فەڕەنسا و ئەڵمانیا ڕێكاری توند دژی کۆرۆنا دەگرنەبەر

هەریەک لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا، لە هەوڵەکانیاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێوشوێنی نوێیان ڕاگەیاند.
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا لە وتارێکدا ڕایگەیاند، سەرانسەری وڵاتەکە کەرەنتین دەکرێت و پێدەچێت تاوەکو 1 ی مانگی دوانزە بەردەوام بێت، بەڵام جیاواز لە کەرەتینەی پێشوو، خوێندنگاکان بە کراوەیی دەمێننەوە بەڵام چێشتخانە و باڕ و دوکانە ناپێویستەکان دادەخرێن.
گرتنەبەری ئەو رێکارانە لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە فەڕەنسا لە ماوەی 24 کاتژمێردا 523 حاڵەتی گیان لەدەستدانی ڕاگەیاند، پزیشکانی وڵاتەکەش هۆشیاریاندا لەسەر ئەوەی یەکەکانی چاودێری ورد خەریکە دەگەنە ئەوپەڕی توانایانەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ رێکارەکانی دژ بە کۆرۆنا لە چەند ناوچەیەکی ئەڵمانیا تووندوتۆڵتر دەکرێن، 2ی نۆڤەمبەری ئەمساڵ، واتە دوای چەند رۆژێکی دیکە، قەدەخەی هاتووچۆی سەرتاسەری لە وڵاتەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئەگەر ئەم چوار هەفتەیە کردار نەنوێنین، چێژ لە مانگی دێسەمبەر نابینین".
مێرکل ئەوەشی گوت کە بەم ئاستەی ئێستا ئەڵمانیا دەتوانێت بەرەنگاری کۆرۆنا ببێتەوە، بەڵام دانی بەوەدا نا، کە ئەگەر شەپۆلی کۆرۆنا لەمە تووندتربێت، بەو سیستەمە پێشکەوتووەی تەندروستیش دەرەقەتی کۆرۆنا نایەن.
مێرکل و سەرۆکی شارەوانی 16 هەرێم لە ئەڵمانیا بە قەدەخەی هاتووچۆ رازی بوون، رێکارەکان رێستۆرانت، سینەما، شانۆ، هەندێک شوێنی دیکەی قەرەباڵخ دەگرێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدا لە ئێستادا ڤایرۆسەکە لە ئەوروپا لە شوێنەکانی دیکەی جیهان خێراتر بڵاودەبێتەوە، لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا ئەوروپا 220 هەزار توشبووی نوێی تۆمارکرد، ئەمەش بەبەراورد لەگەڵ هەفتەی ڕابردوودا بە ڕێژەی لە سەدا 44 زیادیکردووە.
لە جیهاندا تاوەکو ئێستا 44ملیۆن و 774 هەزار و 935 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش ملیۆنێک و 179 هەزار و 232 کەس گیانیان لەدەستداوە. هەروەها 32 ملیۆن و 727 هەزار و 721 کەس چاکبوونەتەوە.

 

ز.س

 

Hits: 36
Category: