بێكەس قادر ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لەدیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ ئێستانیوز، لەسەر چەندین تەوەر هەڵوێستەكانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستانو بیروبۆچونی خۆی رون دەكاتەوە:
ئێستانیوز: بە بۆچونی ئێوە بۆ دۆخی هەرێمی كوردستان چارەسەرەكان چین بۆ قەیرانی سیاسی دوای هەڵبژاردنەكان؟
بێكەس قادر: لەپاش هەڵبژاردنەكان، سەرەڕای هەبوونی قەیرانە كەڵەكە بووەكان، باشووری كوردستان لەگەڵ قەیرانی بێ متمانەیی لەنێوان خەڵكو حزبەكان، خەڵكو حكوومەت رووبەڕوو بووەتەوە، بۆیە تەنیا چارەسەر ئەوەیە حزبەكانو حكوومەت بۆ خەڵك بگەڕێنەوە، لەرێگەی هەنگاوی كردەیی دەست بە چاكسازی بكرێو مەودای بێ متمانەیی كەم بكرێتەوە.چونكە ئێستا باشووری كوردستان پێویستی بە كارنامەیەكی سیاسی هەیە، كە هێڵە نەتەوەییو نیشتمانیەكانی دیار بێ، ئەمە لەلایەكو لەلایەكی تر حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان پێویستی بەفۆڕمات كردن هەیە. دەبێ مامەڵەی حكوومەت لەسەر بنەمای هاوڵاتی بوون بێ، نەك حزبی بوون، دەبێ لەو دۆخەدا كە دەرفەت هەیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووری، حكوومەت دەست بە چاكسازی بكا، لایەك لە بێكاران بكاتەوەو هەلی كار بڕەخسێنێ، لەباشوور تەنیا كێشەی نەهێشتنی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران نییە، كێشەی هەژاریو بێكاری هەیە، بۆیە دەبێ باشكردنی ژیانو گوزەرانی خەڵكی هەژارو نەدارو زەحمەتكێش لە ئەولەویاتی حكوومەت بێ، چیدیكە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت لەسەر ئەوەی كێ پۆستێكی زیاترو كێ ئیمتیازێكی پتری بەردەكەوێ دوا نەخرێ.
ئێستانیوز: حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان چۆن دەڕوانێتە پەیوەندی ئێستای بەغداو هەولێر؟
بێكەس قادر: پاش ئەوەی زۆر دەرفەت بەهەدەردرا، نەتوانرا هەرێمی باشووری كوردستان بەرەو سەربەخۆیی ببرێ، حكوومەتی عێراقیش نەیتوانی قەوارەی هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێنێتەوە. لەئاستی نێودەوڵەتیش جەخت لەهەرێمێكی بەهێز لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراق كراوە، سەرەڕای هەبوونی كێشە گەلێك لەنێوان هەولێرو بەغدا، بەتایبەتیش كێشەی كەركوكو ناوچەكانی دیكە، دەبێ پەیوەندی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ حكوومەتی بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور رێكبخرێتەوە، دەبێ كورد هەوڵبدا لەهەموو ئاستە جیاوازەكاندا، مافە دەستووریەكانی دەستبەربكا.
ئێستانیوز: بڕواتان بەوە هەیە كە عادل عبدالمهدی سەركەوتوو بێت لە چارەسەری كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان؟
بێكەس قادر: لەڕاستیدا پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی دكتۆر عادل عەبدولمەهدی دەرفەتێكە بۆ كورد، كەچی ئەگەر وا بزانین هەموو چارەسەر لەدەستی ئەو دایە، ئەوە خۆمان بە هەڵە دەبەین! بەڵام لانی كەم لەئێستادا سەرۆك وەزیران ئاستەنگ لەبەردەم چارەسەر دروست ناكا، بەڵكو خودی خۆشی بەشێك دەبێ لەچارەسەر، بەڵام چارەسەری كێشەكان بەپلەی سەرەكی بەلایەكی كورد خۆی بەندە، بەهەبوونی كارنامەیەكی هاوبەشی كوردستانی بەندە، دەبێ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كورد خۆی ئامادەیی هەبێو چارەسەركردنی كێشەكان وەك پێشتر رادەستی قەدەر نەكا.
ئێستانیوز: چۆن لە دۆخی كەركوك دەڕوانن؟ بە رای ئێوە چارەسەری كێشەی كەركوك چۆن دەكرێت؟
بێكەس قادر: دیارە بۆ دۆخی پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر قسەیەكمان هەبوو، بەڵام بۆ ئێستا پاش سەپاندنی دۆخی داسەپاو، دەبێ قسەیەكی ترمان هەبێ، بۆ چارەسەری پرسی كەركووك زۆر كاتو زۆر دەرفەت لەدەست درا. ئەگەر دوێنێ رووی پرسیار لە بەغدا بوو بێ، ئیمڕۆ دەبێ كورد رووی پرسیاری لەخۆی بێ، چی كرا، جگەلە گواستنەوەی ناكۆكیو ململانێی حزبی، چی دیكە بەدیاری بۆ كەركووك بردرا. چ لە ئێستا، چ لە داهاتوودا، بێ هەبوونی پڕۆژەو پلانێكی هاوبەشی كوردستانی نەخشە بۆ داڕێژراو، دۆخی كەركوك ئاسان نەبوو، بۆ ئێستا دەبێ باس لە ئاسایی كردنەوەی دۆخەكەو چارەسەری دەستووری بكرێ. پێویستە كەركووكیەكان لەدەرەوەی تێڕوانینو ململانێیو بەرژەوەندی حزبی، بیر لە چارەسەرو دواڕۆژی كەركوك بكەنەوە.
ئێستانیوز: دۆخی كاری حزبایەتی لەهەرێمی كوردستان چۆن تەماشا دەكەن پێتان وایە ئاستەنگی كاری سیاسی لەهەرێمی كوردستان چین؟
بێكەس قادر: ئەگەر لەدیدێكی واقیعیەوە تەماشای كاروباری حزبایەتی بكەین، ئەوا بێگومان پرۆسەی حزبایەتی لە باشووری كوردستاندا، بەناهەموارترین دۆخدا تێپەڕ دەبێ، چونكە:
- حزب سەرچاوەی ئاستەنگەكانی پێشكەوتنی سیاسیو كۆمەڵایەتیە.
- حزب گرێكوێرەی حوكمڕانیە.
- حزب هۆكاری سەرەكی لاوازكردنی هەستی نیشتمانپەروەریو كوردایەتییە.
- خەڵك متمانەی بە حزب نییە.
بۆیە كاری حزبایەتیو سیاسی پرۆسەیەكی ئاڵۆزو جەنجاڵە، ئەگەر لەقۆناغی شۆڕش حزب پێویستیەكی قۆناغەكە بووبێ، سەرچاوەی رێكخستنو ئیلتیزام و كاری شۆڕشگێڕانە بوو بێ، ئەوا لە ئێستاش حزب بۆ پێشخستنی پرۆسەی دیموكراسیو فرەییو دەستاودەست كردنی دەسەڵات پێویستەو رۆڵی تەواو نەبووە، بەڵام بەشێوازی ئێستا نا، دەبێ لەرێگەی داماڵینی هێزی چەكدار لە حزبەكانو نەهێشتنی باڵا دەستی حزب بەسەر دامەزراوەكانو تەواوی جومگەكانی حوكمڕانی، حزبایەتی وەكوو ئامراز نەك ئامانج، چونكە حزب خۆی ئامرازە نەك ئامانج، لەگەڵ بنەما بچینەییەكانی سیاسەتو حزبایەتی ئاشت بكەینەوە، ئەگەرنا مەودای بێ متمانەیی فراوانتر دەبێ، ئەمەش لەنەچوونی زۆربەی خەڵك بۆ سەر صندووقەكانی دەنگدان، لەدوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەزەقی دەنگی دایەوە، حزب لە ئێستادا رۆڵی كۆمپانیای هەیە، بۆیە ستراكچەری حزبایەتی پێویستی بە گۆڕانكاری هەیە.
ئێستانیوز: حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بایكۆتی هەڵبژاردنی كرد، ئێستا چی دەكات؟
بێكەس قادر: راستە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بایكۆتی هەڵبژاردنی كرد، بەڵام بایكۆتی پرۆسەی سیاسی نەكردووە، بەپێی روانگەو پرانسیپەكانی بەشداری لە پرۆسەی سیاسی دەكاتو لەو پێوەندەشدا هەم پێگەی سیاسی خۆی هەیەو هەم ئیستحقاقی تێكۆشانی هەیە.