تەپڵی شەڕ دێتە بەرگوێمان

بورهان شێخ ڕەئوف

یەكەم جارو دواجاریش نابێت دەنگی ناسازی  دەهۆڵی جەنگ و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی و عێراق و ئێران بە تایبەت هەراسان بكات , ساڵانێكی درێژ(1988_1980) عێراق و ئێران مەتەرێزیان لە یەك گرتبوو تا پەلاماری سەربازی و ئاسمانی و شەڕی شارەكان و شەڕی كەشتی یەكان لە كەنداوو كارەساتی گەورەو قوربانی گەورە و وێران بوونی لە ڕادەبەدەری بەدوای خۆیدا هێنا بەجۆرێك  هەزاران گوندو سەدان شارو شارۆچكە و مەزرالەگەڵ خاكدا یەكسان بوون , جگە لە كوژرانی سەدان هەزار كەسی سڤیل و بێ دیفاع .

لە كۆتاییشدا جەنگ وەستا بێ‌ ئەوەی سەركەوتوو ژێركەوتوو دیار بێت ئەوەی زیانی كرد گەلانی هەردوو وڵات بوون هەر دوای دووساڵ لە كۆتایی هاتنی ئەو جەنگە ماڵوێرانكەرە سەدام حوسەین دەوڵەتی كوەیتی دراوسێ‌ ی داگیركردلە 2 ئابی 1990  ئیتر لاپەڕەیەكی تر ی جەنگ  دەستی پێكرد و كە دواتر ئابڵووقەی نێودەوڵەتی خرایە سەر عێراق  كە لە شەڕنالەبارتر بوو ئەگەر جاران خەڵكی عێراق هەر كوڕەكانیان لە جەنگ بوون و دەبوونە قوربانی ئەمجارە هەموو گەلی عێراق سزادرا بەهۆی كردەوەكانی دكتاتۆرەوە.

بە هەرحاڵ مێژووی شەڕەكانی ئەم وڵاتە بەقەد تەمەنی درێژە و ناكرێت لە وتارێكی كورتدا من هەمووی بەیانكەم چونكە دوای ئەمەش پرۆسەی ئازادكردنی عێراق و ململانێكانی ناوخۆ و شەڕی تائیفی و ناوخۆ سەرهەڵدانی داعش كە پێشتر من زۆرم لە سەری وتووە تا لە ناوبردنی بیرەوەری گەلێكی خۆش نین هیوادارم بڕۆن و نەیانبینینەوە .

ئەوەی دیسان بەگەرمی دەهۆڵ و تەپڵی شەڕی بۆ لێدەدرێ‌ ململانێكانی ئەمریكا و ئێرانە كەلەم ڕۆژانەدا ڕووبەرێكی زۆری  میدیاكانی بیسراو بینراوی  جیهان بە گەرمی باسی لێوەدەكەن  و پێدەچێت ئەمجارە هەموو لێدوان و ململانێكانیان كە دوور لە سەر خاكی ئەو دوو وڵاتە لە شوێن وكاتی جیاوازدابەڕێوە دەچوون لەلایەن لایەنی سێ‌ یەم و بریكارەكانیانەوە ,   ئەمجارە خۆیان ڕاستەوخۆ بەریەك بكەون كە كارەساتی گەورەی لێ بكەوێتەوە.

بۆیە لە ئێستا ئاماژەكانی ئەو بەریەك كەوتنە لە ئاسۆەوە بە ڕوونی دیارە هەڕەشەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بە داخستنی گەرووی هورمز و جوڵاندنی ئەمریكا كەشتیگەلی جەنگی گەورەو بەرەو كەنداو و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە هەمانكاتدا دواڕاگەیاندنی كۆماری ئیسلامی  لە مەڕپابەند نەبوون  ڕێككەوتننامەی (5+1) بێگومان ململانێكان دەباتە قۆناغێكی مەترسیدارتر .

ئەگەر چل ساڵی ڕابردووی پەیوەندی ئێران و ئەمریكا لە ڕووبەرێكی خۆڵەمێشیدا هەڵبەزودابەزی كردبێت وادیارە ئەمجارە ئەو ڕووبەرە كەم دەبێتەوە و بواری هیچ مانۆڕو خۆلادانێك نابێت ئەو كات جارێكی تر دەردەكەوێت جەنگ چ ماَڵوێرانی یەكە و دەردەكەوێت كێ‌ زەرەر مەندی گەورە دەبێت  لەم جەنگەدا ؟

هەر بۆیە گەلانی ئەم ناوچە گەرم و گرنگ و دەوڵەمەندو ستراتیجیە دەبێت هەمیشە دەستیان لە سەر دڵیان بێت كەی شەڕ دەست پێدەكات و كەی كۆتایی دێت ؟

بۆ یە ئێستا ئەم ناوچە بە هەستیارترین چركەكانی تەمەنیدا دەڕوات لە دۆخێكدا هەموو ڵ و ئۆردوو وسوپای ئەمریكا بە پێشكەوتووترین چەك و تەكنۆلۆجیا و هێزەچەكدارەكانی ئێرانیش خاوەنی ئیدیۆلۆجیا و ئامادە بۆ مەرگ لە حاڵەتی ئامادەباشیدان ڕوودانی هەر هەڵەیەك یان لێك تێ‌ نەگەیشتنێك دەكرێت ئاگرێكی لێ‌ بكەوێتەوە كە تەڕو وشك بە یەكەوە بسووتێنێت و گەلانی ناوچەكە بە تایبەتی ئێران بۆ سەردەمەی بەردین بگەڕێنێتەوە.

ماوەتەوە بڵێین هەرچەندە ئەمریكا لە ئەزموونەكانی جەنگ  لە ئەفغانستان و عێراق  لە ئاكامدا هەرچەندە ئەو وڵاتانەی داگیركرد بەڵام دەستی سوور بوو بە خوێنی گەلانی ئەو وڵاتانەو ئابڕوو هەیبەتی لە جیهاندا لەكەداربوو بۆیە هەوڵ دەدات لە ڕێگای فشارو سزاو ئابڵووقەكانەوە ئێران ناچار بكات پابەند و ملكەچی مەرجەكانی بێت .

Hits: 206
Category: