یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا پاڵێوراوانی بۆ باشترینەکانی وەرزی رابردووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بڵاوکردەوە.

یوفا لیستی یاریزانە پاڵێوراوەکانی لەسەر هەر چوار ئاستی گۆڵچی و بەرگری و ناوەڕاست و هێرشبەر دیاریکردووە و هەریەکە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی و لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی و محەمەد سەڵاحی میسڕی بۆ خەڵاتی باشترین هێرشبەر پاڵێوراون.
کە بڕیارە لە نێوان ئەم پاڵێوراوانەدا و لە ٣٠ ماگدا باشترینەکانی چامپیۆنز لیگی وەرزی رابردوو لەسەر هەر چوار ئاستەکە دیاری بکرێن.
لیستەكەی فیفا بەم شێوەیە.

گۆڵپارێز: ئالیسۆن بێکەر لە رۆما، جیانلویجی بۆفۆن لە یۆڤێنتۆس، کەیلۆر ناڤاس لە ریال مەدرید

بەرگری: مارسیلۆ و رافایل ڤاران و سێرخیۆ رامۆس لە ریال مەدرید

ناوەڕاست: کێڤن دێ برۆین لە مانچێستەر سیتی، تۆنی کرووس و لۆکا مۆدریچ لە ریال مەدرید

هێرشبەر: لیۆنێل مێسی لە بارسێلۆنا، محەمەد سەڵاح لە لیڤەرپوول، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ریال مەدرید

تیبۆ کۆرتوای بەلجیكی پەیوەندی بەیانەی ریال مەدریدەوە كرد

دوای ململانیەكی توند لەگەڵ یانەی چێڵسی دواجار تیۆكورتوای بەلجیكی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا گرێبەستە نوێکەی لەگەڵ یانەی شاهانە ئیمزاکرد و دواتریش درێسی یانەکەی بەرزکردەوە.

لە لێدوانێکدا کۆرتوا رایگەیاند بە پەیوەندیکردنی بە ریاڵ مەدریدەوە خەونەکەی بەدیهێناوە و ئاماژە بەوەش دەکات هەوڵی زۆریداوە بۆ گەشتن بەم یانەیە.

کۆرتوا دەڵێت "ناتوانم دڵخۆش خۆم دەربڕم، لە منداڵییەوە خەونم بەو ساتانەوە بینیوە کە ئێستا تێیدا دەژیم، پێشتر قورسایی رووبەڕووبونەوەی ریاڵ مەدریدم زانیوە، بەڵام ئێستا من خۆم یەکێکم لەو یانەیە".

لای خۆشیەوە سەرۆكی یانەكە دڵخۆشی خۆی و یانەکەی بە پەیوەندیکردنی کۆرتوای باشترین گۆڵچی مۆندیالی ٢٠١٨ی روسیا دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کۆرتوا لە ئێستاوە درێسی یانەیەک دەپۆشێت کە ١٣ جار بووە بە پاڵەوانی ئەوروپا.

گواردیۆلا پلانی خۆی بۆ ئەم وەرزە ئاشكراكرد

لەلێدوانێکیدا پیپ گواردیۆلای راهێنەری مانچستەر سیتی رایگەیاند: یاریزانەکان لە توانایاندا هەیە ئاستی بەرزتر پێشکەش بکەن ولە وەرزی رابردوو باشتر بن
وتیشی: بە دڵنیاییەوە دەبێت ئەم وەرزە لە وەرزی رابردوو بەهێزتر دەربکەوین و ئەنجامەکانیشمان باشتر بێت
دوپاتییشیکردەوە هەر کاتێک بۆی دەرکەوت کە ناتوانێت ئاستی مانچستەر سیتی باشتر بکات ئەوا پەیوەندی بە خاوەنی یانەکەوە دەکات بۆ ئەوەی لە یانەکە دوریبخاتەوە
پێشیوایە ئەمساڵ ئارسناڵ یانەیەکی بەهێز دەبێـت لەخولی ئینگلتەرا و رکابەری لەسەر نازناوەکە دەکات
گواردیۆلا هیوای خواست ئەم وەرزە پارێزگاری لە نازناوی خولی ئینگلتەرا بکەن و رکابەریش لەسەر چامپیۆنز لیگ بکەن.

چی دەربارەی ڕۆناڵدۆی دیاردە دەزانی ؟

ڕۆناڵدۆ یاریزانی تۆپی پێی بەرازیلییە، لەمارسی ساڵی ٢٠٠٤ز (بیلیێ‌) وەک یەکێک لە باشترین ١٢٥ یاریزانی زیندووی جیھانی ھەڵیبژارد ، تائێستا دوو جار خەڵاتی باشترین یاریزانی لە جیھاندا وەرگرتووە لەساڵانی (١٩٩٦، ١٩٩٧، ٢٠٠٢) . دوو جاریش بەھۆیەوە ھەڵبژاردەی تۆپی پێی بەرازیلی جامی جیھانی بەدەست ھێناوە لە ساڵانی ١٩٩٤ز ، ٢٠٠٢ز دا.

ژیانی خێزانی

ڕۆنالدۆ لە نەخۆشخانەی (سان فڕانسوا کسافیێ) لە ناوچەی (ئیتاگوای) لە ھەرێمی ڕیۆ دی جانیڕۆ، لەدووری ٣٠ کیلۆمەتر لە شاری (ڕیۆ) لەدایک بووە، بەناوی ئەو دکتۆرەوە ناونراوە کە یارمەتی لەدایک بوونی داوە وناوی (ڕۆناڵدۆ ڤالانتی) بووە. منداڵی سێیەمینی باوک و دایکی (نیلۆ) و (سۆنیا) بووە، لەدوای خوشکی (یۆن) و براکەی (نیلیۆ جۆنیوەر) ھاتۆتە دونیا. نیلۆ کە باوکی ڕۆنالدۆیە کوڕە گەورەی خێزانێک بووە کە لە حەوت برا پێک ھاتبوون، بەھۆی کەم دەرامەتیەوە لەسەر دەستی شتومەکی فرۆشتووە و نەیتوانیووە بچێ بۆ قوتابخانە ، دواتر چۆتە کۆمپانیایەکی تەلەفۆن لە ڕیۆ، لەوێش (سۆنیا دۆس سانتۆس براتا) ی دایکی ڕۆناڵدۆی ناسیووە و لە ساڵی ١٩٧١ز دا ھێناویەتی، وە لە گەڕەکی بینیتۆ ریبیریۆ نیشتەجێ بوون، ڕۆنالدۆ لەم گەڕەکەدا ھاوڕێیەکی زۆری ھەیە، لە دوای جامی جیھانی ساڵی ٢٠٠٢ز دا، فەرشێکیان بۆ چنی بوو وێنەی ژمارە نۆی لەسەر بوو، ھەروەھا ناوی شەقامی گەڕەکەکەشیان لەو ساوە بۆناوی ئەوەوە گۆڕیوە. پێشتر ڕۆناڵدو تا تەمەنی شازدە ساڵی ھەر بە (دادادو) بەم ناوەی کەپێشتر برا بچووکەکەی بانگی دەکرد بانگ دەکرا، ھەروەھا ھاوڕێکانی ناویان نابوو (مۆنیکا) کە ناوی پاڵەوانێکی فیلمی کارتۆنی منداڵانە و ددانەکانی بەدەرەوەن ھەروەک ڕۆناڵدۆ ددانی لەدەرەوە، ئەمیش ئەم ناوەی زۆر لا ناخۆش بوو و پێی پەست دەبوو. کاتێک کە تەمەنی گەیشتە یازدە ساڵ، دایک و باوکی لێک جیابوونەوە، بەڵام ئەمە ھیچ کارێکی نەکردە سەر ڕۆناڵدۆ، چونکە باوکی ڕا ھاتبوو لەسەر خواردنەوەی مەی، ئەگەرچی ھانی ڕۆناڵدۆشی دەدا بۆ تۆپی پێ، بە پێچەوانەی دایکی، ھەربۆیەش ڕۆناڵدۆ بەم دواییە نھۆمێکی بەتەواوی لە باڵەخانەکانی (کوباکابانا)، ھەروەھا چێشتخانەیەکی پیتزای کردە دیاری بۆ باوکی، خانوێکی بەخشی بە خوشک و براکەی. ڕۆناڵدۆ لەساڵی ٢٠١١ کۆتایی بە ژیانی وەرزشی لەگەڵ یانەی کورنتاپی بەڕازیلی ھێنا و ماڵئاوایی یەکجارەکی کرد لە ژیانی وەرزشی. ڕۆناڵدۆ لە ژیانیدا زۆر بە ئافرەت سەرقاڵە، ھەردەم بەستراوەتەوە بە ھاوڕێیەک یان دەستگیرانێک یان ژنێک، کە ئەمانەن:

سوزانا فیرنەر : دەسگیرانی یەکەمی.
میلینی دۆمینیگس : ھاوسەری یەکەمی.
دانیێلا سیکاریللی : بۆ سێ مانگ دەسگیرانی بووە.

کاروانی یاریکردنی

لە یەکەم ھەنگاوی ژیانی وەرزشیدا، ڕۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی کروزێرۆی بەڕازیلی لە وەرزی (١٩٩٣-١٩٩٤)ز دا یاری کرد، لەوێ ئەوکات سەرنجی ڕاھێنەری ھەڵبژاردەی بەڕازیلی (کارلۆس ئەلبێرتۆ کاریرا)ی ڕاکێشا، بۆیە ھێنایە نێو ھەڵبژاردەی بەڕازیل لە جامی جیھانیدا، پاشان لە ساڵی ١٩٩٤ز دا چووە ڕیزی یانەی بی ئێس ڤی ئایندھۆڤنی ھۆڵەندی، بۆ ماوەی دوو وەرز لەگەڵ یانەکە یاری کرد، لەژێر چاودێری ڕاھێنەری ئینگلیزی (سێر بۆبی ڕۆبنسون)، جا کاتێک کە سێر بۆبی ڕۆیشت بۆ مەشقدانی یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، ڕۆناڵدۆشی لەگەڵ خۆی برد بۆ یانە کاتالۆنییەکە، لە وەرزی ١٩٩٦-١٩٩٧ز یشدا لەگەڵ بەرشلۆنە یاری کرد. لە وەرزی ١٩٩٧-١٩٩٨ز، چووە ڕیزی یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی، لە ساڵی ١٩٩٨ز دا بەشداری جامی جیھانی تۆپی پێی کرد، ھەڵبژاردەی بەڕازیل پلەی دووەمی بەدەست ھێنا، ئەمەیش دوای دۆڕانی بەرامبەر بە ھەڵبژاردەی فەڕەنسا لە یاری کۆتاییدا بە ئەنجامی (٣–٠)، دواتر لە وەرزی ١٩٩٨/١٩٩٨ز، بەھۆی پێکانێک کە بەر چۆکی ڕۆناڵدۆ کەوت، بۆ ماوەی چەند مانگێک لە یانەکە دابڕا، پاشان لە ساڵی ٢٠٠٠ز دا جارێکی تر ھاتەوە نێو یاری، کە یارییەکە لە نێوان ئینتەرمیلان و لاتسیۆ بوو، بەڵام ھەر دوای حەوت خولەک جارێکی تر چۆکی تووشی پێکان بووەوە، خەریک بوو بەھۆیەوە بەجارێ لە یاری کردن داببڕێ، بەڵام دواتر پاش بیست مانگ لە چارەسەرکردن، جارێکی تر گەڕایەوە نێو یاری، بەڵکو بەشداری لە جامی جیھانی تۆپی پێی ٢٠٠٢ز دا کرد، لە یاری کۆتاییش دوای ئەوەی کە ھەڵبژاردەکە کەوتە بەرامبەر ھەڵبژاردەی ئەڵمانیا، توانی دوو گۆڵ تۆمار بکات، بەھۆی ئەوەش بوو بە پاڵەوانی جیھانی و گۆڵکاری جامی جیھانی بەکۆی ھەشت گۆڵ، ھەروەھا توانی ببێت بە یەکەم یاریزان کە ژمارەی پێوانەیی بشکێنی و لە شەش گۆڵ زیاتر تۆمار بکات، کە لە جامی جیھانی ساڵی ١٩٧٤ز دا تۆمارکرابوو. پاشان لە ھاوینی ساڵی ٢٠٠٢ز دا ڕۆناڵدۆ چووە ڕیزی یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی، لە سەرەتای وەرزەکەشدا توانی ھاوکاری تیپەکە بکات بۆ وەدەست ھێنانی نازناوی خولی ئیسپانی، لە جامی جیھانی تۆپی پێی ساڵی ٢٠٠٦ز یدا، توانی پێوانەی ژمارەی گۆڵەکانی یاریزانی ئەڵمانی (گێرد مۆلەر) بشکێنی بە تۆمارکردنی پانزە گۆڵ لە تۆڕی ھەڵبژاردەی (گانا)، لە بەرواری ٢٧ ی یۆنیۆی ٢٠٠٦ ز دا. دوای ھاتنی (لۆکسمبۆرکۆ) و پاشان (لیلیێ‌ کابیلۆ) کە لەگەڵ یانەی ڕیالدا پێشتر سەرکەوتنی بەدەست ھێنا بوو لە خولی ئیسپانی، بۆ دوور خستنەوەی ڕۆناڵدۆ لە تیپەکە بەیەکجاری، خەریک بوو کێشە دروست دەبوو لەنێوانیان، بۆیە ئەمیش لەگەڵ کاکا دا چوو بۆ ئەی سی میلان.

دەستکەوتەکانی

کڕۆزێڕۆ
جامی بەڕازیل لەساڵی ١٩٩٣ز
بی ئێس ڤی ئایند ھۆڤن
جامی ھۆڵەندا لەساڵی ١٩٩٦ز
بەرشلۆنە
جامی سوپەری ئیسپانی لەساڵی ١٩٩٦ز
جامی جامەکانی ئەوڕوپی لەساڵی ١٩٩٧ز
خولی ئیسپانی لەساڵی ١٩٩٧ز.
ئینتەرمیلان
جامی یەکێتی ئەوڕوپی لەساڵی ١٩٩٨ز.
ڕیال مەدرید
جامی جیھانی یانەکان لەساڵی ٢٠٠٢ز.
جامی سوپەری ئەوڕوپی لەساڵی ٢٠٠٢ز.
خولی ئیسپانی لەساڵی ٢٠٠٢ز.
جامی سوپەری ئیسپانی لەساڵی ٢٠٠٣ز.
ھەڵبژاردە
جامی جیھانی تۆپی پێی ساڵانی ١٩٩٤ز و ٢٠٠٢ز.
جامی تۆپی پێی کیشوەرەکان لەساڵی ١٩٩٧ز.
جامی کوبا ئەمریکا لەساڵانی ١٩٩٧ز و ١٩٩٩ز.
دەسکەوتی کەسیەتی :
باشترین یاریزان لەجیھاندا، لەساڵانی ١٩٩٦ز و ١٩٩٧ و ٢٠٠٢ز.
باشترین یاریزان لە ئەوڕوپا لەساڵانی ١٩٩٧ز و ٢٠٠٢ز.
باشترین گۆڵکار لە مێژووی جامی جیھانیدا (١٥ گۆڵ لە ١٩ یاریدا)
گۆڵکاری جامی جیھانی تۆپی پێی ساڵی ٢٠٠٢ز بە ھەشت گۆڵ.
بوو بە شایی گۆڵکاران لە جامی جیھانیدا، دوای سەرکەوتنی بەسەر (گێرد مۆلەر) دا.

سەرۆكی ڕیال مەدرید پەشیمانە

پێرێزی سه‌رۆكی یانه‌ی ڕیال مه‌درید بڕوای نه‌ده‌كرد ڕۆژێك دابێت له‌ گواستنه‌وه‌و فرۆشتنی یاریزانان بكه‌وێته‌ كێشه‌و په‌له‌ له‌ بڕیاره‌كان بكات و بكه‌وێته‌ هه‌ڵه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان لێكدانه‌وه‌كان له‌م پیاوه‌ تێكه‌ڵاو بوون و ئێستا له‌ دۆخێكی خراپدایه‌.
زۆربه‌ی كات ڕاهێنه‌ره‌كان له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م پیاوه‌ له‌ ئه‌ركه‌كانیان دوور خراونه‌ته‌وه‌ به‌ده‌ست نه‌هێنانی ئه‌نجامی باش له‌گه‌ڵ تیپه‌كه‌، به‌ڵام ئێستا پێرێز له‌ دۆخێكی خراپدایه‌ كه‌ هه‌رگیز بیری نه‌ده‌كرده‌وه‌ بكه‌وێته‌ ئه‌م دۆخه‌، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی نازناوه‌كانی به‌ده‌ستهێناوه‌ بۆ تیپه‌كه‌، له‌ پێشتردا هانده‌ران چه‌پڵه‌یان بۆ لێ ده‌دا له‌كاتی گرێبه‌سته‌كان به‌ڵام له‌ ئێستادا نیگه‌رانن به‌ شێوازی رۆیشتنی كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ یانه‌كه‌یان.
هاوینێكی گه‌رم له‌ چاوه‌ڕوانی مه‌دریدایه‌، هاوێنێكه‌ وه‌ك دۆزه‌خ وایه‌ به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی مبابێ و نێمار ڕه‌تیان كرده‌وه‌ له‌ پاریس سان جێرمان برۆن و زیاده‌ ڕۆییه‌كانی چێڵسیش له‌ گرێبه‌ستی هازارد وا ده‌كات گرێبه‌ستی داهاتوو پێرێز به‌ نادیاری بمێنێته‌وه‌.
له‌ ئێستادا پێرێز هه‌ست به‌ ئازار ده‌كات به‌هۆی له‌ده‌ستدانی كریستیانۆ كه‌ چه‌كێك بوو بۆ یانه‌كه‌ وا هه‌ستی ده‌كرد ئه‌م چه‌كه‌ كۆتایی هاتوه‌ به‌ڵام دیارنیه‌ كه‌ی ئاست به‌رزی ئه‌م یاریزانه‌ كۆتایی پێدێت و ڕه‌نگه‌ ببێته‌ گولله‌یه‌ك له‌ رۆژانی داهاتوو به‌رامبه‌ریان به‌كار بهێندرێته‌وه‌.
لۆبیتیكی شوێنی زێدانی گرته‌وه‌ له‌ مه‌شقدانه‌وه‌ی یانه‌ی ڕیال مه‌درید، شوێن گره‌وه‌ بۆ رۆناڵدۆ له‌ تیپه‌كه‌ نادیاره‌، پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ش ئاماده‌ نیه‌ بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی زه‌حمه‌تیه‌كان ، هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ وا ده‌كات سه‌فینه‌ی یانه‌ی ریال مه‌درید به‌ره‌و گه‌شتێكی نادیار هه‌نگاو ده‌نێت و كاپتنی سه‌فینه‌كه‌ش وه‌ك هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌دات بیان باته‌ شوێنێكی گونجاو به‌ڵام له‌م كاته‌دا له‌ نیوه‌ی ڕێگا شوێنی رێگای ڕاستی لێ وون بووه‌.