واشنتۆن پۆست: ناوچە ئارامەكە ئارام نیە

رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریكی راپۆرتێكی بڵاوكردوەتەوە كە تیایدا باس لە ناوچەی ئارام دەكات لە سوریا و پێی وایە ئەوە یەكێكە لە گەورەترین هەڵەكان لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا.

راپۆرتەكە تایبەتە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی ناوچە سنورییەكان و ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو شوێنەی پێی دەوترێت (ناوچەی ئارام) دەبێتە هۆی خوڵقاندنی بۆشاییەكی ئەمنی نەك شوێنێك یاخود پەناگەیەكی مرۆیی. نوێترین جموجۆڵە سەربازیەیكانی توركیاش بۆ سەپاندنی ناوچەی ئارام لە باكوری سوریا شەپۆلێك لە توندوتیژی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هاوكات بەدوریش نازانرێت كە ئاگربەست ببێتە هۆی راگرتنی توندوتیژییەكان.

لە راپۆرتەكەدا باس لەوە كراوە كە ناوچەی ئارام بانگەشەیەكە بۆ دانیشتوانی ناوخۆ و سەیركەرە نێودەوڵەتییەكان و وە كحولێك وایە كە قازانجی هەردولای تێدایە.

ئاماژە بەوەشكراوە كە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا لەمیانی كەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە ساڵی (2015) بەڵێنی دا بە پێكهێنانی ناوچەیەكی ئارام لە سوریا. ئەوەش خراوەتەڕو كە سەركردە سەربازییەكان كەمتر لەگەڵ بیرۆكەی ناوچەی ئارام هاوڕابون ئەویش بەهۆی ناڕونی ئەو پڕۆژەیە لەڕوی یاسایی و هەروەها بەهۆی سروشتی ئەو ناوچەیە كە دەكرێت بەهەردو دیوی باش و خراپدا بەكاربهێنرێت.

بەگوێرەی راپۆرتەكەی واشنتۆن پۆست، ناوچە ئارامەكە پێویستی بە رێوشوێنی ئەمنیی بەهێز هەیە بۆ پێكهێنانی، ئەمەش تەنها دەبێتە هۆكار بۆ خوڵقاندنی جەنگ و هاوڵاتیانی مەدەنی دەخاتە بەردەم مەترسی. توێژینەوەكانیش ئەوەیان دەرخستوە كە كە ناوچەی ئارام میكانیزمێكی لاوازە بۆ پارێزگاری لە ئاوارە و پەنابەرەكان چ لەڕوی بەئامانجگرتنی سەربازییەوە بێت یاخود لەڕوی چەوساندنەوەی سیاسی.

بۆ یەكەم جار ناوچەی ئارام لە زانستە سروشتییەكاندا بەدەركەوت وەك رێگەیەك بۆ دروستكردنی بەربەست لەپێناو رێگرتن لە زیانگەیاندن بە مرۆڤ. داواكردنی پێكهێنانی ناوچەی ئارامیش لەكاتێكدا دەبێت كە دەوڵەت شكست بهێنێت لە دابینكردنی ئەمن و ئاسایش لە بەرژەوەندی گشتی. لەحاڵەتی ئێستای سوریادا، توركیا پێشنیاری ئەوەی خستوەتەڕو كە ماڵ و شوێنی نیشتەجێبون بنیات بنێت و خزمەتگوزاری لە ناوچەی ئارام دابین بكات، ئەوەش دەخوازێت كە بونی سەربازییانە كۆتایی پێ بهێنرێت كە ئەمەش لە روی کردەییەوە ئەستەمە بەتایبەت لە دۆخی شەڕێكی ناوخۆی فرەڕەهەنددا.

ناوچەی ئارام بۆ گرژبونی ئاڵۆزییەکان نەك بە پێچەوانەوە

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست پێی وایە هاوڵاتییە مەدەنییە ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵەكان پێویستیان بەوەیە هەست بە سەلامەتیی گیانیان بكەن بەرلەوەی بگوازنەوە بۆ ناوچەی ئارام. ئەو گرتوخانانەی داعشەكانیان تێدا دەستگیركراوە و نزیكن لە ناوچەی ئارامەوە و هەروەها ئەو دەنگانەی باس لە بونی شانەی نوستوی داعش دەكەن، ئاماژەن بۆ ئەوەی گیانی ئەو ئاوارە سورییانەی كە دەگەڕێنەوە و لەناوچەی ئارام نیشتەجێ دەكرێن سەلامەت نابێت و لە واقیعدا دەكەونە بەردەم دو بژاردە ئەوانیش بریتین لە: چونە پاڵ میلیشیاكانی كە سەربە توركیان یان چونەپاڵ داعش. لە واقعدا سەرەڕای كۆتاییهاتین شەڕی ناوخۆ لە سوریا بەم دواییانە، ناوچەی ئارام نابێـتە هۆی ئاگربەستی هەمیشەیی كە كۆتایی بە شەڕی ناوخۆ بهێنێت، بەڵكو تەنها دەبێتە هۆی درێژكردنەوەی جەنگ. هەروەها رۆڵی سوپای سوریا و روسیا رون نیە بەتایبەت لە كاتی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ناوچە ئارامەكە كە ئەوەش زیاتر دۆخەكە ئاڵۆز دەكات.

رۆژنامەکە نوسیویەتی: بێگومان پێشتر چەند نمونەیەكی ناوچەی ئارام هەبون كە بونەتە هۆی دامركاندنەوەی توندوتیژی و هێنانەكایەی جۆرێك لە سەقامگیری كە بەناوبانگترینیان باكوری عێراق بو لەدوای شەڕی كەنداو، بەڵام لەو كاتەدا سوپای ئەمەریكا ناوچەی دژەفڕینیان بەسەر حكومەتی عێراقدا سەپاند، بەڵام لە سوریا سەرەڕای بونی ژمارەیەكی دیاریكراو لە سورپای ئەمەریكا، واشنتۆن تاڕادەیەكی بەرچاو لە هاوكێشەكە هاتوەتە دەرەوە. ناوچەی ئارام ئامانجە ستراتیژییەكانی ئەمەریكا لە سوریا ناهێنێتەدی.

هەروەها ناوچەی ئارام نابێتە هۆی كۆتاییهاتنی ئەو شەڕی كە كۆشكی سپی پێی وایە شەڕی كۆتایی نەهاتوە، بگرە لەبری ئەوە، ناوچەی ئارام دیارییەكە بۆ ئەنقەرە كە بەو هۆیەوە جەنگەكە ئاڵۆزتر دەكات و سەرنجی هێزی دەرەكی بەلای خۆیدا رادەكێشێت و هەژمونێكی كەمتری سیاسی و سەربازی دەداتە واشنتۆن و جگە لەوەش لەڕێی بەڵێنی ناڕاستەوە ژمارەیەكی زیاتر لە هاوڵاتیانی مەدەنی دەكوژێت.

هەر لەو راپۆرتەدا باس لەوە كراوە، لەماوەی قۆناغی كۆتایی شەڕی ناوخۆی سریلانكادا ناوچەی ئارام لە باكوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە رێگەی لەبەردەم حكومەتی ئەو وڵاتە خۆشكرد بۆ ئەوەی تەقە لەو بنكە تەندروستییانە بكات كە لۆگۆی خاچی سوری نێودەوڵەتییان پێوەبو. لە وڵاتی بۆسنەش ناوچەی ئارامی لەچەك داماڵراو رێگەی لەبەردەم هێزەكانی سربە بۆسنییەكان خۆشكرد پاكتاوی رەگەزی ئەنجام بدەن. لە سوریاش، توندوتیژییەكانی چەند رۆژی كەمی رابردو ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەو ناوچە ئارامەی كە بڕیارە پێكبهێنرێت هەمان چارەنوسی ناوچە ئارامەكانی پێشتریان دەبێت.

ز.س

Hits: 421
Category: