ئەمەی دەیخوێننەوە وەڵامی (سمكۆ محەمەد)ی نووسەر و شاعیرە بۆ پرسیارێكی تەوەری ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری ماڵپەڕی ژنەفتن.

لەم بەستەرەدا پرسیار و تێبینییەكان لەبارەی تەوەرەكە بخوێنەرەوە

(١)

لەمانای سەرەكی تێرمەكەوە دەستپێدەكەم كە ڕەخنەیە، ئەم چەمكە واتە ڕەخنە، كۆمەڵگە بەگشتی و نووسەر بەتایبەتی ئەگەر لەنێو سیستمدا نەژیابن، ئەگەر بەو تێڕوانینە كە ھیچ شتێك پیرۆز نییە و ھیچ شتێك مەعسوم نییە و ھیچ شتێك لەدەرەوەی ڕەخنە نییە، مەحاڵە ڕەخنە درووست ببێت. ئەم تێرمە ئەگەر بۆ خوێنەری تێكستی ئەدەبی وەریبگرین، لە بنەچەدا جۆرێك لە چێژوەگرتنی خوێنەری تێكستە لەنێو فەزای خوێندنەوەدا، بەتایبەتی ئەوكاتەی جیاوازی یان بەپێچەوانەوە لێكچوون لەنێوان تێكستێك و تێكستێكی دیكە ئاشكرا دەبێت، یان جیاوازی لەنێوان تێكست و مانا و مەبەستی ئیستاتیكیدا ڕوون دەبێتەوە كە ڕەخنەگر یان خوێنەری تێكستە ئەدەبییەكە، بۆیە ڕەخنەگر وەكو باوكی دەقەكە و داھێنەرێكی ناوەوەی دەقەكە دەبینرێ.

ئەم تێرمە چونكە موڵك و بەرھەمی ڕۆژھەڵات و كۆمەڵگەیەكی وەكو كوردستانی نییە، كەواتە دەبێ ئەوە بزانین كە وەرگیراوە، بۆیە یان ناتوانین بەسەر دەقدا پراكتیكی بكەین، یان تەنھا بۆ پڕكردنەوەی كەلێنی ئەدەبی و كایەكانی تر ناوی دێت، ڕەخنە لەنێو بیرمەندانی ڕۆژئاوا فرە مانای پێدراوە، چونكە دابەشی سەر چەند تیۆرێكی وەكو دەروونناسی و بونیادگەری و كۆمەڵناسی و ڕیالیزمی و ھتد كرا، ھەروەھا ڕەخنە لە فەلسەفەی ڕووت و ڕەخنە لە مەعریفەی سەرەتایی و ڕەخنە لە سەفسەتەبازی كە سەرەكیترین كێشەی یۆنانییەكان بووە لەسەرەتای سەرھەڵدانی فەلسەفەدا، ھاتۆتە بوون، ھەر ئەمەش بووە بەبنەمای درووست بوون و دەوڵەمەند بوونی ئەم تێرمە، دواتر دوای ئەم بنەمایە وەك ڕەخنە، مەسەلەی ئایین دێتە پێشەوە، ئیدی ڕەخنەگرەكانی ئایین كە ڕەخنە بووە لە سیستمی ژیان، تێڕوانینی خۆیان ھەبووە و لەوێوە دانانی یاسا لەبری پڕەنسیپەكانی ئایین وەكو مەرج دانراوە، دوای ئەم دابڕانە ئەدەبی و سیاسی و یاساییە، (قەشە ئۆگستین) كە لەژێر كاریگەری ئەفڵاتوون و ڕواقییەكان بوو، دژ بەو كەسانە وەستایەوە كە ھێرشیان دەكردە سەر كەنیسە و ڕاھیبەكان، بەپێچەوانەوە بەرگری لە شێوازێكی نوێی دەقی ئایینی دەكرد، بەڵام لەرۆژئاوا نموونەی (ژان ژاك ڕۆسۆ) یەكێكە لەوانە و دیكارتیش كەسێكی ترە كە بە سوكراتی دووھەم ناسراوە لە ڕۆژئاوا، ڕەخنەیان بەئاراستەیەكی دیكەدا برد، پاشان ڕەخنەی ڕادیكاڵی دێتە پێشەوە كە ئەمەش لە فەیلەسوفی بەناوبانگ (ئەمانوئێل كانت) ەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەویش ڕەخنە لە عەقڵی پەتی و ڕەخنە وەكوو بەھرەی حوكم و دامەزراندنی سیستمی عەقلانییەت لەبری ئایدیالیستی دەگرێت، پاش ئەوانیش فیورباخ كە فەلسەفەی تێر نەكرد، پاشان ماركس دێتە پێشەوە كە ڕەخنەكەی ڕیشەیی و پیشەیی بوو، مەبەست لە پیشەیی ئەوەیە كە ڕاستەوخۆی پەیوەندیی بە ژیانی خەڵكەوە ھەبوو، بۆیە بووە بنەمای ھەموو ڕەخنەیەكی ڕادیكاڵ لە بواری ئەدەبی و ئابووری و كۆمەڵناسیش كە (جۆرج لۆكاش و لوسیان گۆڵدمان و گاستۆن باشلار و ڕۆڵان بارت و جاك درێدا) و ھتد لێبەرھەمھات، پێشتریش فرۆید ھەبوو كە ڕەخنەی لە چەپاندنی غەریزەكاندا كۆكردبووەوە.

ئێمە لەبەر ئەوەی نزیكین وەكوو ڕۆشنبیری و وەكوو سیستمی ئایینی، بۆیە كاریگەری ڕۆشنبیرانی عەرەبیمان لەسەرە، كەواتە كەسێكی وەكوو (تەھا حوسێن) وەردەگرم كە كۆمەڵناسێكی ناوداری كایەی ئەدەبی و فیكری عەرەبییە، پێیوایە ڕەخنە میتۆدێكی فەلسەفییە و ڕەخنەگر دەبێ داماڵڕاوبێت لەھەر شتێك كە لایەنگری ئایدیۆلۆژیایەكی دیاریكراو بێت، ئەگەر خاوەنی ھەر ئایدیایەك بێ بەتایبەت لەكاتی خوێندنەوەی دەقێك، ئەوا خوێندنەوەكە نەشاز و ناسرووشتی دەبێ، وەكوو ئەوە وایە لە قینی دەقنووسەكە ڕەخنەی گرتبێت، نەك بەرپرسیارێتییەكی ئەدەبی و فیكری. ڕۆڵان بارت پێیوایە ڕەخنە گوتارێكە لەبارەی خودی گوتارەوە، ئەمەیان بابەتەكە حوكمی لەسەر دەكات. ڕەخنەی دەرەكی ھەیە كە بریتییە لە تێڕوانینێك لە ڕەسەنایەتی بۆچوونەكە، ڕەخنەی ناوەكییش بریتییە لە تێڕوانینی خود لەبارەی پێكھاتە و ناوەڕۆكی بابەتەكە. لەراستیدا ڕەخنە بۆ خۆی بریتییە لە ھەڵسەنگاندن و پێوەردانان بۆ بەھای بابەتەكە، سا با ھەر بابەتێك بێت.

ڕەخنەی ڕاڤەكاری بەپێی پێوەرێكە كە خوێندنەوەی یەكەم ھەڵدەستێت بە وروژاندنی دەقەكە و خوێنەری دووھەم كەڵكی لێوەردەگرێت، ئەمەش لەدەرەنجامی ئەو ئەزموونەیە كە خوێندنەوە لەرێگەی ڕاڤەی دەقەوە دەدرێت بە خوێنەری دووەم، بەو مانایەی كە خوێنەری یەكەم ھەڵدەستێت بە تەتەڵەكردنی كەموكوڕی و ئیشكالیاتی نێو دەقەكە، یان ئەو تێگەیشتنەی كە ئیستاتیكای دەق دەبینێت، وردتر و سەرنجڕاكێشترە. ئەمە لایەنێكی بابەتەكەیە، بەڵام لایەنی دووەم ئەوەیە شوێنەواری سایكۆلۆژی دەقنووس، یان دانەرە لەرێگەی ھێڵە باریكەكانەوە كە خەون و خەیاڵ دەدۆزێتەوە و دەیخوێنێتەوە. كەوابوو ڕەخنە تەنھا نیشاندانی دیوە نیگەتیڤەكەی دەق نییە وەك پێناسە كراوە، بەڵكو ئەو نھێنیانەیە كە ڕاڤەكارانی ئەدەب كە خوێنەری یەكەمە، پێشكەشی خوێنەری دووەمی دەكەن.

تەوەری ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری

ئەگەرچی ئەم چەرخە نوێیەی كە ئێستا تێیدا دەژین، چەمكێكی نوێی بەرھەمنەھێناوە و ھەر چەمكە كلاسیك و كۆنەكان بەكاردەھێنرێن بۆ ھەموو كایەكانی ژیان بەتایبەتی بۆ ئەدەب، بەپێچەوانەی سەدەی ڕابردوو كە دەیان چەمكی فیكری بەرھەمھات و بەسەر ئەدەبیشدا پراكتیك كرا، بابەتی ڕەخنەش وێڕای ئەوەی بەدرێژایی چەندین دەیە بە ھەڵە كاریپێكرا و تاڕادەیەكیش ڕووە نیگەتیڤەكەی وەرگیراوە كە ڕاست نییە، بەحوكمی ئەوەی بەكارھێنەرانی چەمكە فیكرییەكان خۆیان خاوەنی نیین، بۆیە خراپ و بەھەڵە بەكارھێنران لەنێو كایەی ئەدەبی و فیكری و نووسین، ئەمە ئەو دیاردەیە بوو كە چیتر نەیتوانی ببێتە ئامانجێك بۆ بابەتەكانی دیكەی ژیان، بەڵام لانیكەم توانی ببێتە ئامرازێك بۆ خاڵی كردنەوەی ئەو چەمكانەی كە پێشتر لەزۆربەی كایەكاندا ھەبوون و بە تایبەتی ئەدەب. ھەڵبەت ڕەخنەی ئەدەبی بۆ یەكەمجار لەلای یۆنانییەكان پەیدابوو و دوای ئەوە گوازرایەوە بۆ ئەسكەندەرییەی میسر و پاشان قوتابخانەگەلێكی جیاوازی لێ پەیدا بوون، دووبارە گەڕایەوە ڕۆما و كاریگەری لەسەر شاعیران و ڕەخنەگرەكانی دانا و ئینجا لەسەردەمی ڕێنیسانسدا دووبارە سەریھەڵدایەوە و پاشان لەسەردەمی كلاسیكی نوێدا دەركەوتەوە. ئەوجا كاریگەری لەو لێكۆڵینەوە جۆراوجۆرانەی زانستە مرۆییەكان وەرگرت كە بەدیھاتبوون و سوودی لە بابەتگەلێكی نوێی وەكو كۆمەڵناسی و دەروونناسی و زانستە مرۆییە پێشكەوتووەكانی سەردەمی نوێ وەرگرت.

ڕۆڵان بارت فەیلەسوف و ڕەخنەگری فەڕەنسی (١٩١٥-١٩٨٠)

رەخنەگر ئەو كارەی دەیكات دەبێتە ھەڵقەیەك لەنێوان تێكستە ئەدەبییەكە و خوێنەر، بۆ ئەوەی خوێنەر ئەزموون پەیدا بكات و بتوانێ تێكستەكە بنرخێنێ، یان لانیكەم بەرچاوڕوونی ھەبێت سەبارەت بە باگڕاوەندی و ساغڵەمی تێكستەكە، بەڵام بۆچوونێكی دیكە ھەیە كە ڕەخنەگر بەكەسێكی بەخیل و بەرچاوتەنگ و دڵڕەق ناسراوە لەلای دەقنووسەكان، بۆیە ھەوڵ دەدات ڕەخنە لەدەقەكە بگرێت و لە بایەخی دەقەكە كەمبكاتەوە، لەلایەكی دیكەوە وا ناسراوە كە بەرگری لەخودی ئەدەب دەكات و ئەدەب لە پاكێتی دەپارێزێ لەپێناو خۆشەویستی بۆ خودی ئەدەب خۆی، نەك خاوەنەكەی. بەڕووییەكی دیكەشدا شێوەیەكە لە ڕەخنەگرتنی كلاسیكی و لاسایكردنەوەی ڕابردوو، ئەم تیۆرە لەژێر كاریگەری دیالێكتیكیدایە كە گومانی ھەبوو لەوەی تێكستێك، ئایا ئەدەبە یان نا، بۆیە پێیان دەگوترێت مشەخۆر، چونكە ڕەخنە و ڕەخنەگر خاوەنی ھیچ بەرھەمێك نییە و تەنھا لەسەر بابەتی كەسانی دیكە دەنووسێت، بۆیە بەرھەمی كەسانی دیكەش بەو شێوەیە دەبینن. ڕستەیەكی بەناو بانگ ھەیە دەڵێ (ینقد من لایستگیع ان یبدع) واتە ئەو كەسەی ڕەخنە دەگرێ ناتوانێ داھێنان بكات.

بەڵام سەرەنجام ئەوەی كە ڕەخنەگر دەیكات، ئەوەیە كە شوناسی دەق و سەربەخۆیی و كاریگەرییەكان پشتی دەقەكە ئاشكرا دەكات، بەروویەكی دیكەشدا ڕۆحی نووسەر و ڕۆحی خوێنەر بەیەكتر دەگەێنێ لەرێگەی ڕەخنە یان خوێندنەوەكانییەوە بۆ دەقەكە، سا با ئەو دەقە ھەر بابەتێك بێت.

 بۆ نموونە تێكستێك كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە كۆمەڵگەوە ھەبێت، ئەگەر بواری ئەدەبیش بێت، دەبێت باسەكە خوێندنەوەیەكی كۆمەڵناسیانە بێت، ئەمە دەڵێم تەنھا بۆچوونی خۆم نییە، بەڵكو تێگەیشتنی (لوسیان گۆڵدمان)یشە كە سەرمەشقی ئەو شێوە تیۆرەیە بۆ ئەدەب، یان ھەر ڕێبازێكی دیكەی ئیستاتیكی و ڕەگەزە ئەدەبییەكانە كە ئەركی نووسەر و بەرھەمھێنانی بابەتەكە و یاسا گشتییەكان دیاری دەكات. گۆڵدمان كە لەژێر كاریگەری جۆرج لۆكاش بوو بۆ تێڕوانینی كۆمەڵناسیی ئەدەبی، پێیوایە نووسەر بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕیالییەتییە چینایەتییەی كە تێیدا دەژی و لەبونیادی زەینی خۆیدا ڕەنگدەداتەوە، دواتر لەنێو دەقێكی بەرھەمھاتووی ئەدەبی و ھونەریدا، جیھانبینی ئەو گروپە كۆمەڵایەتییە دەخاتەڕوو كە خۆی تێیدا دەژی.

ڕەخنەی ئێمە كە پشتی بەھیچ فیكرێك نەبەستووە كە لە كوردەواریدا سەرچاوەی گرتبێت، ھەتا ئەم ئاستەش نەڕۆیشتووە كە لانیكەم بۆ سەرچاوەكانی بەرھەمەكە بگەڕێتەوە، یان لانیكەم ئاوڕێك لە ڕابردوو بداتەوە، یان سازش دەكات، یان كوێرانە ھێمای ئێكس بەسەر دەقەدا دەدات، واتە ھێڵێكی ڕاست و چەپ بەسەر دەقەكەدا دەدات.

ڕۆلان بارت لە كتێبی ڕەخنە و ھەقیقەتدا سەبارەت بە جیاكردنەوەی ڕەخنەی كۆن و نوێ دەڵێ" ھەوڵدان بۆ لێكۆڵینەوەی پێكھاتەی بەرھەمە ئەدەبییەكان كارێكی گرینگە، ھەندێك لێكۆڵەرەوە لەسەر بنەمای ئەو شێوازانەی كە ڕەخنەی كۆن ھیچ قسەیەكیان لەسەر ناكات، ئەو كارەیان ئەنجامداوە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە ڕەخنەی كۆن بانگەشەی ڕێزگرتن لەپێكھاتەكان دەكات، بەبێ ئەوەی دەستی دابێتە پێكھاتەگەرایی (ئەو وشە گەندەڵی خوڵقێنەی كە دەبێ زمانی فەرانسی لێ پاك بكرێتەوە)، ھیچ گومانێك لەوەدا نییە كە دەبێت كۆمەكی خودی بەرھەمەكە بەرھەمێكی تر بخوێنێتەوە، بۆیە ڕەخنەی كۆن لە ئاست بینین و بەكارھێنانی ھێماكان، واتە ھاوژینی ماناكان لاواز و كوێرە، لەڕوانگەی ئەو ڕەخنەیەوە ھەر ئەوەندەی ھەنگاو بەسەر كاركردە بەرتەسك و دانایی ئامێزەكانی زماندا ھەڵبھێنرێتەوە، ئەم كاركردە ھێماگەرە گشتگیرەی بواری درووستكردنی بیرۆكە و وێناندنەكانی، بەرھەمێك فەراھەم دەكات سنووردار و بەرتەسك و سانسۆر دەكرێت. ڕەخنەی ئێمە كە پشتی بەھیچ فیكرێك نەبەستووە كە لە كوردەواریدا سەرچاوەی گرتبێت، ھەتا ئەم ئاستەش نەڕۆیشتووە كە لانیكەم بۆ سەرچاوەكانی بەرھەمەكە بگەڕێتەوە، یان لانیكەم ئاوڕێك لە ڕابردوو بداتەوە، یان سازش دەكات، یان كوێرانە ھێمای ئێكس بەسەر دەقەدا دەدات، واتە ھێڵێكی ڕاست و چەپ بەسەر دەقەكەدا دەدات. خۆ ئەگەر لەوەش ترازا  و كەسێك خوێندنەوەیەكی جددی بۆ تێكستێك كرد و پشت و ناوەوەی دەقەكەی ئاشكرا كرد، ئەوا دوژمنێكی سایكۆلۆژی بۆ خۆی پەیدا كرد، چونكە وەكو دیدگایەكی فیكری تەماشا ناكرێت. ئەدەبیاتی كوردی خاڵییە لە ڕەخنە، چونكە پراكتیك كردنی ڕەخنە بەسەر دەقێكدا، زانست و سیستم و میتۆدی گەرەكە، نەك كێشەی نەتەوە و كۆكردنەوەی جوانی لە گوتار و مەبەستدا بۆ بەتاڵ كردنەوە و حەماسەت و سۆز بۆ كێشەیەكی سیاسی، نەك كێشەی ئەدەب وەكوو ھونەر. باشترین نووسین بۆ ڕەخنە لە ئەدەبیاتی كوردیدا، كتێبەكەی دكتۆر عزەدین مستەفا ڕەسوڵ ە بەناونیشانی (ریالیزم لە ئەدەبی كوردی) كە بەزمانی عەرەبی نووسراوە،چاپی یەكەمی لە وڵاتی لوبنان بووە و وەكو میتۆد لە زانكۆكان دەخوێنرێت و وەكو سەرچاوە كەڵكی لێوەردەگیرێت، ئەمەش لەبری ئەوەی نووسەر ڕابھێنێ لەسەر ڕەخنە و نووسین و ناسینەوە و یەكلاكردنەوەی دەقی خۆماڵی و ئەوانی تر، كەچی خوێنەری فێركرد ئەدەب دووچاری پەیوەست گەرایی بكات بەو فەزایە.

(٢)

 تیۆر، بابەتێكی ھەستیاری فكرییە كە پێدەچێ لەمدواییەدا كەمتر بایەخی پێدرابێت لەفەزای ئەدەبیدا، بەتایبەتی لەرۆژھەڵات، یان لە دونیای ئەدەبی و نووسینی كوردیدا، بەڵام كارەكە لەمێژە ھەیە و ھیچ كەلێنێكیشی بۆ ئیستاتیكا و ھونەرەكانی دیكەی ئەدەب نەھێشتۆتەوە، بەو پێیەی كە دەیان بیرمەندی ئەم بوارە بەم كارە ھەڵساون.

(رۆمەن یاكۆپسن) ی زمانناسی ئەدەبی ڕوسی، پێیوایە بەكارھێنانی تیۆر، بەمانای گەنجبوونەوەی دەق دێت، سەرھەڵدانی ئەم چەمكە فكرییە بە ڕێوڕەسمێكی مێژووییدا تێپەڕیوە و لقی جیاوازی لێبۆتەوە.

قسەكردن لەسەر تیۆر شتێكی ئاسان نییە، چونكە پێناسەی جۆراوجۆری ھەیە، یەكێك لەو پێناسانەش بریتیین (لەوەسف یان مانای گشتی بۆ دەق)، سا با ھەر دەقێكی ئەدەبی بێت، گرینگ ئەوەیە پێناسەیەكی دیكە ئەوەیە كە بریتییە (لە لێكۆڵینەوە یان شیكردنەوەی تێكستێك بەرمەبنای فكرێكی دیاریكراو)، یان تێكستێكی ئەدەبی و فۆلكلۆری یان زانستی و ھتد، لەپێناسەیەكی دیكەدا كە من خوێندوومەتەوە، (رۆمەن یاكۆپسن) ی زمانناسی ئەدەبی ڕوسی، پێیوایە بەكارھێنانی تیۆر، بەمانای گەنجبوونەوەی دەق دێت، سەرھەڵدانی ئەم چەمكە فكرییە بە ڕێوڕەسمێكی مێژووییدا تێپەڕیوە و لقی جیاوازی لێبۆتەوە. وەكو توێژینەوە لەزمانناسی و ئەنتۆڵۆژی وایە، ئەم تێڕوانینە فكرییە ھەریەك لە (لیڤی شتراوس و تەزفیتانت تۆدۆرۆف) سەرمەشقی بوون، بەو پێیەی كە زۆربەی چەمكە فەلسەفییەكان سەرچاوەكەی ئەسینایە، بۆیە یەكەمین جار كەسێك كە زاراوەی تیۆری بەكارھێناو (ئەفڵاتۆن) بووە، ئەویش بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر سیستمی دەوڵەت كە ئەوكات بەدەوڵەتشار ناوینراوە، دوابەدوای ئەویش (ئەرستۆ) بۆ ھونەر و ئەدەب و سیاسەت كاری پێكردووە، دواتریش لەسەردەمی ڕێنسانسدا كەسێكی وەكو (فرانسیس بیكۆن) و دواتریش (دیكارت) لەسەدەی حەڤدەھەم لەبواری عەقڵ و ئاشكراكردنی ھەقیقەت و لەبواری زانستدا كاری پێكراوە، لەدوای ئەو كەسێكی وەكو (ئەمانوئێل كانت) لەبوارەكانی ئەخلاق و سیاسەت زاراوەی تیۆری بەكارھێناوە، دوای ئەویش (كلۆد بێرنار) كاری بەتیۆری واقیعیانە كردووە. تیۆر یەكێكە لەو شێوە زانستانەی كە بەنەفعی خۆی دەگەڕێتەوە، ئەمەش بەئەزموونگەرایی لەزانستێكی دیاریكراودایە. بەڵام ھەموو فەیلەسوفەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە تیۆر كارێكی زەحمەتە و زۆرجار بەرھەمی ڕاستەقینە و كۆنكرێت بەدەستەوە نادات و ڕێگە بەبۆچوونی دیكە دەدات. 

لەسەرووی ھەموو ئەو تێڕوانینانەوە، تیۆر ڕێكارێكە بۆ توێژەر، یان نووسەری بابەتێكی فكری بۆ كۆكردنەوەی مەعریفەیە لەسەر ھەر بابەتێك بۆ پۆلین كردن، پاشان شیكردنەوەی سرووشتی بابەت و دیاردەكە بەسەر توێژەردا دەسەپێنێ كە پێویستە چ تیۆرێكی فیكری بەكاربھێنێ، تاكو ئامانجەكە بپێكێ، وردتر بڵێم تیۆر بریتییە لە پڕۆسەكانی سەرنجدان و وردبوونەوە و بەدەستھێنانی زانیاری و كۆكردنەوەی ئەو داتایانەی كە لەرێگەی جیاوازەوە بەدەستھاتوون، دواتر پۆلینكراون و شیكردنەوەیان بۆ كراوە، ھەروەھا ھەوڵێكە بۆ شیكار و تۆماری دیاركراوی بابەت و چاوپێكەوتنی ئەو كەس و لایەنانەی كە گرێدراوی بابەتەكەن، كە دەڵێین سەبارەت بە ئەدەب مەبەستمان لەوەیە كە پێناسەیەكی گشتگیری سیستماتیك ھەبێت بۆ ئەدەب، وەكو نووسین و وەكو ناسینی سروشت كە لەئەدەبدا وێنا دەكرێت.

تیۆر لەسەر بنەمای بەرھەمی ئەدیب و خودی دانەر و دەق لێكدانەوە دەكات، لەوێشەوە بۆ مانا سۆسیۆلۆژییەكەی كە زمان و مەبەست و پشتی ئامانجی دەق و گوتارەكەیەتی، ئەمە لە كاتێكدا كە ڕێنیسانس گەشەیەكی تەواوی بە یەكێتی نێوان ستایل و جەوھەری دەق دا، لەوێدا كە دەق وەكو نموودی خۆی و جەوھەریش وەكو مەبەست و ئامانج لە گوتاری دەقەكە. ئینجا بۆ دەقنووس كە ئەركی چییە لەو گوتارە و لەو مەعریفەیە و لەسەر چ بنەمایەك بۆتە وەزیفەی دەقنووس. ڕۆلان بارت لە كتێبی نووسین و ڕەخنەگرتن دەڵێ: مەعریفە بە سروشت وادەكات زمان فراوانتر و كراوەتر بێت، ئەویتر توێژینەوەیە لەبارەی بەرھەمھێنانی شێوازی ئەدەبی ئەرستۆكراتی، ھەروەھا مەرجی قەیرانی مێژووییشە، ئەمڕۆ دەكاتەوە بە سبەی، چونكە مەبەستی ئیستاتیكی و ڕێكخستنەوەی بابەتەكان تەواو ناكات، ئەم زمانە پێشكەوتووترە، بەومانایەی ئەمڕۆ مێژوو دەپچڕێنێ لەنێوان خەتی نووسەری كۆمەڵایەتی و ئەو پێداویستیانەی كە لاسایی دەگوازێتەوە، ئێمە شاھیدی ئەوەین كە لەسەردەمی سەرھەڵدانی بونیادگەری وەكو تیۆرێك بۆ فراوانكردنی تێگەیشتن لە ئەدەب وەكو فەزایەكی كراوەتر لە كایەكانی تر، ھەروەھا فراوانكردنی ڕەخنە بوو لەو ئەدەبەی كە بەبێ ئاگاھی لاسایی كەرەوە بوو. ھەروەھا بزووتنەوەیەكی فكری بوو لە بوارەكانی ئەنترۆپۆلۆژیا و سۆسیۆلۆژیا و مێژوو بە گشتی، لەوێشەوە بە شێوەیەكی تایبەت بۆ زمان، كە مەبەستە ھەرە ئاشناكەی لێكۆڵینەوە بوو لە سیستمی دەلالی بۆ ئەدەب، واتە لە بەكارھێنانی موفرەدەیەك، مانایەك ھەبێت، وەكوو ئەوەی جاك لاكان باسی دەكات، سەرەنجامیش تێگەیشتنێك درووست بوو كە ڕۆڵی ئەدەب تەنھا لەوەدا قەتیس نەكرێت، خوێنەر ڕازی بكرێت بە چێژ وەرگرتن لە دەق، ئەمە وەكو تێرم، یان مانایەك بێت بۆ بەرھەمھێنانی دەق، بەڵكوو مەبەستێك بێت لە واتایەك كە بایەخێك بە توانای خوێنەر بدات و لەوێشەوە پەیوەستگەرایی بە خوێنەر بدات و دانەر موحاسەبە بكات لەسەر ستایل و ئامانجی دەق. بەڵام سەرەنجام من بۆ خۆم نەمبینیوە و نەمخوێندۆتەوە دەقێك بە تیۆر یان بەرمەبنای تیۆرێكی دیاریكراو خوێنرابێتەوە، یان ڕەخنەكاری تیاكرابێت، لەھەموو حاڵەتێكدا دونیای ئەدەبی و ڕۆشنبیریی كوردی خاڵییە لەم بابەتە زانستییە ئەدەبییە. مەگەر كڵێشەیەك نووسرابێتەوە بۆ دەقێكی بیانی و نووسەر و ڕەخنەگرە كوردەكەش پراكتیكی كردبێتە سەر دەقێكی كوردی، كە من دەتوانم دەیان نموونە وەكو ناو و وەكو تێكست باس بكەم، بۆیە كە دەیخوێنینەوە تەنھا بۆ جوانكردنی جامخانەی ئەدەبەو ھیچی تر.

(٣)

دوای ئەم سەردەمە مێژووییەی ڕەخنە، ئیدی میتۆد گەشەی سەند و ڕەخنە بەجێگای ئەوەی وەكو تێرمێكی وشك بمێنێتەوە، بوو بە یەكێك لەئامرازەكانی فشار بۆ سەر كەسانی كورتبین و چوارچێوەدار لە فەزای ئەدەبیدا كە بووە كایەیەكی فراوان، ئەویش خوێندنەوەی دەقە لەبری ڕەخنە لە دەق، ھەرئەمەیە كە ماناش لەفاكتە كۆمەڵایەتییەكانی نێو ئەدەب كەوتە بەر ڕەخنەی جددی، یان خوێندنەوەی ھەڵوەشاندنەوەگەرایی.

بەپێی ڕەخنەگرە هاوچەرخەكان بێت كە نموونەی سێ جور ڕەخنەمان بۆ لەیەكتر جودا دەكەنەوە، لەئاستی ڕەخنەییدا مانا گرینگییەكی بەرفراوانی هەیە، چونكە ئەدەب بەگشتی بەدوای مانادا دەگەڕێت، بەتایبەت ئەدەبی گەلانی ڕەسەن كە كاریگەری لەسەر نەتەوە و گەلانی دیكەدا هەیە، بۆ نموونە كاریگەری ئەدەبی عەرەبی لەسەر فارس و كورد، ئەدەبی ئینگلیزی لەسەر فەرانسی و ئەوانی تر، بەڵام هەموو ئەو ئەدەبە جیاوازانە لەڕووی زمانەوە، نەیانتوانی مەسەلەی كاریگەری زمان و داستان و تێگەیشتن بۆ ئەدەب ڕزگاریان بێت و خۆیان یەكلایی بكەنەوە.

جیاكردنەوەی بابەت و تیۆری ڕەخنەیی وەكو سۆبژێكتێكی ماتماتیكی و كۆكردنەوەی مانا، لەنێو دونیای ئەدەبیاتی كوردیدا نەك هەر كاری پێنەكراوە و نەبۆتە تێگەیشتنی فیكری بۆ دەقی ئەدەبی، هەروەها نە لەكردارەوە تووشی پەرچەكردار بووە و نە ھەڵوێستێكی ڕەخنەگرانەی هەبووە لەبەرامبەر فەوزای تێكستی ئەدەبی كە من ئەم مەسەلەیە بەدەستێكی سیاسی دەزانم

جیاكردنەوەی بابەت و تیۆری ڕەخنەیی وەكو سۆبژێكتێكی ماتماتیكی و كۆكردنەوەی مانا، لەنێو دونیای ئەدەبیاتی كوردیدا نەك ھەر كاری پێنەكراوە و نەبۆتە تێگەیشتنی فیكری بۆ دەقی ئەدەبی، هەروەها نە لەكردارەوە تووشی پەرچەكردار بووە و نە ھەڵوێستێكی ڕەخنەگرانەی ھەبووە لەبەرامبەر فەوزای تێكستی ئەدەبی كە من ئەم مەسەلەیە بەدەستێكی سیاسی دەزانم و لێرە بواری ئەوەم نییە قسەی زۆر لەسەر بكەم، بۆیە بەپێچەوانەوە ڕەخنە لەنێو ئەدەبیاتی كوردیدا بەدوای دۆزینەوەی جیھان لەنێو مانا و گۆڕینی تێكست بۆ مانایەكی دیكە نەگەڕاوە، چونكە نە ڕەخنەگر بوونە و نە خوێنەری دەق، بەڵكو بەھەمان شێوەی پێشوو دابەشی سەر سێ جۆری جیاواز لەیەكتر كراوە كە دوورە لەم تێگەیشتنەی لەسەرەوە باسمان كرد، ئێستا دێینە سەر نموونەكانی ڕەخنە:

نموونەی یەكەم: ڕەخنە لێرەدا بەو مانایە دێت كە دەقی كوردی لەژێر كاریگەری ڕەخنە لدونیای عەرەبیدا ھاتۆتە ئاراوە، ئەویش ستایلی بە گواستنەوەی سروشت واتە (انگباعیە) كاریگەرە، ئەوەی كە ھەموو شتێك لەچێژدا كۆدەكاتەوە، یان پەیوەندیی كۆمەڵایەتی و مەحسوبیەت زاڵە بەسەر دەقە ڕەخنەییەكەدا، لەنێو عەرەبدا نموونەی (سەید قوتبمان) لەبەردەستە كە لەسەر كارەكانی (نەجیب مەحفوز) نووسیویەتی، ھەروەھا (محەمەد مەندور) كە قوتابی (تەھا حوسێن) بوو، بەبیانوی ئاشكراكردنی دەلالەتی زمانەوانییەوە، قسەیان لەسەر كارەكان دەكرد، من ئەم بابەتانەم لە فكری ئەدەبیاتی عەرەبیدا خوێندۆتەوە.

ئەو خوێندنەوانەی كە بۆ ھەندێ تێكستی شیعری و ڕۆمانی كوردی كراوە لەلایەن خوێنەرە كوردەكانەوە، ھیچ پێوەرێكی ئەدەبی و فكری نایانگرێتەوە، چونكە ئەسڵەن كورد خاوەنی فەزایەكی كراوەی فیكری نییە، تاكو ڕەخنە قبوڵ بكات، یان لانیكەم زەمینە خۆش بكات ڕەخنە لەدەقێك بگیرێت بەبێ ھیچ بیانوویەك و تەنھا لەپێناو ئەدەب بێت.

وەكو ڕوون بۆتەوە كە ڕەخنە لەگەڵ چەمكی خوێندنەوەدا تێكەڵ كراون، ئەمە لەكاتێكدا كێشەی ئەدەب و ڕوشنبیریی كوردی كە بۆشاییە، ئەوەیە كە خاڵییە لە ڕەخنە و خوێندنەوەی جددی بۆ تێكست، چونكە ئەدیبی كورد قبوڵی ڕەخنە و خوێندنەوەی تێكست ناكات بەمیتۆدە جیاوازەكانی دوای ھاتنی چەمكی مۆدێرنە بۆ نێو ئەدەبیات، بەتایبەتی میتۆدی ھەڵوەشاندنەوەگەرایی، لەكاتێكدا مۆدێرنە خۆی ھاوردەیەكی ئاڵۆز و مەترسیدار بوو بۆ نەتەوە بێ چەمك و دور لە فیكرەكانی وەكو كۆمەڵگە ڕۆژھەڵاتییەكان و بەتایبەتی كورد.

نموونەی دووەم: ئەو ڕەخنەیەیە كە لەدونیای ڕۆژئاواییەوە ھاتووە و ئەدیبی كورد كاری پێدەكات، ئەویش خوێندنەوەی تێكستە بەپێی میتۆد و لەوانەش بونیادگەری كە شێوەیەكە لە شڕۆڤەكردن بەوێنەی بیركاریانە و ئەندازەییانە بۆ زمان، بەو پێیەی كە بوونی تێكست خۆی وەڵامی پێدراوە تیۆرییەكانە، مەبەستم لە تێكست بونیادی ئەو چیرۆك و داستان و حەقایەت و شیعرانەیە كە نەنووسراونەتەوە، لەحاڵێكدا ڕەخنە تێڕوانینێكە لەو دەقانەی كە ڕەنگدانەوەی سایكۆلۆژیا یان شوناسی ڕاستەقینەی دەقنووسە. كەچی پێچەوانەكەی ڕاستە كە ئەلیوت گوتوویەتی(شیعر دەربڕینی سۆز نییە، بەڵكو ڕاكردنە لەسۆز.)

نموونەی سێھەم: لەوێدایە كە بەنێو تێكستدا بەدوای ئیستاتیكادا دەگەڕێ بەبێ لەبەرچاوگرتنی فەزای فیكری خودی دەقنووس، بەبێ شیكاری بۆ (چی گوتن) كە لەگوتاردا دەركەوێت، ئایا ئەو دەقانەی كورد ھەیەتی خود نووسینەوەیە، یان بەپێچەوانەوە. لەحاڵێكدا ئەم تێگەیشتنەش كە ناوی نراوە خود نووسینەوە، لەزۆربەی تێكستەكاندا دیار نییە و بانگەشەی ئەوەی بۆكراوە، ئەمە بەنیسبەت ئەدەبێك كە ناوی ئەدەبی ژنانی لێنراوە وێرانترە، چونكە خود نووسینەوە ئەو تێگەیشتنەی لەلای ژنان درووستكردووە كە لەجیاتی خودێتی خۆیان، نمایشكاری جەستەی خۆیان بن و سێكسیان نووسیوەتەوە، وەكو كاڵایەك بن، یان وەكو ڕیسك كردن لەو سانسۆرەی كە ڕێگە لە بەكاڵابوونی دەگرێت لە ئاستی فەرھەنگی و كۆمەڵایەتی و ورووژاندنی پیاو، چونكە پیاو وەكو ڕەگەزێكی جیاواز لەگەڵ ژن، بەو شێوەیە تەماشای ئەو جۆرە خود نووسینەوەیە دەكات، بەوپێیەی كە كۆدی ئەو نووسینانە لەوێوە ئاشكرا دەبێت، ئەمەش لەچەپاندنی كۆمەڵگەوە سەرچاوەی گرتووە كە ھیچ زانیارییەكیان لەبارەی سێكسەوە نییە بۆ ھەردوو ڕەگەزەكە. بۆیە كاتێك واتای ئەو نووسینەوانە دەبێتە مایەی ڕاكێشانی خوێنەر لەرێگەی جەستەوە، ڕوونتر بڵێم ئەو نووسینانەی كە بەزمانێك ئاراستەی پیاو كراوە و لە وێنەی سێكسی بەولاوە ھیچی تر نیین و ناچنە خانەی داھێنانەوە، بۆیەش جگە لەپیاوان لەدونیای ئەدەبدا، ژن نییە بەدەقی ژنێكی دیكە سەرسام بێت و خوێندنەوە بۆ دەقەكە بكات، ئەمە جگەلەوەی كە تەنھا پیاو لەئەدەبی كوردیدا خوێنەری دەقە بەمانا تیۆرییەكەی، ئەم فەزایەش كارێكی وەھای كردووە كە دەقی كوردی چ شیعر و چ ڕۆمان و چ چیرۆك و ھتد مانایەكی نوێمان پێنەبەخشێ، یان لانیكەم نەتوانێ ڕیسك بكات و دوور بكەوێتەوە لەدەقی بیانی، یان ئەدەبی دراوسێكانی دونیای ئەدەبیاتی كوردی وەكو فەڕوغ فروخزادی فارس، یان (غادە سەمان و ئەحلام موستەغانمی و لەیلا عوسمان) ژنە ڕۆماننوسی عەرەبن، چونكە ئێستا ژنگەلێكی دیكەی داھێنەر لەدونیای ئەدەبیاتی عەرەبی و فارسیدا دەركەوتوون، دەركەوتنی ژنانی ئەدیبیش دوو بەشن، بەشێكیان ئەوانەن كە خۆڕسكن و بەتوانای خۆیان داھێنانیان كرد وەكو (نازك ئەلملائیكە)، ئەوانی دیكەش ئەستێرەی درۆزنن كە لەبەر تیشكی میدیای سیاسەت و دەسەڵات دەبن بەناو، چونكە تواناكەیان ئاسایی و سنووردارن و ھەندێكجار لە دەقەكانیاندا دەردەكەوێ. بەھەرحاڵ چونكە كورد كۆپی عەرەبە و ئەوانیش لەنێو سیستم نەژیاون، بۆیە ھەم دەركەوتەیەكی نوێ نابینرێت، ھەم ڕەخنەگرەكانی ناتوانن ڕەخنە وەكو كردەیەكی فیكری و ئەدەبی فەزاكە وەربگرن، ئەمە دەردەسەرییەكەی فەزای بیركردنەوەی ئەم كۆمەڵگەیەیە بە ڕۆشنبیر و سیاسی و خەڵكی عەوامییەوە.

 تەوەر،تەوەری ئەدەبی،تەوەری ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری

چین بەئۆتۆمبێلێك تەحەدای گەورە كۆمپانیاكان دەكات

كۆمپانیای Havalی چینی ئۆتۆمبێلی H2 ڕاگەیاند، كە خاوەنی چەند تایبەتمەندییەكە لەهیچ ئۆتۆمبێلێكی نوێدا بونی نییە.

ئۆتۆمبێلەكە خاوەنی قەبارەیەكی گەروەی 4×4ە، درێژی ئۆتۆمبێلەكە 4 مەترو 47 سانتیمەترە، پانییەكەی 184 سانتیمەترو بەرزییەكەی 161 سانتیممەترە.

ئۆتۆمبێلەكە خاوەنی لێخوڕینی خودكارە، دوگمەكانی ناو ئۆتۆمبێلەكە بەلەمس كاردەكەن‌و هیچ دوگمەیەكی كلاسیكی تێدانییە، خاوەنی گەرمی‌و ساردی‌و جوڵەی كوشنەكان‌و پێشكەوتوترین سیستەمی مەڵتی میدیایە.

ئۆتۆمبێلەكە كامێرای بچوكی هەیە كە هەموو گۆشەكانی ئۆتۆمبێلەكە دەخاتەڕوو، خاوەنی سیستەمی هۆشمەندی پێكدادانەو بەزۆر نزیكبونەوە لەبەربەستەكان ئۆتۆمبێلەكە دەوەستێت‌و هەستیارە.

ئۆتۆمبێلە چینییەكە خاوەنی چەندجۆرێك بزوێنەرە، باشترین بزوێنەرێكی بەنزینە كە تایبەتمەندی فراوانی 1.5 لیترو كێشی 15 ئەسپی هەیە.

karwan

ئەندازیارانی ئەلیكترۆنی لە هۆڵەندا دەمامكێكی زیرەك دروست دەكەن

 

ئەندازیارانی ئەلیكترۆنی لە هۆڵەندا لە هەوڵی دروستكردن و پەرەپێدانی چەندین خزمەتگوزاریدان لەپێناو خزمەتكردنی هاوڵاتیان و لە هەوڵی دروستكردنی جۆرێك لە دەمامكن كە جگە لەوەی مرۆڤ لە ڤایرۆس و هەڵمژینی هەوای پیس دەپارێزێت ، توانای هەیە پلەی گەرمی لەش و رێژەی پیسبوونی هەوا بپێوێت ، جگە لەمانەش كاتێك دەمامكەكە بەكەڵكی بەكارهێنان نامێنێت بەكارهێنەرەكەی ئاگادار دەكاتەوە كە كاتی گۆڕینی دەمامكەكەیەتی.

 

 

 

بيستون ...

هۆكاری لەرزینی ئۆتۆمبێل لە كاتی لێخوڕین چییە؟

لەرزینی ئۆتۆمبێل هۆكاری زۆرە، هەر لە كۆن بوونی ئۆتۆمبێل تا تێكچوونی هاوسەنگی و شكانی پارچەكانی، بێگومان لەرزینی ئۆتۆمبێل مەترسیدارە و لە ڕێژەی سەلامەتی ئۆتۆمبێل كەمدەكاتەوە، بۆیە پێویست بەزوویی چارەسەر بكرێت.

هۆكاری لەرزینی ئۆتۆمبێل زۆرن، ئەمەش چەند هۆكارێكییەتی لە خێراییە جیاوازەكاندا:

یەكەم: ئەگەر هاتوو لەكاتی لێخورِینی ئۆتۆمبێلەكەتدا بە خێرایی نێوان (60 تا 120) كم/كاتژمێر دەڕۆشتیت و هەستت كرد سوكانی ئۆتۆمبێلەكەت دەلەرزێت یاخوت سەیارەكەت لەرزینی تیدایە، ئەوا بێگومان كێشە لە ویلەكانی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەكەتدا هەیە، واتە باڵانس و میزانیەیان باش نییە، یاخود تایەكانت یا ویلەكانت خوار بوون، یاخود كێشەیان تێدایە.

د‎ووەم: ئەگەر لەكاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەكەتدا بەخێرایی (120) كم/كاتژمێر و زیاتر دەڕۆیشتیت و هەستت كرد سوكانی ئۆتۆمبێلەكەت یاخود كوشنەكانی كەوتنە لەرزین، ئەوا دڵنیابە كێشە لە بەشی دواوەی ئوتومبیلەكەتدا هەیە، واتە باڵانس و میزانیەی ویلەكان یاخود تایەكانی دوواوە تەواو نییە یاخود خواربوون یان تایەكانت یا ویلەكەت كێشەی تیدایە.

سێیەم: ئەگەر هاتوو لەكاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەكەتدا بە خێرایی (60) كم/ كاتژمێر و كەمێك زیاتر دەڕۆیشتیت، كە قاچت خستە سەر ئیستۆپی ئۆتۆمبێلەكەت و هەستت كرد لەرزین هەیە، ئەوا دڵنیابە كێشەت لە فلنجەكانی ئۆتۆمبێلەكەتدا هەیە یان خوار بوون یاخود بەكەڵك نەماون، جا پێشەوە بێت یان دواوە.

چوارەم: ئەگەر هاتوو لەكاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەكەت بە خێرایی (60) كم/كاتژمێر بەرەو سەرەوە ئۆتۆمبێلەكە كەوتە سەر لەرزین ئەوا بزانە كەوا درایف شەفتی بەشی ناوەوە خراپ بووە، واتە سەری گێڕەكە تێك چووە و پێوستە بە كاملی بیگۆڕیت.

 

 

ز.س

ناسا بوونی ئاوی لەسەر رووی مانگ راگەیاند

دۆزینەوەیەکی سەرنجڕاکێش و بێهاوتا.. ناسا "بوونی ئاوی لەسەر رووی مانگ" راگەیاند.

لە دۆزینەوەیەکی سەرنجڕاکێشدا جیم برایدنستاین، بەڕێوەبەری ئاژانسی بۆشاییگەری ئەمریکا "ناسا" بوونی ئاوی لەسەر رووی مانگ راگەیاند.

برایدنستاین لە تویتێکدا لەسەر هەژماری خۆی لە تویتەر گوتی، "لەڕێگەی بەکارهێنانی تەلسکۆبی "SOFIA"وە بۆ یەکەمجار بووني ئاو لەسەر رووی مانگ لە بەرامبەر خۆر پشتڕاست دەکەینەوە".

برایدنستاین، ئەوەشی زیاد کرد: "تا یٔێستا نازانین ئایا دەتوانین ئەو ئاوە وەک سەرچاوەی ژیان بەکاربهێنین یان نا، بەڵام دۆزینەوەی ئاو هۆکارێکی سەرەکییە لە پلانی دۆزینەوەی ئەرتمس".

ئەم ئەنجامانە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاو لەسەر مانگ دروست دەبێت، یان لە سەرچاوەکانی دەرەوە بۆی دێت و، لە ناوچە جەمسەرییەکان مانگ کۆدەبنەوە.

بوونی ئاو پاڵنەرێکی زیاتر دەبێت لە ئاشکراکردنی مانگ و یاسا ئەگەرییەکانی داهاتوو تێیدا، بۆ ئەوەی وەک سەرچاوەیەکی ئەگەری ئاوی خواردنەوە و، سووتەمەنی کار بکات.