میسی ژمارەیەكی پێوانەیی مێژوویی تۆمار كرد

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە تۆماركردنی ژمارە پێوانەییەكان بەردەوامە دوای تۆماركردنی گۆڵێك لە یارییەكەی شەوی رابردوو بەرامبەر یانەی ریال سۆسیداد.

شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی هەفتەی 19 خولی نایابی ئینگلیزی بە ئەنجامی 2-4 گۆڵ لە یانەی ریال سۆسیدادی بردەوە.

گۆڵی چوارەمی یانەی بەرشەلۆنە لە رێگەی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بەشێوەیەكی زۆر جوان بە لێدانێكی راستەوخۆی لە خولەكی 85 تۆمار كرا.

بە تۆماركردنی ئەم گۆڵە میسی ژمارەی گۆڵەكانی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە لە خولی ئیسپانیا كردە 366 گۆڵ، بەمەش بووە یەكەم یاریزان زۆرترین گۆڵ لە پێنج خولە گەورەكەی ئەوروپا تۆمار بكات.

پێشتر ژمارەی پێوانەیی تۆماركردنی گۆڵ لە پێنج خولە گەورەكەی ئەوروپا بەناوی گێرد مولەر ئەفسانەی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بەتۆماركردنی 365 گۆڵ تۆمار كرابوو.

میسی هەر لە یارییەكەدا گۆڵێكی بۆ لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرگوایی دروست كرد، بەمەش ژمارەی دروستكردنی گۆڵەكانی كردە 9.

میسی هەروەها بە تۆماركردنی ئەم گۆڵە ژمارەی گۆڵەكانی لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئیسپانیا كردە 17 و هەر لە پێشەنگی گۆڵكارانی خولەكە مایەوە.

 

 

Hits: 1243
Category: