دارەوان نورەدین ئیبراهیم : رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی ئەرکێکی قورسە , بەڵام مەحاڵ نییە

دارەوان نورەدین ئیبراهیم بەرپرسی بەشی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوە ناحکومیەکان لەفەرمانگەی خۆپاراستن و شەفافیەت لە دەستەی دەستپاکی كوردستان، لەدیمانەیەكی تایبەتیدا لەگەڵ ئێستانیوز، لەسەر دیاردەی گەندەڵی‌و هەوڵەكانی روبەروبونەوەی گەندەڵی‌و كاری هەمەلایەنەی دەستەی دەستپاكی‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بۆچونەكانی خۆی دەخاتە روو.

ئێستانیوز: ئایا پێتان وایە گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان مەترسیەكی قوڵە‌و رۆچۆتە ناو جەستەی حوكمڕانی كە چارەسەری ئەستەم بێت؟

دارەوان نورەدین ئیبراهیم: گەندەڵی دیاردەیەکی مەترسیدارەو هەر وڵاتێک رووبەڕووی ئەو پەتا کوشندە بێتەوە کاریگەری دەکاتە سەر تەواوی کەرتەکان تیایدا و دواجاریش رۆڵی سلبی دەگێڕێت لە ژیان گوزاریدا.

سەبارەت بە بوون یا نەبوونی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان, دەکرێ بەشێوەیەکی زۆر ئاسان ئەو وەڵامەمان دەستکەوێت, باشترین بەڵگەش ئەوەیە, لەزۆربەی بۆنەکان خودی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستە جیاجیاکانی حکومی و حزبی لەچەندین بۆنەدا جەختیان لەسەر بوونی گەندەڵی کردۆتەوە یا دانیان بە بوون مەترسیەکانی گەندەڵی ناوە, ئەوە جیا لەوەی کە لەماوەی حکومڕانی چەندین ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو بێ شومار سەروەت و سامانی ئەو وڵاتە لە رێگای ژمارەیەک پرۆژەی بێ بنەماو لەژێر ناوی جیا جیا بەهەدەر دراون, تەنانەت پێکێنان و دامەزراندنی لێژنە یا دەستەی تایبەتمەند بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵ وەک ئەوەی لێژنەی دەسپاکی لەپەرلەمانی کوردستان و دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان بەڵگەی ئەوەن کە ئەو دیاردەیە بوونی هەیەو لەهەمان کاتیش پێویستیان بە رووبەرووبوونەو چارەسەر هەیە.

ئێستانیوز:: دەستەی دەست پاكی كوردستان تا چەند توانیویەتی رۆڵی گرنگی هەبێت لەرووبەروبونەوەی گەندەڵی؟

 دارەوان نورەدین ئیبراهیم :سەبارەت بە ئاستی مەترسی گەندەڵیش, خۆتان دەزانن هەروەکو چۆن لەبواری تەندروستیدا لە دێر زەمانەوە پەتاو جۆرەها نەخۆشی مەترسیداری دیکە هاوشان لەگەڵ ژیانی مرۆڤەکان بوونیان هەبووە , هاوکاتیش لەبەرامبەرەکەشی لایەنێک هەیە کە پێی دەڵێن بواری تەندروستی هەوڵی لەناوبردن و رووبەرووبوونەوەی نەخۆشی و پەتاکانی داوە, بەڵام تا ئەو ساتەی ئێستاشی لەگەڵدابێت بەشێوەیەکی یەکجارەکی ئەو پەتاو نەخۆشیانە بە موتڵەقی بنەبڕنەکراون، بەڵام لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە ئاستی پەتاو نەخۆشیەکان بەگوێرەی ئاستی پێشکەوتنی زانستی و مەعریفی کۆمەڵگاو سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵاتەکە گۆرانکاری بەخۆوە دەبینێت. بەهەمان شێوە دیاردەی گەندەڵی پەیوەندی بە ئاستی تێگەیشتنی کۆمەڵگاو پێشکەوتن یا دواکەوتنی دام و دەزگا حکومی و پێکهاتەی سیستەمی بەڕێوەبەردنی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. بۆیە رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی ئەرکێکی قورسە , بەڵام مەحاڵ نییە, بەڵام ئەرکی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی لە ئەستۆی هەموو لایەکە تەنها ئەوانە نەبێت کە خۆیان زەمینەی گەندەڵی خۆش دەکەن و بەشێوەیەک لە شێوەکان دەیانەوێت کۆمەڵگایەکی گەورە هاوشێوەی ئەوان مەبەستیانە دروستی بکەن.

ئێستانیوز: چۆن دەتوانرێت خەڵك بەشدار بكرێت لە روبەربونەوەی گەندەڵی‌و هاوكاریكردنی ئێوە؟

دارەوان نورەدین ئیبراهیم: هۆشیاری کۆمەڵگا تا ئاستێکی بەرچاو رۆڵ دەبینێت وەک ئاسانکاری بۆ کارەکانی دەستەی دەسپاکی, تایبەتیش ئەوانەی لە کەرتی حکومی و تایبەت کاردەکەن، بەوەی یاساکانی تایبەت بە ئەرکی وەزیفی و ئەو بنەمایانەی کە هەیکەلیەتی ئیداری و تایبەتمەندیەکانی لەسەر بونیاد نراوە بخوێننەوەو شارەزایی لەسەر پەیدابکەن و لەمافەکانی خۆیان خۆش نەبن و پابەندی ئەرکەکانیان بن. هەروەک دەزگاکانی راگەیاندن دەبێ رێنمایی و تایبەتمەندیەکانی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی بڵاوبکەنەوەو لە میانەیدا هۆشیاری گشتی دروست دەبێ و لەکاتی هەستکردنیش بە هەر ئاستەنگێک یا زانیاریەک لە رێگای هێڵی گەرمی دەستەی دەسپاکی و جۆری دیکە لە داوا پێشکەشی دەستەی دەسپاکی بکات.

ئێستانیوز:: رۆڵی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی‌و رێكخراوە تایبەتمەندیەكان چۆن هەڵدەسەنگێنی لەبواری گەندەڵی؟

دارەوان نورەدین ئیبراهیم : خۆشبەختانە ئێستا ژمارەیەک لە رێکخراوی تایبەتمەند بە بواری رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی لەژێر ناوی جیاجیا لەهەریمی کوردستان بوونیان هەیەو بەمۆڵەتی فەرمی کاردەکەن، ئەوە جیا لەوەی کە ژمارەیەکی دیکەشیان بۆ پرسی تایبەت و پێشهاتی تازە و تایبەتمەند کاریان کردوە، بەگوێرەی ئاستی ئەو فاندانەی دەستیان دەکەوێت هاریکارن.

ئێستانیوز: پەیوەندیتان لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی چۆنە؟

دارەوان نورەدین ئیبراهیم : پەیوەندیمان لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی تا ئاستێکی بەرچاو باشە ، لەزۆربەی بۆنەو چالاکی و پرۆژەکان پرس و راوێژمان پێ کردوون و لەزۆربەی کۆڕو سیمینار و کۆنفرانسەکانیش داوەتمان کردوون و بەشداریمان پێ کردوون. هاوکاتیش ئەوانیش لە چالاکیەکانیان ئێمەیان ئاگادارکردۆتەوە و بەو پێیەش کاری هاوبەشیشمان بەیەکەوە ئەنجام داوە.

Hits: 1250
Category: