مامۆستایانی ناڕازی: فشاری حزبی و دەستپێکردنەوەی دەوام رەتدەکەینەوە

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی ڕایدەگەیەنێت، بەداخەوە دەسەڵاتدارانی شكستخواردووی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە ئەوەندەی لە خەمی بازرگانی و كورسیەكانیاندان لە خەمی كێشەكانی پەروەدە و داواڕەواكانی مامۆستایان و فەرمانبەراندا نین ، بۆیە زۆربەی بڕیار و لێدوانەكانیان بە زیانی پڕۆسەی پەروەردە و هاووڵاتیان تەواو دەبێت .

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بایكۆت پرۆسەیەكی خۆرسكی مامۆستایانە و گیرفانی بەتاڵیان و ستەمكاری دەسەڵات پێی كردوون و لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایان لە بەیانێكی فەرمیدا بڕیاری لێداوە.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە…

لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازییەوە

مامۆستایانی سەربەرز

دایك و باوكی خوێندكاران

فەرمانبەر و كاسبكاران

هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان

بەداخەوە دەسەڵاتدارانی شكستخواردووی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە ئەوەندەی لە خەمی بازرگانی و كورسیەكانیاندان لە خەمی كێشەكانی پەروەدە و داواڕەواكانی مامۆستایان و فەرمانبەراندا نین، بۆیە زۆربەی بڕیار و لێدوانەكانیان بە زیانی پرۆسەی پەروەردە و هاوڵاتیان تەواو دەبێت .

لە ئێستاشدا لە ژێر فشاری حیزبەكانیاندا و لەپێناوی كورسیەكانیان دەیانەوێ بە زۆڕەملی دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بكەنەوە .

ئێمە ئەم هەوڵە بە هەوڵێكی نەزۆك دەزانین و پێمانوایە بایكۆت پڕۆسەیەكی خۆرسكی مامۆستایانە و گیرفانی بەتاڵیان و ستەمكاری دەسەڵات پێی كردوون و لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایان لە بەیانێكی فەڕمیدا بڕیاری لێداوە.

ئێمە لە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی وەكو هەمیشە پشتیوانی ئەم هەڵویستەی مامۆستایان دەكەین و بە بەرپرسانی پەروەردە و حكومەت دەڵێن،

مامۆستایان بە بڕیاری ئێوە بایكۆتیان نەكردووە تا بە بڕیاری ئێوە بیشكێنن .

لە كۆتاییدا ڕایدەگەیەنین، ئێمە چاوەڕوانی هەڵوێستی نوێی لایەنە پەیوەندیدارەكانی پەروەردە و حكومەت دەكەین كە بڕیارە ڕوژی یەك شەممە 1/11/2020 ڕایبگەیەنین، ئەو بڕیارە ئەگەر لە بەرژەوەندی پڕۆسەی پەروەردەدا نەبێت و داواكاری مامۆستایان و قوتابیان لەبەرچاو نەگیرێت ئێمە بێدەنگ نابین و هەڵوێستی توندمان دەبێت و ناڕەزایەتی و چالاكیەكانمان دەست پێدەكەینەوە .

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی

29 تشرینی یەكەمی 2020

 

 

ز.س

Hits: 50
Category: