خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ر قۆناغێكى گه‌وره‌ى یه‌كگوتارى كوردستانى له‌ناو برد

ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى ڕابردوو قۆناغێكى ترى له‌ پێوه‌ندى نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان دروست كرد، خیانه‌ته‌كه‌ى ئه‌وكات بووه‌ هۆی له‌ناوبردنى یه‌كگوتارى حزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، چونكه‌ وه‌ك چاودێران ئاماژه‌ى پێ ده‌كه‌ن، تا ڕۆژێك پێش خیانه‌ته‌كه‌یش لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان خاوه‌نى یه‌كگوتار بوون.

چاودێرێكى سیاسى پێى وایه‌، پێویسته‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ دواى یه‌كخستنه‌وه‌ى گوتارى داوده‌زگه‌كان به‌هێز بكاته‌وه‌ و هه‌ر له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ئه‌وانه‌ سزا بدات كه‌ خیانه‌تیان كرد و بوون به‌هۆى په‌رته‌وازه‌كردنى گوتارى كوردى و له‌ناوبردنى ئامانجه‌كان.

ڕۆژى 16ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى ڕابردوو، به‌ ڕۆژێك دواى كۆبوونه‌وه‌ى نێوان پارتى و یه‌كێتى كه‌ بارزانى و سه‌رۆكى كۆمار به‌شدارییان تیادا كرد، چه‌ند كه‌سێكى ناو یه‌كێتى له‌گه‌ڵ میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى و ئێران رێككه‌وتن و كه‌ركووك و ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كانیان داگیر كرد، له‌وكاته‌وه‌ تا ئێسته‌ سه‌ربارى چه‌ندان نه‌هامه‌تى بۆ ئه‌و ناوچانه‌ و گه‌لى كورد، گوتارى سیاسیى و پێوه‌ندیى حزبه‌كانیش په‌رته‌وازه‌ بوون.

د. كاوه‌ مه‌حموود سكرتێرى حزبى شیوعیى كوردستان، به‌"وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، گوتارى كوردى به‌رده‌وام پێویستى به‌ پاراستن هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تووشى په‌رته‌وازه‌یى نه‌بێت، چونكه‌ له‌ قۆناغى رابردوودا راسته‌ هه‌مووان تێبینییان هه‌بوو، به‌ڵام كه‌س دژایه‌تى یه‌كگوتارى كوردى نه‌كردووه‌ و ریفراندۆم باشترین نموونه‌ بوو.

مه‌حموود ڕوونى كرده‌وه‌ "له‌ رابردوودا په‌رته‌وازه‌یى ناو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان پێوه‌ندى به‌ ته‌نگژه‌ى سیاسییه‌وه‌ هه‌بووه‌ كه‌ تا ئێسته‌یش به‌شێكى چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌نجامدانى ریفراندۆم كه‌ هه‌ندێك كه‌س باسى ده‌كه‌ن، نه‌بووه‌ته‌ هۆى په‌رته‌وازه‌ى لایه‌نه‌كان".

سكرتێرى حزبى شیوعیى كوردستان گوتى، ریفراندۆم پرسى كورد و یه‌كگوتارى له‌ ده‌ستى حزبه‌كان ده‌ركرد، هه‌رچه‌نده‌ زۆرجار له‌ وڵاتانى دنیاش مه‌رج نییه‌ یه‌كگوتارى بوونى هه‌بێت به‌ شێوه‌ى 100%. به‌ڵام د. كاوه‌ به‌ پێویستى زانى خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى ڕابردوو نه‌بێت به‌ ئاسته‌نگ بۆ له‌ناوبردنى یه‌كگوتارى كورد و راى گه‌یاند، "پێویسته‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان به‌رپه‌چدانه‌وه‌یه‌كیان هه‌بێ بۆ ئه‌و ڕووداوانه‌ى ڕوویان داوه‌ و بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر یه‌كڕیزى و یه‌كگوتارى".

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ متمانه‌ ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى حزبه‌ سیاسییه‌كان جارێكى تر بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر خاڵى یه‌كگوتارى؟ كاوه‌ محموود سكرتێرى حزبى شیوعى دووپاتی كرده‌وه‌ "متمانه‌ پێوه‌ندى به‌ پڕۆژه‌ی هاوبه‌ش و كاركردن هه‌یه‌، بۆیه‌ شتێكى قورس نییه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كگوتارى دروست ببێته‌وه‌".

هه‌رچه‌نده‌ ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر، كێشه‌ سیاسییه‌كانى له‌ هه‌رێمى كوردستان زیاتر كرد، به‌ڵام خیانه‌ته‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى گرووپێكى دیاریكراو ته‌شه‌نه‌ى نه‌كرد، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و چاودێرانى سیاسیش واى ده‌بینن كه‌ ته‌شه‌نه‌ نه‌كردنى ئه‌و خیانه‌ته‌ پاڵنه‌ر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى تر یه‌كگوتارى كورد دروست بكرێته‌وه‌.

ماجید بازرگان كه‌سایه‌تیى توركمان و ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان، به‌"وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، پێش ریفراندۆم و دواى ریفراندۆم تا 16ى ئۆكتۆبه‌ر، حزبه‌ سیاسییه‌كان كێبه‌ركێی یه‌كگوتارى و گه‌یاندنى كوردیان به‌ ئامانجه‌كانى ده‌كرد، به‌ڵام خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ر پێوه‌ندى حزبه‌كان و یه‌كگوتارى كوردى پارچه‌ پارچه‌ كرد و هه‌مووانى له‌ ئامانجه‌كانیان سارد كرده‌وه‌ و ده‌كرێ بڵێین قۆناغێكى گه‌وره‌ى یه‌كگوتارى له‌ناو برد.

بازرگان روونى كرده‌وه‌، "ئه‌گه‌ر خیانه‌ته‌كه‌ى 16ى ئۆكتۆبه‌ر نه‌بووایه‌ قۆناغى په‌رته‌وازه‌یى گوتارى كورد دروست نه‌ده‌بوو، سه‌نگى كورد به‌ره‌و قۆناغى تر ده‌ڕۆیشت. به‌ڵام گرووپی 16ى ئۆكتۆبه‌ر به‌شێك نه‌بوون له‌ گوتارى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان، بۆیه‌ ناكرێ چیتر به‌هۆى ئه‌و خیانه‌ته‌وه‌ كورد یه‌كڕیزى دروست نه‌كاته‌وه‌".

د. كامه‌ران محه‌مه‌د مامۆستاى كۆلیژى زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌ زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین، پێى وایه‌ كه‌ ده‌بێت ئامانجێك هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ یه‌كگوتارى نزیك بكاته‌وه‌. ئه‌و بۆ "وشه‌" گوتى، "ئه‌سته‌مه‌ دواى ئه‌و لێكترازانه‌ى دروست بووه‌ به‌ تایبه‌ت دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ر، یه‌كگوتارى ڕاسته‌قینه‌ دروست بكرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ى ئه‌و رووداوانه‌یان دروست كرد له‌ ناو هاوكێشه‌كاندا بن".

ئاماژه‌ى به‌وه‌یش كرد، پاراستنى قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كان جۆرێكه‌ له‌ یه‌كگوتارى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان ئه‌گه‌رچى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان جیاوازن.

كامه‌ران محه‌مه‌د له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانیدا ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ به‌هۆى ئه‌وانه‌ى خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ریان كرد، مه‌ترسى گه‌وره‌ كه‌وته‌ سه‌ر كوردستان، كه‌ هه‌موو ئه‌و مه‌ترسییانه‌ پێویستیان به‌ یه‌كگوتارى هه‌یه‌.

ئه‌و مامۆستایه‌ى زانكۆ به‌پێویستى زانى كه‌ دواى دروستبوونى یه‌كگوتارى كوردى پێویسته‌ له‌ ڕێى دامه‌زراوه‌ به‌هێزه‌كانى هه‌رێمى كوردستان سزاى ئه‌وانه‌ بدرێت كه‌ گوتارى كوردیان په‌رته‌وازه‌ كرد و خیانه‌تیان كرد، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى له‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌م پێویسته‌ متمانه‌ بۆ خه‌ڵك دروست بكه‌ینه‌وه‌ و داوده‌زگه‌كانى كوردستان به‌هێز بكه‌ینه‌وه‌.

له‌ هه‌فته‌نامه‌ى وشه‌ وه‌رگیراوه‌

ڕۆزا لۆکسمبۆرگ ته‌مه‌نێك له‌ شۆڕشگێرى

ئه‌مڕۆ ساڵیادی کوشتنی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، ژنه‌ تێکۆشه‌ر و شۆڕشگێڕى نێونه‌ته‌وه‌ییه‌، که‌ ژیانی بۆ ڕزگاریی مرۆڤایه‌تی ته‌رخانکرد و بۆ هه‌میشه‌ بووه‌ ڕێبه‌ری چینی کرێکاران و چه‌وساوه‌کان.

ڕۆزا لۆکسمبورگ له‌ ٥ی مارسی ١٨٧١دا، له‌ شارۆچکه‌یه‌کی بچووک به‌ ناوی زامۆسک له‌ وڵاتى پۆڵه‌ندا له‌ دایکبووه‌ و له‌ ١٥/١/١٩١٩ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ کوژراوه‌.

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای لاوێتی و له‌ ته‌مه‌نی ١٧ساڵیدا ده‌ستى به‌ چالاکى کردوه‌ و له‌ناو بزووتنه‌وه‌ سۆسیالیستی و پرۆلیتارییه‌کاندا جێگه‌ى گرتووه‌ و وه‌ک شۆڕێگێڕێکى کاریگه‌ر ده‌رکه‌وتووه‌.

له‌ ساڵی ١٨٨٩دا پۆلیس فشاری زۆری هێنا بۆ ڕۆزا تاوه‌کو پۆڵه‌ندا به‌جێبهێڵێت، هه‌ربۆیه‌ ڕۆزا سه‌فه‌ری کرد بۆ سویسرا و له‌ شاری زویرخ نیشته‌جێ بوو، هه‌ر له‌وێوه‌ چوو بۆ زانکۆ و وانه‌ی زانستی سروشتی، بیرکاری و ئابووری خوێند، هه‌روه‌ها له‌وێ به‌شداریی چالاکانه‌ی هه‌بوو له‌ناو بزووتنه‌وه‌ کرێکاری و جوڵانه‌وه‌ ڕۆشنبیرییه‌کاندا.

چه‌ند ساڵێک دواتر ڕۆزا لۆکسمبۆرگ بووه‌ ‌ڕێبه‌ری تیوریسیۆنی پارتی سۆسیالیستی شۆڕشگێڕی پۆله‌ندا، دوروشمی ژیانی ئه‌و ئه‌وه‌ بوو، "له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ‌کردار".

ڕۆزا ئاسته‌ ڕووناکبیرییه‌که‌ی به‌ شێوه‌یه‌کی قه‌ڵه‌مباز و خێرا گه‌شه‌ی کرد، زنجیره‌یه‌ک وتاری نووسی له‌سه‌ر کێشه‌ی سۆسیالیزم، جگه‌ له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ى نوسینه‌کانى له‌ ڕۆژنامه‌ی (پارتی) که‌ ڕۆژانه‌ ‌ده‌رده‌چوو، ڕۆزا لۆکسمبۆرگ یه‌کێک له‌ گرنگترین په‌رتووکه‌ تیۆرییه‌که‌ی خۆی به‌ چاپ گه‌یاند به‌ ناوی که‌ڵه‌که‌بوونی سه‌رمایه‌، ڕۆزا ئیتر بووه‌ شۆڕشگێڕێکى وڵاتانى ئه‌وروپا و جیهان.

له‌ ٢٠ی فێبریوه‌ری ١٩١٤، ڕۆزا لۆکسمبۆرگ به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی هانی سه‌ربازانی داوه‌ که‌ ڕابکه‌ن ده‌ستگیرکرا، دادگا بڕیاری ساڵێک زیندانیی به‌سه‌ردا سه‌پاند، به‌ڵام زیندانیکردنه‌که‌ی ڕاسته‌وخۆ جێبه‌جێ نه‌کرا.

شۆڕشی ڕوسیا له‌ ئۆکتۆبه‌رى ساڵی ١٩١٧ڕاست و دروستی پێشبینیه‌کانی ڕۆزا لۆکسمبۆرگی هێنایه‌دی، سه‌باره‌ت به‌ ‌جوڵانه‌وه‌ شۆڕشگێڕیی و کرێکارییه‌کان.

ڕۆزا ئه‌و ماوانه‌ى که‌ له‌ زیندان بوو، له‌ زیندانه‌وه‌ چاودێری ڕووداوه‌کانی ده‌کرد، له‌ نزیکه‌وه‌ سه‌رقاڵی لێکۆڵینه‌وه‌ بوو له‌سه‌ر ئه‌زموونه‌کان بۆ دواڕۆژ، ئه‌و باوه‌ڕی وابوو سه‌رکه‌وتنی شۆڕشى ئۆکتۆبه‌ر کۆتایی خه‌بات نییه‌، به‌ڵکو سه‌ره‌تایه‌، ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی کرێکاران ده‌توانێ ئاشتی مسۆگه‌ر بکات.

ڕۆزا له‌ زیندانه‌وه‌ ‌په‌یام له‌دوای په‌یامی بڵاویده‌کرده‌وه‌ ‌بۆ کرێکاران و سه‌ربازانی ئه‌لمانیا.

ئه‌و کاته‌ی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر له‌ فه‌ره‌نسا به‌رپا بوو، ڕۆزا لۆکسمبۆرگ به‌ گه‌رمی پێشوازی لێکرد و په‌سه‌ندی کرد له‌ به‌رزترین قۆناغدا، له‌هه‌مان کاتدا ئه‌و باوه‌ڕی به‌وه‌ نه‌بوو هه‌موو شتێک قبووڵ بکات به‌بێ ڕه‌خنه‌لێگرتن.

له‌8ی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی ١٩١٨دا شۆڕشی ئه‌لمانیا به‌رپا بوو، ڕۆزا لۆکسمبۆرگ دوای ئازادبوونی له‌زیندان، به‌هه‌موو هێز و توانایه‌وه‌ په‌رۆشی به‌شداریکردن بوو له‌ ‌شۆڕش.

هێزه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کان به‌هێز بوون، باڵی ڕاستی سه‌رکرده‌کانی سۆسیال دیموکرات و جه‌نه‌راڵه‌کانی سوپای کۆنی قه‌یسه‌ر یه‌کیان گرت بۆ سه‌رکوتکردنی چینی کرێکارانی شۆڕشگێڕ، هه‌زاران کرێکار کوژران، له‌هه‌مان ڕۆژدا سه‌ربازێک به‌ قۆناغى چه‌که‌که‌ی کێشای به‌ سه‌ری ڕۆزا لۆکسمبۆرگ و له‌وێ گیانی له‌ده‌ستدا.

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ ‌به‌ گیانله‌ده‌ستدانی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، بزووتنه‌وه‌ی کرێکاران له‌ جیهان به‌ناوبانگترین ڕابه‌ری خۆی له‌ده‌ستدا، شتێکی دیکه‌ نه‌بوو له‌ ژیانیدا که‌ بیبه‌خشێ، ڕۆزا هه‌موو شتێکی به‌خشی له‌پێناوی ڕزگاریی مرۆڤایه‌تیدا.

پێشهاتە تازەكانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان

داواکەی ئێران لەبارەی دواخستنی پرۆسەی ئەنجامدانی ڕاپرسی لەهەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە پارتی و یەکێتیەوە ڕەتکراوەتەوە و سێ پێشنیارەکەی ئەمریکاش هەر لەبارەی ڕاپرسی بەتاوەوەتی وەڵام نەدراوەتەوە، لایەنەکانی دیکەش دەیانەوێت ئەو پرسە بەحزبی نەکرێ‌ و دەنگی ئەرێنی راپرسیش مساوەمەی پێنەکرێت.

حزبه‌كان: ئومێدى چاره‌سه‌رى ته‌نگژه‌كان ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌

ئێستانیوز/ راپۆرت..
هێشتا په‌رله‌مانى كوردستان بڕیارى له‌باره‌ى رۆژى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن و ناردنى بۆ كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسى هه‌رێمى كوردستان نه‌داوه‌، ئه‌وه‌یش له‌ كاتێكدایه‌ هه‌فته‌ى ڕابردوو سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان داواى له‌ په‌رله‌مان كرد له‌ ماوه‌ى سێ مانگى داهاتوو هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌ بچێت.

به‌پێى یاسا، ده‌بوو هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ یه‌كى مانگى رابردوو تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ر به‌ڕێوه‌ بچێت، به‌ڵام به‌هۆى ڕووداوه‌كانى 16ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ كه‌ركووك و چه‌ند كێشه‌یه‌كى تر، په‌رله‌مانى كوردستان بۆ ماوه‌ى هه‌شت مانگ ته‌مه‌نی خۆی درێژ كرده‌وه‌ و له‌و ماوه‌یه‌دا بۆ دیاریكردنى ڕۆژى هه‌ڵبژاردن شاندێكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى زۆرینه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیان كرد و هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌كان به‌ڕێوه‌ بچێت.

"حزبه‌كان ئاماده‌ن"
زۆرینه‌ى حزبه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان ڕایان گه‌یاندووه‌ كه‌ ئاماده‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستانن سه‌ربارى دروستبوونى چه‌ند لیستێكى نوێ، به‌ڵام چاوه‌ڕوانى ئاماده‌كارییه‌كانى په‌رله‌مان و كۆمسیۆن ده‌كه‌ن.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست "وشه‌" كه‌وتوون، له‌ناو حزبه‌كاندا ته‌نیا یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان هێشتا ئاماده‌ى هه‌ڵبژاردن نییه‌ و له‌ ناوخۆى حزبه‌كه‌یش هیچ قسه‌یه‌ك له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌كراوه‌. نه‌سروڵا سورچى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتیى زانیارییه‌كانى "وشه‌"ى پشتڕاست كرده‌وه‌ و ڕاى گه‌یاند، تا ئێسته‌ له‌ ناوخۆى یه‌كێتى باسى هه‌ڵبژاردن نه‌كراوه‌ و هیچ گفتوگۆیه‌ك له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ ئارادا نییه‌.
سورچى ڕوونى كرده‌وه‌ "یه‌كێتى ده‌توانى بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌ بێ، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا له‌ ماوه‌ى سێ مانگدا ئه‌و ئاماده‌كارییه‌ ده‌كرێت".

هه‌رچى پارتى دیموكراتى كوردستانه‌ سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن بكرێت، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى چه‌ندان جار نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌بێ به‌ هه‌ڵبژاردن كێشه‌كان یه‌كلا بكرێنه‌وه‌. ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تیى ئه‌و حزبه‌ پێى وایه‌، پارتى پێى باشه‌ به‌زووترین كات هه‌ڵبژاردن بكرێت.

عه‌لى عه‌ونى به‌"وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، پارتى پێى باش بووه‌ هه‌رزوو هه‌ڵبژاردن بكرێت و كێشه‌ سیاسییه‌كانى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستانی پێ یه‌كلا بكرێته‌وه‌، به‌ڵكو دواى هه‌ڵبژاردن قۆناغێكى نوێ له‌ كوردستان ده‌ست پێ ده‌كات.

هاوكات په‌رله‌مانتارێكى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان نایشارێته‌وه‌ كه‌ حزبه‌كه‌ى ئاماده‌ى هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ هه‌ر كاتێكدا بكرێت، به‌ڵام به‌قسه‌ى ئه‌و، گومانیان له‌ به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌كه‌ و تۆماری ده‌نگده‌ران هه‌یه‌. مونیره‌ عوسمان به‌"وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، گۆڕان ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر كاتێك هه‌ڵبژاردن بكرێت، به‌ڵام ده‌مانه‌وێ له‌ سه‌ره‌تادا دڵنیا بین له‌ پاكیى به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌كه‌.

هاوكات هیوا سه‌ید سه‌لیم ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیى حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان، به‌"وشه‌"ى گوت، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ نه‌ده‌بوو هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستان دوا بخرێت. "هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی یاسایی خۆی مافی ده‌نگده‌رانه‌ و ڕه‌وا نییه‌ ئه‌و مافه‌ به‌ هیچ بیانوویه‌ك پێشیل بكرێت".
لای خۆیه‌وه‌ سوهام عومه‌ر په‌رله‌مانتارى یه‌كگرتووى ئیسلامى له‌ كوردستان، به‌"وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، یه‌كگرتوو داوا ده‌كات هه‌ڵبژاردن بكرێت و هه‌رگیز ڕێگریشى له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن نه‌كردووه‌.

هه‌ڵبژاردن ته‌نگژه‌كانى هه‌رێمى كوردستان چاره‌سه‌ر ده‌كات؟
پارتى دیموكراتى كوردستان و به‌شێكى زۆر له‌ له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن هیچ ئاسته‌نگێكى بۆ دروست نه‌كرێت یان حزبێك كێشه‌ى بۆ دروست نه‌كات، ئه‌وه‌ ده‌توانێ ببێت به‌ داهێنه‌رى قۆناغێكى نوێ و جارێكى تر له‌ كوردستان كه‌شێكى تر دروست بكات.
عه‌لى عه‌ونى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى پارتى ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ حزبه‌كان نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ چاره‌سه‌رێك بۆ دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، باشترین بژارده‌ هه‌ڵبژاردنه‌ و نابێ ئه‌سته‌نگى بۆ دروست بكرێت.

به‌ڵام یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان كه‌ تا ئێسته‌ به‌رچاوى ڕوون نییه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن و كێشه‌ى ناوخۆى به‌سه‌ر بڕیاره‌كانیدا زاڵه‌، هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌كی بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان نییه‌، بۆیه‌ به‌ بڕواى نه‌سروڵا سورچى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و حزبه‌، هه‌ر قۆناغه‌ و پێویستى به‌ جۆرێك بڕیار هه‌یه‌، بۆیه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌ڵبژاردن چاره‌سه‌رى دۆخه‌كه‌ بكات.

به‌ڵام بۆچوونی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به‌ جۆرێكى تره‌. ئه‌وان پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنیش نه‌كرێت ئه‌وه‌ ده‌توانرێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.

مونیره‌ عوسمان ده‌ڵێ "راسته‌ هه‌ڵبژاردن ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌كانى ناوخۆى كوردستان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنیش نه‌كرێت ئه‌وه‌ میكانیزمى تر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌كانى پێ چاره‌سه‌ر بكرێت.

"پێكهێنانى حكوومه‌تى كاتى و دروستكردنى یه‌كڕیزى به‌بێ هه‌ڵبژاردنیش ده‌كرێت، به‌ڵام چه‌ند حزبێك نایانه‌وێ ئه‌وه‌ بكه‌ن" مونیره‌ وای گوت.

بۆچوونى هیوا سه‌ید سه‌لیم ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیى زه‌حمه‌تكێشان شتێكى تره‌ و ده‌ڵێ "به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت هه‌ڵبژاردن چاره‌سه‌ره‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌ ته‌نگژه‌ى سیاسی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن پره‌نسیپی خۆی هه‌یه‌ و له‌ گرنگترین ئه‌و پره‌نسیپانه‌ بریتییه‌ له‌ پاكی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ و ره‌خساندنی هه‌لی یه‌كسان بۆ هه‌موو لایه‌ك له‌ رێكلامكردن و قبووڵكردنی ده‌رنجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن گره‌نتیكردنی ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌ڵات".

زه‌حمه‌تكێشان پێچه‌وانه‌ى گۆڕان بڕواى وایه‌، هیچ شتێك نابێت به‌ شوێنگره‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه‌ له‌ خه‌یاڵی خۆیان ده‌ربكه‌ن كه‌ كۆسپ بۆ هه‌ڵبژاردن دروست بكه‌ن و ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ نه‌بێ، كێشه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن.

بۆچوونی سوهام عومه‌ریش كه‌ په‌رله‌مانتارى یه‌كگرتووى ئیسلامییه‌ به‌هه‌مانشێوه‌یه‌ و هه‌ڵبژاردن ده‌توانێ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات. بڕواى خۆیشى پیشان دا له‌وه‌ى ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن نه‌كرا، ئه‌وه‌ كێشه‌ و ته‌نگژه‌كانى كوردستان به‌ره‌و خراپتر ده‌چن.

"حكوومه‌تى دواى هه‌ڵبژاردن به‌هێزتر ده‌بێ"
د. ساڵح مه‌لا عومه‌ر مامۆستاى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین، ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ زۆربه‌ى حزبه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان جگه‌ له‌ یه‌كێتى، ئاماده‌ییان تێیدایه‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت و ترسیش هه‌یه‌ یه‌كێتى ئاسته‌نگ بۆ هه‌ڵبژاردن دروست بكات.

ئه‌و مامۆستایه‌ى زانكۆ، بۆ "وشه‌" گوتى، باشترین بژارده‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت به‌مه‌رجێك به‌ر له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق بێت كه‌ ئه‌ویش بڕیاره‌ له‌ ساڵى 2018 ئه‌نجام بدرێت.

"ئه‌و حكوومه‌ته‌ى پاش هه‌ڵبژاردن دروست ده‌بێت، پێگه‌ى له‌و حكوومه‌ته‌ى ئێسته‌ باشتر ده‌بێت و ده‌توانێت ته‌نگژه‌كان تێپه‌ڕێنرێت به‌ هاوكارى هه‌موو لایه‌ك، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ حاڵه‌تێكدا هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت به‌هۆى حزبێكى سیاسیی، ئه‌وه‌ مه‌ترسى گه‌وره‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان" پسپۆڕه‌كه‌ وا ده‌ڵێ.

بۆچوونیشى وابوو كه‌ هیچ نه‌بێ حزبه‌كان دواى هه‌ڵبژاردن بۆ پێكهێنانى حكوومه‌ت له‌ یه‌كتر نزیك ده‌بنه‌وه‌ و ده‌توانن قۆناغێكى نوێ دروست بكه‌ن.

س.س

ماکگورک كێیە و چی لە دەستدێت؟

ئەوە  ناونیشانى بابەتێکى دکتۆر کەمال میراودەلیە کە تایبەت لەسەر مێژووى ژیانى دیبلۆماسى و سیاسى و کارامەیی (بریک مەگۆرکى) کەسایەتى دیارى بوارى دیبلۆماتکار و سیاسەتوانى ئەمریکا نووسیوەتەوە.