چیرۆكی سعودیە

هەندرێن شێخ راغب

دەوڵەتی سعودیە،دروستكراوی روداوەكانی دوای جەنگی جیهانی یەكەم‌و هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە. دەوڵەتێكە ئەوانی دی دروستیان كردووە بۆ بنەماڵەی ئال سعود‌و ناوی دەوڵەتەكەش هەر بەناوی ئەم بنەماڵەیەیە‌و لە ئال سعودەوە پێی دەڵێین سعودیە. ئەم دەوڵەتە تۆمارێكی خراپی هەیە لە برەودان بە فكری توندوتیژی‌و بڵاوكردنەوەی گروپە تیرۆریستیەكان‌و پارەداركردنیان، بۆ نمونە ئەوەی لە ئەفغانستان كردی. لەروی مافی مرۆڤەوە تۆمارەكانی زۆر خراپن، نزیكەی پێنج ملیۆن شیعە مەزهەبی هەیە كە تەواو پەراوێزكراون، لە 15% هاوڵاتیەكانی لەخوار هێڵی هەژاریەوەن. ساڵانە ملیار دۆلاری لە وەزری حەج‌و عەمرەكارانی تەواوی موسوڵمانانی جیهان دەست دەكەوێت، بەڵام زۆر كەم لەكاری ئاشتی‌و ئیسلامدا خەرجی دەكات. بەهەرحاڵ باسكردنی دیوی ناوەوەی سعودیە زۆر مەبەستی ئێمە نیە لەم بابەتە. بەڵكو مەبەستمان زیاتر نەوت‌و سعودیەیە. نەوت ئەم دەوڵەتەی پاراست. دروستی كرد. نوخبەی دەسەڵاتداری زۆر بەهێزكرد. بیابانی حوشترو خورما، ئەگەر نەوت نەبوایە تاوەكو ئێستا دەمێك بوو بۆ وڵاتانی دەوروبەر كۆچیان كردبوو، هەر بۆ نمونە ئەگەر نەوت نەبوایە جیاوازی سعودیە‌و بەنگلادیش چیە؟ سعودیە یەكەم وڵاتی هەناردەكەری نەوتە لەجیهان كە رۆژانە نزیكەی (11) ملیۆن بەرمیل نەوت دەنێرێتە دەرەوە. نەوت وایكرد عەرەب لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە. ئەگەر غازو نەوت نەبوایە حەوت زەمان بوو ئیمارات‌و كوێت‌و قەتەرو سعودیە بیابانێكی خێڵ نشین‌و بەدەوی‌و خاوەن مەڕوماڵات‌و حوشتربوون، چەند خێڵێكی پەرتەوازە دەبون. زۆرجار گوتومە نەوت عەرەبی لە فەوتان‌و پەرتەوازەیی پاراست. نەوت وایكرد عەرەب ببنە خاوەنی سەرمایەی هێندە زۆر كە نمونەی شاری دوبەیان بۆ دروست بكرێت. بۆیە ئەوەی ئێستاش هەیە چیرۆكی نەوت‌و غازە، ئەگینا هیچ دەوڵەتێكی دنیا ئامادە نیە بەم شێوە راستەوخۆیە بەرگری لە سعودیە بكات.

رۆژانی رابردوو گوایە حوسیە شیعەكانی یەمەن پەلاماری نەوتی سعودیە‌و ئارامكۆی سعودیەیان داوە، ئەمەش جیهانی هێنایە سەرخەت، بەتایبەت ئەمریكا‌و ئەوروپا. كەواتە نەوت بۆتە پەرژینی مانەوەی سعودیە.

ئێستا ئێمەی كورد خەریكی نەوتین، ئابوریمان نەوتیە. ئایا چۆن دەتوانین وەك سعودیەكان چیرۆكی نەوت بكەینە چیرۆكی مانەوەو گەشەكردن‌و پەیداكردنی دۆستی بەهێز؟ چۆن وەك سعودیە نەوت بكەینە چەكی بەهێزی دەستمان؟ ئابوری گەورەی پێ دروست بكەین؟ هەرێمی كوردستانی پێ بكەینە دورگەی خۆش گوزەرانی‌و دۆستی پێ دروست بكەین، نەوەكو قەیران. ئێمەی بەهۆی نەوتەوە لە قەیران دەژین، نەوەكو نەوت هۆكاری هێزمان بێت. دەبێت ستراتیژی بیربكەینەوە، نەوت دۆسیەیەكی زۆر سەخت‌و ورد‌و پڕ دەستكەوت‌و هەڵبەز‌و دابەزە، ئابوری ئێمە پشت بە نەوت دەبەستێت، وەك چۆن سعودیە توانای دروستكردنی مەسینەشی نیە، ئێمەش لەهەرێمی كوردستان واین‌و كەرەوز‌و تەماتەشمان لە دەرەوە بۆ دێت. نەوت بووە هۆی بڕینی بەشە بودجەی لە 17% هەرێمی كوردستان لە حكومەتی عێراق، دواتر كەمكرایەوە بۆ لە 12%. نە نەوتی خۆمان بۆ ئێمە بوو، نە بودجەی عێراقیشمان ما. كەواتە نەوت مایەی ئارامی سیاسی‌و ئابوری ئێمە نەبووە. چیرۆكی نەوتی سعودیە بۆ ئێمە مانای خۆی هەیە، راستە سعودیە دەوڵەتە، ئێمە هەرێمین. ئەوان خاوەنی سیادەی خۆیانن، بەس تۆ لە چوارچێوەی عێراقی. كەواتە دەشێ لەگەڵ عێراق لەبارەی نەوتەوە لاپەڕەیەكی تازە هەڵدەینەوە. نەوت بخەینە خزمەت هەرێمی كوردستان‌و خزمەت چارەسەری قەیرانەكانمان لەگەڵ حكومەتی عێراق، چونكە ئێستا نەوتی خۆمان بۆتە چەكی دەستی حكومەتی عێراق‌و لەدژمان بەكاردەهێنێت. نەوتی خۆمان لەدژی خۆمان بەكاردەهێنرێتەوە. ئەمەش پێویستی بەوەیە سەد دەر سەد پێچەوانە بكرێتەوە، نەوتی خۆمان لەناوەوە بوژانەوەی گەورە دروست بكات‌و هاوڵاتیان لەدەوری ئابوریەكەی كۆبكاتەوەو مایەی ئارامی بازاڕ‌و ئابوری هەرێم بێت، بۆ دەرەوەش چەكی دەستی هەرێم خۆی بێت. ئەگەر وا نەكەین لەداهاتوو زەبری نەوت دەخۆین‌و یاریەكان لەدژی ئێمە دەبن.

Hits: 147
Category: