ئێستا ژیان نیشتیمانمە

بەختیار عەلی

 نۆرمان میللەر لە تێکستێکیدا دەڵێت « مردن زۆر سەخت نییە، تا ئێستا کەس نییە نەیتوانیبێت بمرێت». بەڵام ئەم وەسفە بۆ هەموو کەس دروست نییە... بەبڕوای من شێرکۆ لەوانەیە چەندە بیەوێت، چەندە هەوڵبدات ناتوانێت بمرێت. کورتکردنەوەو وەسفکردنی شێرکۆ لەکارە سەختەکانە. من رستەیەک شکنابەم لەوەسفیدا باسیبکەم، دێڕێکی کنۆت هامبسون نەبێت کە دەڵێت «بلیمەت چەخماخەیەکە، گرمەکەی سەدان ساڵ دەنگدەداتەوە». ڕاستە ئەمڕۆ چیتر روناکی ئەو چەخماخەیە نابینین، بەڵام بەدڵنیاییەوە گرمەی تا سەدان ساڵی ترو ڕەنگە تا دوا کورد لەسەر ئەم ئەستێرەیە بەردەوام بێت. مردنی کتوپڕ نەبوو، لەو جێگایەدا هات کە دەبوو بێت، وەک خۆی، وەک رووداوێک، وەک شتێک دوای خۆی رەنگی دونیا دەگۆڕێت... مردنی وەک شتێک دێت کە پێشتر زۆر بیری لێکرابێتەوە، وەک پلانی بۆ کێشرابێت، وەک ساتێک بێت، لەمێژە خۆی بزانێت لەکوێدایەو کەی دێت. مردن هەمیشە بەشێکی گرنگی جیهانبینی شێرکۆ بووە، بەڵام شێرکۆ لەو شاعیرانەیە کە دەتوانین بەشاعیرانی ژیان ناویان بەرین. زۆر لەسەر مردوەکانی نوسیوە، نا بۆ ئەوەی مردنیان بگێڕێتەوە، بەڵکو بۆئەوەی زیندوویانبکاتەوە... نوسین لای شێرکۆ، پرۆسەی ژیان بەبەرداکردن بووە. نوسین لای ئەو بەدروستکردنی ژیانەوە گرێدراوە. سەردەمی شێرکۆ، بەمڕۆشەوە سەردەمی مردن‌و کارەساتە گەورەکان بوو. بەرامبەر بەدەسەڵاتی ڕەهای مەرگ، شیعری شێرکۆ سەمبولی دەسەڵاتی ڕەهای ژیانە. ئەو بەژیانی ڕەها، بەژیانێک کە دەکرێت بەبەری هەموو مردوەکاندا، بەبەری هەموو بێگیانەکاندا، وەڵامی مەرگ دەداتەوە، بەرامبەر بەبێنرخبوونی مرۆڤ، شیعری شێرکۆ گۆرانییەکی بەردەوام‌و ستایشکردنێکی بێوچانی جوانییەکانی مرۆڤە. هەموو شتێک لەشیعری شێرکۆدا دەژی‌و وەک مرۆڤ دەنوێنێت. نیشتیمانی شێرکۆ، نیشتیمان نییە بەمانا ناسیونالیستییە تەسکەکەی، بەڵکو هەموو ئەو شوێن‌و سنوورانەیە کە هێزی ژیان دەستی دەگاتێ. لەشیعری ئەودا بەردەکان، چیاکان، باڵندەکان پێکڕا وەک ئێمە زیندوون، وەک ئێمە هاواردەکەن، دەترسن‌و دەژین‌و بۆ مانا دەگەڕێن . «گۆران» یش وەک شێرکۆ عاشقی ژیان بوو، بەڵام گۆران کوڕی ڕۆژگاری کارەساتە گەورەکان نەبوو... گرنگیی شێرکۆ لەوەدایە لەناوەڕاستی هەموو گەردەلوول‌و کارەساتەکاندا ستایشی ژیان دەکات، ئەو تەنیا وابەستەی زیندوێتی خۆی نییە، بەڵکو وابەستەی لادان‌و شکاندنی هەر قاڵبێکە کە بوونمان گەمارۆدەدات، شیعری ئەو هیچ نییە جگە لەبەربوونی وزەی ناکۆتای ژیان لەزیندانە گەورەکانی خۆی. شێرکۆ لەسیاسەتیشدا نوێنەری هاواری ژیانە، نەوەک هاواری ئایدۆلۆژیایەک یان بەرەیەک. ئەو شاعیری ڕووداوە گەورەکان‌و شتە بچوکەکانیش بوو، هیچ کات لەزمانی شیعر بەولاوە زمانێکی تری نەبوو، شیعری ئەو بریتییە لەسەفەرێکی بێوچان‌و قووڵ‌و پڕ لەسەرسامی بەناو شتەکان‌و پەیوەندییە نهێنییەکانیاندا. یەکێک بوو لەو شاعیرە کەمانەی مێژوو کە دەتوانن هەموو شتێک بکەن بەشیعر... لەهەر شت سەختترو گرنگتر بۆ من، هێزی شێرکۆ بوو لەسەر گۆڕینی سیاسەت بۆ شیعر. سیاسەت لای شێرکۆ بەشێک بوو لەدونیابینییە شیعرییەکەی، هیچ کات بەچاوی سیاسی سەیری شیعری نەدەکرد، بەڵکو هەمیشە بەچاوی شاعیر سەیری سیاسەتی دەکرد... هیچ کات هەستم نەکردوە، لەوە بپرسێت خەڵک لەسەر خۆی، لەسەر هەڵوێستی، لەسەر بڕواکانی چی دەڵێن، بەڵام هەمیشە دوودڵی ئەوەبوو لەسەر شیعری چی دەگووترێت. نە پێش ئەوو نە دوای ئەو کەسێکمان نییە بەوجۆرە دیلی شیعر بووبێت. شێرکۆ شاعیر نەبوو، بەڵکو کارخانەیەکی گەورەو سەرسوڕهێنەری شیعر بوو. هێزێکی بێوێنەی هەبوو، شیعر لەهەموو فۆرم‌و شێوەو ئەگەرەکانیدا تاقیبکاتەوە، شیعر تا ئەوپەڕی سنوورەکانی مەحاڵ ڕابکێشێت، هەمان بیرۆکەو هەمان ئایدیا لەسەدان وێنەی جیاوازدا دابڕێژێت. ئەو هەمیشە لێرەیە... لەو مرۆڤانەیە کە تەنیا لەدایکدەبێت، مردنی هیچ نییە جگە لەمیتافۆرێکی شیعری، لەمەجازێک کە هیچ کات ناتوانین وەک حەقیقەت وەریبگرین... لەگەڵ شێرکۆدا مردن هیچ کات ناتوانێت وەزیفەی تەواوەتی خۆی تەواوبکات، ئەو وەک هەموو نوسەرە گەورەکان یەک لەشی نییە، بەڵکو زیاد لەلەشێکی هەیە، مردن تەنیا دەتوانێت فۆرمێکی جەستەی بسڕێتەوە، بەڵام فۆرمەکانی تری هەمیشە لێرەن ... ئەو لەو ڕۆحانەیە چەندە مردن لەڕاڕەوەکانی کات‌و شوێندا دوای بکەوێت، بەجۆرێک لەجۆرەکان زیندوودەبێتەوەو سەرهەڵدەداتەوە، ئەو وەک هەموو شاعیرەکان پتر لەسەرابە تا لەگۆشت. ئەوەی شێرکۆی کرد بەکاراکتەرێکی گەورە، ئەو توانا گەورەیەی بوو، هەمیشە لەسەرەتاوە دەستپێبکاتەوە، شیعر لای شێرکۆ ئەزموونێک نییە سەرەتاو کۆتایی هەبێت، بەڵکو هەر خودی ژیانە لەجوڵە ئەبەدییەکەیدا. ڕەنگە هەموو سەرسامبووبین بەتوانای لەسەر نەوەستان، لەسەر نوسین، بەڵام خۆی نا، خۆی یەکێکە لەوانەی هەمیشە لەسەرەتاوە دەستپێدەکەنەوە، بۆ ئەو ژیان ئەوەبوو بنوسێت، نەوەک هەناسەبدات. ئەو لەو مردووانەیە کە بەردەوام دەگەڕێنەوە، هەمیشە شتێکی نوێی تێدایە دەبێت بانگیبکەین‌و بیبینین. ئەو تەنیا مرۆڤێک نەبوو بەهەزاران قەسیدەوە، بەڵکو مرۆڤێکە سەردەمەکانی داهاتوو، ئەو ڕۆژگارانەی کە دێن، هەرگیز تێرنابن لەسەیرکردنی.

 زۆر ناڕۆم گەر بڵێم شێرکۆ تەنیا روانگەییەکی راستەقینە بوو، تاکە ڕوانگەییەک تا کۆتا بەوەفا بوو بۆ ئەو گیانی داهێنانەی ڕوانگە بانگەشەی بۆ دەکرد، تاکە روانگەییەکیش کە ڕوانگە دیلی نەکرد . لەساتێکدا ناوی ئەو تەواو بەسەر ناوی روانگەدا سەرکەوت، هێزی ڕوانین‌و بینینی لەوە گەورەتر بوو لەهیچ ڕێباز یان قاڵبێک یاخود فۆرمێکدا ببەسترێتەوە. وەک هەموو نوسەرێکی گەورە توانای هەبوو سەر بەهیچ ڕێبازو قوتابخانەیەک نەبێت، ڕوانگە لەئەزموونی سەرەتایی شێرکۆدا، ساتێکی ترازانە لەمێژووی پێش خۆی... ساتێکی هەستکردنە بەلەدایکبوونی دونیایەک کە پێویستی بەدەنگێک هەیە ببێتە نوێنەرو قسەکەری، بەهەڵگری پارادۆکس‌و ناکۆکییەکانی، بەگوزارشتکەرێک لەئومێدە ترساوەکانی. بەبڕوای من ڕوانگە هیچ کات قوتابخانە یان رێباز نەبووە، بەڵکو ناونانێکی میتۆلۆگییە بۆ لەدایکبوونی دونیایەکی نوێ، بۆ ساتێک هەست بەئاوابوونی جیهانێک دەکەین‌و خۆمان لەبەردەم گەرداوی ڕۆژگارێکی نوێدا دەبینین.

جیاوازی نێوان شێرکۆو هەموو شیعری پێش خۆی بەپلەی یەکەم لەوەدایە، کە شاعیرانی دی هەموو بەجۆرێک لەجۆرەکان لەناو جیهانێکی ئامادەدا لەدایکدەبوون، لەناو سیستمێکی زمان‌و وێناکردنی پێشوەخت ئەزموونکراودا، لەناو فۆرمێکی شیعرو شێوەیەکی تێڕوانیندا کە مێژووییەکی دێرینەی بوو، ئەفسانەی شێرکۆ لەوەوە دەستپێدەکات کە دوای دوو دیوانی یەکەمی بەجۆرێکی رادیکال، لەناکاو، وەک بازێکی ئەفسانەیی شیعرەکانی «من تێنوێتیم بەگڕ دەشکێ» دەنوسێت، باز بەرەو جیهانێکی نوێ‌و زمانێکی نوێ دەدات کە پێشتر نەبووەو تاقینەکراوەتەوە. «من تینوێتیم بە گڕ دەشکێ» لەگەڵ «لەخەوما»ی جەمیل سائیب ، دوو گرنگترین کاری ئەدەبی سەدەی بیستی ئێمەن... لەبەرئەوەی لەهەردووکیاندا بەجۆرێکی ڕادیکال شکاندنی گۆشەنیگاو سیستمی وێناکردنی دونیا هەیە. «من تینوێتیم بەگڕ دەشکێت» ساتی لەدایکبوونی ڕاستەقینەی شێرکۆیە، ساتی جیابوونەوەی گەورەیەتی لەگۆران، ساتی پچڕانی شیعری کوردییە لەچەند سەدەیەک  ڕابوردووی خۆی... بەبڕوای من هەڵەیەکی گەورەیە دروستبوونی ئەم ساتە تەنیا بگێڕینەوە بۆ کاریگەریی شیعری عەرەبی نوێ لەسەر نوسەرانی ئەو دەم، بەپێچەوانەوە، ئەو ساتە ساتی پەیوەندی راستەقینەی ئەدەبیاتی ئێمەیە بەکەلەپوورێکی کۆن‌و دێرین‌و چەپێنراوی خۆی، ساتی لەدایکبوونی ڕاستەقینەی زمانە بەمانا هەرە گەورەو بێسنوورو فەنتازییەکەی ... شێرکۆ ساتی هاتنەگۆی زمانێکە بەدرێژایی مێژوو بەچاوی بەستراوەوە قسەیکردوە. ساتی پەیوەندیکردنی زمانە بەقووڵاییە شاردراوەکانی خۆیەوە، ساتی دۆزینەوەی زمانە بۆ ئازادی خۆی، ئازادییەک کە حەتمەن پێش هەموو جۆرە ئازادییەکی تر دەکەوێت. ئەمجۆرە شۆڕشە تەنیا لەقووڵایی زمان خۆیدا دەکرێت، کاریگەرییەکانی دەرەوە هەرچییەک‌و هەرچۆنێک بن، تەنیا مۆتیڤن‌و هیچی تر ... نوێگەریی شێرکۆ ناشوبهێنرێت بەهیچ جۆرێک لەنوێگەرییەکانی تر لەئەدەبیاتی دەوروبەردا، شێرکۆ تەنیا داهێنەری فۆرمێکی نوێی شیعر نییە، بەڵکو ساتێکی گەورەترو ئەفسانەییترە، ساتی دۆزینەوەی زمانە بۆ جەستەی خۆی، بۆ ناکۆتابوونی خۆی، بۆ سنوورە دوورو ئەگەرە بێشومارەکانی ناوی ... لەگەڵ شێرکۆدا زمانی کوردی لەزمانێکەوە کە تەنیا لەمەودای تەسکدا بەکاردەهێنرێت، تەنیا لەسەر لۆکاڵ ئیشدەکات، لەبۆ گەیاندن دەجوڵێتەوە، دەبێتە زمانێکی یۆنفێرسال، زمانێک بۆ هەموو شتێک، بۆ هەموو سەرکێشییەک، بۆ هەموو جۆرە گوزارشتێک، واتە توانای گوزارشتی لەئەبستراکت دەگاتە هەمان توانای بۆ گوزارشت لەدونیای واقعی‌و مەتریالی، سیفەتێک ڕێگا بەوەچەکانی دوای شێرکۆ دەدات، دەرگای بیرکردنەوەی تیوریی لەزمانی کوردیدا بکەنەوە، کارێک کە بێ ئەزموونی شێرکۆ نەکردەو ئەستەم بوو. ڕۆڵی مارتن لۆتەر لەئازادکردنی زمانە ئەوروپییەکاندا لەچنگی لاتینی چەند گەورەیە، ڕۆڵی شێرکۆ لەڕزگارکردنی زمانی کوردیدا لەمێژووی خنکاوی خۆی، لەدەسەڵاتی زمانەکانی دەوروبەر هێندە گەورەیە.

شیعری شێرکۆو ئەزموونە هەرە گەورەو نەبڕاوەکەی، ئەو هەوڵە داستانئامێزە بۆ باوەشکردن بەهەموو گەردوندا لەڕێگای شیعرەوە، بۆ نزیکبوونەوە لەهەموو شتێک لەڕێگای شیعرەوە، بۆ گۆڕینی شیعر بۆ خاڵێک دونیا لێوەی دەست پێدەکات، گوزارشتە لەو لەرینەوە گەورەو شەپۆلانە مەزنەی زمان دەتوانێت وەک دەریا لەناو خۆیدا دروستیبکات. گەر زۆر وردبینەوە دەبینین کە ئەوە شێرکۆ نییە زمان بەکاردەهێنێت تا قسەبکات، بەڵکو زمانە شێرکۆ بەکاردەهێنێت تا گوزارشت لەگەورەیی‌و بێسنووریی خۆی بکات... ئەوە شێرکۆ نییە لەڕێگای زمانەوە خۆی ئازاد دەکات، بەڵکو زمانە لەڕێگای شێرکۆوە ئازاد دەبێت.

 شیعری شێرکۆ وەڵامێکی گەورەیە بۆ چەندین سەدە لەبێدەنگی قووڵ‌و گەورە. ئەو بەهەزاران لاپەڕە لەشیعر، وەڵامی سەدان ساڵ لەبێدەنگی ئێمە دەداتەوە. شێرکۆ دێت‌و یەکەم ئاوڕدانەوەی لەدوای خۆی، مێژووییەکی لاوازو خاڵی دەبینیت، دنیایەک شتەکان تێیدا بێدەنگن... لەشیعری کلاسیکیدا جگە لەسۆزو عاتیفەی عاشقانە هیچی تر قسەی نەکردوە، عاتیفەی چەپێنراوی مرۆڤ بەجۆرێک بەسەر فەنتازیای شیعردا زاڵبووە، تەواوی دونیاو هەستەکان‌و شتەکانی تری بێدەنگکردوە. شیعری شێرکۆ وەڵامێکی گەورەیە بۆ ئەو بیابانە مێژووییە بەرینە... ڕزگارکردنی شیعرە لەوەی تەنیا گوزارشتێکی عاتیفییانە بێت بۆ وەسفی یارو گلەیی بێت لەدووری ئەو. شێرکۆ دووری نێوان «وشەکان»‌و «شتەکان» بەجۆرێکی قووڵ دەدۆزێتەوە، ئەو فاسیلە گەورەیە هەست پێدەکات کە لەنێوان شیعرو بووندا دروستبووە. شیعری شێرکۆ لەبری گوزارشتێکی عاتیفیانەی کلاسیکی، دەبێتە نزیکبوونەوەیەکی گەورە لەگەردون. هەموو ئەو ڕووبەرانەی لەئەزموونی کلاسیکیدا بێدەنگ‌و شاردراوەن لەشیعری شێرکۆدا شوێنی خۆیان وەردەگرنەوە، شیعری شێرکۆ هاتنەگۆیەکی نوێی وشەکان‌و دەرکەوتەی ڕوخسارێکی دیکەی شتەکانە، هەم چالاکبوونەوەی وشەیە، هەم ڕزگاربوونی شتەکانە لەمردن‌و فەرامۆشی.

 لەڕاستیدا شتێک نییە ناوی کۆتایی قسەکردن بێت لەسەر شێرکۆ... لەهەر جێگایەک هەستبکەین شتێکمان لەسەر شێرکۆ گووتووە، هەر لەو جێگایەدا دەبێت دووبارە بیخوێنینەوەو بەسەر دونیا ئاڵۆزو فرە ڕێ‌و فرە چینەکەیدا بچینەوە... ئەو بەتەنیا شاعیرێک نییە  هاتبێت‌و بڕوات ، سەردەمێک بوو بەهەموو جەنجاڵییەکانییەوە، جیهانێک بوو بەهەموو پارادۆکسە گەورەکانییەوە، جیهانێک لەڕێگای ئەوەوەو تەنیا لەژێر باڵی خودێکی فرە رەنگ‌و فرە باڵی وەک ئەودا، دەیتوانی گوزارشت لەترس‌و ئومێدو خەونەکانی خۆی بکات.

لەژمارە ٣٩٠ی رۆژنامەی ئاوێنە-دا بڵاوکراوەتەوە

شێرکۆ بێکەس‌و کوردبوون

مه‌ریوان وریا قانع

لەژیانی هه‌موو میلەتێکدا هه‌ندێک ڕووداوی ناخۆش هه‌ن کە دەبنە بەشێک لەیاده‌وەری گشتی ئەو میلەتەو ساڵانێکی درێژ لەگەڵیدا دەمێننەوە، لەمێژووی ئێمەدا بۆ نموونە، ڕووداوی شەشی ئەیلولی ١٩٣٠، لەسێدارەدانی سەرۆک کۆماری مەهاباد، هه‌رەسی ساڵی ١٩٧٥، کیمیابارانکردنی هه‌ڵەبجەو پەلامارەکانی ئەنفال لەساڵی ١٩٨٨دا، کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١، گرتن‌و فڕاندنی عەبدوڵا ئۆچ ئالان، تێرۆرکردنی قاسملۆو هاوڕێکانی، بەردبارانکردنی کوشتنی دوعا، کوشتنی سێ خانمە تێکۆشەرەکەی کوردستانی باکور لەپاریس. هه‌ریەکێک لەم ڕووداوانە ڕەهه‌ندێکی نیشتیمانی‌و نەتەوەیی‌و ئینسانی گرنگیان هه‌یە، هه‌ریەکەیان بەشێوازی جیاوازو لەدەروازەی جیاوازەوە بەمێژووی ئێمەوە گرێدراون، هه‌م بەشێکن لەو مێژووەو هه‌م دروستکەری ئەو مێژووەن. پێموایە مردنی شێرکۆ بێکەسیش ڕووداوێکی لەو بابەتەیە، شتێکە ساڵانێکی درێژ لەگەڵماندا دەمێنێتەوە. ئەم پیاوە بەهه‌قیقەت موڵکی هه‌موو پارچەکانی کوردستان‌و موڵکی شیعرە، پیاوێکە وەک درەختێکی بەرز لەناو مێژووی ئێمەدا وەستاوە، ئەوانەی بەناو ئەم مێژووەدا تێدەپەڕن، دەبێت ساتێک لەسێبەری ئەو درەختەدا ڕاوەستن‌و لەڕەگ‌و قەدو گەڵاو گوڵەکانی ڕامێنن. ئەم پیاوە درەختە ساڵانێکی درێژە دەستی لەناو دروستکردنی ھۆشیاریی میلەتی ئێمەدایە، ھۆشیاری بەرامبەر بەخۆی‌و بەدوژمن‌و بەدۆست‌و بەشیعرو بەزمان‌و بەنووسین. شێرکۆ بێکەس یەکێکە لەکەسایەتییە بنەڕەتییەکانی سەدەی بیستەمی مێژووی ئێمە، نووسەرێکە لەهه‌مووان باشتر ماناکانی بوونی ئێمەی وەک میلەتێکی بریندار لەو سەدەیەدا بەرجەستەکردوە.

کوردبوون وەک گوناهی یەکەم

ئەگەر بکرێت ئەزموونی نووسینی شێرکۆ بێکەس لەڕستەیەکەدا کورتبکەمەوە دەکرێت بڵێم ئەوەی ئەم شاعیرە لەناو ساڵە تاریکەکانی سەدەی بیستەمدا ئەنجامیداوە گواستنەوەی ئەزموونی کوردبوونە بۆ ناو شیعر، کردنی ئەو ئەزموونەیە بەشیعر. بەڵام کوردبوون بەچ مانایەک؟ بێگومان کوردبوون بەمانا ناسیۆنالیستییە بەرتەسکەکەی نا، بەڵکو کوردبوون وەک دۆخی دەرکردنی کۆمەڵێک خەڵک بۆ دەرەوەی مێژوو دەرەوەی زەمەن، وەک گوناهێکی گەورە بەرامبەر بەمرۆڤ، لەڕاستیدا لەئەزموونی شێرکۆ بێکەسدا دەرکردنی کورد لەمێژوو وەک دەرکردنی ئینسان وایە لەبەهه‌شت، دروستکردنی ئێش‌و ئازارو وێڵگەردییەکی بێوێنەیە. شێرکۆ ئەم دەرکردنە وەک ”گوناهێکی یەکەم“، نزیک لەو گوناهه‌ی لەمەسیحیەتدا ناوی ”گوناهی بۆماوە“ی لێدەنێن، دەبینێت. گوناهێک کە دەبێتە ھۆی دروستبوونی قوربانییەک کە خۆی بەرپرس نییە لەدۆخی بەقوربانیبوونی. بەڵام قوربانییەک تەسلیمی قوربانیبوونی خۆی نابێت، خەونێکی بەردەوام بۆ ساتی بەر دەرکردن‌و توڕدانەوە دەرەوەی مێژووەوە دەبینێت، نەک هه‌ر خەونبینین بەڵام ئیشکردن بۆ ئەم گەڕانەوەیە. بەم مانایە شێرکۆ بێکەس مانایه‌کی دینی قووڵ بەکوردبوون ئەبەخشێت، وەک دۆخی تەربی بەدۆخی دەرکردن لەبەهه‌شت‌و کارکردن بۆ گەڕانەوە بۆ بەهه‌شت وێنایدەکات. ئەوەی گرنگە لەئەزموونی ئەم پیاوەدا ببینین ئەوەیە کوردبوون ڕۆحێکی بریندارە بەڵام تەسلیمی برینەکانی نابێت، کوردبوون مرۆڤبوونێکی ڕێزلێنەگیراوە بەڵام تەسلیمی ئەم ڕێزلێنانە نابێت. ئەمەیە وادەکات کوردبوون لەشیعری شیرکۆدا چەند چیرۆکی مرۆڤێکی تێکشکاوو بەناهه‌ق دەرکراوە، ئەوەندەش چیرۆکی مرۆڤێکی یاخی‌و ناڕازی‌و بەرگریکەربێت، چەند بوونەوەرێکی شەڵاڵی خوێن‌و ماندوو بێبڕست بێت، بەڵام هێشتا خاوەنی ئیرادەو وزەی ڕۆیشتن‌و گەڕانی سەرسەختانەبێت: کوردبوون بەهه‌موو خەم‌و پەژارەو خەون‌و ئومێدو جوانی‌و ناشیرینی‌و تێکشکان‌و هه‌ستانەوەکانییەوە. کورد وەک سیزێفێک کە سەدەی بیستەم دروستیدەکات، بەڵام سیزیفێک ئومێدی ئەوە لەدەستنادات لەغەفڵەتێک لەغەفڵەته‌کانی مێژووداو لەسەدەیەک لەسەدە ئاڵۆزەکاندا لەسیزێفیەت ڕزگاریببێت، گەر تەنانەت لەڕێگای ناردنی نامەشەوەبێت بۆ خودا، نامەیەک کە نەبگاتە دەستی خوداو نەبەو زمانەش نووسرابێت کە لەئاسمان قسەیپێدەکرێت. ئەمە وایکردوە شیعری شێرکۆ بێکەس لەهه‌رشتێک بێئومێد بووبێت لەکوردبوون بێئومێد نەبووبێت، کوردبوون هه‌م وەک شوناسی سەرەکی شیعری شێرکۆو هه‌م وەک هێمایەکی توڕە بۆ سەردەمێکی ناهه‌موار لەمێژووی مرۆڤایەتی بمێنێتەوە، سەردەمێک پڕ لەتاوان‌و ژەھرکوژکردن‌و لەناوبردن.

هه‌رکەسێک سەرنجێکی خێرا لەکارە شیعرییە زۆرەکانی ئەم پیاوە بدات سەری سوڕدەمێنێت لەناوی ئەو هه‌موو مرۆڤ‌و شاخ‌و گوندو شارو لادێ‌و شەقام‌و کۆڵان‌و قەڵاو بەرزایی‌و شەهیدو گۆرانیبێژو شاعیرو پێشمەرگە‌و عاشق‌و ئافرەت‌و کرێکارو قوتابی‌و مۆسیقارو خائینە کوردانە کە لەجوگرافیای فراوانی ئەم شیعرەدا ئامادەن. مرۆڤ لەبەردەم کارە ئەدەبییەکانی ئەم پیاوەدا وا هه‌ستدەکات گەر ئەم شاعیرە بیتوانیایەو بۆی بکرایە هه‌موو کوردی، مرۆڤ بەمرۆڤ‌و دەغڵ بەدەغڵی، دەخستە ناو شیعرەکانییەوەو دەیگەڕاندنەوە بۆ ئەو سەرەتای سەرەتایانەی کە لێیدەرکراون، بۆ ئەو زەمەنەی شوێنێکی پەراوێزیشی پێ ڕەوا نەبینیون. کە دەڵێم هه‌موو کورد، باس لەشوناسێکی ئەتنی ناکەم، بەڵکو مەبەستم سەرتاپای ئەو دونیاو دۆخە تراژیدییەیە کە شوناسی کوردبوونی وەک یەکێک لەقوربانییە گەورەکانی سەدەی بیستەم دروستکردوە، باس لەدۆخی منداڵێک دەکەم لەقەڵایەکی سەخت ده‌رکرابێت‌و هه‌موو دەرگاکانی ئەو قەڵایەشی بەڕوودا داخرابێت. بەڵام منداڵێک کۆڵنەدات لەگەڕانەوە بۆ ناو ئەو قەڵایە، بەهه‌موو ئازارو گرفت‌و نەهامەتییەکانی ئەم هه‌وڵی گەڕانەوە زەحمەت‌و هه‌ندێکجار مەحاڵەوە.

شیعر وەک ویژدانی مێژوو

بەم مانایە شێرکۆ بێکەس شاعیرێکە ناتوانین دایببڕین لەمێژووی پڕ کەوتن‌و هه‌ستانەوەی سەدەی بیستەمی میلەتی ئێمە، ناتوانین وەک ویژدانی ئەو مێژووەو وەک بەرجەستەکەرێکی ڕاستگۆی ئومێدو نائومێدی‌و کارەسات‌و سەرکەوتنەکانی ئەو مێژووە نەیبینین. شیعری شێرکۆ تەنها نیشتیمانی مرۆڤە بریندارو یاخییەکان نییە، بەڵکو ژینگەی هه‌موو ئەو باڵندەو درەخت‌و شاخ‌و بەردو کۆڵانانەشە کە بەشێکن لەو مێژووەو بەسەدان شێوە لەشیعری شێرکۆدا تێکەڵن بەئومێدو نائومێدی‌و ئیرادەو بێئیرادەیی ئەو مێژووە. لەئەدەبیاتی هاوچەرخی ئێمەدا کەم نووسەر هه‌یە وەک شێرکۆ بێکەس باوەشی بەم گشتە گەورەیەدا کردبێت‌و لەگەڵخۆیدا ئەو هه‌موو ساڵە درێژانەی سەدەی بیستەمی، بەهه‌موو دووکەڵ‌و ئاگرو دڵشکان‌و مژدەکانییەوە، بەدونیادا گەڕاندبێ. من لەدونیادا هیچ شاعیرێکی تر ناناسم بەڕادەی شێرکۆ بێکەس باوەشی بەمێژووی نیشتیمانەکەیدا کردبێت‌و ئەو مێژووەش بەهه‌موو برین‌و پێکەنین‌و کارەسات‌و سەرکەوتن‌و ناشیرینی‌و جوانییەکانییەوە ڕێگای بۆ ناو شیعر دۆزیبێتەوە. ئەزموونی شێرکۆ بێکەس ئەزموونی گرێدانێکی ئەبەدیی‌و ئەخلاقی‌و شیعرییانەی پیاوێکی داهێنەرو ناسکی کوردە بەمێژووی سەخت‌و ئاڵۆزو خوێناوی میلەتێکەوە کە لەهه‌موو ساتێکی ئەو مێژووەدا چەندان دڵۆپ خوێن‌و چەندان دڵۆپ ئومێدی چاندووە. دەڵێم ناتوانم بیر لەشاعیرێکی تر بکەمەوە لەم پەیوەندییە فاوستییەدا بێت بەنیشتیمانەوە، مەگەر مەحمود دەروێشی فەلەستینی. ڕەنگە تەنها مەحمود دەرویش بەڕادەی شێرکۆ بێکەس بەمێژووی میلەتەکەی خۆیەوە گرێدرابێت‌و فرمسێک‌و خوێن‌و ئومێدی ئەو مێژووەی کردبێت بەشیعر. ئەم دوو شاعیرە پەیمانێکی میتافیزیکی لەنێوان شیعرو مێژوودا دروستدەکەن، لەشیعرەوە دەچنە ناو مێژوو‌و لەمێژووشەوە دەچنە ناو شیعر.

ترسێکی زۆرم هه‌یە مردنی شێرکۆ بێکەس مانای هه‌تیوکەوتنی ئەو مێژووەبێت، نەمانی دەنگێک بێت وەک ئەم پیاوە لەسەر برین‌و کارەساتەکان‌و تریفەکان ئامادەبێت‌و لەشیعردا بیانکات بەبرین‌و کارەساتی نیشتیمانی‌و ئینسانی‌و بەئومێدو خەونی هاوبەش. نیشتیمانی ئێمە بەمردنی ئەم پیاوە شاعیرێکی لەدەستدا کە بێنیشتیمان شیعری بۆ نەدەگوترا. لەمێژووی شیعریی دونیاشدا کەم شیعری باش‌و سەرکەوتوو هه‌یە بەڕادەی شیعری شێرکۆ بێکەس هه‌م شیعر بێت‌و هه‌م نیشتیمانیش بێت.

کوردبوون‌و بۆشایی

کوردبوون لەشێرکۆ بێکەس بسێننەوە بۆشاییەکی گەورەو قووڵ، نەک تەنها دەکەوێتە ناو سەرجەمی ئەزموونی نووسینەکانییەوە، بەڵکو ناو بوونی خۆشییەوە وەک مرۆڤێک، وەک کەسێک کە سەفەرێکی کورت‌و خێرا بەناو دونیادا دەکات‌و دواتر لەقوژبنێکی ئەم ئەستێرەیەدا دەمرێت. شێرکۆ بێکەس بۆ هه‌ر شوێنێک ڕۆیشتبێت، بۆ هه‌ر کەسێک قسەی کردبێت، لەهه‌ر شارو کۆڵانێکی دونیادا ژیابێت، هه‌ر کوردبووە، کوردبوونی خۆی بەکۆڵییەوە بووەو بردوێتی بۆ هه‌موو شوێنەکانی دونیا. بەڵام ئەم کوردبوونە، ئەم ئامێزانبوونە بەمێژووی میلەتێکی بریندار، چەند خاڵێکی پڕ دڵناییە لەئەزموونی ئەم پیاوەدا، واتە شێرکۆ چەند گومانی لەوە نەبووە کە شاعیرەو شاعیرێکی کوردە، بەڵام هاوکات ئەم کوردبوونە هاوشانبووە بەدڵەڕاوکێ‌و قەلەقێکی ئەدەبی‌و شیعریی گەورە، بەچۆنیەتی تەعبیرکردن لەم کوردبوون‌و شاعیربوونە، لەم گونجاندنەی کوردبوون‌و شیاعیربوون‌و کوردبوون‌و شیعریەت. کەم شاعیری کورد هه‌ن بەڕادەی شێرکۆ بێکەس شاعیرێکی ئەزموونگەر، ”تەجریبی“ بن، خاوەنی ئەزموونێکی درێژی نووسینی جیاوازو دەربڕینی جیاوازو بابەتی جیاوازو زمانی جیاوازو ئیقاعی جیاوازو دەرکەوتنی جیاواز بووبن. بەهه‌موو مانایەک شێرکۆ بێکەس شاعیرێکی ئەزموونگەرە، ڕۆحێکی گۆڕانخوازو بێئۆقرە لەسەرجەمی کارەکانی ئەم پیاوەدا ئامادەیە. لەو شوێنانەدا کە چاوەڕێی ئەوە دەکەیت بوەستێت، یان نوچێک بدات، یان جگەرەیەکی پشوودان داگیرسێنێت، لەوێدا سەرلەنوێ دەستیپێکردۆتەوەو سەرەتایەکی نوێی کێشاوە. ئەوەی لەسەرجەمی کارەکانی ئەم پیاوە ڕابمێنێت بۆی دەردەکەوێت ئەم پیاوە لەهیچ گۆشەیەکی شیعریی‌و لەناو هیچ ڕووبەرێکی نووسیندا پشووی نەداوە. شێرکۆ لەجۆری ئەو شاعیرانەیە کە هه‌میشە دەڕوات‌و هه‌میشە بەڕێوەبووە، گرنگ نییە بۆ کوێ دەڕوات، گرنگ نییە بەکوێ دەگات، گرنگ ئەوەیە نەوەستێت‌و سەرسامییەکانی بەڕێوەبوون‌و ڕێکردن ئەزموونبکات. شێرکۆ وەک مرۆڤ دەمرێت بەڵام ئەزموونی بەڕێوەبوون‌و ڕێکردنە شیعرییەکەی بەردەوامدەبێت. دونیای شیعری ئەم پیاوە پڕیەتی لەشیعری هه‌مەجۆر، شیعری کورت‌و درێژ، سادەو ئاڵۆز، شانۆی شیعری‌و نامەی شیعری، ڕۆمانە شیعرو شیعری مەلحەمی، پۆستەرە شیعرو شیعر وەک ئاوێنەی بچووک، شیعری مەنفاو شیعری ناو کەشکۆڵی پێشمەرگە، ھتد... بەبۆچوونی من ئەم ڕۆحە شیعرییە پڕ دڵەڕاوکێ‌و پڕ جوڵەو پڕ نەحەسانەوەیە، بەشێکە لەنیوسەدە هه‌وڵدانی ئەم شاعیرە بۆ تەرجەمەکردنی کوردبوونی خۆی بۆ وێنەو زمان‌و ئیقاعی ناجێگیرو جیاوازو پڕجوڵە. ئەزموونی ئەم شاعیرە ڕوانینە لەخۆی‌و لەکوردبوون لەدەیان گۆشەنیگای جیاوازەوە، ڕازینەبوونە بەدانیشتن بەدیار یەک وێنەو یەک چیرۆک‌و یەک شێوازی تەعبیرکردن لەخۆی‌و لەکوردبوون، وەک دوو دەرکەوتی سەرەکی ئینسانبوون.

ئازادی‌و خۆشەویستی‌و شەهیدبوون

پێموایە ئەو یاسا نەنووسراوەی سەرجەمی کارەکانی ئەم شاعیرە گەورەیە ئاراستەدەکات کۆکردنەوەی ئەو سێ تەوەرە سەرەکییەیە بەیەکەوە، کۆکردنەوەی ئازادی‌و خۆشەویستی‌و شەهیدبوونەوە بەیەکەوە. شیعری شێرکۆ بێکەس شیعری گەڕانێکی بەردەوامە بەدوای ئازادیدا. ئەو دونیایەی شێرکۆ بێکەسی تێیدا ژیا، ئەو نیشتیمانەی قەدەر کردی بەنیشتیمانی ئەم شاعیرەو ئەو مرۆڤانەی لەگەڵیاندا ژیا، دونیاو نیشتیمان‌و مرۆڤی ئازاد نەبوون. هه‌موویان بەر لەعنەتی سەندنەوەی ئازادی کەوتبوون. ئەمە وادەکات گەڕان بەدوای ئازادیدا، هه‌وڵدان بۆ بەرجەستەکردنی ئازادی، هێنانی ئازادی بۆ ناو ژیان‌و پەیوەندییەکان‌و شیعر، بەشێکی گەورەی ئەزموونی شیعری شێرکۆ بێکەسە. شێرکۆ کە ئازادی لەناو دونیاو پەیوەندییەکاندا نادۆزێتەوە، هه‌وڵئەدات لەناو شیعرەکانی خۆیدا ئازادبێت، هه‌وڵئەدات خولیای خۆی بۆ ئازادی وەک هێزێکی گەورە، فڕێبداتە ناو زمان‌و ناو شێوازو ناو بابەتە شیعرییە جیاوازەکانییەوە. لەم ڕووەوە شیعری شێرکۆ شیعرێکە لەهیچ وێستگەیەکدا ناوەستێت، لەناو هیچ سیحرێک لەسیحرەکانی زماندا جێگیر نابێت، هیچ ئەزموونێکی نووسینیش نەبێتە دواهه‌مین ئەزموونی ئەم شاعیرە. گەڕان بەدوای ئازادیداو دروستکردنی ئەم ئازادییە وادەکات ئەم شاعیرە لەدۆخی دڵەڕاوکێ‌و گەڕانێکی بێکۆتاییدابێت. ئەگەر دونیای دەرەوە بیەوێت ئەم پیاوە بەدەیەها سنووری ئەستورو بازنەی داخراو گەمارۆبدات، ئەوا شیعر دەیکات بەبوونەوەرێکی کۆچەریی، بەگەڕیدەیەکی هه‌میشەیی‌و بێماڵ، بەکەسێک هه‌م ئازادی خۆی لەناو شیعرەکانیدا بژی‌و هه‌م شیعرەکانیشی وەک ناڕەزاییەکی گەورە بەڕووی دونیایەکی نائازاددا بەرزبکاتەوە.

بەڵام ئەزموونی شیعری شێرکۆ بێکەس ئەزموونی گۆڕینی ئازادیی نییە بۆ دۆخێکی نەفسی ناوەکی، ئەزموونی ئیشراق‌و داگیرسانێکی ناوەکی نییە وەک لای سوفییەکان دەیبینین، ئەم ئازادییە ئازادییەکی نەفسی نییە داپچڕاو لەدونیا، گەڕانەوەو نووقمبوون نییە لەناو خود خۆیدا، یان بازادانێکبێت بەرەو موتڵەق‌و باوه‌شکردنبێت بەئاسمانێک لەئاسمانەکاندا. لەهه‌مانکاتدا ئازادییەکیش نییە تەنها لەڕێگای ئەزموونکردنی شیعرەوە، لەڕێگای دەسکاریکردن‌و تازەکردنەوەی بەردەوامی زمان‌و وێنەو تێکستەکانەوە بەدەستیبهێنێت. ئازادی لەشیعری شیرکۆدا نەئازادییەکی سوفییانەو نەئازادییەکی تێکستیانەیە، ئازادییەک نییە مرۆڤ لەناوەوەی خۆیدا یان لەناو زماندا بۆیبگەڕێت، بەڵکو ئازادییەکی سەرزەمینییانەیەو دونیاییە مێژوویی‌و جوگرافی‌و ماتریالییە، مرۆڤ لەناو موتڵەق‌و خود خۆیدا بۆیناگەڕێت، بەڵکو لەنو دونیادا بەدوایدا دەگەڕێت. ئازادی شێوازێکە لەبیرکردنەوە تیایدا مرۆڤ دوورتر لەخودی خۆی‌و دەڕوات‌و دوورتر لەخودی خۆی دەبینێت. ئازادی لەئەزموونی ئەم شاعیرەدا بەشێکە لەکردەی دوورتر بینین‌و دوورتر ڕۆیشتن لەڕێگای یاخیبوونی سەرزەمینیانەی مرۆڤەوە لەناو مێژوو کۆمەڵگاو لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا. کۆتاییهێنانە بەهه‌موو ئەو بەربەستانەی کە ناهێڵن بڕۆین‌و ببینین، ئەم کۆتاییەش لەشیعری شیرکۆدا پرۆژەیەکی دەستەجەمعی دونیاییە. ئەگەر هێزێکی گەورە مرۆڤی لەبەهه‌شت دەرکردبێت، ئەواکات هیچ شاعیرێک بەهێزی خۆی‌و بەهێزی زمان بەتەنها ناتوانێت بۆ ئەو بەهه‌شتە بگەڕێتەوە. ئەم تێگەیشتنە بۆ ئازادی کۆڵەکەی سەرەکی ئەزموون شیعریی‌و هه‌ڵوێستی حەیاتی شێرکۆ بێکەسە. ئەم تێگەیشتنەیە وادەکات شێرکۆ هه‌م خۆی خەباتکەرێکی سیاسی بێت، هه‌م لەناو شۆڕش‌و یاخیبوونی کۆمەڵگاکەیدا بژی‌و بەشداربێت، هه‌م شیعرەکانیشی بەشێکبن لەکردەی فراوانکردنی ڕووبەرەکانی یاخیبوون لەژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکاندا، هه‌م خۆشی وەک شاعیر بەردەوام لەدۆخی بەجێهێشتنی سنوورەکانی زماندابێت کە سنووری دروستکردنی بەربەستن لەبەردەم ئازادیدا. شێرکۆ لەشیعردا دەیتوانی بچێتە ئەودیوی سنوورە ناوەکییەکانی زمان‌و سنوورە ناوەکییەکانی شیعرەوە، بەڵام ئەم دەرچوونە ناوەکییەی پێ کافی نەبوو بۆ ئەوەی بتوانێت لەناو دونیادا ئازادبێت. ئاخر ئەو دونیایەی شێرکۆ بێکەسی تێدا ژیا، دونیایەک بوو پڕ لەمرۆڤ‌و باڵندەو سروشتی کوژراو، سیخناخ بەبای ژەھراوی، پڕ لەفڕۆکەی جەنگی‌و بۆمبای هه‌مەجۆر، لێوانلێو لەعاشقی کوژراوو نائومێد، مرۆڤی ڕووتکراوە لەمرۆڤبوون‌و میلەتی فڕێدراو بۆ دەرەوەی مێژوو. ئەم شتانە وادەکەن ئەو ئازادییەی ئەزموونی شیعری شێرکۆ بێکەس بەدوایدا دەگەڕێت، ئازادی ڕۆحیی ئەم یان ئەو داهێنەر نەبێت، هه‌روەها ئازادی ئەم ئینسان یان ئەویتریان نەبێت، بەڵکو ئازادی ئەو دونیا بریندارو ئەو مێژووە بێمێژووەو ئەو میلەتە دەرکراوانەبێت. ئازادییەکی کۆیی بێت، هی هه‌مووان بۆ هه‌مووان بێت، ئازادی ئینسان بێت لەناو دونیاو لەگەڵ دونیادا، لەناو ئەو ژینگەو نیشتیمانانەدا کە مرۆڤ‌و موقەدەس‌و سروشتی سووتاو دروستدەکات. بەڵام شێرکۆ بێکەس لەناو ژیانداو لەگەڵ ئەوانیتردا، لەهه‌ر پرۆژەو کارێکی پێکەوەییدا بەشداربووبێت، شیعری ئامرازی سەرەکی‌و ماتریالی هه‌رە گرنگی ئەو بووە بۆ هه‌ڵکەندنی بەردەوامی ئەو ئازادییە لەناو مێژووو لەسەر بەردی ئەو دونیایە. شێرکۆ کە ئازادی لەشیعردا وەک ڕۆیشتن بۆ ئەودیوی زمان‌و ئەودیوی داڕشتنەکان دەبینێت، لەدونیادا وەک کردەی ڕۆیشتن بۆ ئەودیوی ڕیزبەستنی پەیوەندییەکان‌و ئیشکردنی قەدەرەکان‌و نەفرەتی لەعنەتە مێژووییەکان دەیبینێت.

خۆشەویستی

دەمەوێت لێرەوە بپەڕمەوە بۆ بابەتی خۆشەویستی لەشیعری شێرکۆ بێکەسدا. هه‌موو خوێنەرێکی سادەی کارەکانی شێرکۆ بێکەس ئەوە دەبینێت کە خۆشەویستی چ ڕووبەرێکی گەورەی لەئەزموونی ئەم شاعیرەدا داگیرکردوە. بەبۆچوونی من ئەزموونی خۆشەویستی لەشیعری شێرکۆدا پەیوەندیەکی پتەوو ڕاستەوخۆی بەئەزموونی ئازادییەوە هه‌یە بەو مانایەی لەسەرەوە باسمکرد. ئازادی وەک پرۆژەیەکی گەورەی سەرزەمینی‌و هاوبەش لەنێوان مرۆڤەکاندا. خۆشەویستی لێرەدا تەواوکەری ئازادییە، یان ڕەنگە مەرجی گەیشتن بەو ئازادییە بێت. لەخۆشەویستیدا مرۆڤ ئەتوانێت بازبدات، باز بەسەر حەزو تەماحە تایبەتەکانی خۆیدا، دەتوانێت تێپەڕێنێت، قازانج‌و دەسکەوتە تایبەتەکانی خۆی تێەڕێنێت، بەمانایەکی تر خۆشەویستی وەک پێکەوەبوونێکی ناسک‌و باوەشکردنێکی پڕ شەوق‌و پڕ ئولفەتی ئازاد بەیەکتریدا. وەکچۆن ئازادی شتێک نییە بەئینسان درابێت، بەڵکو دەبێت ئینسان دروستیبکات، ئاواش خۆشەویستی شتێکە دروستدەکرێت. خۆشەویستی لەئەزموونی شێرکۆدا وەک کوردبوون وایە، هه‌رگیز لێی نائومێد نابێت، هه‌میشە ئامادەیە، هه‌میشە دروستدەکرێت‌و کەی مردیش دەشێت زیندووبکرێتەوە. وەکچۆن کوردبوون هێمایە بی دۆخێک مرۆڤ تیایدا بەدوای ئازادیدا دەگەڕێت‌و ڕێزی ئازادی دەگرێت، ئاواش مەرجی سەرەکی لەعەشقی ڕاستەقینەدا ڕێزگرتنی ئازادیی کەسەکانە لەیەکتری، خۆشەویستی مرۆڤ بۆ مرۆڤ خۆشەویستییەکی ئازادە.

لەبەشێکی زۆری شیعری شێرکۆدا خۆشەویستی هێزێکە دژ بەکۆیلەیەتی‌و دژ بەشکاندنی ئیرادەو دژ بەداماڵینی مرۆڤەکان‌و نیشتیمانەکان‌و مەسەلەکانە لەشوناسی خۆیان، بەرگرییە لەو شتانەی ئەو کەسانە دەکەن بەکەس‌و ئەو نیشتیمانانە بەنیشتیمان‌و ئەو مەسەلانەش بەمەسەلە. خۆشەویستی مانای ڕێزگرتنی تایبەتمەندیەتییەکانی یەکتری، لەتایبەتمەندێتی مەعشوقەوە بۆ تایبەتمەندێتی نیشتیمان. لەشیعری شێرکۆدا خۆشویستنی کوردستان، خۆشویستنی شەهیدان، خۆشویستنی مناڵان‌و گەنجان، خۆشویستنی خانمان مانای پاراستنی هه‌موو ئەو شتانە بەو شێوەیەی خۆیان دەیانەوێت هه‌بن‌و ببن. مانای ئەوەی کوردستان بتوانێت کوردستانبوونی خۆی بژی، شەهیدان بتوانن شەهیدبوونی خۆیان بژین، منداڵان بتوانن منداڵبوونی خۆیان بژین، گەنجان‌و ئافرەتان بتوانن گەنجبوون‌و ئافرەتبوونی خۆیان بژین. هه‌موو ئەمانەش جارێکی تر تەنها کردەی تاکەکەسی نین، بەڵکو دەستەجەمعی‌و پێکەوەیین. لەم ئاستەدا تەماهییەکی گەورە لەشیعری شێرکۆدا لەنێوان خۆشەویستی‌و ئازادیدا هه‌یە وەک دوو دەرکەوتی سەرەکی ژیان. بەڵام ژیان تەنها وەک ژیان نا، بەڵکو ژیانێکی ئازادانە. ئەم گرێدانە سەختەی خۆشەویستییە بەئازادییەوە وادەکات بابەتی شەهیدو شەهادەت ببێت بەیەکێک لەبابەتە سەرەکییەکانی تری ناو شیعری شێرکۆ بێکەس.

شەهید

شەهید لەشیعری شێرکۆدا بوونەوەرێکی مەرگدۆست نییە، مرۆڤێک نییە بەدوای مردنی خۆیدا وێڵبێت، کەسێک نییە نەیەوێت بژی، یان لەژیان هه‌ڵبێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە بوونەوەرێکە هه‌م عاشقەو هه‌م ئازاد، شەهید لای شێرکۆ بێکەس تێکەڵێکی گەورەیە لەخۆشەویستی‌و ئازادی، لەسەودایەکی بەرپرسیارو لەگەڕانێکی بێماندوبوون بەدوای ئازادیدا.

لەژمارە ٣٩٠ی رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوکراوەتەوە

رۆژئاڤا بە ئاڕاستەی کرانەوەیەکی سیاسی زیاتر

هیوا سەید سەلیم

  دوابەدوای ئەو جوولە سیاسیەی کە بە هۆی دەستپێشخەریەکەی ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی،  بۆ ئەشتەوایی و یەکڕێزی لایەنەکانی رۆژئاڤای کوردستان لە ژێر چەتری دەوڵی و بە پشتیوانی هەریەک لە ولاتانی ئەمەریکا و فەرنسا و چەند ولاتێکی دیکەی ئیقلیمی لە رۆژئاڤای کوردستان دەستیپێکرد، وا خەریکە بەرهەمی ئەو دەستپێشخەریە بەردەگرێت، و رۆژئاوا چەندین دەروازرەی سیاسی و ئابووری و تەنانەت دبلۆماسی بەڕوودا دەکرێتەوە.

ساڵی پار بڕیاری ئیدارەی کۆشکی سپی لە کێشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا و رۆژئاڤای کوردستان کە لە مانگی نۆڤێمبەری ٢٠١٩ لە رێگەی تویتێکی ترامپ ئاشکراکرا، ناوچەکەی رووبەڕویی قەیرانێکی گەوەرەی سیاسی کردوە،  بە شێوەیەک کە ئەو بڕیارە بووە هۆی ئەوەی تورکیا چرای سەوزی بۆ هەڵبکرێت تا ناوچەیەکی فراوان لە رۆژاوای کوردستان داگیربکات.

تورکیا ئۆپراسیۆنی خۆی دەستپێکرد و بەبەرچاوی دونیا و هێزە نێودەوڵەتیەکان لە گۆرەپانی سوریا لە بەرامبەر کورد و پێکهاتەکانی ئەو ناوچەیە کۆمەلکوژی ئەنجامدا،  و خاکێکی بەرفراوانیشی داگیرکرد، کە تا ئێستاش لێی ماوەتەوە، بە شێوەیەک کە پێش ئۆپراسیۆنی ئەوەی تورکیا ناوی نابوو (کانی ئاشتی)، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) سێ یەکی خاکی سوریایان لەبەردەست بوو، بەڵام دوای ئەو ئۆپراسیۆنە ئێستا تەنیا ٢٨-٣٠٪ لەژیر دەست ماوە، باقی خاکی سوریا و رۆژئاوایی کوردستان ١٥٪ لە لایەن تورکیا داگیرکراوە، لە هەر ناوچە دیارە داگیرکراوەکانی خاکی کوردان لە رۆژئاڤایی کوردستان شاری (عەفرین و سەرێ کانیێ و گرێ سپی) یە، کە تورکیا لە ئۆپراسیۆنەکانی (چلە زەیتون و کانی ئاشتی) بە چرای سەوزی روسیا لە لایەک و ئەمەریکا لە لاکەی دیکە داگیری کردوون.

شایانی باسە هەڵویستی ئیدارەی کۆشکی سپی سەبارەت بە کێشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا هەرزوو ڕووبەڕووی کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی بوویەوە، لە ئاستی ئەمەریکا کۆنگرس هەڵوێستێکی پێچەوانەی دەربڕی و بڕیارەکەی ئیدانە کرد، وڵاتانی کاریگەری ئەورپی ( فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا) کەوتنە جوولە و فشار خستنە سەر تورکیا بۆ ئەوەی کوردان لە رۆژئاڤایی کوردستان لە کۆمەلکوژی داگیرکاری تورکیا بپارێزن.

 هەموو ئەو فشارانە وای لە ئیدارەی کۆشکی سپی کرد بە بڕیارەکەی دابچێتەوە و لە ژێر ناونیشانی پاراستنی بیرە نەوتەکان بەشێک لە هێزەکانیان لە باکوور و رۆژهەلاتی سوریا بهێڵنەوە.

ئەگەرچی ئیدارەی ئەمەریکا لە ڕوانگەی پاراستنی بەرژەوەندیە ئابووریەکانی هەرزوو بڕیارەکەی خۆی بۆ کێشانەوەی تەواوی هێزەکانی لە سوریا گۆڕی، بەڵام  دەرکەوت لە پشتی پەردەوە هێشتا فاکتەری زۆر هەن کە دەتوانین بڵێین بۆ کورد لە رۆژئاڤایی کوردستان دەکرێت بکرێنە گەرەنتی دەستگرتن بە دەستکەوتەکانی کە کورد دوای سەرهەڵدانی شۆڕش لە رۆژئاوای کوردستان بەدەستیهێناوە.

رۆژی ٣٠ تەمووز سیاناتۆری کۆماری نزیک لە سەرۆکی ئەمەریکا لینسی گراهم،  لەبەردەم کۆنگرس و بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ولاتەکەی مایکل پۆمپیۆ، ڕایگەیاند :

(لە لایەن ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی،  پەیوەندی پێوەکراوە و هەواڵی گرێبەستی نەوتی نێوان رۆژئاوایی کوردستان و کۆمپانیایی دلتا کریسنت ئەنێرجی پێڕاگەیاندووە)

 ئەو گرێبەستەی بۆ نۆژەنکردنەوەی بیرە نەوتەکانی رۆژئاوایی کوردستان لە نێوان کۆمپانیا ئەمەریکیەکە و ئیدارەی رۆژئاڤا ئەنجامدراوە.

ئاشکراکردنی ئەو جۆرە گرێبەستە لەبەردەم کۆنگرسی وڵاتێکی گەورەی وەک ئەمەریکا بۆ رۆژئاوای کوردستان مانا و دەلالەتێکی یەکجار زۆری هەیە ، کە دەکرێت بەسەرتای چاوخشاندنەوەی کۆشکی سپی دابندرێت بە سیاسەتەکانی لەبەرامبەر رۆژئاوایی کوردستان، بە تایبەت کاتێک وەزیری دەروە دەڵێت:

(ئەوە سەرەتایە چاوەڕوانی زیاتر بن)

گرێبەستی نەوتی کۆمپانیا ئەمەریکیەکە و رۆژئاڤای کوردستان لەگەڵ ئەوەی ژێرخانی ئابووری رۆژائاوای کوردستان دەبووژێنێتەوە، گرەنتی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەبێت بۆ ئەو ماوەیەی کە گرێبەستەکەی لەسەرکراوە، دواجار دەڵێین سەرکەوتنی ئیرادەی رۆژئاڤایی کوردستان دەبێت بەسەر پیلانی داگرکاری تورکی، هەر بۆیەشە دەبینین تورکیا و سوریا و پشتیوانانیان چەندە بەو هەنگاوە نیگەرانن.

هه‌میشه‌ ته‌عریب و داگیركاری

قوته‌یبه‌ فازڵ

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی ڕابردوو و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌ فه‌رمانڕه‌واكانی عێراق به‌ پلان و نه‌خشه‌ی ورد ویستوویانه‌ بوونی كورد له‌و وڵاته‌دا بسڕنه‌وه‌، له‌و پێناوه‌شدا هه‌موو جۆره‌ ڕێكارێكی نایاسایی و دوور له‌ ئاكار و ڕه‌وشتی مرۆڤانه‌یان به‌كار هێناوه‌.

ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق تا پێیان كرابێت به‌ پلان ویستوویانه‌ سه‌ره‌تا ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی نزیك له‌ خۆیان ڕاگوێزن و له‌ كورد خاڵیان بكه‌نه‌وه‌، ئه‌م پلان و نه‌خشه‌یه‌شیان زۆر به‌ وردی له‌سه‌ر شاره‌كانی موسڵ و كه‌ركوك و دیاله‌ جێبه‌جێ كردووه‌ .

بۆ نموونه‌ شارێكی وه‌ك موسڵ به‌ پێی ئه‌رشیفی سه‌رژمێری عوسمانیه‌كان چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر و به‌ دیاریكراوی له‌ سه‌ده‌كانی حه‌ڤده‌ و هه‌ژده‌ی زاینی ته‌نها (120) سه‌دو بیست ماڵی عه‌ره‌بی تیادا بووه‌ كه‌ ئه‌وانیش وه‌ك په‌ناهه‌نده‌ لای هۆزه‌ كورده‌كانی موسڵ جێگه‌یان كراوه‌ته‌وه‌ چونكه‌ دوژمنداریان له‌ گه‌ڵ خێڵه‌ عه‌ره‌به‌كانی خۆیاندا هه‌بووه‌.

من نامه‌وێت زیاتر بچمه‌ نێو مێژووی به‌ عه‌ره‌ب كردنی كوردستان و پرۆسه‌ی ته‌عریبه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌و باسه‌ زۆر زیاتر له‌ وتارێك هه‌ڵده‌گرێت.

ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئێستادا زۆر گرنگه‌ باسی لێوه‌ بكه‌ین و سه‌رنجی بخه‌ینه‌ سه‌ر پرۆسه‌ی دووباره‌ ته‌عریب كردنه‌وه‌ی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌، ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌مڕۆ ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین هه‌ڕه‌شه‌ی جددی بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ زۆر به‌ په‌له‌ حكومه‌ت و لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئاوڕێكیان لێ بده‌نه‌وه‌ و بیكه‌نه‌ كه‌یسێكی یاسایی و نێوده‌وڵه‌تی و سه‌رجه‌م ڕێكاره‌ ده‌ستوریه‌كان بگرنه‌ به‌ر تا چاره‌سه‌رێكی ڕیشه‌یی ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كرێت.

له‌ حاڵی حازردا كوردستانیانی ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان سێ هه‌ڕه‌شه‌ی جددیان له‌سه‌ره‌ :

یه‌كه‌م : هه‌ڕه‌شه‌ی چه‌كدارانی داعش كه‌ شه‌وانه‌ هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر گونده‌ كوردنشیه‌كان و خه‌له‌ و خه‌رمانیان ده‌سوتێنن وشه‌هیدیان ده‌كه‌ن.

دووه‌م : هه‌ڕه‌شه‌ی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی نێو حه‌شدی شه‌عبی كه‌ ئه‌مانیش مه‌ترسیان له‌ چه‌كدارانی داعش ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بێت كه‌متر نیه‌.

سێیه‌م : هه‌ڕه‌شه‌ی دووباره‌ داگیر كردنه‌وه‌ی زه‌وی و زاری جوتیاران له‌ لایه‌ن عه‌ره‌به‌ هاورده‌كانه‌وه‌ كه‌ دووباره‌ به‌ پاڵپشتی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ناوچه‌كه‌.

ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی هه‌رگیز واز له‌ پلانی ته‌عریب و داگیركاری ناهێنێت هه‌ر ڕۆژه‌ی له‌ ژێر دروشم و ناوێكدا شه‌ش ساڵ به‌ر له‌ ئێستا و له‌ (3/8/2014) دا بوو كه‌ ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كاره‌ساتی شه‌نگالی خولقاند و هه‌زاران ژن و منداڵی بێ سه‌رو شوێن بزر كرد، ئه‌نفال و كیمیابارانیش زۆر دوور نین و له‌ هزری هه‌مووماندا ماون، ئه‌وا ئه‌مڕۆش دووباره‌ ته‌عریب ده‌ستی پێكردوه‌ته‌وه‌ و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنوری هه‌رێم زۆر به‌ ئاشكرا به‌ره‌و چۆڵكردنی ده‌برێن له‌ كورد.

له‌ واقیعدا ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆك كۆمار و په‌رله‌مانتار و وه‌زیره‌ كورده‌كان له‌ به‌غداد زۆر به‌ گرنگیه‌وه‌ هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌نێن و ڕێگا ده‌ستوریه‌كان نه‌گرنه‌ به‌ر بۆ وه‌ستاندنی ئه‌و شاڵاوه‌ ئه‌وا كاره‌ساتی مرۆیی و شێواندنی جوگرافیای كوردستان به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ڕووده‌دات.

كوردستانیانی ئه‌و جێگایانه‌ تا ڕاده‌یه‌ك ده‌توانن به‌رگری له‌ خۆیان بكه‌ن، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ داقوق و خورماتوو خانه‌قین ڕووده‌دات به‌ دڵنیاییه‌وه‌ سبه‌ی له‌ چه‌مچه‌ماڵ و مه‌خمور و كفری ده‌بێت.  

گرەو کردن لەسەر کازمی گرەوکردنە لەسەر ئەسپی تۆپیو

ئارام ره‌فعه‌ت

 رۆژی ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١ی وەک رۆژی هەڵبژاردنە گشتییەکانی عێڕاقی راگەیاند.  بەڵام ئەو دوو مانگ زیاترە لەکوردستان بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێکردووە و لەرێگای بەهەدەر دانی سەدان هەزار دۆلار لەسامانی گشتی و لەرێگای تۆڕێکی کرێگرتە کار لەسەر گەوجاندی تاکی کورد دەکات. کازمی دەیان چالاکوانی سۆشیال میدیای کوردی لە چەند دەرزەنێک پەیج و ئەکاونتی سپانسۆرکراو و لەچەند سەرنەتەرێکی گوماناوی عێڕاقی و خەلیجیدا بۆ پروپاگەندە کردن بەکرێ گرتووە. لەم پرۆسەی گەوجاندنەدا مەترسیدارەدا پیاوەکانی کازمی لەکوردستان سەدان هەواڵی ساختەو چەواشەکەر و ناراستییان بڵاوکردۆتەوە.

لەم بابەتەدا، تیشک دەخەمە سەر هەندێک لەو گەوجاندنانە.

گەوجاندنی یەکەم: کازمی نوێنەری خۆپیشاندەرانی عێڕاقە

تۆڕە کرێگرتەکەی کازمی لە سۆشیال میدیای کوردیدا ئیدیعای ئەوە دەکەن کە کازمی نوێنەری خۆپیشاندەرانە و کار لەسەر داواکارییەکانی ئەوان دەکات و رزامەندی خۆپیشاندەرانی بەدەست هێناوە.

بەڵام، رێک پێچەوانەکەی راستە.

کۆمیتەی رێکخستنی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی تشرین، کە رابەرایەتی خۆپیشاندەرانی سەرجەم شارەکانی عێڕاقی عەرەبی دەکات، لە رۆژی ١٢ی نیسانی ٢٠٢٠دا بەیاننامەی ژمارە ٢٣١ی بڵاوکردەوە. بەیاننامەکە یەک رۆژ دوای کاندیدکردنی کازمی بۆ پۆستی سەرەک وەزیران بڵاکراوەتەوە و تێیدا رایانگەیاندراوە کە کازمی "کاندیدی حیزبە گەندەڵەکان و میلیشییاکانی سەر بە ئێرانە". بەکورتی، کازمی دوور و نزیک نوێنەرایەتی خۆپیشاندەرە عێراقیەکان ناکات.

گەوجاندنی دووەم: کازمی جیاوازە لەگەڵ حیزبە شیعییەکانی تر

تۆڕە کرێگرتەکانی کازمی لە سۆشیال میدیای کوردیدا پروپاگەندەی ئەوە دەکەن کە کازمی سەر بە حیزبە شیعییە حاکمەکانی عێڕاق نییە و لەوان جیاوازە.

بەڵام، رێک پێچەوانەکەی راستە.

وەک کۆمیتەی شۆڕشی ترشرین لەبیاننامەکەدا نوسیویانە، کازمی سەر بە حیزب و میلیشیا فاسیدەکانی شیعەیە. چۆن؟

ئەو کاندیدی عەبادی بوو بۆ پۆستی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێڕاق، ئێستاش نوێنەرایەتی هاوپەیمانی ئەلنەسر، بەتایبەتیش نوێنەرایەتی باڵی حەیدەر عەبادی دەکات وە پشتیوانی باڵی ئەلسائیرونی موقتەداشی هەیە. ناو ماڵی شیعیش وەک ناوماڵی کوردی دابەش بووە بەسەر چەند هاوپەیمانییەتیەکی دژ بەیەک و ناکۆک. هاوپەیمانی ئەلسائیرون، ئەلفەتح و ئەلنەسر و دەڵەتی قانوون چوار پێکهاتەی سەرەکی ناو ماڵی شیعین و هەر هەمووشیان لە گەندەڵی تێوەگلاون و هەمووشیان گروپی میلیشیای حەشدی تایبەت بەخۆیان هەیە.

کازمی چ پەیوەندییەکی بەحەیدەر عەبادی و حیزبە فاسیدە شیعییەکانی ترەوە هەیە و چۆن لەرێگەی ئەو پەیوەندییانەوە گەییشتە پلەی سەرەک وەزیران؟

کازمی پەیوەندی خێزانی لەگەڵ ئەوانەی سەرەوەدا هەیە و لەرێگای نیپۆتیزمەوە ئەم پلەیەی بەدەست هێناوە.

سەباح ئەلبەغدادی، نوسەری دیاری عێڕاقی بەم شێوەیەی خوارەوە وێنای پەیوەندییە خێزانییانەی بۆ کردووین.

١) کازمی زاوای مەهدی عەلاقە، کە یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حیزبی دەعوە و ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێڕاقیشە. مەهدی عەلاق، واتە خەزوری کازمی، یەکێکە لە پیاوە فاسیدەکانی عێڕاق رۆڵێکی زۆری هەبووە لە گەییشتین کازمی بە پێگەی سەرۆکی دەزگای موخابەراتی و سەرەک وەزیران.

٢) کازمی سەر بە مەرجەعی حسین ئیسماعیل ئەلسەدرە و ئەویش یەکێکە لە پێکهاتەی سیستەمی فاسیدی شیعی.

٣) برایەکی کازمی، بەناوی سەباح کازمی، ئاوەڵزاوای حەیدەر عەبادییە و هەم راوێژکاریشی بووە لە کابینەکەیدا و دواتریش راوێژکاری عەبدولمەهدی بوو ئێستاش راوێژکاری براکەیەتی. رەنگە خوێنەر فەزاحەتی تەلەفۆنە نمایشکارانەکەی کازمی بۆ براکەی لەبیر بێت.

٤) برایەکی تری کازمی، عماد کازمی، راوێژکاری ئەنجومەنی وەزیرانە.

بەکورتی، کازمی، وەک کۆمیتەی خۆپیشاندەرکان ئاماژەیان پێدا، بەشێکە لەو سیستەمە سیاسییە فاسیدەی عێڕاق و لەرێگای پەیوەندییە خێزانییەکانەوە هاتۆتە پێشەوە و نوێنەرایەتی باڵێکی حوکمرانی ناو هەرەمەی سیاسی شیعە دەکات، کە مەهدی عەلاقی خەزوری و حەیدەر عەبادی ئاوەڵزاوای براکەی رابەرایەتی دەکەن.

گەوجاندنی سێیەم:

مستەفا کازمی دژی حەشدی شەعبی و گەندەڵییەکانی ئەم میلیشییایەیە.

نەخێر، پێچەوانەی ئەو هەڵلا راگەیاندنەی تۆڕەکانی کازمی لە کوردستان، کازمی دژی حەشدی شەعبی نییە وهەر وەک نیویۆرک تایم دەڵێت، هاتنی کازمی هیچ کاریگەری نەبووە بۆ سەر لاوازبوونی حەشدی شەعبی. تاکە گورزێک بەر حەشد کەوتبێت و بەهۆیەوە لاواز بووبن کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیسە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە.

بۆ ئەوەی وردتر بین، کازمی زیاتر دژی باڵێکی ناو حەشدی شەعبییە و ئەمەش لەلایەکەوە پەیوەندی بە کوتلە و دابەشبوونی ناو ماڵی شیعییەوە، کەلەسەرەوە ئاماژەم پێدا. کازمی هەر هەوڵێکی دابێت لەناو چوارچیوەی ناکۆکییەکانی ئەو باڵانەی ناو ماڵی شیعی بووە، لە دژی لایەک و بۆ رازیکردنی لایەکی تر وبە پشتیوانی ئەو لایەنەش. تەنانەت لە یەکلاکردنەوەی ئەو ململانێ ناوخۆییانەی ماڵی شیعەشدا سەرکەوتوو نەبووە. یەکەم شکستی کازمی گرتنی ١٤ میلیتانتی حیزبووللا بوون و ناچاریش بوو هەمان رۆژ لەژێر فشاردا ئازادییان بکەن. ئەو نماییشانەش کە کراون لە کۆنترۆڵکردنی هەندێک لە دەروازەی سنووری هەر لەچوار چێوەی ئەو ململانێیەی ناو ماڵی شیعە بووە و دەروازەکانی لە گروپێکی حەشدی نەیار وەرگرتۆتەوە و تەسلیمی گروپێکی تری کردووە.

گەوجاندنی چوارەم:

کازمی لەگەندەڵییەوە نەگلاوە

یەکێکی تر لە پروپاگەندەکانی تۆڕە کرێگرتەکەی کازمی ئەوەیە کە کازمی رابردوویەکی پاکی هەیە و لەگەندەڵییەوە نەگلاوە؟

بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەم گەوجاندنەش، با ئەم چەند خاڵە بخەینە پێش چاو.

١) وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، کازمی بەهۆی نیپۆتیزمەوە بۆتە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری (سیخوڕی) عێڕاقی و لەوێشەوە سەرکەوت بۆ پۆستی سەرەک وەزیران. واتە، کازمی بەشێکە پرۆسەی گەندەڵی و نیپۆتیزم.

٢) گومان دەکرێت بڕوانامەی کازمی تەزویر بێت. لە ساڵی ٢٠١٦، کاتێک کازمی کرایە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، لەمەلەفەکەیدا وەک هەڵگری بروانامەی بەکالیۆریۆس لە یاسا، لە بەشی ئێوارانی کۆلیژی توراسی لەزانکۆیەکی ئەهلیدا بەدەست هێناوە، خوێندکارانی دەرچووی هەمان ساڵ و هەمان کۆلیژ لە سۆشیال میدیا کردیانە هەرا و گوتیان هیچ کەسێک بەو ناوە و بەو روخسارە بۆ یەک رۆژیش لەگەڵ ئێمە دەوامی نەکردووە. ئەمەش گومانی زۆر دەکرێت کە کازمی، وەک سەدان گەندەڵی تر لە عێڕاقدا، بڕوانامەکەی بە پارە کڕیبێت.

٣) کازمی یەکێک بووە لەوانەی کە لە میدیای سێبەر لەسەر حیسابی پارە و قوتی خەڵکی کوردستان کاری کردووە. ئەو بۆ چەندان ساڵ، ئەندامی بۆردی خەندانی سەر بە بەرهەم ساڵح بووە و لەو دەزگایە و بە پارەی دزراوی خەڵک و لەسەر حیسابی قوتی خەڵکی کوردستان پارەیەکی موفتی وەرگرتووە.

خواستی گۆڕینی سیستەمی حوکمرانی لەهەرێمی کوردستان خواستێکی رەوا و بەرهەقە، دەبێت خەڵکی نارازی کوردستان ریزی خۆیان لە ریزی ئەو تۆڕە کرێگرتەیەی کازمی و میلیشیا شیعییەکان جیا بکاتەوە.