تیروپشکی لالیگا ئەنجام دەدرێت

یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 31ـی 8 تیروپشکی لالیگا و خولی یانە پلە دووەکانی ئیسپانیا رادەکێشرێت.

یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، تیروپشکی هەردوو خولی تۆپی پێی پلە یەک و دوو لە بارەگای یەکێتییەکە و بەدیاریکراوی لە ژووری لویس ئاراگۆن ئەنجامدەدرێت و خشتەی یارییەکانی وەرزی 2020 – 2021ـی هەردوو خولەکە دیاریدەکرێت.

لە بڵاوکراوەکەی یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیادا هاتووە "تیروپشکی لالیگا و خولی تۆپی پێی یانە پلە دووەکانی ئیسپانیا بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەبێ ئامادەبوونی هاندەران و راگەیاندنکاران بەڕێوەدەچێت".

یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە رێوڕەسمی بەڕێوەچوونی تیروپشکی لالیگا لە رێگەی کەناڵەکانی سەر بە یەکێتییەکەوە دەگوازرێنەوە و دواتر تیروپشکی خولی پلە دووەکانیش بەڕێوەدەچێت و خشتەی یارییەکان لە دەزگاکانی راگەیاندن بڵاودەکرێنەوە.

ز.س

میسی بەشداری راهێنانەکانی بەرشەلۆنە ناکات

بە پێی رادیۆی سیدینا سێر بێت میسی دەتوانێت بێ مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لە بەرشەلۆنە بڕوات و یاریزانە ئەرجەنتینیەکەش رەتیکردۆتەوە بچێتە راهێنانەکانەوە.

لەنوێترین گۆڕانکاریدا لەبارەی کێشەکانی میسی لەگەڵ بەرشەلۆنە، رادیۆی سیدینا سێر ئاشکرایکردوە، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی میسی لە دواین وەرزیدا لەگەڵ بەرشەلۆنە پێویستی بە 700 ملیۆن یۆرۆ نییە.
بە پێی راگەیاندنەکانی نزیک بەرشەلۆنە بێت، ئەو هەواڵەی سیدینا سێر بڵاویکردۆتەوە راست نیەو نرخی هەڵوەشاندنەوەی بۆندی میسی وەک خۆی ماوەتەوە.

لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی بڕیاریداوە بەشداری پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای یانەی بەرشەلۆنە نەکات و ناچێتە راهێنانەکانیشەوە کە بریارە دوو شەممە دەستپێبکاتەوە.

ئەوەش بۆ ئەوەی توشی بەرکەوتن نەبێت لەگەڵ هاورێکانیدا و لە چاوی کامێراکان بەدور بێت.

ك-س

بەرشەلۆنە دەستبەرداری میسی نابێت

بەرشەلۆنە بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری میسی نابێت و کومان دەیەوێت کۆبونەوەیەکی تری لەگەڵ ئەنجام بدات.

کۆبونەوەی یەکەمی نێوان کومانی راهێنەری نوێی بەرشەلۆنە و میسی کاپتن ئیجابی نەبوو.

میسی لەو کۆبونەوەیەدا بە رونی بە کومانی وتبوو کە ئەو دڵخۆش نییەوخۆی لە بەرشەلۆنە نابینێت.

لە ئێستادا باس لەوە دەکرێت کە یانەکانی ئینتەرمیلان و پاریس سانجێرمان ئامادەیی خۆیان پیشانداوە گرێبەست پێشکەشی میسی بکەن.

رۆژنامە کەتەلۆنییەکان تەئکید لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئیدارەی بەرشەلۆنە هیچ نیەتێکی نییە بۆ فرۆشتنی میسی.

بە پێچەوانەوە ئامانجی ئەوەیە لە ریزەکانیدا واز لە یاریکردن بهێنێت.

پلانی کومانی راهێنەری نوێ ئەوەیە لەداهاتوویەکی نزیکدا کۆبونەوەیەکی تر لەگەڵ میسی ئەنجام بدات تا بەتەواوی رازی بکات بمێنێتەوە.

دوایین زانیاری لەبارەی رۆیشتنی مێسی لە بەرشەلۆنە

شەوی رابردو هەواڵێك هاوشێوەی بۆمبی ئەتۆمی لە نێو میدیاكانی جیهاندا تەقییەوە و رۆیشتنی مێسی لە یانەی بەرشەلۆنە بوە باس و خواسی میدیاکان، ئەوەش دوای لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی لە رێگەی فاكسێكەوە داوای لە بەرپرسانی یانەكەی كرد، رێگەی رۆیشتنی پێبدەن لە یانەکە، وەڵامی ئەو یانەیەش زۆر خێرابو بۆ مێسی و بۆیان نوسیوە، "ببورە نامانەوێت بڕۆیت، دەمانەوێت لێرە كۆتایی بە كاروانی وەرزشیت بهێنێیت".

دوای بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵە باس لەوەدەكرا كە بارتۆمیۆ بە مێسی وتوە، "من لە بەرشەلۆنە دەڕۆم، بەڵام تۆ لە یانەكە بمێنەرەوە"، بەڵام رۆژنامەی سپۆرت ئەم دەنگۆیەی ڕەتكردەوە و ئاشكرایكرد، "بارتۆمیۆ ئامادە نیە واز لە پۆستەكەی بهێنێت
دوای بیستنی ئەم هەواڵە هاندەرانی یانەی بەرشەلۆنە ڕژانە بەردەم یاریگای كامپ نۆ و بە دروشمی "مێسی بمێنەروە، ئێمە هەمومان تۆمان خۆشدەوێت"، هەروەها هاندەران دوای ئەوە دەكەن كە ماریا بارتۆمیۆ دەست لە كارەكەی بكێشێتەوە بۆ ئەوەی مێسی لە یانەكە نەڕوات
مێسی دەیەوێت بە سود وەرگرتن لە خاڵێكی گرێبەستەكەی بەرشە جێبهێڵێت، كە بە پێی رێككەوتنێك لە كۆتایی هەر وەرزێك كە مێسی بیەوێت دەتوانێت یانەكە جێبهێڵێت بەبێ بەرامبەر، بەڵام یانەكەی ئامادە نین بەو ئاسانیە دەستبەرداری ببن و لە بەرامبەردا داوای 700 ملیۆن یۆرۆ دەكەن.

سپۆرت نوسیویەتی، لە ڕوی یاساییەوە میسی ناتوانێت لە بەرشەلۆنە بڕوات، تەنها بە دو مەرج نەبێت، یان ئەوەتا یانەیەك مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی بدات كە 700 ملیۆن یۆرۆیە، یاخود بەرشەلۆنە خۆی نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكە لابەرێت بۆ ئەوەی كارئاسانی بۆ رۆیشتنی بكەن، چونكە لیۆ تەنها ساڵێكی گرێبەستەكەی ماوە و وەرزی داهاتو دەتوانێت بە خۆڕایی لە بەرشەلۆنە بڕوات
تا ئێستا بە شێوەیەكی دروست ئاشكرا نیە، كە كۆتایی ئەم بارودۆخەی بەرشەلۆنە چۆن دەبێت، بەڵام وەك رۆژنامەكان باسی لێوە دەكەن، مێسی سورە لەسەر رۆیشتنی لە یانەكە و ئەستەمە پەشیمان ببێتەوە لەو بڕیارەی داویەتی.

رۆژنامەی سپۆرت نوسیویەتی، هۆكاری ئەو بڕیارەی مێسی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ئەو یاریزانە توڕە بوە لە بارتۆمیۆ و پێی وتوە، "زیاتر لە جارێک تۆ منت فریوداوە و پشتگیری یانەکەت نەکردوە، لە ئێستاوە ئێمە گفتوگۆ لەسەر هیچ شتێک ناکەین
دوای بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵە چەند یانەیەك كەوتونەتە خۆیان بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ مێسی بكەن، لە گرنگترینیان هەردو یانەكەی شاری مانچستەر، ئینتەر میلان لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی.

"ئیسپۆرت ئینتەراتیڤۆ" لەگەڵ پێگەی "ئی ئێس پی ئێن"ی بریتانی بڵاویانکردەوە، میسی بڕیاریداوە یاری بۆ یانەی مانچستەرسیتی بکات و بچێتەوە ژێر سەرپەرشتی گواردیۆلا

تا ئێستاش زۆرینەی سەرچاوەکان مێسی بە تیمەکەی پیپەوە دەبەستنەوە، باس لەوەش دەكرێت، كە چەند رۆژێک لەمەوبەر مێسی لەگەڵ گواردیۆلا گفتوگۆی كردوە و ئەو راهێنەرە ڕازیکردوە بەوەی پەیوەندی بە مان سیتیەوە بکات و گرێبەستەکەشیان کۆتایی پێهێناوە، ئەوەی ماوە تەنها رێككەوتنی بەرپرسانی یانەی مانچستەر سیتییە لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە.

بایرن میونشن و پاریس سانجێرمان شەڕ لەسەر نازناوی چامپیۆنز لیگ دەکەن

ئەمشەو لە یاریی کۆتایی چامپیۆنز لیگدا هەردوو یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی و پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی روبەروی یەک دەبنەوە.

هەردوو یانەکە پێشتر هەردوو نازناوی خول و جامی ناوخۆی وڵاتەکەیان بەدەستهێناوە و ئامانجیان ئەوەیە سێیەم نازناو مسۆگەربکەن.

لەماوەی پێنج ساڵی رابردودا نازناوی چامپیۆنزلیگ ئامانجی سەرەکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بووە و چەندین ئەستێرەی گەورەش لەو پێناوەدا کڕدراوە.

لە بەرامبەردا بایرن میونشن هەوڵ دەدات بۆ جاری شەشەم لە مێژویدا نازناوەکە بەدەست بهێنێت.

بایرن میونشن بەوە ناسراوە کە بە گشتی پارەی کەم لە کرینی یاریزاندا خەرج دەکات و زیاتر پشت بە یاریزانی لاو و تیمی ئەکادیمی دەبەستێت.

لە بەرامبەردا پاریس یەکێکە لەو یانانەی کە پارەیەکی زۆری لە کرینی یاریزان خەرج کردوەو تەنها مباپی و نەیماری بایی 400 ملیۆن یۆرۆ بوە.

ئەمە دەیەم جارە پاریس و بایرن روبەروی یەک دەبنەوە، لەو نۆ جارەی رابردودا بایرن چوار جار براوە بوە و پاریسیش پێنج جار بردنەوەی بەدەستهێناوەو هیچ جارێک یەکسان نەبوون.

ئەم یارییە ئەمشەو کاتژمێر 10ی شەو لە یاریگای دا لوس لە لیشبۆنەی پورتوگال ئەنجام دەدرێت و کۆتایی بە رکابەرییەکانی وەرزی رابردوو دەهێنرێت.

karwan