بۆچی موچەی یاریزانانی تۆپی پێ خەیاڵییە؟

 

ئەم پرسیارە لەوانەیە لای زۆرینەمان دروستبووبێت، كاتێك دەبیستین پارەیەكی خەیاڵی دراوە بە ئەستێرەكانی تۆپی پێ كە زۆر زیاترە لە موچەی تەواوی سەرۆك و بەڕێوەبەری وڵاتە زلهێزەكان بۆ نمونە بەپێی گۆڤاری فۆربس بە گرانبەهاترین یاریزان لە ساڵی 2020 كە لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی هەڵبژێردراوە، موچەی ساڵانەكەی 72 ملیۆن دۆلارە.

 

هاوكات كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پرتوگالی ئەستێرەی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی، ساڵانە 70 ملیۆن دۆلار لە یانەكەی وەردەگرێت، ئەمە جگە لە كرێ و ڕێككەوتنەكانی لەگەڵ كۆمپانیا وەبەرهێنە زەبەلاحەكان لەبەرامبەر ئەو ڕیكلامانەی ئەم ئەستێرەیەی تۆپی پێی تێدا دەردەكەوێت و بڕەكەیان دەیان ملیۆن دۆلار زیاتردەبێت.

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا موچەی ساڵانەكەی 400 هەزار دۆلارە، ئەمەش بەرامبەر موچەی ئەستێرەكانی تۆپی پێ زۆر كەمە، باشە ئەم بڕە پارە زەبەلاحانە لەپێناوی چییدا؟ بەسادەیی دەتوانیت بڵێیت موچە و نرخ لە بواری ئابووریدا پشت دەبەستێت بە بڕی كاڵا و ڕێژەی خواستن، لە دیاریكردنی موچەی یاریزانانی تۆپی پێشدا بەهەمان شێوەیە ئاستی خواستن لەسەر ئەستێرە پێشكەوتووەكان زۆرە و لەبەرامبەردا ژمارەی یاریزان و كەسە بەتواناكان كەمە.

لە خولە نایابەكان، بەراورد بەو خواستە زۆرەی یانەكان بۆ بەدەستهێنانی یاریزانی پێشكەوتوو هەیانە ژمارەیەكی كەمتر لە یاریزانان هەیە ئەمەش هۆكارێكە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەكانیان.

 

تەنها لە وڵاتی بەریتانیا ساڵانە ڕاهێنان بە ملیۆنێك و 500 هەزار كەس دەكرێت، بەهیوای ئەوەی بتوانن بچنە ڕیزی یانە و یاریزانە پێشكەوتووەكان، بەڵام لە كۆتاییدا هەڵبژاردە بەردەستەكان كەم دەبنەوە بۆ تەنها 180 یاریزان، ئەمەش لە زمانی ئابوریدا واتا خواستی زۆر و كەمی كاڵا، بۆیە نرخی كاڵاكان بەرزدەبێتەوە.

هۆكارێكی دیكەش بۆ پێدانی ئەو موچە خەیاڵییە سود و قازانجەی دوولایەنەیە، چونكە یاریزانە پێشكەوتووەكان خاوەنی هاندەر و جەماوەرێكی زۆرن كە دەبێتە هۆی ڕاكێشانی سەرنج بۆ ئەو یانەیەی یاری بۆ دەكات و ناوبانگیان زیاد دەكات، لەبەرامبەردا ژمارەیەكی زۆرتر لە سپۆنسەر و هاندەر بۆ یانەكە ڕادەكێشن.

بوونی هاندەری زۆریش بۆ یانەكان یەكێك لە گرنگترین سەرچاوەكانی داهاتە بەهۆی سەیركردنی یاریەكان و كڕینی ئەو كاڵایانەی یانەكە بە لۆگۆ و ژمارەی یاریزانەكانەوە دروستی دەكات و دەیخاتە بازاڕەكانەوە.

لەلایەكی دیكەشەوە بەهای مافی گواستنەوەی پەخشی ڕاستەوخۆی كەناڵەكان و دەستكەوتە بازرگانی و بازارگەرییەكان بۆ ئەو پاڵەوانییەتیانەی خاوەندارێتی یانەكە دەكەن زیاد دەكات، بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوكراوەكانی كۆمپانیای جیهانی دیلۆیت بۆ وردبینی و راوێژكاریی تایبەت، لەماوەی وەرزی 2017-2018 دەستكەوتی بازرگانی چامپیۆنس لیگ 17 ملیار دۆلاری تێپەراندووە.

پێشتر بەهۆی بوونی هەریەكە لە رۆناڵدۆ و نەیمار و میسی لە خولی ئیسپانیدا، گروپی كەناڵەكانی بین سپۆرت زۆرترین پارەی دەدایە مافی پەخشی یاریەكانی لالیگا، بەڵام لەگەڵ دوور كەوتنەوەی هەریەكە لە نەیمار و رۆناڵدۆ كە ئەگەریش هەیە لە ساڵی داهاتوودا میسی لە یانەكە بڕوات كێشە بۆ ئەو گرێبەستە دروست دەبێت كە دەستەی لالیگا ئەنجامی داوە لەگەڵ كەناڵە قەتەریەكە.

ئەستێرەكان بەشێك لەم دەستكەوتانەیان پێدەدرێت، چونكە یەكێكن لە هۆكارەكانی بەدەستهێنانی ئەو داهاتەی خولەكە، ناكرێت ئەو ڕۆڵ و كاریگەرییە گرنگانەی تۆپی پێ لەسەر وڵاتان لەبیربكەین، نمونەش بۆ ئەوە لەكۆتایی وەرزی ئەمساڵی یاریەكانی بەرشەلۆنە، كاتێك میسی رایگەیاند كە دەڕوات، سەرۆكی دەستەی لالیگا و سەرۆكی ویلایەتی كەتەلۆنیا هاتنە سەر خەت و پشتیوانی یانەكەیان كرد بۆ نەڕۆشتنی ئەو یاریزانە، هۆكارەكەشی بۆ ئەو زیانە مادیانە لێكدرایەوە كە بەر هەریەكە لە كەتەلۆنیا و لالیگا دەكەوت.

لەلایەنی ئابورییەوە، یانە پێشكەوتووەكان هاوكارن لە چالاككردنی ئابوری وڵاتەكانیان، بەپێی زانیارییەكانی كۆمپانیای (پی دەبلیو سی) بواری وەبەرهێنان، وڵاتی ئیسپانیا وەرزی ڕابردوو، نزیكەی سێ ملیار و 214 ملیۆن یۆرۆی بەهۆی یانەی بەرشەلۆنە بەدەست هێناوە، لەهەمان كاتدا تەنها ئەو یانەیە زیاتر لە 31 هەزار و 475 هەلی كاری ڕەخساندووە، وەرزی رابردوو زۆرترین زیانەكانی كۆرۆنا بەر خولی ئیسپانی كەوت لە كاتێكدا بەهۆی رۆشتنی بەشێكی زۆر لە یاریزانە ناسراوەكانی خولەكە هاندەرانی یانەكان كەمبوونەوە و ركابەری نێوان یاریزانەكان كەمتر بوویەوە.

هەروەها لەلایەنی سیاسیەوە، تۆپی پێ بووە بە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی كە كاریگەری لەسەر پەیوەندیە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی وڵاتان دروستدەكات، لەمڕۆدا شتێك هەیە بە (دیبلۆماسیەتی وەرزشی) ناسراوە، وڵاتەكان هەموو ناكۆكی و جەنگەكانیان وەلا دەنێن لە پێناوی چێژ وەرگرتن لە ڕكابەری هەڵبژاردە و یانەكانیان بۆ بەدەستهێنانی جامی پاڵەوانیەتییەكان. پێدەچێت هەر ئەمە هۆكاربێت لەپشت وتەی "بەرۆحی وەرزشی وەریبگرە".

وەرگێرانی: شایی ئارام
سەرچاوە : ژیان

ئەم وەرزە بۆ ڤان دایك كۆتایی هات

یانەی لیڤەرپوول یەکێک لە کاریگەرترین یاریزانەکانی لەدەستدا و تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە لە تواناکانی ڤێرجل ڤان دایک، بەرگریکاری یانەکەی بێبەش دەبێت، بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە.

یانەی لیڤەرپوول لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، ڤان دایک بەهۆی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی تووشی پێکانبووە و بەو هۆیەوە ماوەی چەند مانگێک لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە و نەشتەرگەریی لە قاچی چەپیدا بۆ ئەنجامدەدرێت.

هەرچەند رێدز وادەی گەڕانەوەی یاریزانەکەی بۆ نێو یاریگەکان ئاشکرانەکردووە، بەڵام راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە یاریزانە هۆڵەندییەکە بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە 8 بۆ 9 مانگ لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر و خراپی لەسەر پێکهاتەی سەرەکی لیڤەرپوول دەبێت، لەکاتێکدا ڤان دایک یەکێک لە یاریزانە کاریگەر و سەرەکییەکانی کڵۆپ بووە.

لە یاریی رۆژی شەممەی نێوان هەردوو یانەی ئێڤێرتۆن و لیڤەرپوول، دوای تەنیا 6 خولەک یارییکردن ڤان دایک، دوای بەریککەوتنی لەگەڵ جۆردان پیکفۆرد، گۆڵپارێزی یانەی ئێڤێرتۆن، بەهۆی پێکانەوە یاریگەی بەجێهێشت، دوای زیاتر لە 24 کاتژمێر لەو رووداوە، لیڤەرپوول رایگەیاند کە پێکانی ڤێرجل بەهۆی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆیەتی و لە تەواوی ئەم وەرزەدا ناتوانێت بگەڕێتەوە نێو یاریگەکان.

دوای ئەوەی لەلایەن لیڤەرپوولەوە پێکانی یاریزانەکە راگەیاندرا، ڤان دایک پەیامێکی لە رێگەی ئینستاگرامەوە بڵاوکردەوە و نووسیوویەتی، هەموو توانایەکم دەخەمەگەڕ بۆ ئەوەی بە زووترین کات بگەڕێمەوە نێو یاریگەکان، دەزانم کە بارودۆخەکە قورسە، بەڵام پشت بە خوا بەهێز دەبم،  تۆپی پێ وەکو ژیان وایە، هیچ شتێک بەبێ هۆکار بەسەرت نایەت، بۆیە پێویستە بە پشتگیری ئەوانەی لە لیڤەرپوول هاوسەنگی بپارێزی و ئامادەم بۆ ئاڵنگاری داهاتوو.

تووشبوونی ڤان دایک بەو پێکانە قورسە، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و هاوڕێکانی لە لیڤەرپوول پەیامیان بۆ یاریزانەکە ناردووە

محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی یانەکە لە پەیامێکدا نووسیوویەتی، هیوای چاکبوونەوەی خێرات بۆ دەخوازم پیاوی گەورە.

ئاندرێ رۆبێرتسۆن بۆ ڤان دایک نووسیوویەتی، هیوادارم لە کاتێکی نزیکدا ئەم پێکەنینە لەسەر رووخسارت ببینمەوە هاوڕێ، براکەم ئێمە لە هەموو هەنگاوێکدا لەگەڵتین.

ڤان دایک لە زستانی 2018 لە یانەی ساوسامتۆنەوە بەرامبەر 75 ملیۆن پاوەند، پەیوەندیی بە یانەی لیڤەرپوولەوە کردووە، لەو کاتەوە تاوەکو تووشی پێکانبوو، یاریزانەکە لە هەموو خولەکەکانی پرێمەرلیگدا یارییکردووە و یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی پێکهاتەی کڵۆپ بوو، لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکانیشدا بەرگریکارە هۆڵەندییەکە 93 یاریی بەدرێسی رێدز ئەنجامداوە، لە 72 یارییدا بردنەوەیان بەدەستهێناوە، 10 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکردووە.

 

 

ز.س

ناپۆلی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە بڕیارەکەی یەکێتیی تۆپی پێی ئیتالیا راگەیاند

یانەی ناپۆلی بەفەرمی تانەی لەو بڕیارە دا، کە بەهۆی ئامادەنەبوونیان لە بەرامبەر بە یانەی یوڤێتنوس بەئەنجامی سێ گۆڵی بێ وەڵام بەدۆڕاو هەژمارکرا.

لێژنەی رێککاری لە یەکێتیی تۆپی پێی ئیتالیا دوایین بڕیاری سەبارەت بە ئەنجامی یارییەکەیان نێوان یوڤێتنوس و ناپۆلی دەرکرد، دوای ئەوەی یانەی ناپۆلی ئامادەنەبوو گەشتی شاری تۆرینۆ بکات بەمەبەستی ئەنجامدانی یارییەکە، ئەویش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە گوایە بەرپرسانی تەندروستیی شاری ناپۆلی نەیانهێشتووە ئەو گەشتە بکەن.

جگە لە هەژمارکردنی ئەنجامی یارییەکە 3-0 بۆ یانەی یوڤێنتوس، سزای یانەی ناپۆلیش دراوەی بەوەی کە پێشێلی پرۆتۆکۆڵەکانیان کردووە و خاڵێکیان لە ریزبەندییەکە لێشکێندرا، بەمەش یانەکەی باشوور لە کۆی دوو یاریی سەرەتای خولەکە کە هەردووکیانی بردووەتەوە تەنیا 5 خاڵی هەیە.

تویتەری یانەی ناپۆلی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: هەمیشە رێز لە یاسا و رێساکان دەگرین، ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی تانەکەمان دەکەین و بڕوامان بە لێکۆڵینەوەی دادپەروەرانە هەیە.

بەپێی پرۆتۆکۆڵەکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئیتالیا هەر یانەیەک 13 یاریزانی جگە لە گۆڵپارێزەکانی هەبێت و ئامادەبن بۆ یاریکردن، دەبێت بێنە نێو یاریگەوە، بەڵام لە یانەی ناپۆلی تەنیا دوو حاڵەتی کۆرۆنا هەبوون، ئەمەش لە کاتێکدا تیپەکە نزیکەی 20 یاریزانی ئامادەی لەبەردەستبوون بۆ ئەوەی ئەو یارییە بکەن.

 

ز.س

یانەی بەرشەلۆنە هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی پوگبا ده‌دات

 

رۆژنامه‌كانی به‌ریتانیا ئه‌وه‌یان ئاشكرا كردوه‌ یانه‌ی بەرشەلۆنەی ئیسپانی به‌ رابه‌رایه‌تی كومانی راهێنه‌ری هۆله‌ندی هه‌واڵی گواستنه‌وه‌ی پول پوگبای یاریزانی فه‌ره‌نسی و یانه‌ی مان یونایتدی ئینگلیزی ده‌ده‌ن له‌ گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ی داهاتوو، هه‌رچه‌نده‌ ریال مه‌درید و یۆڤێنتۆسیش له‌ هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و یاریزانه‌ن و ئه‌ویش تاكو ئێستا په‌یوه‌سته‌ به‌و گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مان یونایتد مۆری كردوه‌، رۆنامه‌ی دیلی میرۆری به‌ریتانی ئه‌وه‌ی ئاشكرا كردوه‌ كه‌وا ئیداره‌ی یانه‌ی بارسا بیر له‌ مۆركردنی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ پوگبا ده‌ده‌ن دوای كۆتایی هاتنی گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مان یونایتدبه‌ شێوه‌ی خۆڕایی، به‌هۆی په‌تای كۆڕۆناش بارێكی نه‌خوازراوی ئابوری رووی له‌ جیهان كرد بەرشەلۆنە نه‌یتوانی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ چه‌ندین یاریزانی به‌ناوبانگ مۆربكات، هه‌رچه‌نده‌ پوگپاش ئاره‌زووی یاری كردن ده‌كات له‌ ریزی یانه‌ كاتالۆنیه‌كه‌، ئێستاش ئیداره‌ی بارسا له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌به‌ری كاره‌كانی ئه‌و یاریزانه‌ مینۆرایۆلا له‌ گفتوگۆیه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و یاریزانه‌ فه‌ره‌نسیه‌.

ڕۆناڵدۆ دوایین وێستگەی خۆی لەگەڵ پورتوگال ئاشکراکرد

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دووپاتیکردەوە مۆندیالی ٢٠٢٢ی قەتەر دوایین پاڵەوانێتی ئەو دەبێت لەگەڵ هەڵبژاردەکەیدا.

ڕۆناڵدۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکردووە، کە جامی جیهانی ٢٠٢٢ی قەتەر دوایین پاڵەوانێتی ئەو دەبێت لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەیدا.

ڕۆناڵدۆ تا ئێستا ١٠١ گۆڵی بۆ پورتوگال تۆمارکردووە و بە تۆمارکردنی نۆ گۆڵی دیكە ژمارەی پێوانەیی تۆماردەکات و دەکەوێتە پێش عەلی دائی ئێرانی، کە بە ١٠٩ گۆڵ زۆرترین گۆڵی لەسەر ئاستی هەڵبژاردەکانی جیهان تۆمارکردووە.

ڕۆناڵدۆی ٣٥ ساڵ، لە دوای ٣٠ ساڵییەوە ٣٠٠ یاری بۆ هەڵبژاردە و یانەکانی ئەنجامداوە و توانیویەتی ٢٧٩ گۆڵ تۆماربکات.

 

ز.س