چۆن بێكاری چارەسەر دەبێت؟

"بێکاری چۆن چارەسەر دەکرێت؟" یەكێك لە پرسیارە ئابووری و كۆمەڵایەتییە هەرە گرنگەكانی دونیا كە هەموو جیهان بۆ وەڵامدانەوەی زۆرترین گفتوگۆ و راوێژ و توێژینەوە و بەدواداچوونیان کردووە، تا ئێستاش زۆربەی کۆمەڵگەکانی دونیا بە شێوەیەکی زانستیانە بەدوای وەڵامەکەیدا دەگەڕێن.

لەڕاستیدا لە هەموو جیهاندا بێكاری بووەتە مۆتەكەیەكی گەورە و تەواوی كۆمەڵگەكانی جیهانی تەنیوە، بۆ نموونە، تەنها لە ئەمریكا زیاتر لە ١٠ ملیۆن كەس بێكارن، لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٤ ملیۆنیان خاوەنی بڕوانامەی بەرز و ئاستی بەرز و كوالیتی خوێندەواریی و زۆر بابەتی‌ترن کە گرنگن بۆ دەستکەوتنی هەلی کار.

 

بەپێی دوایین زانیاری و داتاکان لە بەڕیتانیا زیاتر له ٤ملیۆن كەس بێكارن، لە ئێران زیاتر لە ١٨ ملیۆن كەس بێكارن و ڕێژەكانیش تادێت بەرەو سەرەوە دەچن.

لە هەرێمی كوردستانیش بێكاری ڕێژەیەكی زۆر گەورەی تێپەڕاندووە و لە ستاندەری جیهانی تێپەڕیوە. بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییانی لەبەردەم كێشەی بێكاریدان و یەكێك لە كێشە گەورەكانی بەردەم کەرتی ئابووریی ئەم هەرێمە بریتییە لە بێكاری و ئەوەش وای كردووە كۆمەڵگە پەل بۆ زۆر كێشە بهاوێت.

بێكاری چۆن چارەسەر دەكرێت؟ كێ دەتوانێ چارەسەری بكات؟ چۆن دەتوانین ڕێژەی بێكاری لە هەرێمی كوردستان چارەسەر بكەین؟ بە ڕێگایەكی سەرەتایی و زۆر ئاسان كە بتوانرێت كۆمەڵگەی كوردستانی لە بێكاریی دور بخەینەوە.

چەند هەنگاوێکی سەرەتایی هەیە كە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بیهاوێژێت بۆ ئەوەی ڕێژەی بێكاری لە هەرێمدا كەم ببێتەوە و ئاستی نزیك بكاتەوە لە ستانداردە جیهانییەکان.

بە نەهێشتنی گرفتی بێکاری، لە هەرێمی كوردستان، دوو شتی زۆر گرنگ هەیە كە لە زۆر وڵاتانی جیهان بە ئاسانی دەست ناكەوێت ئەویش بریتین لە:

یەكەم: دەستی كاری گەنج

دوەم: هەلی كاری جۆراوجۆر

دەستی كاری گەنج چییە؟

ئاستی كۆمەڵگەی كوردی لەڕووی تەمەنەوە لە ئاستێكی ستانداردی جیهانیدایە، ڕێژەیەكی زۆری خەڵكی كوردستان لە تەمەنی مامناوەند واتە ٢٠ ساڵ بۆ ٦٠ساڵدایە كە توانای كاری هەیە و ئەو تەمەنەش بۆ هەموو جۆرە كارێك گونجاوە.

ئەم تەمەنە کە پەسەندترین تەمەنی مرۆڤە بۆ کارکردن لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە مرۆڤ لەم قۆناغەی تەمەنیدا توانای ئەنجامدانی هەموو جۆرە کارێکی هەیە، ئەم تایبەتمەندییەی هەرێمی کوردستان کەرەستەیەکی زۆر گونجاوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی بێکاری و ئەو کۆمەڵگەیەی لەو ڕەوەوە خستۆتە پێشەوە.

دەستی کاری گەنج کە دەستی ئامادەگی پیشەیی و کارکردنە دەرفەتێک بەم کۆمەڵگەیە دەدات توانا مرۆییەکەی لە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و رستن و چنین و تەواوی کار و پیشە گرنگەکانی ژیاندا بەکار بهێنێت.

لەلایەکی ترەوە، بە بوونی دەستی کاری گەنجان کە دەتواین پۆلێنی دەستی كارەكەمان بكەین بەوەی كە چ جۆرە دەستی كارێكمان هەیە، مایەی دڵخۆشییەکە کە لە هەرێمی كوردستاندا بە هەردوو رەگەزی نێر و مێوە دەستی كاری پێگەیشتووی خوێندەوارمان لە هەموو ئاستەكاندا هەیە كە ئامادەن هەر جۆرە كارێكی شكۆمەندانە بە مووچەیەكی ستاندارد بكەن.

ئەگر بە نموونە دای بنێین لە هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە ٧٠٠ هەزار دەستی كاری بەتاڵمان هەیە لە ئاستەكانی دكتۆرا ماستەر بە كالۆریۆس، هەروەها ئاستەكانی خوارتر كە تا ئێستا نەتوانراوە پڕ بکرێنەوە و لەگەڵ پێگەشتنی پسپۆڕ و شارەزایانی ئەو بوارە پڕکردنەوەی ئەو دەرفەتانە رۆڵێکی گرنگ لە چارەسەرکردنی بێکاریدا دەبینێت.

لە بەرامبەریشدا ئەگەر بە گریمانە لە هەرێمی كوردستان٥٠٠ هەلی كاری جیاجیا هەبێت، كە بۆ هەموو چین و توێژەکانی كۆمەڵگە گونجاو بێت، ئەوا كاری تاڕادەیەك باش و مامناوەندی تێدایە كە خەڵك دەتوانێت ئەنجامی بدات، چونکە تەمەنەکانی کارکردن لە هەرێمی کوردستان بۆ هەموو ئاستەکانی کارکردن گونجاون.

پێویستە سەرەتا دەسی كار پۆلێن بكرێت بۆ ئاستەكانی كۆمەڵگە بە شێوەیەك كە بتوانێرێت دیاریکردنی توانای کار و تایبەتمەندێتی ئاسان بێت، ئەم پۆلێنکردن رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ دەستنیشانکردنی ئاستی مووچە و لەو رێگەیەشەوە خەرجی و تێچووی کارەکان بە شێوەیەکی ئاسانتر دەستنیشان دەکرێن.

 

جگەلەوە، دەتوانرێت بە پۆلێنکردنی ئاستی مووچە و توانای کارکردن، مووچە بە شێوەیەکی ستانداردی جیهانی رێک بخرێت و کەمترین و زۆرترین بڕی مووچە دەستنیشان بکرێت، بە جۆرێک لە ٤٠٠ دۆلار کەمتر نەبێت و زۆرترین مووچەش لە ١٥٠٠ دۆلار زیاتر نەبێت، ئەوەش بە رچاوکردنی هەموو مافێکی کرێکار و بە گونجاندن لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ.

بەو شێوەیە، ئەگەر سەرەتا توانیمان دەستی كارەكان دیاری بكەین و پۆلێنی بكەین و پاشان جۆرو رەگەزیمان دیاری كرد، ئەوا دواتر دەتواین دابەشی بكەین بەسەر ئەو سێكتەرانەی كە هەلی کاریان هەیە و بەدوای کەسی گونجاودا دەگەڕێن. بەم جۆرە ئاستی كار لە هەرێمدا دەچێتە ئاستی پێوەرێكی جیهانی.

چۆن هەلی كاری گونجاو دەڕەخسێنین؟

لە هەرێمی كوردستاندا كاری زۆر هەیە، بەڵام پۆلێن نەكراون و ئاستەکانیان جیا نەکراوەتەوە، پسپۆڕی و تەمەن و ئاستی توانا و زیرەکی جیا نەکراوەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی هەم بێكاری بڵاو ببێتەوە و هەم كۆمپانیاكانیش نەتوانن دەستێكی گونجاوی كاریان دەست كەوێت.

 

لەبەر رۆشنایی ئەو راستییە زانستیانەی سەرەوەدا، پێویستە چاودێری دارایی حكوومەت بە هەموو سێكتەرەكانی كۆمەڵگەدا بڕواتەوە و بە وردی چاودێریی جۆری كار و هەلی كار و دەستی كار رێک بخات، بە جۆرێك هیچ هەلێكی كار بە بەتاڵی نەمێنێتەوە و هیچ دەستێكی كاریش بێ كار نەبێت.

هەروەها پۆلێن و پێوەر بۆ دەستی كاری بیانی ڕێك بخرێتەوە و بە وردی چاودێری بكرێت بۆ ئەوەی دەستیكاری نوێ بخرێتەگەڕ و ناچار نەبین پەنا بۆ دەستی کاری بیانی ببەین.

بۆ نموونە، هەر لەو گریمانەیەی سەرەوەدا كە وتمان ئێمە ٦ هەزار دەستی كارمان هەیە و كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستانیش لەو ژمارەیە ١٠٠٠ هەلی كار بێ بڕوانامەیان هەیە، کە تا ئێستا دواناوەندیان خوێندووە و دەتوانن وەك (پاسەوان، پاك كەرەوە، كارمەندی هۆتێل، كارمەندی چێشتخانە، كارمەندی خزمەتگوزاری خواردنگە و شوێنە گشتییەکان و كارمەندی خزمەتگوزاری ماڵان كار بكەن).

لە بەرامبەریشدا، زیاتر لە هەزار دەستی کاری بیانی لە چێشتخانە و کافتریا و هۆتێلەکانی هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن.

رێگایەکی دیکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری، پێویستە ئەم كرێكارانە كە ژمارەیان ١٠٠٠كرێكاری دەرەكین و بە مووچەی خوار و ٥٠٠هەزار كار دەكەن، بنێردرێنەوە و وڵاتەكانی خۆیان و ئەو كارانە بدرێت بەو ١٠٠٠ دەستی كارە ناوخۆیەی كە ئامادەیە ئەو كارە بكات كە كرێكارە بیانییەكان دەیکەن.

 

بەمجۆرە دەتوانین بڵێین بە پۆڵێنکردن هێزی کار و رێکخستنەوەی شوێنەکانی کارکردن و دانانی پلان و ستراتیژێکی ئابووریی گرنگ، دەتوانرێت هەرێمی کوردستان زۆر بە ئاسانی لە گرفتی کەمی دەرفەتی کار رزگار بکرێت.

تارا شوان

بەرپرسی ئينستتيوتی ئابووریی ئەمريكی - كوردی

ب - ل

Hits: 111
Category: