هەپەگە: سوپای تورکیا گازی کیمیایی بەکارهێناوە

وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 2 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی لە ناوچەی چیای گارەی باشووری کوردستان راگەیاند، هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگەش دەڵێ، سوپای تورکیا گازی کیمیایی بەکارهێناوە. بەگوێرەی راگەیێنراوێک، کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، رۆژی شەممە 8ی ئایاری 2021 لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکدا کە بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری-میت لە ناوچەی چیای گارە لە باکووری عێراق کراوە 2 گەریلای پەکەکە دەستنیشانکراون و لە هێرشێكی ئاسمانیدا کراونەتە ئامانج. لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە کە باڵی سەربازی پەکەکەیە ئاماری نوێی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاند، رۆژی 7ی ئایار لە ناوچەی مەتین دوو جار هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی سوپای تورکیا لە چیای زەندوورا. هەپەگە هەروەها ئاماژەی بە هێرشێکی دیکە لە ناوچەی ئاڤاشین داوە و دەڵێت گەریلاکانی پەکەکە لە 3 خاڵی جیاوازدا بە چەکی قورس و لە مەودای نزیکدا هێرشیان کردووەتەسەر سەربازانی سوپای تورکیا بەگوێرەی راگەیێنراوەکەی هەپەگە: "سوپای تورکیا کاژێر 09:00ی بەیانی رۆژی 8ی ئایار، گازی ژەهراویان فڕێداوەتە نێو تونێلی شەڤاش". هەپەگە هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، رۆژی 6ی ئایار گەریلاکانیان لە ناوچە حەفتانین لە چیایی خانتوور هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک سەربازی سوپای تورکیا کە لە گردی شەهید بەرخۆدان لە جووڵەدا بوونە و دوای هێرشەکە، تۆپخانەکانی تورکیا ناوچەکەیان بە چڕی تۆپباران کردووە. لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا لە رۆژانی 7 و 8ی ئایار لە ناوچەی مەتین، دەورووبەری گوندی کێستە، زناری کێستە، گوندی هرور و گردی زەندورا و لە چیای زاپیش ناوچەی کونیشکایان بە چڕی بۆردوومانکردووە، بەڵام گەریلا هیچ زیانێکی بەرنەکەوتووە

 

ك-س

Hits: 43
Category: