ناتۆ لوتكەی ناكۆكی بەرێكرد

لە رۆژانی 2 -3 ئەم مانگە لە یادی 70 ساڵەی دامەزراندیدا، رێكخراوی پەیمانی ئەتڵەس باكوور كە بە ناتۆ ناسراوە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بە ئامادەبوونی سەرۆك و سەركردەی 29 ولاتی ئەندامی ناو ئەو هاوپەیمانیەتیە كۆبوونەوەی لوتكەی خۆی بەست، بەستنی كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ لە كاتێكدا بەسترا كە ئەندامانی ئەو رێكخراوە لەسەر چەندین پرسی جدی ناكۆكیان لەگەڵا توركیای ئەندام لە ناتۆ هەیە.

 

شكستی توركیا لە بە تیرۆرست ناوبردنی یەپەگە

لە رابردوودا پرسی كرینی مووشەكی ئێس 400 رووسی لە لایەن توركیا و هێرشی داگیركاری توركیا بۆ سەر رۆژئاوایی كوردستان لە خاڵە هەر دیارەكانی ناكۆَكیوڵاتانی ناتۆن لەگەڵ توركیا ،لە كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ، توركیا بۆ ئەوەی خۆی لە ڕەخنەی ئەو وڵاتانە بدزێتەوە، هەر زوو داوای بە تیرۆرست ناسینی یەپەگەی لە لایەن ئەندامانی ناتۆ وروژاند، ئەگەرچی دەیزانی كە هیچ یەك لە ئەندامانی ناتۆ ناچنە ژێر باری ئەو داوایەی بۆ ناوبردنی یەپەگە بە تیرۆرست، بەڵام ئەو داوایەی توركیا بۆ ئەوە بوو نەكەوێتە دۆخی بەرگری لەبەرامبەر ئەندامانی دیكە بەتایبەت كە هەرزوو دەركی بە نیگەرانی ئەندامانی ناتۆ بە گشتی و فەرەنسا و ئەڵمانیا بەتایبەتی كرد بوو سەبارەت بە داگیركاری بۆ سەر رۆژاوا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەر لەوەی بگاتە لەندەن بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاندبوو كە ئەگەر ناتۆ یەپەگە بە تیرۆرست نەناسێت ئەوا وڵاتەكەی وەك ئەندامێكی كارای ناتۆ بەشداری هیچ پلانێك بۆ پاراستنی ناوچەكانی بەڵتیق و پۆَڵەندا ناكات، كۆبوونەوەی لوتكە لەسەر ئەو پلانە بەرگریەی تازەی رێكخراوە رێككەوتن بەبێ‌ ئەوەی توركیا بتوانێت كۆسپ بۆ پلانە تازەكە درووست بكات.
ترەمپ لە چ شتێكی لوتكەی ناتۆ توڕە دەبێت؟
مقۆمقۆی نێوان چەند سەركردەیەكی ئەورپی ناو ناتۆ وا لە ترەمپ دەكات كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی هەڵبوەشێنێتەوە بەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەكەی، سەرچاوەكانی هەواڵ دەڵێن سەرۆكی ئەمەریكا لە توانج و پەلاری سەرۆك وەزیرانی كەنەدا نیگەران بووە بۆیەش ترەمپ ئەوەی بە كەسێكی دووڕوو ناوبردووە.

 

ماكرۆن لە بەرامبەر ترەمپ چۆن خۆی دەرخست؟

 

لەو كۆنگرە رۆَژنامەنووسیەی كە لە نێوانی ترەمپ – ماكرۆن سازدرا وەك عادەتی خۆی ترەمپ ویستی بە گاڵتەجاری بە ماكرۆن بڵێت ئێوە چەكداری داعشتان هەیە، چونكە دەمێكە ئەمەریكا دەیەوێت فشار بخاتە سەر وڵاتانی ئەورپا تا خۆیان لە چەكدارە دیلەكانیان بە خاوەن بكەن، بۆیە كاتێك ترەمپ روو لە ماكرۆن دەلێت :
هەندێك چەكداری جوانی داعشت دەوێت؟
ماكرۆن وەڵامی دەداتەوە دەڵێت:
با جدی بین تۆش ژمارەیەكی زۆر چەكدارت هەیە.
هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن ئەو رێكخراوی 70 ساڵ بەر لە ئێستا وەك زەرورەتێكی مێژووی دژ بە ركابەرەكەی لە پەیمانی وارشۆ درووست بوو، ئیدی بەدەست چەندین ناكۆكی دەناڵێت، ئایندەی توركیاش وەك تەنێكی غەریب لە نێو جەستەی ناتۆ لە مەترسی دایە، هەركە زانیمان وڵاتانی ناتۆ كارتی سوریان بۆ دەركردنی بەرزكردەوە.

 

هیوا سەید سەلیم

 

 

 

Hits: 361
Category: