فەرەنسا و موسڵمانەکانی: سەرنجێکی کورت لە پەیوەندیی نێوان ئیسلام و تێرۆر

مەریوان وریا قانیع

فەرەنسا وڵاتی نزیکەی ٦ ملیۆن موسڵمانە لە کۆی نزیکەی ٦٧ ملیۆن، ئەمەش مانای ئەوەیە نزیکەی ٩% دانیشتوانی ئەو وڵاتە موسڵمانن. ئەم ژمارە لە موسڵمان لەو وڵاتەدا خاوەنی سەدەھا مزگەوت و ڕێکخراو و ناوەندیی دینیی و نادینین. زۆرینەی ھەرەزۆری ئەم موسڵمانانە وەک کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە و لە ساڵانی شەستەوە بە ژمارەی گەورە لەو وڵاتەدا جێگیربوون، موسڵمانەکانی فەرەنسا سەر بە شوێن و جێی جیاوازن، ھەیانە عەرەب، ھەیانە تورک و فارس و کورد ھتد...  لەو ٦ ملیۆن موسڵمانە تەنھا نزیکەی ٤٠% ڕۆژانە نوێژ دەکەن، تەنھا ٢٣%  دەچنە نوێژی جەماعەت لە ڕۆژی ھەینیدا. ژمارەی ئەو موسڵمانانەش کە مەشروبخۆرن ڕێژەیان ٣٤%.  ئەم لە موسڵمان لەو وڵاتەدا خاوەنی سەدەھا مزگەوت و ڕێکخراو و ناوەندیی دینیی و نادینیی ھەمەجۆرن. لەناو ئەم گشتە ئاڵۆزەدا کەسانێکیان ھەن  وەزیر و پرۆفیسۆری زانکۆ و ھونەرمەند و  وەرزشەوان و گۆرانیبێژ و نووسەری گەورەن و لەناوە بەناوبانگەکانی ئەو وڵاتەن، زۆرینەی ئەو موسڵمانانە کەسانێکی بێوەین و خەریکی کارکردن و باشترکردنی ژیانی خۆیان ماڵ و منداڵەکانیانن، ھەشیانە جیھادیست و تێرۆریستن و کاری سەرەکییان کوشتن و وێرانکردنە.

لە ساڵانی نەوەدەوە، چ لە فەرەنسادا و چ لە زۆرێک لە وڵاتە ئەوروپییەکانی تردا، شەپۆلێک لە سەلەفیەت لەناو موسڵمانانی کۆچبەردا بڵاوبۆتەوە، کە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ”ئیسلامی پێترۆ دۆلار“، واتە ”ئیسلامی دۆلاری نەوت“، ناودەبرێت. ئەم ئیسلامە ئیسلامی ”وەھابیی سەلەفیی“ سعودی و وڵاتانی خەلیجە، کە لەڕێگای دۆلاری زۆری نەوتەوە بە جیھاندا بڵاوکراوەتەوە. باڵێکی ئەم ئیسلامە سەلەفییە بە ”سەلەفیەتی جیھادیی“ ناودەبرێت کە ڕێکخراوەکانی وەک ئەل قاعیدە و داعش و چەندانی تر نوێنەرایەتی دەکەن. ئەوەی لەناو ئەوروپادا لە تێرۆر و کوشتن و وێرانکردن بەرپرسە، ، ئەم بەشە سەلەفییە جیھادییەی ئیسلامە. ئەمانە نوخبەیەکن لە گەنجانی ئەو وڵاتانە و وەک سەلەفییەکی توندڕەویی جیھادیی خۆیان بە نوێنەری ڕاستەقینەی ئیسلام دەزانن و بەناوی ئەم نوێنەرایەتیکردنەشەوە ئەوەی بەڕاستی دەزانن، ئەنجامیئەدەن. ئەمانە نەک تەنھا دژ بە سیستمی عەلمانی فەرەنسیی و دژ بە ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادییە تاکەکەسیی و دەستەجەمعییەکانی تری ناو کۆمەڵگای فەرەنسین، بەڵکو دژ بە سەرجەمی ئەو فۆرمانەی تری ئیسلامیشن کە لەگەڵ دیدە سەلەفییە جیھادییە داخراوەکەی ئەواندا ناگونجێت. لەڕووی فیکریەوە زۆرینەی ئەمانە منداڵەکانی سەید قوتبن. وەکچۆن سەید قوتب لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی بیستەمدا جیھانی سەردەمەکەی خۆی بە ”جاھیلیەتێکی نوێ“ دەزانی، بە خودی کۆمەڵگا ئیسلامییەکانەوە وەک بەشێک لەو جاھیلیەتە، ئەم نەوە تازانەی سەلەفیەتی جیھادیش ھەمان دیدی سەید قوتبیان ھەڵگرتوە و ھەموو جیھان بە ”جیھانێکی جاھیلیی“ دەزانن. خۆشیان وەک جەنگاوەێکی جیھادیی دژ بەم ”جاھیلیەتە تازە“ وێنادەکەن. زۆرینەی ئەمانە کەسانێکن لە پەراوێزیی کۆمەڵگای فەرەنسیدا و لەو ژینگانەدا دەژین کە پڕە لە بێئیشیی و توڕەیی و بێمتمانەیی و تاوان و دزیی و یاساشکێنیی. ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە فەرەنسا ڕوویدا لەناو ئەم وێنە گشتییەدا ڕوویدا. سەربڕینی ئەو مامۆستا فەرەنسییە ڕووداوی ناو ئەو ژینگە دینیی و کۆمەڵایەتییە کە لەسەرەوە باسمکرد.

 ئەو کەسەی مامۆستاکەی سەربڕیی بە ڕەچەڵەل شیشانیە و تەمەنی ١٨ ساڵە. ئەم کوڕە لە تەمەنی ٦ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەیدا بەرەو فەرەنسا ڕادەکەن و لەوێ دەبن بە پەنابەر و نیشتەجێدەبن. مامۆستا فەرنسییەکە مامۆستای مێژو و جوگرافیا بووە و لە پۆلەکانیدا ھەندێک منداڵی خێزانە موسڵمانەکانی ھەبووە. ئەم مامۆستایە ساڵانە کۆمەڵە وانەیەکی لەسەر ”ھاوڵاتیبوون“ گوتۆتەوە. ”ئازادی ڕادەربڕین“یش یەکێک بووە لەو بابەتانەی بۆ قوتابییەکان باسیکردوە و گرنگیی پێداوە. لە وانەیەکیدا لەسەر ئەم بابەتە ئەو وێنە کاریکاتۆریانەی نیشانداوە کە گۆڤاری شارلی ھێبدۆ، Charlie Hebdo، لەسەر پێغەمبەری موسڵمامان بڵاویکردبووەوە. باوکی یەکێک لە خوێندکارە موسڵمانەکان، کە تەمەنی ٤٨ ساڵە، لای پۆلیس و لای ئیدارەی قوتابخانەکە شکات لە مامۆستاکە دەکات، دواییتر گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەسەر ئەو مامۆستایە بڵاودەکاتەوە و بە ”پۆخڵەوات“ ناویدەبات. ناو و ناونیشانی مامۆستاکە لەسەر ئینتەرنێت بڵاودەکرێتەوە. دوای ماوەیەک ئەو کوڕە شیشانییە پەیدادەبێت، ئەم کوڕە مامۆستاکە ناناسێت، بۆیە لە قوتابخانەکە بڕی ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ ئێرۆ ئەدات بە دوو خوێندکار بۆئەوەی مامۆستاکەی نیشانبدەن. ئەوانیش پارەکە وەردەگرن و مامۆستاکەی نیشانەئدەن. دواتر کوڕە شیشانیەکە  لە یەکێک لە کۆمەڵانەکانی پاریسدا پەلاماری مامۆستاکە ئەدات و سەریدەبڕێت. وێنەی پەلاماردانەکەش دەگرێت و لەسەر تویتەرەکەی خۆی بڵاویدەکاتەوە.  ئیسلامییەکی توندڕەوی تریش لەم تاوانەدا بەشداربووە کە پێشوەخت لای پۆلیسی فەرەنسی ناسراوبووە. بە کورتییەکەی ئەوەی ڕوویداوە کارێکی خۆبەخۆ و ھەڵچوونێکی کوتوپڕ نەبووە، بەڵکو ئیشێکی ڕێکخراو و پلان بۆدانراو بووە.

پرسیارەکە ئەوەیە ئەم ڕووداوە چیمان پێدەڵێت؟

بە بۆچونی من ئەم ڕووداوە بە خەڵکی جیاواز شتی جیاواز دەڵێت. ئەوەی ئەم ڕووداوە، بۆ نموونە، بە موسڵمانەکان و بە ئیسلام وەک دینێک دەیڵێت جیاوازە لەوەی بە  فەرەنسییەکان و ئەوروپییەکانی دەڵێت. ئەم ڕووداوە پێویستە بە موسڵمانەکان بڵێت کە دینەکەیان ھەڵگری ئەگەری جۆرێک لە تەفیسر و لێکدانەوەیە، کە جگە لە کوشتنی ئینسان و وێرانەکاریی و سوکایەتییکردن بە ژیان، ژیانی ملیۆنەھا مرۆڤ، شتێکی دیکەی لێ سەوزنابێت. ”سەلەفیەتی جیھادیی“ لە ئاسمانەوە نەکەوتۆتەخوارەوە، کافرەکان دروستیان نەکردوە، لە دەرەوەی جیھانی ئیسلامیدا بەرھەمنەھاتوە،  بەڵکو لەناو لێکدانەوە وتەفسیر و تێگەیشتنێکی تایبەتەوە بۆ قورئان و حەدیس و کەلەپوری ئیسلام خۆیەوە ھاتووە. ئینکارکردنی ئەم ڕاستییە سادەیە بەشداربوونە لە دروستکردنی ئەم ھێزە تاریکەدا. ”سەلەفیەتی جیھاندیی“ دەرکەوتێکی ھێجگار تاریک و ترسناک و وێرانکەری ئیسلامە، چەندە ڕووی لە کەسانی ناموسڵمانە، ھێندەش ڕووی لەو موسڵمانانەیە کە لە خۆیان ناچن. بنبڕکردنی ئەم جۆرە لە تێگەیشتن و تەفسیرکردنی ئیسلام، ئەرکی ژمارە یەکی ھەموو ئەوانەیە خۆیان بە موسڵمان و دیندار دەزانن و لە خەمی دین و پێغەمبەر و خوداکەیاندان. پاکژکردنەوەی ئیسلام لەم ئەگەری تەفسیرکردنە تاریکە، کردەیەکی مێژوویی ھێجگار گرنگە و پێویستیی بە عەقڵێکی دینیی کراوە و بە ویژدانێکی ئینسانیی گەشەکردو و بە ڕۆحیەتی ھاریکاریی و بەدەم یەکەوەچوون ھەیە، کە بەداخەوە بەو قیڕەقیڕ و خۆنمایشکردن و ھەڵا و زەنایە دروستنابێت، کە ئێستا لەلایەن ھێزە دینییەکانەوە دەیبینین. زۆرینەی ئەوەی لە کوردستاندا دەیبینین کاردانەوەیەکی دۆگمایی و ترسناکە کە ئاو بە ئاشی ئەم تێگەیشتنە سەلەفیە جیھادییەدا دەکات کە وەک سەرەتانێکی دینیی و فەرھەنگیی، لەگەشەکردندایە.

ھەرچی ئەوروپییەکانە لە پەیوەندیاندا بەم تاوانەوە، جارێکی تر پێ لەسەر کۆمەڵێک پرنسیپ دادەگرن کە بە بنەمای شوناسی سەرەکیی خۆیان و کۆمەڵگاکانیان دەزانن، لەوانەش پرنسیپی ”ئازادیی ڕادەربڕین“ و بەرگریکردن لە ”مەدەنیی“ و ”عەلمانیی“ بوونی دەوڵەتەکەیان، کە لە فانتازیایی زۆرینەیاندا ئەو پرنسیپانە وەک بنەمای دیموکراسیەت کاردەکەن. ھاوکات ھەست بە جۆرێک لە ترس دەکەن کە لەناو کۆمەڵگاکانیاندا دروستبووە و ھەڕەشە لەو بەھاکان و لەو فۆرمانەی ژیانیان دەکات کە بە چەندان سەدە دروستیانکردوە. کاردانەوەکانی سەرۆکی فەرەنسیی و زۆر کاردانەوەی تری سیاسییەکانی ئەووپا لەم ڕەوتەدا دروستدەبێت. بەشێوەیەکی گشتیی دەکرێت لە زۆرێک لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا دوو شێوازیی جیاواز لە کاردانەوە لەیەکتری جیابکەینەوە. یەکەمیان کارادانەوەی کەسان و ھێزە  ڕاستڕەوەکانە، کە باس سەندنەوەی ڕەگەزنامە و لە دەرکردن و گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرە موسڵمانانە دەکەن بۆ وڵاتی خۆیان، سەرەڕای ئەوەی ئەوان دەیان سالە لەو وڵاتانەدا دەژین و زیاد لە نەوەیەکیان لەو وڵاتانەدا لەدایکبوون. زۆرشیان جگە لە زمانی فەرەنسیی ھیچ زمانێکی تر نازانن. دووھەمیان، کاردانەوەی کەسان و ھێزگەلێکی ترە کە باس لە ڕیشەکێشکردنی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتیی و ئابورییە دەکەن کە لەناو پاریسدا منداڵێکی شیشانی پەنابەر، دەگۆڕێت بۆ تێرۆریست و پیاوکوژێک.

بێگومان دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارە تێرۆریستیانە و بەھێزبوونی زیاتری ئەم شەپۆلە سەلەفییە، لەناو ئەوروپادا دۆخی ژیانی ئەو چەند ملیۆن کۆچبەرە موسڵمانانە تەواو زەحمەت و ناڕەحەتتر دەکات کە لە خەمی دابینکردنی ژیانێکی باشتردان بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵ و کەسوکارەکانیان. لە دەرەوەی ئەوروپاشدا لەشکرێک لە توندڕەو ئامادەدەکات لە دەیەکانی داھاتوودا ژیانی ئەوانەش کە ھێشتا لەدایکنەبوون، وێرانبکەن.

بەگژاچوونەوەی ئەم فۆرمە لە دین و دینداریی، ئەم فۆرمە لە ئیسلامێکی ترسناک، ئەم مۆدێلە تاریکە لە موسڵمانبوون، بەر لەوەی ئەرکی کەسێکی نادینیی بێت، ئەرکی کەسێک لە دیندا بەدوای شوناسی خۆیدا ئەگەڕێت، ئەرکی ھەموو ئەوانەیە کە ئیسلام بەلایانەوە بنەمای شوناس و دونیابینیانە. ئەو ئیسلامەی کە گەنجێکی شیشانی لەناو پاریسدا دەگۆڕێت بۆ پیاوکوژ، ئیسلامێکە لە قەیراندایە، لە قەیرانێکی ھەمەلایەنە و ھەمە ڕەھەندا.

ھەرچی ئازادیی ڕادەربڕینە بەھایەکی گەردونیی ھێجگار گرنگ و بنەڕەتییە و پێویستیی بە پاراستن و بەرگریلێکردنی بەردەوام ھەیە، بەرامبەر ھەموو ئەوانەی بەناوی جیاواز و لەژێر دروشمی جیاوازدا بەگژیدادەچنەوە و  دەیانەوێت سنوورداریبکەن.  داخستنی دەمی مرۆڤ سڕینەوەی یەکێک لەو ئاکارە ھەرە سەرەکییانەیە، کە مرۆڤ دەکات بە مرۆڤ و لە ئاژەڵەکانی تری جیادەکاتەوە.

لەپەیجی بەرێز دكتۆر مەریوان وریا قانیع وەرگیراوە..

Hits: 82
Category: