میلان بەنیازە گرێبەستی راهێنەرەكەی درێژ بكاتەوە

یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی بەنیازە گرێبەستی راهێنەرە لاوەكەی گینارۆ گاتوزۆ تا ساڵی 2020 درێژ بكاتەوە.

ماڵپەڕی (توتو میركاتۆ)ی ئیتاڵی بڵاوی كردەوە: كارگێڕی یانەی میلان دڵخۆشە بە بەرزبوونەوەی ئاستی تیپەكەیان بەسەركردایەتی گاتوزۆ و بەو هۆیەشەوە كار لەسەر ئەوە دەكەن گرێبەستەكەی بۆ دوو ساڵی تر درێژ بكەنەوە.

گاتوزۆ كاری راهێنەرایەتی تیپی لاوانی یانەی میلانی دەكرد، بەڵام لە كۆتای ساڵی رابردوو لە شوێنی فینشینزۆ مۆنتێلای ئەركی راهێنەرایەتی تیپی یەكەمی پێدرا.

هەرچەندە گاتوزۆ لە یارییەكانی سەرەتادا لەگەڵ تیپەكەی سەركەوتوو نەبوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات توانی ئاستی تیپەكەی بەرز بكاتەوە و لە 5 یاری رابردووشدا لە خولی ئیتاڵیا هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە و 3 سەركەوتن و 2 یەكسانبوونی بەدەستهێناوە.

یانەی میلان لە دوایین یارییدا پێرێ شەموو لە گەڕی 24ی خولی پلە یەكی ئیتاڵیا بە 4 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی سپالی بردبووەوە، یانەكە ئێستا بەكۆكردنەوەی 38 خاڵ لە ریزبەندی حەوتەمی یانەكان دێت.

 

Hits: 1116
Category: