لەدیمانەیەكی لەگەڵ ئێستانیوز، بێكەس قادر ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، هەڵوەستە لەسەر پرسە هەنوكەییەكانو هەستیارەكانی ئێستا دەكاتو هەڵوێستی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستانیش روون دەكاتەوە.
ئێستانیوز: لە دوای رووداوەكانی ریفراندۆم، دەبێت كورد هەنگاوەكانی چۆن بنو پێویستە چی بكەین؟
بێكەس قادر : قۆناغی پاش ریفراندۆم لەهەموو روویەكەوە، پێویستی بە هەڵوەستەو هەڵسەنگاندنی بابەتیانەو پێداچوونەوە هەیە. باشووری كوردستان لەو قۆناغەدا لەگەڵ كۆمەڵێك تەحەدی رووبەرووبۆتەوە، دەبێ لەئاستی سیاسیو دیپلۆماسیدا بەپەیوەندییەكانی خۆمان دا بچینەوە، پەیوەندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتە ئیقلیمیەكان وئەمریكاو ئەوروپا پێویستی بە رێكخستنەوە هەیە، دەبێ ئەو پەیوەندییانە لەپەیوەندی حزبیەوە، بگۆڕێن بۆ پەیوەندی حكومەتی هەرێم، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستمان بە داڕشتنی سیاسەتی دەرەكی هەیە، كە دواجار رۆڵو پێگەی باشووری كوردستان بەهێز بكات، راستە لەنێو ئەو هاوكێشە ئاڵۆزەی عێراقو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەنێو ئەو هەموو بەریەك كەوتنو كێشمەكێشە سیاسیەدا، هەنگاونان هەروا ئاسان نیە، بەڵام ئەگەر بەپێی سیاسەتێكی دیاریكراو كارنامەیەكی كوردستانی لەو بوارەدا هەنگاو بنێین، بێگومان بەرەو پێشچوونیش مەحاڵ نیە.
لەئاستی نێوەخۆدا، لەهەرێمی كوردستان كێشەو قەیرانمان هەیە، قەیران مەرحەبا لەقەیران دەكات، كێشە نێوەخۆییەكان هەروا درێژەیان هەیە، كێشە لەسەر كێشە كەڵەكە دەبێ، قۆناغی دوای ریفراندۆمو بەتایبەتیش دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر روبەری لێكترازان لەباشوری كوردستان لەنێوان لایەنە سیاسییەكانو لەنێوان حكوومەت و هاوڵاتیان فراوانتر دەبێ، لەسۆنگەی نەبوونی متمانەو نەبوونی كارنامەیەكی كوردستانی هاوبەش باشووری كوردستان بەقووڵترین قەیرانی سیاسیو حوكمڕانی و دارایی و ئابوری تێپەڕ دەبێ، هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێكی جدی لەئارادانیە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، كێشەی دارایی و نەبوونی مووچە رۆژ لە دوای رۆژ پێگەی سیاسیو ئابوری هەرێمی كوردستان لەئاست بەغدا لاوازتر دەكا، هاوڵاتی كرا بە دیلی موچەو هەرێمیش لەعێراقدا كرا بە دیلی بودجە، حكومەتی عێراقیش خاڵی لاوازی دۆزیوەتەوەو لەپێگەی بەهێزو بێ هێزەوە لەگەڵ باشووری كوردستان سیاسەت دەكا. بۆیە لەروانگەی ئێمەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە دژوارە، لەئاستی هەرێم پێویستمان بە گۆڕاندنی ریشەیی شێوازی دەسەڵاتدارێتیو عەقڵیەتی شكستخواردووی حوكمڕانی پتر لە چارەكە سەدەیەكە، پێویستمان بەكۆتایی هێنان بە باڵادەستی دەستی حزبو بەفرە دەسەڵاتی هەیە، پێویستمان بەرێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە هەیە لەسەر بنەمای نیشتمانی نەك حزبایەتی. لەناوچە دابڕاوەكاندا پێویستمان بەهەڵسانەوە هەیە، بۆ ئەم مەبەستە دەبێ سیاسەتی پێشوو لەهەموو روویەكەوە بەلاوە بنرێ، پێویستە لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی كوردستانی هاوبەش كار بكرێ، پێویستمان بەیەكڕیزی سیاسی هەیە، بۆ ئەوەی شكست بە سیاسەتی داسەپاو بهێندرێ بەسەر كەركوكو ئەو ناوچانەدا، لێرەوە دەبێ بەرژەوەندی حزبیو پشكی حزبی بەلاوە بنرێ، دەبێ لەگۆشە نیگای نەتەوەییو نیشتمانیەوە رەفتار بكرێ، بۆ ئەو ناوچانە پێویستمان بە كارنامەو سیاسەتێكی كوردستانی و رێكخستنەوەی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەكان بەپێی ئەو بەرنامەیە هەیە. پێویستمان بە روانینی نوێ هەیە بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پێكهاتەكانی نەتەوەییو دینی لەو ناوچانەدا. هەروا لە ئاستی عێراقو كاركردن لەبەغدا، پێویستمان بەیەكڕیزی سیاسی هەیە، شەنەباكردنی كێشە نێوەخۆییەكانی هەرێم لەبەغدا خزمەت بە هەرێم ناكات، دەبێ دوو مەسەلە لەیەك جیا بكەینەوە، كێشەی سەرەكی باشووری كوردستان لەگەڵ عێراق كێشەی گەل و نەتەوەیە، كێشەی ئێستاو دوارۆژمانە، بۆیە دەبێ لەبەغدا شەڕی مافو داخوازیەكانی گەلی كوردستان بكرێ بەهەموو لیستە جیاوازەكانەوە، كێشەكانی هەرێمی كوردستان لەهەرێم بەشێوەی ریشەیی چارەسەر بكرێ، كۆتایی بە باڵادەستی حزبیو بەفرە دەسەڵاتی بهێندرێ، لەرێگەی گەڕانەوە بۆ رای خەڵكو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاكو بێگەرد، دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵات بكرێ.
ئێستانیوز: ئێوە چۆن دەڕواننە گفتوگۆی نێوان بەغداو هەولێر؟
بێكەس قادر: نەك لە ئێستادا، بەڵكو لەمێژووی گفتوگۆی نێوان كوردستانو حكومەتە یەك لەدوا یەكەكانی عێراقدا، ئاسۆی گفتوگۆ ساماڵ نەبووەو ئێستاش هەروایە، لەعێراقدا مەسەلەكە ئەوە نیە، كێ لەدەسەڵاتەو حاكمیەتی عێراق دەكا، مەسەلەكە ئەوەیە هێشتا لە عێراق رووبەرێك لەنێوەندی ئەقڵی سیاسی پەیدا نەبووە، بۆ ئەوەی ئەوانی دیكە قبووڵ بكات، بۆیە بەغدا هەمیشە وەكو تاكتیك گفتوگۆ لەگەڵ كوردستان پەسەند دەكا، بەغدا لەروانگەی دەستورو بەهێزی مەنتق گفتوگۆ لەگەڵ باشووری كوردستان ناكا، بەغدا بەپێی لۆژیكی هێزو بەهێزو لاواز گفتوگۆ لەگەڵ باشووری كوردستان دەكات. لەو مەسەلەیەش بەغدا دەیەوێ فشاری دەرەكی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمو بەغدا لەسەر خۆی كەم بكاتەوە، وەكو تر بەغدا بەگەمەی درێژخایەنی گفتوگۆ هەم دەیەوێ كات درێژ بكاتەوەو هەمیش دەیەوێ پێگەی هەرێم لاواز بكاتو ئەجندای خۆی بەسەر هەرێمو باشووری كوردستان فەرز بكات. دیارە نابێ هەرێم پرەنسیپی گفتوگۆ رەتبكاتەوە، بەڵام دەبێ لەو راستیانەی سەرەوە تێبگات، لەنیازی عێراق تێبگات، هەوڵبدا لەئاستی دەرەوەدا پشتیوانی بۆ كێشەی رەوای خۆی پەیدا بكات، بەردەوام فشاری سیاسیو دیپلۆماسی لەسەر حكومەتی عێراق بكات.
ئێستانیوز: هەڵوێستی ئێوە لەسەر قەیرانەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان چۆنە؟ لای ئێوە چارەسەر چیە؟
بێكەس قادر: لەئێستادا، پێمان وایە، تاكە چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ رای خەڵكو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاكو بێگەرد، بۆ ئەوەی كۆتایی بەقەیرانەكان بهێندرێت، كۆتایی بەشێوازو عەقڵیەتی حوكمڕانی شكستخواردوو بهێندرێ، كۆتایی بە باڵادەستی حزبیو فرە دەسەڵاتی لەكوردستان بهێندرێ، لەرێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە دەستاودەستكردنی دەسەڵات بكرێ لە كوردستاندا.
ئێستانیوز: سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی عێراقو كوردستان بۆچونی ئێوە چیە؟
بێكەس قادر : سەبارەت بەهەڵبژاردنەكانی عێراق، لەئێستادا پێمان وایە لەیەك لیستی كوردستانی بەتایبەتیش بۆ كەركوكو ناوچە دابڕێندراوەكان زیاترو زۆرتر پێویستمان بەیەكڕیزی سیاسی هەیە. بۆ هەڵبژاردنی كوردستانیش كە تا ئێستا كاتەكەی دیاری نەكراوە، داوا دەكەین درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانو سەرۆكایەتیەكان لەكوردستان بەكولتور نەكرێ، بەزوویی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام بدرێ، چونكە درێژە كێشەكانی قەیرانەكانو دواخستنی لەوە زیاتری هەڵبژاردن كۆی پرۆسەی سیاسیو حوكمڕانی هەرێم دەخاتە ژێر پرسیارو گومانو ئەگەری نادیارەوە.
ئێستانیوز: پڕۆژەی چاكسازی حكومەت كە لەبەردەم پەرلەمانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
بێكەس قادر: چاكسازی لەكۆی جومگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستیەكی گرنگە بۆ ئایندەی حوكمڕانی لەكوردستاندا، ئێمە ئەو هەنگاوەی حكومەت بەسەرەتایەكی باش دەزانین، ئەگەرچی هەنگاوێكی درەنگ وەختو نیوە ناچڵەو ئەوەندەی ئامانج لێی كەمكردنەوەی سەرفیاتە، ئەوەندە ئامانجی چاكسازی لە ریشەوە نیە، دواجار ئەوە جێبەجێكردنی یاساكانی عێراقە، واتە ئەمە لەعێراق جێبەجێكراوە. كوردستان پێویستی بەچاكسازی ریشەیی هەیە، پێویستە مووچە خۆری زیادەو بەناڕەوا دامەزراو لە مووچەخۆری فیعلی جیابكرێتەوە، نابێ ئەم دوو مووچەخۆرە، وەكو یەك مافیان پێ بدرێ، نابێ لەسەر حیسابی مووچەخۆری بندیوار، مووچەی فەرمانبەری فیعلی كەمبكرێتەوە. ئێمە داوا دەكەین سیستەمی خانەنشینی پەرلەمانتاران و وەزیران و پلە باڵاكان هەڵبوەشێتەوە. ئەمە سەرچاوەی ناعەدالەتیو بەهەدەردانی داهاتی گشتیە لەكوردستان.
ئێستانیوز: سەبارەت بە داگیركاری توركیا دەربارەی عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان، بۆچونو هەڵوێستی ئێوە چیە؟
بێكەس قادر: سەبارەت بە سیاسەتی داگیركاری دەوڵەتی توركیا لەبەرامبەر دەستدرێژكاری بۆ سەر عەفرینو رۆژئاوای كوردستان حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان وێڕای شەرمەزاركردنی ئەو دەستدرێژكاریە، بانگەوازی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات كە سنورێك بۆ سیاسەتی داگیركاری دەوڵەتی توركیا دابنێن. ئەمڕۆ خۆرئاوا دەیەوێ ژیان بكات، دەیەوێ لەناوچەكەدا فاكتەری ئارامیو پێكەوەژیانی گەلانو پێكهاتە جیاوازەكان بێ، دەیەوێ شێوازێكی نوێی حوكمڕانی لەناوچەكە ئەزموون بكا، لە حەوت ساڵی رابردووش ئەوەی نیشان داوە كە پێشەنگە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، بۆیە پارێزگاریكردن لە رۆژئاوا ئەركێكی ئەخلاقی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پشتیوانی لەبەرخۆدانی عەفرین دەكاتو بڕوای بەئیرادەی گەلەكەمان لەرۆژئاوا بەهێزەو دواجار سەرەڕای گەورەیی پیلانەكانو نابەرامبەری هێز دەستدرێژكاری دەوڵەتی داگیركەری توركیا لەسەر دەستی هێزەكانی پاراستنی گەل، لەعەفرین روبەروی شكست دەبێتەوەو خۆرئاوا سەردەكەوێ، بۆ سەركەوتن دەبێ لەهەموو روویەكەوە وەكو كاری هاوبەشی نەتەوەیی پشتیوانی لەبەرخۆدانی عەفرین بكرێ.