سەرۆکی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: له‌ كوردستان گه‌نده‌ڵی زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ ئێمه‌ باسمان كردووه‌

كۆی قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵیی خه‌مڵێنراو له‌ هه‌رێمی كورستان بۆ ساڵی 2018، بریتییه‌ له‌ 298 ملیار و 433 ملیۆن دینار، به‌ڵام ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی توانیویه‌تی 1.8% له‌م قه‌باره‌یه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ت بگه‌ڕێنێته‌وه‌ و ئه‌وه‌یتر هێشتا مه‌ترسی له‌سه‌ره‌ گه‌نده‌ڵیی تێدا كرابێت. ئه‌گه‌ر گریمانه‌ی ئه‌وه‌ بكرێ 10%ی كۆی قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی گومانلێكراو بێته‌ گێڕانه‌وه‌، ئه‌وا چه‌ندان پڕۆژه‌ی تری پێ جێبه‌جێ ده‌كرێت.

ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێمی كوردستان له‌ 15ی نیسان راپۆرتی خۆی له‌باره‌ی سه‌رجه‌م چالاكییه‌كانی بۆ ساڵی 2018 بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ 156 لاپه‌ڕه‌ بوو، سه‌رجه‌م سكاڵا و داوا یاساییه‌كان و لێپێچینه‌وه‌ و رێكاره‌كانی گه‌نده‌ڵیی داوده‌زگاكانی حكوومه‌تی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و خه‌مڵاندنیشی بۆ كۆی قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵیی كردووه‌، هاوكات دوا زانیاری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ خستووه‌ته‌ڕوو چ بڕێك له‌ پاره‌ی گه‌نده‌ڵیی بۆ خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ت گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ و چ قه‌باره‌یه‌ك له‌ پڕۆژه‌كان گومانی گه‌نده‌ڵییان له‌سه‌ره‌.

ئاماره‌كان جێی لێوردبوونه‌وه‌ن و له‌ ماوه‌ی ساڵێكدا كه‌ كوردستان هه‌ر له‌ قۆناغی ته‌نگژه‌ی داراییدا بووه‌، گۆمانی گه‌نده‌ڵیی له‌سه‌ر ده‌یان پڕۆژه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ سه‌دان ملیار دینار پاره‌ی حكوومه‌تیان بۆ ته‌رخان كراوه‌.

هه‌ر به‌پێی راپۆرتی ده‌سته‌كه‌، له‌ پارێزگای هه‌ولێر كۆی قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵیی خه‌مڵێنراو به‌ 274 ملیار و 842 ملیۆن و 885 هه‌زار دینار دانراوه‌. به‌ واتایه‌كی تر، كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ كه‌ به‌ قه‌باره‌ی 274 ملیار دینار جێبه‌جێ ده‌كرێن یان جێبه‌جێ كراون، گومانی گه‌نده‌ڵییان له‌سه‌ره‌ و هێشتا دیار نییه‌ به‌ چ رێژه‌یه‌ك گه‌نده‌ڵییه‌كه‌ كراوه‌.

هاوكات قه‌باره‌كه‌ له‌ پارێزگای سلێمانی به‌ 22 ملیار و 735 هه‌زار و 401 هه‌زار دینار خه‌مڵێنراوه‌ و له‌ دهۆكیش بڕه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ 855 ملیۆن و 198 هه‌زار دینار.

كۆی گشتی قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵیی خه‌مڵێنراو له‌و سێ پارێزگایه‌ بۆ ساڵی 2018 بریتییه‌ له‌ 298 ملیار و 433 ملیۆن دینار. به‌ڵام مه‌به‌ست له‌و خه‌مڵاندنه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ 298 ملیار دینار گه‌نده‌ڵی كرابێت، به‌ڵكو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ گومانی گه‌نده‌ڵیی له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژانه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ گوژمه‌ی 298 دینار جێبه‌جێ ده‌كرێن.

له‌ هه‌ولێر له‌ كۆی ئه‌و 274 ملیار دیناره‌ كه‌ گومانی گه‌نده‌ڵیی له‌سه‌ره‌، توانراوه‌ سێ ملیار دینار بۆ خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ت بگه‌ڕێنرێته‌وه‌. ده‌سته‌كه‌ له‌ 22 ملیاره‌كه‌ی سلێمانیش دوو ملیار و 381 ملیۆنی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ و ده‌ستی به‌سه‌ر 17 ملیۆن دیناریشدا گرتووه‌ كه‌ به‌ گشتی ده‌كاته‌ دوو ملیار و 398 ملیۆن دینار.

به‌گشتی له‌ هه‌موو هه‌رێمی كوردستان قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی سه‌رووی 298 ملیار و 433 ملیۆن دینار خه‌مڵێنراوه‌ و كۆی پاره‌ی گه‌ڕێنراوه‌ یان ده‌ست به‌سه‌رداگیراو له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی، بریتی بووه‌ له‌ پێنج ملیار و 398 ملیۆن دینار. به‌و پێیه‌ كۆی رێژه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌های گه‌نده‌ڵی له‌ ئاستی هه‌رێمدا، بریتییه‌ 1.8%ی كۆی ئه‌و به‌هایه‌ی گومانی گه‌نده‌ڵیی له‌سه‌ره‌.

له‌و گه‌نده‌ڵییانه‌ی ئه‌نجام دراون، په‌نجه‌ی تاوان بۆ چه‌ندان وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و سه‌رۆك ده‌سته‌ و فه‌رمانبه‌ری ئاسایی درێژ كراوه‌ كه‌ به‌شێكیان گه‌یه‌نراونه‌ته‌ به‌رده‌م دادگا، به‌ڵام نه‌توانراوه‌ هیچ شتێك به‌رانبه‌ر به‌ زۆرینه‌ی به‌رچاویان بكرێت. بۆ نموونه‌ له‌ به‌شێكی بڕیاره‌ دادوه‌رییه‌كان بڕیاری گرتن یان ئاماده‌بوون له‌ دادگا بۆ 80 كه‌س ده‌رچووه‌، كه‌چی له‌وانه‌ ته‌نیا 29 كه‌س ئاماده‌ بوون یان گیراون.

كۆی ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی گومانی له‌سه‌ر هه‌یه‌ گه‌نده‌ڵی تێدا بكرێت و رێژه‌یه‌كی له‌ قازانجی كه‌سیدا بقۆزرێته‌وه‌، 293 ملیار دیناره‌ كه‌ به‌ دۆلار ده‌كاته‌ 244 ملیۆن دۆلار.

به‌ وردی دیار نییه‌ چ رێژه‌یه‌ك له‌و پاره‌یه‌ گه‌نده‌ڵیی تێدا كراوه‌ كه‌ ده‌توانێ 5%، 10% و ته‌نانه‌ت تا 50%یش به‌رز ببێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر وای بخه‌مڵێنین رێژه‌ی گه‌نده‌ڵیی 20% بێت، ئه‌وا ئه‌گه‌ر دادگا به‌ وردی كۆی ئه‌م دۆسیانه‌ یه‌كلا نه‌كاته‌وه‌، ئه‌وا 48 ملیۆن و 800 هه‌زار دۆلار به‌هۆی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ ده‌فه‌وتێت.

ئه‌گه‌ر رێژه‌كه‌ به‌ 10% بخه‌مڵێنین، ئه‌وا سه‌رووی 24 ملیۆن دۆلار دزراوه‌ كه‌ هه‌ر نه‌بێت به‌ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ 20 قوتابخانه‌ دروست ده‌كرێت ئه‌گه‌ر تێچووی هه‌ر كامێكیان ملیۆنێك و 400 هه‌زار دۆلار بێت.

حاكم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێمی كوردستان، باسی له‌وه‌ كرد كه‌ كۆی به‌های خه‌مڵێنراو بۆ گه‌نده‌ڵیی كۆی ئه‌و پارانه‌یه‌ كه‌ گومانی گه‌نده‌ڵییان له‌سه‌ر هه‌یه‌ و مه‌رج نییه‌ هه‌مووی هه‌ر گه‌نده‌ڵیی بێت، به‌ڵكو رێژه‌یه‌ك له‌م قه‌باره‌یه‌ گه‌نده‌ڵییه‌.

"به‌ واتایه‌كی تر له‌وانه‌یه‌ پڕۆژه‌یه‌ك له‌ جێبه‌جێكردندا بێت كه‌ گوژمه‌كه‌ی یه‌ك ملیار دیناره‌ و كاتێك سكاڵا له‌سه‌ری به‌رز ده‌كرێته‌وه‌ و گومانی گه‌نده‌ڵی لێ ده‌كرێ، ده‌بێ له‌ دادگا بسه‌لمێنرێت و له‌وانه‌یه‌ بێتاوان ده‌ربچێت یان رێژه‌یه‌ك گه‌نده‌ڵیی تێدا كرابێت، نه‌ك كۆی ملیاره‌كه‌ گه‌نده‌ڵی بێت" حاكم ئه‌حمه‌د وای گوت.

وه‌ك ئاماژه‌ی پێ دا، ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی گه‌ڕاندوویه‌تیه‌وه‌، به‌شێكیان پێش چوونه‌ دادگایه‌ و كاتێك دادگا له‌سه‌ری كۆ ده‌بێته‌وه‌ و بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر ده‌دات، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بڕی پاره‌ی گه‌ڕێنراوه‌ زۆر زیاتر ده‌بێت.

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ "به‌ گشتی له‌ كوردستان گه‌نده‌ڵیی زۆر له‌مه‌ زۆرتره‌ كه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌ی ده‌سته‌دا قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه‌".

ئه‌م قه‌باره‌ گه‌نده‌ڵییه‌ی باس كراوه‌، ته‌نیا ئه‌وانه‌ن كه‌ سكاڵایان له‌سه‌ر كراوه‌ و هاتوونه‌ته‌ به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه‌، ئه‌ی ده‌بێت چ قه‌باره‌یه‌ك له‌ گه‌نده‌ڵی هه‌بێت كه‌ كه‌س باسی لێوه‌ ناكات.

جگه‌ له‌مه‌، ئه‌مه‌ هه‌مووی هی یه‌ك ساڵه‌، ئه‌ی قه‌باره‌ی ساڵانی پێشووی چه‌نده‌ و ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵیش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر قه‌باره‌كه‌ ده‌بێت چه‌نده‌ زۆر بێت، ئه‌گه‌ر ته‌نیا ئه‌م پرسه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و گه‌نده‌ڵیی بنبڕ بكرێت، ئه‌وا یه‌ك دنیا كێشه‌ له‌ كۆڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه‌.

Hits: 389
Category: