ناوی پاڵێوراوانی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا بڵاوکرایەوە

 

سایتى فەرمى یەکێتى تۆپى پێى ئەوروپا ناوى ئەو سێ یاریزانەى ئاشکراکرد، کە پاڵێوراون بۆ خەڵاتى باشترین یاریزانى ئەوروپا، ئەوانیش بریتین لە رۆناڵدۆى پورتوگالى هێرشبەرى یۆڤانتۆس و سەڵاحى میسڕى هێرشبەرى لیڤەرپوڵ و مۆدریچى یاریزانى هێڵى ناوەندى ریاڵ مەدرید.

یەکێتییەکە روونیکردووەتەوە، لە ٣٠ى مانگدا و لە کاتى راکێشانى تیروپشکى قۆناغى کۆمەڵەکانى وەرزى نوێى خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپا، لەگەڵ خەڵاتى باشترین کچە یاریزانى ئەوروپا و باشترینەکانى وەرزى رابردووى چامپیۆنز لیگ، ناسنامەى باشترین یاریزانى ئەوروپاش ئاشکرا دەکات.

ساڵانە یەکێتى تۆپى پێى ئەوروپا باشترین یاریزانى سەر بە یەکێتییەکەى دیارى دەکات بێ گوێدانە رەچەڵەکى یاریزانەکە، لەسەر ئەو ئاستەى لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکانى ناوخۆیى و کیشوەرى و نێودەوڵەتیدا ئەنجامى دەدات.

Hits: 988
Category: