یۆڤانتۆس بردیەوە و رۆناڵدۆ ئەمجارەش گۆڵی نەکرد

لەخولی ئیتاڵیا یانەی یۆڤانتۆس بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک سەرکەوتنی بەسەر پارما بەدەستهێنا

لە هەفتەی سێیەمی خولی ئیتاڵیا یانەی یۆڤانتۆس لەدەرەوەی یاریگای خۆی بوە میوانی یانەی پارما

ماندزۆکیچ لەخولەکی 2 گۆڵی پێشکەوتنی یۆڤانتۆسی تۆمارکرد، بەڵام جێرڤینیۆ توانی گۆڵی بەرامبەر بۆ پارما تۆماربکاتەوە

تایمی یەکەم هەردولا بە گۆڵێک یەکسان بون، تایمی دووەم ماتوێدی توانی جارێکی تر یانەی یۆڤانتۆس پێش بخات

یارییەکە تا کۆتایی بەو ئەنجامە مایەوەو یۆڤانتۆس بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک یارییەکەی لە پارما بردەوە

بەو ئەنجامە یانەی یۆڤانتۆس بۆ جاری سێیەم لەسەر یەک لەخولی ئیتاڵیا بردنەوەی بەدەستهێناو بە نۆ خاڵ پێشەنگی ریزبەندی گرتوە

ئەوەی جێی سەرنجە تا ئێستا کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە سێ یاریدا نەیتوانیوە گۆڵ بۆ یۆڤانتۆس تۆماربکات

سەرەرای ئەوەش ئالێگری راهێنەری یۆڤانتۆس تەئکیدی کردۆتەوە کە رۆناڵدۆ ئاستێکی نمونەیی پێشکەش دەکات و دڵنیاشە لەوەی دەبێتە گۆڵکارێکی گرنگ بۆ یانەکەیان.

رۆناڵدۆ زۆرینەی پشكەكانی یانەی " بەلەد وەلید"ی ئیسپانیی دەكڕێت


ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەرازیل " رۆناڵدۆ" لە كڕینی زۆرینەی پشكەكانی یانەی " بەلەد وەلید"ی ئیسپانیی نزیكبوەتەوە كە لە خولی پلە یەكی ئیسپانیا یاریی دەكات، ئەوەش بە گوێرەی چەند راپۆرتێكی رۆژنامەوانی ئیسپانیا.
رۆژنامەی" ئەل نۆرتی دی كاستیا" كە یەكێكە لە رۆژنامە لۆكاڵییەكانی شاری بەلەد وەلیدی باكوری خۆرئاوای ئیسپانیا ئاماژەیبەوەداوە كە رۆناڵدۆ بەرامبەر بە 30 ملیۆن یۆرۆ دەبێتە خاوەنی 51%ی پشكەكانی یانەكە.
رۆژنامەكە ئاشكراشیكرد ئێوارەی پێنجشەممە رۆناڵدۆ لەگەڵ سەرۆكی یانەكە كارلۆس سوارێز كە زیاتر لە 60%ی پشكی یانەكەی هەیە، گەیشتوەتە رێككەوتن بۆ كڕینی ئەو پشكانە و هەفتەی داهاتوو گرێبەستەكە رادەگەیەنرێت.
دافید ئیسپینار وتەبێژی رۆناڵدۆ لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس وتی:" لەم كاتەدا هیچ كۆمێنتێك لەسەر ئەو بابەتە نادەین".

گریزمان وەک باشترین یاریزانی خولی ئەوروپای وەرزی ٢٠١٧/ ٢٠١٨دیاریکرا 

ئەنتوان گریزمانی فەرەنسی و یاریزانی یانەى ئەتلەتیکۆ مەدرید وەک باشترین یاریزانی خولی ئەوروپا بۆ وەرزی ٢٠١٧/ ٢٠١٨دیاریکرا.

ساڵانە یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا باشترین یاریزانی وەرزی رابردووی خولی ئەوروپا دیاری دەکات.

ئەنتوان گریزمان دوای ئەوەى وەرزی رابردوونازناوی خولی ئەوروپای لەگەڵ یانەکەی بەدەستهێنا خەلاتی باشترین یاریزانی ئەو خولەی لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپاوە پێ بەخشرا.

ئەنتوان گریزمان لەگەڵ یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید توانی نازناوی جامی سوپەری ئەوروپاش بەدەست بهێنێت دوای بردنەوەیان لەو یاریەدا لە یانەی ریال مەدرید بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ.

ئەمرۆ ئەم یارییانە لە خولی ئیسپانیا ئەنجامدەدرێن

لەخولی ئیسپانیا بەرشەلۆنە میوانداری هویسکا دەکات و ریاڵیش روبەروی لیگانیس دەبێتەوە

لە هەفتەی سێیەمی خولی ئیسپانیا رۆژی شەممە ئەتلەتیکۆمەدرید کاتژمێر 5ی ئێوارە دەبێتە میوانی سیلتاڤیگۆ

کاتژمێر 9 و 45 خولەکی شەویش یانەی ریاڵ مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەرامبەر لیگانیس یاریی دەکات

هەرچی یانەی بەرشەلۆنەی پاڵەوانی وەرزی رابردوشە لە رۆژی یەک شەممەدا بەرامبەر یانەی هوێسکا لە کاتژمێر 7 و 30 خولەکدا یاریی دەکات

ریاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە تاکە دوو یانەن لەخولی ئیسپانیا کە 6 خاڵیان بەدەستهێنابێ و شانبەشانی یەکتر لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە ببینرێن.

تیروپشکی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنز لیگ راکێشرا و لۆكا مۆدریجیش بە باشترین یاریزانی ئەوروپا دیاریكرا

تیروپشکی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ بۆ وەرزی نوێ راکێشرا و کۆمەڵەکەی بەرشەلۆنە و یۆڤانتۆس بەهێزترینە

لە شاری مۆناکۆی فەرەنسا یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا تیرپشکی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنز لیگی وەرزی داهاتوو راکێشرا

بە پێی تیروپشکەکە ، کۆمەڵەکەی بەرشەلۆنە بەهێزترینە و بەرامبەر یانەکانی ئینتەرمیلان و تۆتنهام و ئایندهۆڤن یاریی دەکات

هەروەها کۆمەڵەی یۆڤانتۆسیش بەهێزە پاش ئەوەی روبەروی یانەکانی مانچستەر یونایتد و ڤالانسیا و یۆنگ بۆیز دەبێتەوە

هەرچی ریاڵ مەدریدی پاڵەوانی سێ وەرزی رابردوشە ، بەرامبەر هەریەک لە یانەکانی رۆما و سسکا مۆسکۆ و ڤیکتۆریا بلزن یاریی دەکات

یەکێکی تر لە کۆمەڵە بەهێزەکان کۆمەڵەی سێیەمە و هەریەک لە یانەکانی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و لیڤەرپوڵی ئینگلیزی و ناپۆلی ئیتاڵی شانبەشانی رێد ستاری سربی تێدایە

 

ئەمەش خشتەی سەرجەم کۆمەڵەکانە

کۆمەڵەی یەکەم: ئەتلەتیکۆمەدرید – بروسیادۆرتمۆند - مۆناکۆ – کلوب بروج

کۆمەڵەی دووەم: بەرشەلۆنە – تۆتنهام – ئایندهۆڤن – ئینتەرمیلان

کۆمەڵەی سێیەم: پاریس سانجێرمان – ناپۆلی – لیڤەرپوڵ - ڕێدستار

کۆمەڵەی چوارەم: لۆکۆمۆتیڤ مۆسکۆ – پۆرتۆ – شالکە - گەڵەتەسەرای

کۆمەڵەی پێنجەم: بایرن میونشن – بەنفیکا – ئەیاکس ئەمستەردام – ئایک ئەسینا

کۆمەڵەی شەشەم: مانچستەرسیتی – شاختار – لیۆن - هۆفینهام

کۆمەڵەی حەوتەم: ڕیاڵ مەدرید – ڕۆما – سیسکامۆسکۆ - فیکتۆریا بیلزن

کۆمەڵەی هەشتەم: یۆڤانتۆس – مانچستەریونایتد – ڤالانسیا - یۆنگ بویز

 

هەر لە مەراسیمەكەدا لۆکا مۆدریچی کرواتی و یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید وەک باشترین یاریزانی ئەوروپا بۆ وەرزی 2017 / 2018 دیاریکرا

ساڵانە یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا باشترین یاریزانی وەرزی رابردوو دیاریدەکات خەڵاتێکی تایبەتی پێ دەبەخشێت

لۆکا مۆدریچ پاش ئەوەی وەرزی رابردوو لەگەڵ ریاڵ مەدرید نازناوی چامپیۆنز لیگی بەدەستهێنا، وەک باشترین یاریزانی ئەوروپا دیاریکرا

مۆدریچ جگە لەوەی لەگەڵ ریاڵ نازناوی چامپیۆنز لیگی بردوە لە وەرزی رابردودا توانیشی لەگەڵ کرواتیا پلەی دووەمی مۆندیال بەدەست بهێنێت

مۆدریچ پێش بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا ، خەڵاتی باشترین یاریزانی هێڵی ناوەراستی وەرزی رابردوی چامپیۆنز لیگیشی بەدەستهێنابوو.