احمد محمد: تا ئێستا هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن عەقلیان گەشەی نەكردووە كاربكەن بۆ بەدیلی پارتی و یەكێتی، بەلكو تەنها بیر لەوە دەكەنەوە چەند كورسیێكیان هەبێت و بەس

احمد محمد مولود.. هەڵگری بڕوانامەی ماجستێر لە زانكۆی یوزنجویل لە وڵاتی توركیا، لە بواری مێژووی نوێ، یەكێك لە سیاسی و ئەكادیمیەكانی نەوەی تازەی ناو كایەی سیاسەتە، لەم چاوپێكەوتنەی لەگەڵ ئێستانیوز لەسەر چەندین تەوەر هەڵوەستە دەكات و بۆچونی خۆی دەخاتە ڕوو...

ئێستانیوز: بۆ هەرێمی كوردستان چ جۆرە سیستەمێك و شێوەیەكی حكومرانی بەباش دەزانی؟

احمد محمد :بۆ دیاریكردنی سیستەمی بەرێوەبردنی ولات ئەوەندەی ئیرادە و ئیلتزامكردن بە خزمەتكردنی نیشتمان و تاكەكانی كۆمەڵگە و سوربوون لەسەر پرۆژەیەك بۆ بنیادنان و بەهێزكردنی تاكێكی خاوەن ئیرادە و دورخستنەوەی گەندەڵ و پیاوە نەخوێندەوارە چاوچنۆكەكان و بەدیهێنانی شەفافیەت گرنگە، پێم وانیە بەقەد ئەوە سیستەم گرنگ بێت، هەرچەندە پێم وایە سیستەمێكی پەرلەمانی كارای خاوەن بریار لەو كاتەدا بۆ هەرێمی كوردستان باشترینە، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە جۆرەكانی تری سیستەمی بەرێوەبردنی ولات باش نین، چونكە ولاتێكی گەورەی وەكو ئەمریكا سیستەمی سەرۆكایەتیە، هەروەها ولاتی فەرەنسا تێكەڵە و بەریتانیاش پەرلەمانی، ئەمانە سێ گەورەترین ولاتی دونیای دیموكراتین و لە پێشكەوتووترین و بەهێزترین ولاتانی دونیان، سادەترین شت لای ئەوان دەستاو دەستكردنی دەسەلاتە، لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە دیموكراتیەت و خۆشگوزەرانی دەكرێت بەدی بهێنرێت بەسیستەمی جۆری جیاواز ئەگەر هات و ئەوانەی ئەو ولاتە بەرێوە دەبەن لەخەمی ولات دابن.

ئێستانیوز: بروات وایە خەباتی پەرلەمانی دەتوانێت ئالوگۆری دەسەلات لە كوردستان دروست بكات؟

احمد محمد :تاوەكو هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پارەی ولات لای حزب بێت و حزب هیچ شتێك لای هێلی سوری نەبێت و هەركات بیەوێت شەرعی ترین دەزگای ولات كە پەرلەمانە دایبخات وكاتێكیش ویستی وەكو دوكان بیكاتەوە نەخێر، ئەمەش بێ هیوایی و بێ ئومێدی خەڵك زیاتر دەكات، كە من پێم وایە ئەو بێ هیواییەش بەرنامە رێژی بۆ كراوە، بۆ ئەوەی خەڵكی نارازی و ئەو خەڵكانەی كە دەنگدەری هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی جارانن بێ ئومێد بن و دەنگ نەدەن، لە هەلبژاردنی 12ی5 و 30ی9 بە روونی دەرەنجامەكانی ئەو هەولانە دەركەوتن، ئەنجامی بەشداریی هاولاتیان لەهەلبژاردن نزیكەی60% بەشداری نەكرد، بۆیە تاراددەیەكی زۆر هێزە دەسەلاتدارەكان لەو هەولانەیان سەركەوتوو بوون.

ئێستانیوز: ئایا پێت وایە پارتی و یەكێتی لاوازبوون و تەنها بە تەزویر براوە بن، یان هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن خاوەن كێشەی گەورەن و لە ئاست چاوەروانی خەڵك نین؟

احمد محمد:گومان لە لاوازبوونی یەكێتی و پارتی نیە، بەلام بەراستی هێزەكانی بەرامبەریان تا ئێستا نەیانتوانیوە خاوەن پرۆژەیەكی نیشتمانی و یەك گوتاری و یەك هەڵوێست بن، ئەوان ئەوەندەی خەریكی ململانێی ناوخۆیان و كاركردن  بۆ ئەوەی كامیان كورسیەك لەوەی تر زیاتر بێنێت بەقەد ئەوە كاریان نەكردووە بۆ ئەوەی هاوپەیمانیەتیەك دروست بكەن و هەوڵی كاری گەورەی دەستەجەمعی بدەن بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵكی پێبكەن، لە هەڵبژاردنی 12ی5 هەوڵێك هەبوو بۆ ئەوەی ئەو هێزانە بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردن بكەن، بەلام نەیانتوانی قەناعەت بەیەكتر بكەن و ئەو هەوڵە سەری نەگرت بۆیە توانیان 11 كورسی پەرلەمانی بەدەست بێنن، دوای ئەوەی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن راگەیاندرا ئەو كەسانەی هەوڵی دروستكردنی ئەو بەرەیاندا بە دواداچونێكیان كرد بۆ ئەوەی بزانن ئەگەر بەیەكەوە بەشداریان بكردایە چۆن دەبوو، دەركەوت 5 تا 6 كورسی جیاوازی هەبوو، چونكە هەموو هێزەكانی ژمارەیەكی زۆری دەنگیان سوتا و چو بۆ لایەنی دەسەلات، بۆیە تا ئێستا هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن عەقلیان گەشەی نەكردووە كاربكەن بۆ بەدیلی پارتی و یەكێتی، بەلكو تەنها بیر لەوە دەكەنەوە چەند كورسیێكیان هەبێت و بەس.

ئێستانیوز: ئایا دەكرێت بەرەیەكی هاوپەیمانی لە هێزەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی دروستبكرێت؟

احمد محمد:ئەگەر ئەو هێزانە بیانەوێت و لەخەمی خەڵك و ولات بن بەجدی پێویستە ئەو بەرە نیشتمانیە دروست بێت، لەبەر ئەوەی كوردستان لە پێگەیەكی هەستیاردایە هەم دەرفەتی مەزن و هەمیش هەڕەشەی زۆری لەسەرە، ئەوە هێزە سیاسیەكانن  پێویستە ئەو پەرتەوازەیی و ململانێیە ناتەندروستانە وەلابنێن، كە هەر یەكەیان خەمی ئەوەیەتی كورسیەك لەوەی تر زیاتر بێنێت، چونكە گەلەكەمان لە ئێستادا رووبەڕووی چەندین تەحەدیات بۆتەوە لە رووی حكومرانی هەرێمی كوردستان توشی شكستێكی گەورەبووە، گەندەڵی دەستی خستۆتە بینە قاقامانەوە، لە ڕووی دیموكراسی و دادپەروەری و دادی كۆمەڵایەتیەوە روو لە پاشەكشەین، لە ئاسایشی نیشتمانی و ئاشتی كۆمەلایەتی روو لە خراپتربوونە، ئەگەر سەیربكەین دەبینین ئەو هێزانە بەتەنیا و بێ دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەش و دروستكردنی هاوپەیمانیەتی ناتوانن ئەو دۆخە تەجەواز بكەن و گۆڕانی بنەڕەتی بێتە ئاراوە، كاری پێكەوەیی لە هێنانەدی ئامانجەكان بەتەواوی نزیكمان دەكاتەوە، بۆیە دروستبوونی ئەو بەرەیە لەو قۆناغەدا زەرورەتێكی حەتمیە، لەڕێگەیەوە ستراتیجیەكی هاوبەش دابڕێژرێت و پرۆژەی كرداری بەرهەمدار جێگەی هەموو ئەو بەڵێن و گوفتارانە بگرێتەوە كە چەندین ساڵە مێشكی تاكی كوردیان ئاخنیووە، بۆیە هێشتا ئومێدێك ماوە بۆ هێنانە كایەی حكومڕانیەكی دروست و گەشەسەندوو تا لەڕێگەیەوە بنەماكانی دیموكراسی و دادپەروەری لەسەر بنیادبنرێت.

ئێستانیوز: بەرێزتان یەكێك لەكادیرە چالاك و هەڵسوڕاوەكانی ناو هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بوویت، ئێستا بۆچونت لەسەر هاوپەیمانی چیە و پێت وایە هاوپەیمانی بەو فۆڕمە دەتوانێت بەردەوام بێت و ببێتە هێزێكی كاریگەر؟

احمد محمد: دروست بوونی هاوپەیمانی وەكو پێداویستیەكی بابەتی نێوكاری سیاسی سەری هەڵدا، ویستمان سنورەكانی ئایدۆلۆژیا و ناوچەگەرێتی و ناكۆكیە مێژووییەكان تێپەڕێنین، هاوپەیمانی دیدێكی نوێی فكری سیاسی بوو لە پێناو بەدیهێنانی نەریتێكی تازە لە كایەی سیاسی، كاری نەكرد بۆ سڕینەوەی ئەوانی تر، بۆیە هەوڵی جدی هاوپەیمانی ئەوەبوو كار بكات بۆ بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەكان و دەستەبەركردنی ئازادی و دادپەروەری و ئاوەدانی و سەروەركردنی یاساو حكومرانیەكی دیموكراتی دەستووری، كە سەروەری یاساو سەربەخۆیی دادگای تیادا دەستەبەر بێت و گەل سەرچاوەی بریاردان بێت لەرێگەی نوێنەرە هەڵبژێردراوەكانیەوە. هەروەها هاوپەیمانی تێدەكۆشا بۆ چەسپاندنی دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەلات بەگرتنەبەری شێوازەكانی دیموكراسی و رێزگرتن لە ئیرادەی گەل، كاركردن بۆ رووبەرووبونەوەی جیاكاری هاولاتیان و پاراستنی مافەكانی ژنان و پێدانی ئەو رۆڵ و پێگەی كە شایستەیەتی، هەوڵیدەدا بۆ دابینكردنی دەرفەتی چون یەك بۆ گەنجان، توانا سیاسی و ئەكادیمییەكان و كەسانی ئەزمووندار بۆ زامنكردنی بەشداری كارایان لە بنیاتنانەوەی ولات و نوێكردنەوەی دامەزراوەكان و بەرفراوانكردنی كاری سیاسی هەبێت، ئەگەر بەو فۆڕمە بەردەوام بێت پێم وایە دەتوانێت بەهاوكاری هێزەكانی تر ئامانجەكانی وەدی بهێنێت، دوای نەمانی دكتۆر بەرهەم هاوپەیمانی پێویستی بە خۆ رێكخستنەوە هەیە، دەبێت گۆڕانكاری جەوهەری لە هەیكەڵی بەرێوەبردنی بكات و دامەزراوەكانی بەشێوەیەكی زانستی رێكبخرێت تاكو لەگەڵ دروشمەكانی بگونجێت و بەرنامە رێژی بۆ ئایندە بكات، پێویستە سێكتەرە مەعریفیەكانی بەكەسانی شارەزاو ئەكادیمی بسپێرێت، دارشتنەوەی ئەنجومەنی بەرێوەبردن و ئەنجومەنی گشتی لەسەر ئاستی شارەزایی و توانا ئەكاددیمیەكان بێت.

ئاكۆ ئاكۆیی،  بیرەوەری رۆژانی ئەنفالی بادینان بۆ ئێستانیوز دەگێڕێتەوە

(بەری گارێ‌ و زێبارەتی )

ئەنفال ئەوپرۆسەیە بوو كە بە بڕیارێكی ئەنجومەنی بەناو سەركردایەتی شۆڕش‌و سەرۆكەكەی سەدام حوسێن لەرۆژی (29/3/1987) بەشێوەیەكی فەرمی (عەلی حەسەن مەجید)ی ناسراوە بە(عەلی كیمیایی)، (( كە لەسەر ئەنجامدانی تاوانی ئەنفال تاوانباركراو لە 25/1/2010لە سێدارە درا )) دەست نیشان كرد، بۆسەرپەرشتی‌و جێبەجێكردنی پرۆسەكە، مەبەست لەپرۆسەكە جنێوسایدی كورد بوو، رژێمی لەناو چوو پڕۆسەی ئەنفالی بەهەشت قۆناغ جێبەجێكرد، ئەوەی لەخوارەوە دەیخوێنیتەوە بیرەوەیی ئەو رۆژانەیە كەبەچاوی خۆم زۆر لە رووداو و كارەساتەكانم بینیوە .ئێمە مەفرەزەیەكی پێشمەرگە بووین لە ناوچەكە دا مابووینەوە لەدواقۆناغەكانی ئەنفال(ئەنفالی بادینان) كە پێشتر زۆربەی ناوچەكانی كوردستان بەتایبەتی (هەولێرو سلێمانی‌و گەرمیان) بەرشاڵاوەكانی ئەنفال كەوتبوون‌و ئەوەی مابۆوە تەنیا ناوچەكانی بادینان بوو.

ئەنفالی بادینان كە دوا قۆناغ و قۆناغی هەشتەم بوو لە(25/8) تا (6/9)ی ساڵی (1988)، كەرۆژی (6/9)رژێم بەلێبوردنێكی درۆزنانە كۆتایی بەهێرشەكان هێنا.

سەرەتا ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ‌ بدرێت وەستانی شەڕی (ئێران - ئێراق)ە كە زیاتر بواری بۆ رژێمی بەعسی روخاو ڕەخساند بۆبەئەنجام گەیاندنی پرۆسەی ئەنفال هەرچەندە پێشتر پرۆسەی ئەنفال دەستی پێكردبوو بەڵام بە وەستانی شەڕ پرۆسەی ئەنفاڵ فرەوانترو دژوارتر بوو. دوای وەستانی شەڕو كێشانەوەی هێزەكانی رژێم لەبەرەكانی شەڕِ، زانیاری ئەوە هەبوو كەڕژێم هێزێكی زۆری (سوپاو جاش)ی كۆكردۆتەوە بۆهێرش هێنانە سەر ناوچە ئازادكراوەكانی بادینان ، بەتایبەتی لەسەر ئەو هێزانەی لەناوچەكانی ( ئامێدی دێرەلوك و شێخان‌و ئاكرێ‌ ) ، بارەگاكانی ئێمە لەدەڤەرێك بوو دەكەوتە نێوان (زێبارەتی و بەری گارا) لە گەلیێك بووین بەناوی (گەلی تووبە) كەكەتبووە نێوان هەردوو گوندی (كافێ‌)ی زێبارەتی‌و گوندی (یەك ماڵە) ی بەری گارا، بەری گارا ناوچەیەكی فرەوانەو (گارا)ش زنجیرە شاخێكی دوورو درێژە ئێمە لە پایزی 1985 بارەگاكانمان لە گەلی ( زێوشكان) گواستنەوە بۆ ئەوێ‌ ، هەرلەم گەلییەدا لە بەهاری (1988)یەكەم كۆنفراسی حزبمان (حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان )ی تیا بەسترا.

دوای وەستانی شەڕی (ئێران ـ ئێراق)، رژێم زیاتر دەستی كرایەوە بۆشەڕكردنی هێزی پێشمەرگەو داگیركردنی ناوچە ئازاد كراوەكان، راگەیاندنی كۆتایی هێنان بەشەر كە ئەوكاتە ( ئیمام خومەینی) وەك خۆی وتەنی(وەك خواردنەوی جامێك ژەهرە) بەناچاری بڕیاری لەوەستانی شەڕدا لە(8/8/1988).

دوو سێ‌ رۆژ دواتر كۆڕێكی فرەوان لەسەر بارودۆخەكە كەتایبەت بوو بەوەستانی شەڕو هەلومەرجی داهاتوو، بۆسەرجەم ئەو كادیرو پێشمەرگانەی حزب كە لە بارەگاكانی ئەوێ‌ بوون لەلایەن بەڕێز (كاك قادر عەزیز) بەسترا، كەلە بەشێكی وتەكانی ئاماژەی بەوەدا (بەكۆتایی هاتنی شەڕی ( ئێران ـ ئێراق) ڕژێم زیاتر دەستی بەتاڵ دەبێت و بواری زیاتری بۆدەرخسێت بۆشەڕكردنی هێزی پێشمەرگەو پەلاماردانی ناوچە ئازاد كراوەكان‌و ئەنجامدانی پیلانەگلاوەكانی لەبەرامبەر گەلەكەمان، بەمەش خەبات و تێكۆشانمان سەخت تردەبێ‌، بۆیە دەبێت خۆمان بۆ ئەو رۆژەو هەموو پێشهاتێك ئامادە بكەین و شێلگیرانە تر بەگژ پیلانەكاندا بچینەوەو لەوانەیە شێوازی خەباتی چەكداریمان گۆڕانی بەسەردابێت و شەری پارتی زانی پیادەبكەین ) .

سەركردایەتی حزب وەكو هەموولایەنەكانی تری ناوچەكە بڕیاری دا كەبە شێوەیەكی كاتی ناوچەكە جێ‌ بهێڵیت، كەدوا لایەن بووین بڕیارەكەمان پیادەكردو حزب بڕیاریدا مەفرەزەیەكی (11) یانزە كەسی لەناوچەكە لە دەوروبەری بارەگا جێبهێڵی بۆهەندێ‌ كاری پێویست، كە كارەكانی ئەنجامدان ئەوانیش بگەنەوە هێزەكانی تر لە چیای شیرین وا بڕیار بوو ئەم مەفرەزەیە كە كارەكانی ئەنجام دان بەرێ‌ بكەون و لە و دیو چیای شیرین بە هاورێكانی تر بگەنەوە ، ئەم (11) پێشمەگەیە ئەمانە بووین:

( دڵشاد كۆیی، نەبەز ئیسماعیل، دانا حەوێز، سالار، ئاری ، كۆسرەت، ئومێد، هەرێم، سەرەتا، كاروان،،ئاكۆ ئاكۆیی).

(26/8) هەموو ئەو هاورێیانەی لەبارەگاكان بوون جگە لەو مەفرەزە یانزە كەسیە نەبێت هەموویان بەرێكەوتن بۆ ئەو شوێنەی پێشتر دیاری كرابوو كە ئەو شوێنەش چیای ( شیرن )بوو بڕیار وابوو بە شێوەیەكی كاتی بارەگاكانمان لەوێ‌ دابنێین تا باروودۆخی ناوچەكە ئاسایی دەبێتەوە ئەوكات بگەرێینەوە بۆبارەگاكانی پێشووترمان.

ئەو كارەی كە بە مەفرەزەكە ڕاسپاردرابوو بریتی بوو لەگەیاندنی هاوڕێیەك بۆ نزیك یەكێ‌ لەگوندەكانی (دنیارتە) بۆ ئەوەی بچێتە هەولێر كۆمەڵێك ڕاسپاردەی پێ‌ بوو بۆ هاوڕێیانی ناوشار (ڕێكخستن) هەروا شاردنەوەی ئەو كەلوپەلانەی لەبارەگاكان بوون، وەك كەلوپەلی راگەیاندن و چەك و بێ‌ تەڵ و ئازوقە ......تاد، هەر هەمان رۆژ چوار هاوڕێ‌ لەگەڵ ئەو هاوڕێیەی بڕیاربوو بچێتەوە هەولێر بەڕێكەوتین، ئەوگوندانەی كەوتنە سەر ڕێگامان (كافێ‌، كانی گوڵێ‌، دەحلێ‌ ) چۆل كرابوون، ئێمە دەبوایە بە چیای (سەری شەهێ‌) سەركەوین كە سەرەتایی زنجیرەی چیای (پێرس)ە چیای پێرس لە وێوە دەست پێ‌ دەكات و درێژ دەبێتەوە تا بێخمە، مەتارەكانمان لە ئاوی ( دەحلێ‌) پڕكردو ڕێگای هەورازمان گرتەبەر، هێشتا هەرلەبنارەكەی دابووین چەندكەسێك بەسواری ولاغ بەڕێگادا دەهاتنە خوار، خەڵكی ناوچەكە بوون پرسیاری ڕێگامان لێكردن زۆر بە پەلەبوون وتیان ( بگەڕێنەوە ناتوانن بگەنە گوند ئەوێ‌ پڕبووە لەسووپاو جاش، هەموو ڕێگاكان گیراون، ئێمە بەپەلە توانیمان خۆمان دەرباز بكەین و ئێوە چی دەكەن لێرە زووكەن خۆتان دەرباز بكەن و ناوچەكە جێبهێڵن ) ، ئێمە بەردەوامیماندا بەرۆیشتن، زۆر مەبەستمان بوو بتوانین ئەو هاوڕێیە بگەینینە شوێنی مەبەست چوونكە كارەكەی زۆر پێویست‌و زەروری بوو، مەودایەك ڕۆیشتین دیسان دووكەسی تر بەسواری ولاغ بەپەلە دەهاتنە خوار پێش ئەوەی ئێمە لێیان بپرسین ئەوان وتیان كێوە دەچن؟ پێمان وتن دەچینە ئەو شوێنە ئەوانیش جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە بگەڕێنەوەو لەو ناوچەیە دوور كەوینەوە ، هەڵبەتە قسەكانی ئەوان ڕاست بوو ناوچەكە چۆڵ ببوو، رەوشەكە ئاڵۆز ببوو بارودۆخەكە هەموو ئاماژەكانی وا بوون كەكارەساتێك بەرێوەیە بڕیارماندا بگەڕێینەوە، بۆنزیكی ئێوارە گەیشتینەوە لای هاوڕێیان، ئەوان زۆربەی كەلوپەلەكانیان شاردبۆوە، كەشەو داهات فڕۆكەی (پیلاتۆزوكۆپتەر) بەئاسمانی ناوچەكە دەسوڕانەوە، هەندێ‌ لەشوێنەكانی ناوچەی بەری گارەی بۆردومان دەكرد، گوندی (شێرانە) بەر بۆمبی كیمیایی كەوتبوو، دووكەسیش شەهید ببون، لەبارەگا دەرچووین و چووینە بەرزایەكان ، بارەگای ناوچەی (ئاكرێ‌)ی برادەرانی پارتی لەنزیكی ئێمەوە بوون بارەگاكانی هاورێیانی حزبی شیوعیش لە ناوچكە بوون، هەموو یان چۆڵكرابوون.

لە (27/8) ئەو كارانەی بەئێمە راسپێردرابوون جێبەجێمانكردن، جگە لەو هاوڕێیە نەبێت كە نەمانتوانی بەڕِێی بكەین بۆهەولێر، ئێوارە خۆمان ئامادەكرد بۆ رۆیشتن، بەیانی كاتژمێر (5) بەڕێكەوتین، كەلوپەلی پێویستی رێگامان وەك نان و خواردن، لە ئێسترێك باركرد، (گیسك) ێكیشمان هەبوو دەمێك بوو بە خێومان دەكرد زۆر متوی ئێمە ببوو لەدوای ئێمەوە دەرۆیشت دامانابوو لەڕێگادا بیكەین بەژەمێك، هاوڕێ‌ (كرمانج عەوێنەیی) زۆر خولیای ڕاوەكەو بوو دووكەوی هەبوون لەلای ئێمەی دانابوون خۆشی بەجەولە چووبووە دەشتی هەولێر هەر ڕۆژی پێشووتر كەوەكانمان بەردان و قەفەزەكانیشمان شكاندن، ئەو رێگایەی ئێمە پێیدا دەرۆیشتین بەبناری زنجیرە چیایێكەوە بوو بەناوی (حەفت تەبەق) كەدەكەوێتە نێوان هەردوو چیای گارەو مەتین ئێمە بە دیووی لای گارادابووین ، ڕێگاكە بەنێودارستانێكی چڕدا بوو تا گەیشتینە نزیك گوندی ( سەرانێ‌ سەروو)، لەوێ‌ بەرزایەك هەبوو هەوارگەی چەند ماڵێكی مەرداڕ بوون، خەڵكێكی زۆری گوندەكانی ناوچەكەی لێ‌ كۆببوەوە چاوەڕێی ئەوەیان دەكرد هەواڵی سەرزێی (بادینان)یان بۆبێت بۆئەوەی بۆ ئەو دیو شۆڕ ببنەوە بۆ (دەشتازێیێ‌)و لەزێی بادینان بپەرنەوەو بە گەلی باڵندە بەرەو سنورەكانی ئێران-توركیا بڕِۆن، چووینە ناو خەڵكەكە پرسیاری رێگامان لێكردن وتیان ئێمەش چاوەڕێ‌ دەكەین دووكەسمان رەوانە كردووە لە نزیكەوە چاودێری بكەن‌و بزانن دەتوانین لەزێ‌ بپەڕینەوە گوایە ئەو دیوو و سەرزێ‌ گیراوە، ئێمەش لە دووری خەڵكەكە لەژێر درەختەكانی گۆرستانێك لەچاوەروانی دابووین، دوو هاورێشمان لەنێو خەڵكەكە بەجێمان تاهەواڵی رێگا وەرگرن، ئەودووكەسەی كەخەڵك چاوەرێیان دەكردن بۆ وەرگرتنی هەواڵی رێگا پاش كەمتر لەكاتژمێرێك گەڕانەوە دوو هاورێیەكەمان هاتنەوەو وتیان ئەوان گەڕانەوەو دەڵێن سەرزێ‌ گیراوە، ئۆتۆمبێلی سەربازی بۆناوچەی بارزان هاتوو چۆیانە، كۆپتەر بەبەردەوامی بەسەر هێزەكان دەسوڕێتەوەو سووپا لەودیوو بەرەو ئەم ناوچەیە دێت ، خەڵكەكە كەئەمەیان بیست بەپەلە پەرتەیان لێكردو لەنێو چری دارستانەكە ون بوون.

ئێمەش بە دوای ئەوان بۆ نێو دارستانەكە گەڕاینەوە بڕیارماندا لەبەر دوو هۆ تێكەڵاوی خەڵكەكە نەبین، یەكەمیان نەبادا خەڵكێك هەبێت زانیاریمان لەسەربدات، دووەمیان خەڵكانێك هەبوون پێشمەرگەیان شەهید دەكرد وتەسلیم دەبوونەوەو بۆ ئەوەی رژێم لێیان ببورێت، ئێمە لەنێو دارستانەكەدا چووینە سەر بەرزایەك بۆ ئەوەی بزانین بارودۆخەكە لە چیدایە ، كات نزیكەی نیوەرۆ دادەهات گوندی ( سەرانی سەروو ) لە ئێمە دیار بوو دەنگی گرمەی تۆپەكان دەهاتنە بەر گوێ‌ و بەرەبەرەش دەنگەكە نزیك دەبۆوە تاوای لێهات بۆ دیووی ئێمەش تەقێندران و پاشان تۆپەكان وەستان و كۆپتەر گەیشتە ئاسمانی ناوچكەو دەسوڕایەوە ، سەیرمانكرد وا سوپاو جاش لەهەموو ئەو ڕێگا سەرەكیانە وەك گوندی بانێ‌ و سەری شەهێ‌ و گەلی نیێ‌ بەرەو ناوچەكە دەهاتن، دەنگی تەقەش تادەهات نزیك تر دەبۆوە، سوپاو جاش لەوبەرزایەی كە ماڵە مەڕدارەكانی لێبوو بەدەركەوتن وبەرەو گوندی ( سەرانی سەروو ) شۆڕ بوونەوە هەڵبەتە ماڵەمەڕدارەكان و گوندەكە چۆلببوون ، پێش ئەوەی ئەو هێزە بگەنە ناو گوند دایانە بەردەست رێژی تفەنگ و ئاربی چی كە چوونە ناویش ئاگریا لەگوندەكە بەردا، یەكەم گوند لەناوچەكە ئاگری تێبەردرا ئەم گوندە بوو، بریارماندا بگەڕێینەوە دەوروبەری بارەگاكانمان، هەر هەموومان خەڵكی دەرەوەی ناوچەكە بووین ئەوەندە شارەزای ئەوێ‌ نەبووین تابتوانین بۆ هەر شۆێنێك بمانەوێ‌ بچین ئەو گوندانەی كە لەئێمە دیار بوون وەك (كافێ‌، كانی گوڵێ‌، بیركەكۆر، ئاگرێ‌، سەرانێ‌ خوارێ‌، بانێ‌) لەهەموو گوندەكان دووكەل‌وئاگر بەرزبۆوە، ئیتر كەلكی ئەوە نەما بەو شێوەی پێشوو مامەڵە بكەین بارمان لە ئێسترەكە كردەوەو كورتانمان لەپشت داكەندوئێسترمان بەرەلا كرد، كۆڵە پشتەكانمان لەوكەلوپەلانەی تایبەت بەخۆمان بەتاڵكرد، ئەو نانەی پێمانبوو دابەشمان كردوو خستمانە ناو كۆڵپشتەكانمان، (كۆڵەپشتەكەی من كورتەك و شولوارێكی تیابوو كە ئەویش هی هاوڕێ‌ ( بەلێن ) بوو زۆر نووبوو رەنگی قاوەیی خەت خەت بوو

ئەوەی من كۆن ببوو فڕێم دابوو ئەوم لەجیاتی هەلگرتبوو لەگەل هەندێ‌ ئەدەبیاتی حزب و وێنەی فۆتۆگرافی و نەخشەیەكی جیهان و سێ‌ دیوانە شیعری (گەردەلوولی سپی لەتیف هەڵمەت و شەونامەی شاعیرێكی تێنوی عەبدەڵڵا پەشێوو سوتان لەبەربارنی رەفیق سابیر) ، هەرلەوێ‌ هەموویانم جگە لەدەفتەری شیعرەكانی خۆم‌و وێنەكان، كەئەوانیشم دواتر لەئەشكەوتێك شاردنەوە خستمەكڵورایەكەی قاپی ئەو دارتووەیی كە لە سەركانیێك بوولەبەر رێگا ، لەكاتی گەڕانەوەمان بۆشوێنی مەبەست گیسكەكە هەربەدوامانەوە بوو، بە دوای ئێمەوە دەرۆیشت تا تاریك داهات، ئیتر ئێمەی ونكردو مەودایەكی زۆر گۆێمان لەباعە باعی بوو، چووینە ناو بارەگاكانمان، سێ‌ چوار دەبەی پێنج لیتریمان هەڵگرت بۆ ئاو، هاورێ‌ دڵشاد كەلێپرسراومان بوو، وتی واچاكە خۆمان بگەیەنینە (گەلی بانێ‌) كە شوێنێكی سەختەو ئاوی لێیەو سود لەترێ‌ و هەنجیرە خۆرسكەكانی وەردەگرین، بەڵام لەبەر گەمارۆو زۆری سوپاو جاش ونا شارەزایی تەوای ناوچەكە ئێمە تەنیا رێگا سەركیەكان شارەزا بووین نەدەتوانرا بۆ ئەو شوێنە بچین، بۆیە دواتر شوێنێكی ترمان دەست نیشانكرد كە شوێنێكی سەخت و نزیك گوندی یەك ماڵە بوو، بەڕێكەوتین لەسەر رێگا كانیێگ هەبوو جێی هەوارگەی هاوینانی گوندنشینەكان بوو بەناوی (كانی گیسك)، لەوێ‌ لاماندا بۆئەوەی دەبەكانمان پرئاو بكەین، ماڵەكان چۆلیان كردبوو، بەڵام هەموو كەلوپەلەكانیان لەوێ‌ مابوون، تەنانەت پیاڵەكانیان پرلەچاو مەنجەڵی چێشتیان پرلەچێشت بوون، هەندێ‌ خواردنیشمان لەمەنجەلەكان خوارد، لەیەكێك لەكەپرەكان نوزەیەك دەهات كەبۆی چووین مناڵێكی (5ـ6) ساڵانی پەككەوتویان جێ‌ هێشتبوو، كەڕو لال بو، زۆر پێی دڵگران بووین، هیچ چارەیەكمان نەبوو، تەنیا ئەوەی لەدەستمان هات هەندێ‌ نان‌و ئاومان لەتەنیشت داناو شوێنەكەمان جێهێشت، درەنگانی شەو گەیشتینە ئەو شوێنەی كەبۆی دەچووین، بەڵام كۆمەلێك خەلكی ناوچەكە خۆیان لێ‌ پەنا دابوو كە نەیانتوانیبوو دەربچن ، بۆیە بەناچاری دووبارە لەبەر ئەوهۆیانەی كەپێشووتر باسم كرد، پاش پشوویەك گەڕاینەوە بەرزایەكانی پشت بارەگاكانی خۆمان، تاگەیشتینە ئەوێ‌ بەرەبەیان داهات، دوو دوو دابەش بووین شوێنەكەمان بەرز بوو زۆربەی ناوچەكەمان لێوە دیار بوو، كەرۆژ دەركەوت جوولەی سەربازو جاش دیاربوو بەتایبەتی لەبەردەم هەردوو گوندی (كافێ‌، كانی گوڵێ‌) ئاپۆڕەی سەربازو جاش لە بن دارەكانی گۆڕستانی گوندی كافێ‌ دابوو، پێ‌ دەچوو بارەگای سەرەكیان لەوێ‌ دانابێ‌، خەڵكێكی زۆری دانیشتوانی ئەو گوندانەیان كە زۆربەیان ژن و منداڵا بوون دەستگیر كرابوون، بەریز یەك بەدوای یەك بەپیادە بەرێگای (گەلی نیێ‌) بەرەو (نەهلێ‌) یان بردن، هەروا مەروماڵاتێكی زۆریان كۆكردبۆوە.

29/8 سەرجەم گوندەكانی بەرەی گارەیان سوتاند، وەك (یەكماڵە، كیرێ‌، مەرزێ‌، شێرانە، ردێنیا، ساركێ‌، بیێ‌، زێوەو .... تاد).

لەم گوندانە خەڵكێكی زۆریان دەستگیر كردبوو بە رێگای گەلی شێرانەیان دابردبوون بۆ دێرەلوك، رێگای ئەم گەلیە زۆر سەختە تەنانەت بە پیادەش رۆیشتنی تیادا زەحمەتە چەندین ژن و مناڵ و پیر لەم كۆسپ و هەلدێرە كەوتبوونە خوارەوە، كاتێ‌ سوپا گەیشتبوە گوندی (یەكماڵە) تەنیا پیرەژنێكی كوێری لێ‌ مابوو لەسەر بەرماڵی نوێژ كردن دەسترێژیان لێ‌ كردبوو، شەهیدیان كردبوو.

دەبوا ئێمە هەموو ئێوارەیەك كەتاریك دادەهات هاتباینە خوار بۆسەر ئەو كانیەی كەلە خوار ئێمەوە بوو لەبنار ئەو شاخەی كە ئێمەی لێ‌ بووین، یەكەم ئێوارەی كەدابەزین لەدەوربەری كانیەكە دەنگەدەنگ دەهات هاورێیەكمان لێیان نزیك بۆوە بۆ زانیاری دەربارەیان، كەگەڕایەوە وتی هەموویان خەڵكی ناوچەكەن، لێرە خۆیان پەناداوەو لەبەر ئەم ئاوەش هاتوونەتە ئێرە، ئێمەش چارەمان نەبوو دەبا هەر چووباینە سەركانیەكە بۆپركردنی دەبەو مەتارەكانمان كە چوونیە سەركانی دوو كەس لەو خەڵكە هاتنە لامان، ئینجا زانیمان كە چەند مالێكی گوندەكانی (هاریكاشێخی و بیاوێ‌‌و سەروكانی)بوون، ئەم گوندانە دەكەونە (دەشتازێ‌َ) بەرامبەر دێرەلوك‌و شیلادزێ‌، چەند كەسێكمان لێ‌ دەناسین‌و هاتنە لامان وتیان تەنیا خۆمان درچووین، نەمانتوانی هیچ كەل و پەلێك لەگەل خۆمان بێنین، هیچمان نییە بۆخواردن، ئێمەش شوێنی ئەو ئازوقەیەی كە پەنامان دابوو نیشاندان، شەوی پاشتر چووبوون بردبوویان نیشانی خەڵكی تریشیان دابوو كەوەكو ئەوان بێ‌ خواردن بوون، هەندێ‌ زانیاریمان لەوان وەرگرت، وتیان زۆربەی خەڵكی ناوچەكەمان ئەوانەی توانیان چەند رۆژێك لەمەوبەر دەرچوون ئەوە دەرچوون، بەڵام ئەوانیتر هەمووویان وەك ئێمە لە ناوچەكە خۆیان شاردۆتەوەو بەشێكیش گیراون .

ئەو نانەی هەڵمان گرتبوو كۆتای هات، بیرمان لەوەكردەوە بچینە ناو بارەگاكانمان چونكە سەربانی چێشتخانەكەمان پڕبوو لەفەردەی چنكەنان گەر نەسوتێنرا بن دەتوانین كەڵكی لێ‌ وەربگرین، شەو چووین شەش هاورێ‌ بووین زۆر بە هێواشی ولەسەر خۆ لە بارەگاكان نزیك بووینەوە هەستمان راگرت دیار بوو هەست وخوستی خەلكی لێوە دەهات نەدەكرا ئێمە بچین بۆیە گەراینەوەو شەوی پاشتر چووین لەبەختی ئێمە تەنیا چێشتخانە نەسوتێنرا بوو، دوو فەردەمان هەڵگرتوو هێنامان بۆنی كۆنی لێدەهات و كەڕەكیفەی لێ‌ دابوو بەڵام چارەمان نە بوو هەڵمان گرتن و بردمان كە رۆژ داهات فەردەكانمان هەلڕشت وبژاردمان ئەو ڕۆخە نانانەی كەڕوی لێنەدابوون جیامان كردنەوە بۆ خواردن ، ڕۆژێك چەند سەر مەرێك لەو مێگەلەی كەسەربازەكان كۆیان كردبۆەو دابران‌و بۆلای ئەو ماڵانەی خوار ئێمە هاتن، ئەوانیش بەپەلە لەخۆیان دوور خستنەوە دەترسان نەوەك سەربازەكان بەدوایدابێن‌و ئاشكرا بن، مەڕەكان بۆلای ئێمە هاتن دوومان لێ‌ گل دانەوە، ئەوانی تریشمان دوور خستنەوە بۆلایەكی تر رۆیشتن، یەكێكمان سەربری‌و ئەوەی تریشمان لەپەنایەك بەستەوە،ئاگر كردنەوە زۆر سەخت بوو نابا بەرۆژدووكەڵ و بە شەویش روناكی دیاربێت كە ئەمەش زەحمەت بوو پیشوتر هیچ پێویستیمان بە ئاگر نەبوو چوونكە خواردنی ئێمە تەنیا نان و چنكە نان بوو بەڵام كە گۆشت پەیدابوو ئەوە دەبێت ئاگر بكەینەوە هاوڕێ‌ دلشاد كۆیی زۆر لێزانانە بەشەو لەپەنایەك كە ڕٍۆناكی ئاگر دیار نەبێت ژەمێكی لێ‌ برژاند وخواردمان بۆبەیانی زۆربەمان تووشی سك چوون هاتین لەبەر ئەوەی نانی پێویستمان پێ‌ نەبوولە گەلی بخۆین، بۆیە گۆشتەكەمان چیتر نەخواردو مەڕەكەی تریشمان بەرەڵا كرد.

هاوڕٍێ‌ ( دڵشادو نەبەزو سالار ) بۆكارێكی پێویست چوونە شوێنێك، كەگەڕانەوە وتیان ئەو مناڵە بەجێ‌ ماوەی لە هەوارگەی ( كانی گیسك ) بینیمان مردووە بەو ماڵانەی خوارەوەمان گوت بە شەو بچن بینێژن ، هاورێ‌ نەبەز گێرایەوە وتی: زەلامێك مناڵێكی (7ـ8) ساڵانەی سواری ئێسترێك كردبوو بەرێكەوت تووشی بووین پێمان وت بۆكوێ‌ دەچی وتی دەچم خۆڕادەست دەكەم ، پێمان وت ئەی بۆچی ئەم ئێسترە لەگەل خۆت دەبیت لێت دە ستێنن وا باشترە بەرەڵای بكەیت ، كابرا بە گوێی كردین مناڵەكەی دابەزاندو خەریكی لێكردنەوەی كورتان و رێشمەكەی بوو مناڵەكە چووە سەر بەردێك لە بەرامبەر ئێسترەكە دانیشت و دەستی خستە ژێر چەناگەی ، باوكی دەستێكی لە پشتی ئێسترەكە داو ئێستر بە نەرمە غاردان كەمێك دوور كەوتەوە ، مناڵەكە یەكسەر فرمێسكی بە چاو هاتنە خوارو كە رۆیشتن مناڵەكە زووزووئاوڕی لە ئێسترەكە دەدایەوە و هەروەستەی دەكرد .

نیشتمان كەمال : بە داخەوە ئەوەی ئێستا لەلایەن حكومەتی ناوەندیەوە پیادە دەكرێ‌ پێشیلكردنی پرنسیپی رێككەوتنە‌وجێكردنەوەیەتی بە پرنسیپی زۆرینە‌وكەمینە

نیشتمان كەمال، چالاكوانی سیاسی‌ ،هەڵسوڕاو لەبەرگریكردنی مافەكانی ئافرەتان، لەم دیمانە تایبەتەی لەگەڵ ئێستانیوز وەڵامی چەند پرسێكی هەستیارو گرنگ دەداتەوە..

ئێستانیوز: چۆن دەروانننە بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان لە ساتە وەختی نزیكبونەوەی هەڵبژاردنەكانی عیراق, پێت وایە كورد سیاسەتی چی بێت لەم قۆناغە ؟

نیشتمان كەمال: دیارە بار‌ودۆخی هەرێمی كوردستان لە سەرەتاكانی ساڵی (2014) ەوە بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە لایەن حكومەتی فیدراڵیەوە ,قوڵبونەوەی كێشە هەڵپەسیراوەكانی نێوان هەرێم‌وحكومەتی فیدراڵی هەر لە جێ‌بەجێ‌ نەكردنی ماددەی (140)ی دەستور‌و استحقاقاتی پێشمەرگە وەك بەشێك لە سیستمی بەرگری ‌ونەبونی یاسای نەوت‌وگاز‌و........هتد سەرباری هەموو ئەمانە پەكخستنی زمانی گفتوگۆ ‌ولێك تێكگەیشتن لە نێوان حكومەتی هەرێم‌وحكومەتی عیراقی فیدراڵ ,بەردەوامبونی تا ئێستا ‌وبەتایبەتی دوو مانگی كۆتایی ساڵی (2017) كێشەكانی زیاتر قوڵكردەوە. لەگەڵ هەمووئەو كێشانەی نێوان هەرێم‌وعێراق ,هەرێم لە نێو خۆشدا بە دەست كۆمەڵێ‌ قەیرانی سیاسی ‌ویاسایی تێپەر دەبێت هەر لە قوڵبونەوەی ناكۆكیەكانی نێوان پارتە سیاسیەكانی ,قەیرانی حكومڕانی ,گەندەڵی بەحزبیبونی دام‌ودەزگاكان‌ونەبونی سیاسەتێكی یەكگرتوو بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ عیراق.

بەهۆی هەموو ئەمانەوە ئێستا هەرێم لە ئاستی ناوەخۆ ‌وپەیوەندیەكانی لەگەڵ حكومەتی ناوەند بە مەترسیترین قۆناغ تێپەر دەكات,لەمساڵدا هەڵبژاردەكانی عێراق دەرفەتە لە بەردەم هەردوو لا بۆ سەرلەنوێ‌ داڕشتنەوەی پەیوەندیەكانی نێوانیان باشترین رێگاش گەڕانەوەیە بۆ دەستور,بەهەر تێبینیەكەوە كە پێكهاتەكانی تەواوی عێراق لەسەر دەستور هەیانە,لە لایەنی هەرێمیشەوە پێویست دەكات سیاسەتێكی یەكگرتوو بە پاڵپشتی نوێنەرانی هەرێم لە بەغدا پیادە بكرێت , ئەگەر چی پەیوەندی دوو قۆڵی ‌وفرەیی بۆ هەموو هێزیكی سیاسی ئازادە بە لام رێگە پێدراو نەبێ‌ بۆ چارەسەری هەركێشەیەك دێتە ئاراوە,یان بۆ مسۆگەركردنی مافە دەستوری ‌ویاساییەكان  لە نێوان هەرێم ‌وناوەند تاك لایەنانە بریار بدرێت بەڵكو دەبێ‌ بدرێتە دەست لایەنی پەیوەندیدار ولە رێگای نوێنەرانی گەل ‌و حكومەتەكانەوە  بەدواداچونی بۆ بكرێت .

ئێستانیوز: ئایا دەستوری عێراق دەتوانێت خواستی گەلی كورد لە چوار چێوەی عێراق بهێنێتە دی, لانی كەم رێگری بكات لە هەندی پێشێلكاری بەرامبەر مافەكانی گەلی كورد ؟

نیشتمان كەمال: دیارە ئەم دەستورەی لە ساڵی (2005) دەنگی لەسەر درا بە هەوڵی زۆری بەشداری كورد بوە ئەگەر چی تەواوی مافەكانی كورد وەك میللەتێك خاوەن مێژویەكی تاڵ لەگەڵ رژێمە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق هەیبوە لە خۆ ناگرێت, بەڵام ئێستا دەستورێكە لەلایەن گەلانی عێراقەوە دەنگی بۆ دراوە بە لایەنی كەمەوە پێویستە هەموو لایەك  پابەندی بڕگەوبەندە یاساییەكانی بن, بەڵام وەك دەركەوت عێراق هەر لە سەرەتاوە پێشێلی ئەم دەستورەی كردوە ئەوەش بە خۆدزینەوە لە جێ‌بەجێكردنی ماددەی (140)ی دەستوری كە تایبەتە بەو ناوچانەی لە نێوان هەرێم‌وعیراق كێشەیان لەسەرە,لە كاتێكدا دەبوایە لە سالی 2007 كۆتایی پێبهاتبایە,لە لایەكی ترەوە عێراق لە نێوخۆدا سەقامگیر نیە بە دەست كۆمەڵێ‌ قەیرانەوە دەناڵێنێ هەر لە بەردەوامی بونی هەڕەشەكانی تیرۆر ‌وبونی هێزی توندڕەو ململانێی تائیفی‌وگەندەڵی نەبونی ئەمن‌وئاسایش ,هەروەها قەیرانی ئابوری دەیان دیاردەی كۆمەڵایەتی ,لە جیاتی گەڕانەوەو بۆ دەستورو ئەو رێكەوتننامە نێودەوڵەتیانەی كە عێراق واژۆی لەسەركردوە هەوڵدەدات كێشەكان هەناردەی دەرەوە بكات، لێرەدا كورد وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی لە عێراقدا گەورەترین زیانی بەركەوتوە, بۆیە لە ئێستادا گەڕانەوە بۆ دەستوور باشترینە تا ئەم كیشانەی پێ یەكلایی بكرێتەوە.

ئێستانیوز: ئایا تەوافوق ‌وشەراكەت گرنگە بۆ عێراق یان سیاسەتی زۆرینە‌وكەمینە, كورد چۆن لەم بابەتە دەڕوانێت ؟

  نیشتمان كەمال:   لە دوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراق‌و سەرلەنوێ‌  بنیاتنانەوەی ، پرنسیپی تەوافوق گونجاترین  بژاردە بوو  بۆ پیادەكردنی لە سیستمی حوكمرانیدا بە پێی ئەوەی عێراق لە پێكهاتەی نەتەوەیی‌وئاینی ‌وئیتنی جیاواز  پێكهاتوە,  بۆ پاراستنی مافی هەریەك لەم پێكهاتانە ‌وبەشداریكردنیان لە حوكمرانی ,پاراستنی جیاوازیەكان .بەلام بە داخەوە ئەوەی ئێستا لەلایەن حكومەتی ناوەندیەوە پیادە دەكرێ‌ پێشیلكردنی پرنسیپی رێككەوتنە‌وجێكردنەوەیەتی بە پرنسیپی زۆرینە‌وكەمینە وەك ئەوەی لە بریاردانی بودجەی فیدراڵی پەیرەویان كرد گەورەترین بەركەوتن بوو بە مەبدەئی تەوافوق  ,لێرەدا نەك هەر كورد زەرەر مەند بوو بەڵكو تەواوی پێكهاتەكانی عێراق كرانە قوربانی تائیفەیەكی نێو نەتەوەیەك . بە تایبەتی لە كاتێكدا باس لە یەك پارچەیی خاكی عێراق دەكرێ‌.غافڵ لەوەی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە زامنی ئەمن ‌وئاسایشی سەر‌وماڵی خەڵك هەوێنی مانەوەی عێراقە بە یەكگرتوویی, كورد وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی ‌و كوردستان وەك هەرێمێك لە دەستور دانپێدنراو زۆر بژاردەی لە بەردەمە لە بەرامبەر پێشێلكاریەكانی حكومەتی ناوەندیەوە بەڵام پێویستە كوردیش لە سیاسەتی بەرامبەر عێراقدا یەكگرتوو بێت.

ئێستانیوز: بڕوات بەوە هەیە لیستی نوێ‌‌وتازە بتوانێ‌ متمانەی هاوڵاتیان دەستەبەر بكەن ‌وگۆڕانكاری لە تابلۆی سیاسی هەرێم بكەن ؟

نیشتمان كەمال: بە دڵنییایەوە لە بەرامبەر هەموو ئەم پێشێلكاریە دەستوری و  سیاسیانەی عێراق بەرامبەر هەرێمی كوردستان پەیڕەوی دەكات لێرەش لە هەرێمی كوردستان حوكمڕانیەكی حەكیمانە‌و تەندروست بەڕێوەناچێ‌ ,هەر لە قۆرخكردنی دەسەلات‌وپەكخستنی دامەزراوە و بە تاڵانبردنی سەروەت ‌وسامانی هەرێم‌وبەتالانبردنی سەرمایەی نیشتمانی ‌وململانێی حزبایەتی ‌وبە حزیبیكردنی دام‌ودەزگاكانی بەرٍیوەبَردن ‌وبرسی كردنی خەڵك,سەرباری هەموانیش پەرتەوازیی‌وناتەبایی هێزە  سیاسەكانی  بەشدار لە حكومەت, نەبونی سیاسەتێكی نیشتمانی هاوبەش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ عیراق‌و چارەسەركردنی كێشەكان بە دیدێكی نیشتمانی‌ونەتەوەیی لە ئاكامدا  دروست  بونی نائومێدی ونەمانی متمانەی لە لایەن خەڵكەوە بە حكومەتی هەرێم ‌وهێزە سیاسەكان. دیارە ئەگەر هەڵبژرادنێكی پاك‌وبێگەرد بكرێت ,دەرفەتی وەك یەك بۆ هەموولایەک بڕەخسێنرێ وفشاروتۆقاندن بەکارنەهێنرێبە دلنیاییەوە ئەم نارەزییەی نێو خەلک بە دروستی لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی عێراق کاریگەری تەواوی  دەبێت لە دووبارە نەخشاندنەوەی  تابلۆی حوکمڕانی لە هەرێم بە تایبەت کە هێزی تازە لە  ململانێ  بەشدارن، میللەت بۆ رزگار بوون  لە شێوازی حوکمڕانی ساڵانی رابوردوو  ئامادەن  ئەم هێزانە تاقیبکەنەوە، بە لانی کەم جگە لە دەرباز بوون  لە کەس وشێوەی سواو، سەرەتایەکە بۆ دروست بونەوەی ئومێدە لای خەڵک وپەیرەوکردنی شێوازێکی نوێ لە حوکمڕانی کە هاوولاتی بە بنەما وەرگرێت،هەولی جدی بۆ چارەسەری کێشە  ناوخۆییەکان ، گرتنەبەری رێ وشوێنی تازە بۆ گفتوگۆ لەگەل عێراق.

               

 

ئەو كاندیدانەی واژۆیان بۆ كەمپینەمان كرد هییچیان پابەند نەبوون و درۆیان لە گەڵ ئێمەو خەڵكی كوردستان و پیرۆزییەكان كرد,

عەلی مەحمود ناسراو بە عەلی سیاسی،  چالاكوانی مەدەنی لە وەڵامی چەند پرسیارێكی ئێستانیوزدا پەردە لەسەر هەوڵەكانی خۆیان بۆ رووبەرووبوونەوەی نەبوونی دادپەروەری دەكات، باس لە هەڵمەتی دادپەروەری لەكوردستان دەكات كە ساڵانێكە خۆی چەند چالاكوانێكی مەدەنی كاری بۆ دەكەن.

 

پ: ساڵانێكە ئێوە لەگەل ژمارەیەك چالاكوانی مەدەنی دەستان داوەتە هەڵمەتێك بەناوی هەڵمەتی دادپەروەری، ئامانجتان لەو هەڵمەتە چیە؟

وەڵام  : ئامانجمان  دادپەروەری  كۆمەڵایەتی , دادپەروەری  هەڵبژاردن , كورت كردنەوەی دەستی پارەدارەكانە  لە  سیاسەت ,  دیارە دادپەروەری كۆمەڵایەتی بێ  دادپەروەری لە دابەشكردنی سەروەت و سامان  هیچ مانایەكی نییە , كاری ئێمە بۆ كەمكردنەوەی بەرزترین و نزمترین موچە لە  كوردستان , لە بواری پرۆسەی سیاسیش  دادپەروەری لە  هەلی یەكسانی حیزبەكان و  شەفایەتی بودجەی هەڵبژاردن و  حیزبایەتی و دیاریكردنی سەرچاوەی  تەمویلەكانیانە .

 

پ: هەرێمی كوردستان كە پڕواپڕە لە نادادی پێتاوایە بە فشاری مەدەنی بتوانرێت ڕێگری بكەن لەو دیارەیە ؟

وەڵام : بەڵێ فشارەكانی 10 ساڵی ئێمە  بووە هۆی ئەوەی رایگشتی  لە سەر نادادپەروەری   لە موچەی پلە باڵاكان دروست  بێت , تا گەیشتە  ئەو ئاستەی  وەزارەتی دارایی پڕۆژەكەی ئێمەی پێش 19ی حوزەیرانی 2016  پەسەند كرد ,  ئەمساڵیش بە فشارەكان  توانیمان  پرۆژە یاسای چاكسازی بگەڕێنینەوە , پێشتر فشارەكان ئێمە بووە بەهۆی ئەوەی چەندین جار ئیمتیازات بۆ پەرلەمانتاران , ئەنجومەنی دادوەری , ئەنجومەنی پارێزگاكان رەت بكرێتەوە , كەواتە چەقۆمان تیژ بووەو  ئیمتیازاتەكان بەردەوام ملی لەبەر تیغی ئێمە بووە و نەمان هێشتووە بە قوِگی پلە باڵاكان بچێتە خوارێ , كە جاران وەرگرتنی ئەو ئیمتیازاتانە  ئاسایی  بووە.

 

پ:  لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و عێراق چەندین كاندید واژۆیان بۆ ئەو كەمپینەكرد، كە پابەندی پەیامی ئێوە بن، ئایا ئەو كەسانە تا چەند لە ئاست ئەو بەڵێنە بوون ؟

وەڵام : هییچیان  پابەند نەبوون و درۆیان لە گەڵ ئێمەو خەڵكی كوردستان  و پیرۆزییەكان كرد, راستگۆ نەبوون بەرامبەر پیۆزییەكانی سوێندەكانیان , چەندینیان  ئێستا كاندیدن بۆ جارێكی دیكە و تەنانەت ژمارەیكیشیان  سەرۆكی لیستیشن  بۆ هەڵبژاردنی خولی  داهاتووی پەرلەمان ,  بۆیە  داوا لە خەڵكی كوردستان  دەكەم  دەنگ بەو درۆزنانە  نەدەنەوە .

 

 پ: مووچە و ئەو پارە زۆرەی پۆستە باڵاكان پێی خانەنیشین دەكرێن یەكێك لە ئامانجەكانی ئێوە بوون كە كارتان لەسەر كردووە ئایا فشارەكانتان بە كوێ گەیشتن ؟

وەڵام : ئیمە یەكەم بزووتنەوە بووین  لەو بوارە لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا ,  ئێمە بوینە  سەرەتای ئەو بزووتنەوەیە , ئێمە ئەو چرایەمان  لەو بوارە داگیرساند , فشارەكان  بەردەوامن ئێستا بۆتە فشاری هەموو گەل , سەركەوتنمان مسۆگەرەو  زۆری نەماوە , چونكە بۆتە داواكاری گەل.

 

 

 پ: ئایا كەمپینەكەتان بۆ ئەو خوولەی پەرلەمانیش بەردەوام دەبێت؟

وەڵام : بەڵێ , وەلێ بە شێوازی دیكە , چونكە  بەرەو روی  خەڵكانێك  بوینەوەوە درۆزن , بێ بەڵێن  دەرچون , لەبەردەم خەڵك قسەیەك  دەكەن , لە ژورە تاریكەكان  پێچەوانەكەی  دەكەن, قسە لەسەر نانی هەموو خەڵك دەكەن , وەلێ ئەو نادادپەروەرییەی لە بەشەكەی خۆیاندا هەیە باسی ناكەن , ئەوان  نوێنەری گەل نین  , نوێنەری كۆمپانیاو پاڵاوگەو دەستگا سیخوڕییەكانن.

 

پ:  ئایا بە نیاز نین ناوی ئەو كەسانە بڵاوبكەنەوە كە لەگەڵ واژۆی خۆیان بۆ كەمپینی دادپەرەوەری راستگۆ نەبوون؟

وەڵام : بێشك  لە ماوەی نزیكدا گردبونەوەەیەك لە بەردەم پەرلەمان رێكە خەین , ناوی 11 پەرلەمانتارەكەی خولی رابردوو  كە پابەند نەبوون بە بەڵێنەكەیان  بڵاو دەكەینەوە  , لە گەڵ  كۆمەڵێك داواكاری  دیكە , چۆن بانگەشەمان كرد  دەنگ بەمانە بدرێت , ئاوا ئەمجارە بانگەشەی پێچەوانە بۆ دەنگ نەدان پێیان ئەنجام دەدەین.

بێكەس قادر: هاوڵاتی كرا بە دیلی موچە‌و هەرێمیش لەعێراقدا كرا بە دیلی بودجە

 

لەدیمانەیەكی لەگەڵ ئێستانیوز، بێكەس قادر ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، هەڵوەستە لەسەر پرسە هەنوكەییەكان‌و هەستیارەكانی ئێستا دەكات‌و هەڵوێستی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستانیش روون دەكاتەوە.

ئێستانیوز: لە دوای رووداوەكانی ریفراندۆم، دەبێت كورد هەنگاوەكانی چۆن بن‌و پێویستە چی بكەین؟

بێكەس قادر : قۆناغی پاش ریفراندۆم لەهەموو روویەكەوە، پێویستی بە هەڵوەستە‌و هەڵسەنگاندنی بابەتیانە‌و پێداچوونەوە هەیە. باشووری كوردستان لەو قۆناغەدا لەگەڵ كۆمەڵێك تەحەدی رووبەرووبۆتەوە، دەبێ لەئاستی سیاسی‌و دیپلۆماسیدا بەپەیوەندییەكانی خۆمان دا بچینەوە، پەیوەندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتە ئیقلیمیەكان  وئەمریكا‌و ئەوروپا پێویستی بە رێكخستنەوە هەیە، دەبێ ئەو پەیوەندییانە لەپەیوەندی حزبیەوە، بگۆڕێن بۆ پەیوەندی حكومەتی هەرێم، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستمان بە داڕشتنی سیاسەتی دەرەكی هەیە، كە دواجار رۆڵ‌و پێگەی باشووری كوردستان بەهێز بكات، راستە لەنێو ئەو هاوكێشە ئاڵۆزەی عێراق‌و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەنێو ئەو هەموو بەریەك كەوتن‌و كێشمەكێشە سیاسیەدا، هەنگاونان هەروا ئاسان نیە، بەڵام ئەگەر بەپێی سیاسەتێكی دیاریكراو كارنامەیەكی كوردستانی لەو بوارەدا هەنگاو بنێین، بێگومان بەرەو پێشچوونیش مەحاڵ نیە.

لەئاستی نێوەخۆدا، لەهەرێمی كوردستان كێشە‌و قەیرانمان هەیە، قەیران مەرحەبا لەقەیران دەكات، كێشە نێوەخۆییەكان هەروا درێژەیان هەیە، كێشە لەسەر كێشە كەڵەكە دەبێ، قۆناغی دوای ریفراندۆم‌و بەتایبەتیش دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر روبەری لێكترازان لەباشوری كوردستان لەنێوان لایەنە سیاسییەكان‌و لەنێوان حكوومەت ‌و هاوڵاتیان فراوانتر دەبێ، لەسۆنگەی نەبوونی متمانە‌و نەبوونی كارنامەیەكی كوردستانی هاوبەش باشووری كوردستان بەقووڵترین قەیرانی سیاسی‌و حوكمڕانی ‌و دارایی ‌و ئابوری تێپەڕ دەبێ، هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێكی جدی لەئارادانیە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، كێشەی دارایی ‌و نەبوونی مووچە رۆژ لە دوای رۆژ پێگەی سیاسی‌و ئابوری هەرێمی كوردستان لەئاست بەغدا لاوازتر دەكا، هاوڵاتی كرا بە دیلی موچە‌و هەرێمیش لەعێراقدا كرا بە دیلی بودجە، حكومەتی عێراقیش خاڵی لاوازی دۆزیوەتەوەو لەپێگەی بەهێزو بێ هێزەوە لەگەڵ باشووری كوردستان سیاسەت دەكا. بۆیە لەروانگەی ئێمەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە دژوارە، لەئاستی هەرێم پێویستمان بە گۆڕاندنی ریشەیی شێوازی دەسەڵاتدارێتی‌و عەقڵیەتی شكستخواردووی حوكمڕانی پتر لە چارەكە سەدەیەكە، پێویستمان بەكۆتایی هێنان بە باڵادەستی دەستی حزب‌و بەفرە دەسەڵاتی هەیە، پێویستمان بەرێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە هەیە لەسەر بنەمای نیشتمانی نەك حزبایەتی. لەناوچە دابڕاوەكاندا پێویستمان بەهەڵسانەوە هەیە، بۆ ئەم مەبەستە دەبێ سیاسەتی پێشوو لەهەموو روویەكەوە بەلاوە بنرێ، پێویستە لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی كوردستانی هاوبەش كار بكرێ، پێویستمان بەیەكڕیزی سیاسی هەیە، بۆ ئەوەی شكست بە سیاسەتی داسەپاو بهێندرێ بەسەر كەركوك‌و ئەو ناوچانەدا، لێرەوە دەبێ بەرژەوەندی حزبی‌و پشكی حزبی بەلاوە بنرێ، دەبێ لەگۆشە نیگای نەتەوەیی‌و نیشتمانیەوە رەفتار بكرێ، بۆ ئەو ناوچانە پێویستمان بە كارنامە‌و سیاسەتێكی كوردستانی ‌و رێكخستنەوەی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەكان بەپێی ئەو بەرنامەیە هەیە. پێویستمان بە روانینی نوێ هەیە بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پێكهاتەكانی نەتەوەیی‌و دینی لەو ناوچانەدا. هەروا لە ئاستی عێراق‌و كاركردن لەبەغدا، پێویستمان بەیەكڕیزی سیاسی هەیە، شەنەباكردنی كێشە نێوەخۆییەكانی هەرێم لەبەغدا خزمەت بە هەرێم ناكات، دەبێ دوو مەسەلە لەیەك جیا بكەینەوە، كێشەی سەرەكی باشووری كوردستان لەگەڵ عێراق كێشەی گەل و نەتەوەیە، كێشەی ئێستا‌و دوارۆژمانە، بۆیە دەبێ لەبەغدا شەڕی ماف‌و داخوازیەكانی گەلی كوردستان بكرێ بەهەموو لیستە جیاوازەكانەوە، كێشەكانی هەرێمی كوردستان لەهەرێم بەشێوەی ریشەیی چارەسەر بكرێ، كۆتایی بە باڵادەستی حزبی‌و بەفرە دەسەڵاتی بهێندرێ، لەرێگەی گەڕانەوە بۆ رای خەڵك‌و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك‌و بێگەرد، دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵات بكرێ.

ئێستانیوز: ئێوە چۆن دەڕواننە گفتوگۆی نێوان بەغدا‌و هەولێر؟

بێكەس قادر: نەك لە ئێستادا، بەڵكو لەمێژووی گفتوگۆی نێوان كوردستان‌و حكومەتە یەك لەدوا یەكەكانی عێراقدا، ئاسۆی گفتوگۆ ساماڵ نەبووەو ئێستاش هەروایە، لەعێراقدا مەسەلەكە ئەوە نیە، كێ لەدەسەڵاتە‌و حاكمیەتی عێراق دەكا، مەسەلەكە ئەوەیە هێشتا لە عێراق رووبەرێك لەنێوەندی ئەقڵی سیاسی پەیدا نەبووە، بۆ ئەوەی ئەوانی دیكە قبووڵ بكات، بۆیە بەغدا هەمیشە وەكو تاكتیك گفتوگۆ لەگەڵ كوردستان پەسەند دەكا، بەغدا لەروانگەی دەستورو بەهێزی مەنتق گفتوگۆ لەگەڵ باشووری كوردستان ناكا، بەغدا بەپێی لۆژیكی هێز‌و بەهێزو لاواز گفتوگۆ لەگەڵ باشووری كوردستان دەكات. لەو مەسەلەیەش بەغدا دەیەوێ فشاری دەرەكی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم‌و بەغدا لەسەر خۆی كەم بكاتەوە، وەكو تر بەغدا بەگەمەی درێژخایەنی گفتوگۆ هەم دەیەوێ كات درێژ بكاتەوە‌و هەمیش دەیەوێ پێگەی هەرێم لاواز بكات‌و ئەجندای خۆی بەسەر هەرێم‌و باشووری كوردستان فەرز بكات. دیارە نابێ هەرێم پرەنسیپی گفتوگۆ رەتبكاتەوە، بەڵام دەبێ لەو راستیانەی سەرەوە تێبگات، لەنیازی عێراق تێبگات، هەوڵبدا لەئاستی دەرەوەدا پشتیوانی بۆ كێشەی رەوای خۆی پەیدا بكات، بەردەوام فشاری سیاسی‌و دیپلۆماسی لەسەر حكومەتی عێراق بكات.

ئێستانیوز: هەڵوێستی ئێوە لەسەر قەیرانەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان چۆنە؟ لای ئێوە چارەسەر چیە؟

بێكەس قادر:  لەئێستادا، پێمان وایە، تاكە چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ رای خەڵك‌و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك‌و بێگەرد، بۆ ئەوەی كۆتایی بەقەیرانەكان بهێندرێت، كۆتایی بەشێواز‌و عەقڵیەتی حوكمڕانی شكستخواردوو بهێندرێ، كۆتایی بە باڵادەستی حزبی‌و فرە دەسەڵاتی لەكوردستان بهێندرێ، لەرێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە دەستاودەستكردنی دەسەڵات بكرێ لە كوردستاندا.

ئێستانیوز: سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی عێراق‌و كوردستان بۆچونی ئێوە چیە؟

بێكەس قادر : سەبارەت بەهەڵبژاردنەكانی عێراق، لەئێستادا پێمان وایە لەیەك لیستی كوردستانی بەتایبەتیش بۆ كەركوك‌و ناوچە دابڕێندراوەكان زیاترو زۆرتر پێویستمان بەیەكڕیزی سیاسی هەیە. بۆ هەڵبژاردنی كوردستانیش كە تا ئێستا كاتەكەی دیاری نەكراوە، داوا دەكەین درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتیەكان لەكوردستان بەكولتور نەكرێ، بەزوویی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام بدرێ، چونكە درێژە كێشەكانی قەیرانەكان‌و دواخستنی لەوە زیاتری هەڵبژاردن كۆی پرۆسەی سیاسی‌و حوكمڕانی هەرێم دەخاتە ژێر پرسیارو گومان‌و ئەگەری نادیارەوە.

 

ئێستانیوز: پڕۆژەی چاكسازی حكومەت كە لەبەردەم پەرلەمانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بێكەس قادر: چاكسازی لەكۆی جومگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستیەكی گرنگە بۆ ئایندەی حوكمڕانی لەكوردستاندا، ئێمە ئەو هەنگاوەی حكومەت بەسەرەتایەكی باش دەزانین، ئەگەرچی هەنگاوێكی درەنگ وەخت‌و نیوە ناچڵە‌و ئەوەندەی ئامانج لێی كەمكردنەوەی سەرفیاتە، ئەوەندە ئامانجی چاكسازی لە ریشەوە نیە، دواجار ئەوە جێبەجێكردنی یاساكانی عێراقە، واتە ئەمە لەعێراق جێبەجێكراوە. كوردستان پێویستی بەچاكسازی ریشەیی هەیە، پێویستە مووچە خۆری زیادەو بەناڕەوا دامەزراو لە مووچەخۆری فیعلی جیابكرێتەوە، نابێ ئەم دوو مووچەخۆرە، وەكو یەك مافیان پێ بدرێ، نابێ لەسەر حیسابی مووچەخۆری بندیوار، مووچەی فەرمانبەری فیعلی كەمبكرێتەوە. ئێمە داوا دەكەین سیستەمی خانەنشینی پەرلەمانتاران و وەزیران و پلە باڵاكان هەڵبوەشێتەوە. ئەمە سەرچاوەی ناعەدالەتی‌و بەهەدەردانی داهاتی گشتیە لەكوردستان.

ئێستانیوز: سەبارەت بە داگیركاری توركیا دەربارەی عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان، بۆچون‌و هەڵوێستی ئێوە چیە؟

بێكەس قادر: سەبارەت بە سیاسەتی داگیركاری دەوڵەتی توركیا لەبەرامبەر دەستدرێژكاری بۆ سەر عەفرین‌و رۆژئاوای كوردستان حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان وێڕای شەرمەزاركردنی ئەو دەستدرێژكاریە، بانگەوازی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات كە سنورێك بۆ سیاسەتی داگیركاری دەوڵەتی توركیا دابنێن. ئەمڕۆ خۆرئاوا دەیەوێ ژیان بكات، دەیەوێ لەناوچەكەدا فاكتەری ئارامی‌و پێكەوەژیانی گەلان‌و پێكهاتە جیاوازەكان بێ، دەیەوێ شێوازێكی نوێی حوكمڕانی لەناوچەكە ئەزموون بكا، لە حەوت ساڵی رابردووش ئەوەی نیشان داوە كە پێشەنگە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، بۆیە پارێزگاریكردن لە رۆژئاوا ئەركێكی ئەخلاقی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پشتیوانی لەبەرخۆدانی عەفرین دەكات‌و بڕوای بەئیرادەی گەلەكەمان لەرۆژئاوا بەهێزەو دواجار سەرەڕای گەورەیی پیلانەكان‌و نابەرامبەری هێز دەستدرێژكاری دەوڵەتی داگیركەری توركیا لەسەر دەستی هێزەكانی پاراستنی گەل، لەعەفرین روبەروی شكست دەبێتەوەو خۆرئاوا سەردەكەوێ، بۆ سەركەوتن دەبێ لەهەموو روویەكەوە وەكو كاری هاوبەشی نەتەوەیی پشتیوانی لەبەرخۆدانی عەفرین بكرێ.