توێژینەوەیەکی نوێ کە لە جۆرناڵی پزیشکی جاما بڵاوکراوەتەوە پەیوەندی دۆزیوەتەوە لەنێوان کێشانی جگەرە ئەلکترۆنییەکان و خەمۆکبوون.
توێژینەوەکە لەلایەن پزیشکانی زانکۆی نێبراسکای ئەمریکا ئەنجامدراوە و پزیشکان رایدەگەیێنن، ئەوانەی جگەرەی ئەلکترۆنی دەکێشن زیاتر لەبارن بۆ تووشبوون بە خەمۆکی.
توێژینەوەکە لەسەر 892 هەزار گەنجی ئەمریکی ئەنجامدراوە و تێیدا پزیشکان بەدواداچوونی بۆ جۆر و چەندییەتی کێشانی جگەرە ئەلکترۆنییەکان و باری دەروونی بەشداربووان کردووە، دوای شرۆڤەکردنی داتاکان پزیشکان بۆیان دەرکەوتووە خەمۆکی زیاتر لەنێو ئەوانە بەدیدەکرێت کە جگەرەی ئەلکترۆنی دەکێشن.
سەبارەت بە هۆکاری ئەم پەیوەندییەش پزیشکانی ئەمریکی دەڵێن، لەنێو زۆربەی بەرهەمەکانی جگەرە ئەلکترۆنییەکان نیکۆتین هەیە، بەرکەوتنی درێژخایەن بە نیکۆتین دەبێتەهۆی تێکدانی رێرەوی دۆپامین لە مێشکدا، بەمەش کەسەکە ئەگەری تووشبوونی بە خەمۆکی و گوشاری دەروونی زیاتردەبێتەوە.
ك-س