە و باکووری رۆژئاوای هەولێری کردووەتە ئامانج و چەند گوندێک کەوتوونەتە بەر هێرشەکە کە دوو لە مووشەکەکان لە نزیک کەمپی حەسەن شام کەوتوونەتە خوارەوە.

هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش لێدوانیان لە بارەی پەلامارەکە دا. وەین مەراتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە تویتێکدا لەبارەی هێرشەکە رایگەیاندووە "راپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشی ناڕاستەوخۆی ئەمشەو لە هەولێر لەناو بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان نەکەوتووەتە خوارەوە. هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەکەوتووەتە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە".

ز.س

Hits: 58
Category: